فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

فرەزمانی، فرەفەرهەنگی و فرەناسنامەیی

 

فەهمی کاکەیی

نووسەر، سويد

………………..

ئەمڕۆکە لە وڵاتانی پێشکەوتوودا باسی فرەفەرهەنگی دەکرێت وەک دیوێکی درەوەشاوەی شارستانی و دەوڵەمەندیی فەرهەنگ، بەڵام فرەفەرهەنگی بێ فرەزمانی نایەتە کایەوە. ڕەنگە بێ ویست و حەزی خۆشمان بووبێت، بەڵام بمانەوێت یان نەمانەوێت کورد نەتەوەیەکی فرەفەرهەنگە بە حوکمی ئەوەی فرەزمانە. ئێمە جگە لە فەرهەنگی خۆمان لە فەرهەنگەکانی عەرەب، فارس و تورکەوە بەهرەدارین. دەکرێت وا لێک بدرێتەوە کە ئەم بەهرەداربوونە لایەنی ئەرێنی و لایەنی نەرێنیی خۆی هەبێت. ئەرێنی لەوەدایە کە بەهرەداربوونمان لەو فەرهەنگانە وەک دەوڵەمەندییەک وەربگرێن و بیخەینە ژێر ڕکێف و کاریگەریی فەرهەنگە سەرەکییەکەمان کە فەرهەنگی کوردییە. نەرێنیی لەوەدایە ئەگەر بهێڵین فەرهەنگەکانی دی دەسەڵاتیان بەسەر فەرهەنگەکەماندا بشکێت و پێشێلی بکەن و جێی بگرنەوە، ئەو کاتە بە شێوەیەکی خراپ کاردانەوەی لەسەر ناسنامە کوردییەکەمان دەبێت و ناسنامەیەکی دیمان پێ دەبەخشێت کە فەرهەنگی زمانە سەردەستەکە بۆمانی دەگوێزێتەوە. لێرەدا زمانە سەردەستەکە وەک زمانی دەسەڵات و بگرە داگیرکەر خۆی بەسەرماندا دەسەپێنێت، بەڵام ڕەنگە ئەمە ببێتە هۆی فرەناسنامەیی.

باشە، ئایا دەکرێت تاکێک چەند ناسنامەیەکی هەبێت؟ بەڵی بێگومان ئەوە دەکرێت بەڵام دەبێت هەمیشە ناسنامە ڕەسەنەکەی بناغە بێت، ناسنامەکانی دیکە تەنێ بۆ بەپێوەڕاگرتن و دەوڵەمەندکردنی ناسنامە سەرەکییەکە بن. ناسنامە مەرج نییە هەر نەتەوەیی بێت، دەکرێت نیشتمانی یان ئایینی بێت. بۆ نموونە: کەسێک دانیشتووی کوردستانە و سەر بە نەتەوەی کورد نییە، بەڵام چونکە لە کوردستان دادەنیشیت دەکرێت ناسنامەیەکی کوردستانی هەبێت، بەڵام کوردێک کە بە ڕەسمی لە ناو سنووری دەوڵەتانی عێراق، ئێران و تورکیا دەژێت، هەستی وابەستەگیی بەو وڵاتانەوە کەمترە، چونکە کوردستان بە زۆری زۆرداری بەو وڵاتانەوە لکێنراوە، بۆیە ناسنامە (نیشتمانییەکەی) لاوازە، بگرە لە هەندێ حاڵەتەدا هەر بە جارێک نییە.

جۆرێکی تری ناسنامە، ناسنامەی ئایینییە. بۆ نموونە کوردێکی موسوڵمان ئەگەر باوەڕمەند بێت ئەوە ناسنامەیەکی ئیسلامییشی هەیە، لێرەدا گرنگە ئاگامان لەوە بێت ناسنامە ئایینییەکە بەسەر ناسنامە نەتەوەییەکەدا زاڵ نەبێت، چونکە ئەو کاتە تاکەکە وابەستەگیی ئایینی یان تایفەگەریی بەلاوە گرنگتر دەبێت وەک لە وابەستەگیی نەتەوەیی.