ڕۆژ ھەڵەبجەیی
شاعیر، سلێمانی
……………………
کە ئەو پێدەکەنێت، پێنووسەکەم
هەموو پیتەکانی بیر دەچێت!
کاتێک چرای ماڵەکەم کزکز دەبێت،
ماڵئاوایی لە دەستی تۆدا دەبینرێت!
ئەو کاتە پیرێتی سەر هەڵئەدات،
دەستەکانی ژن ونبوونێک و
پیاو ئەزەلییەتی گەڕانێک!
دارستانەکان قاقا دەژەنن،
لەناو تابووتەکاندا داربڕ هەن!
کچە ئاشقەکان کە سەیری مانگ دەکەن،
تاڤگەی تریفە لە کراسەکانیاندا سەر هەڵئەدەن!
کازیوە خەبەری دەبێتەوە،
نەک بە گیانەڵڵای شەو بە دەنگی مەلەکان !
ژنێک ویستی لە شەوەزەنگدا جلەکانی فڕێدا،
کەچی ژوورەکەی چاوشارکێ لەگەڵ خۆرا !
تەنها دەلاقەیەک بەسە لەوێوە ڕاوی بینین بکەم،
بۆ کەسێک نەژیا ،کەچی عاریفانە مەرگ ڕاڤە دەکا !
بە شەقامەکەدا ڕۆشت، کەچی
هەنگاوەکانی لە چاوەکانی منا بەجێما!
با گەمەی بە پرچی دەکرد،
کەچی گەردەلوول لە ناخی منا هەڵکرا !
گژوگیا ئەو کاتە نوێژ دەکەن،
شنەبایەک و قاچی جۆگەیەک بەیەک دەگەن!
دڵخۆشییەکان هەموو ڕەنگەکان دەدوورن،
خەمیش تەنها یەک ڕەنگ!
لە هەرکوێیەک قامچییەک لە خەو هەستا،
لەوێوە دیکتاتۆرێک قاچ درێژ دەکا!
ئەگەر ڕاستە شەقامی ئایدیای تۆ لە من چوو،
کەواتە من بێ شەقام ڕەو دەکەم!
هەموو سەرەکان وەک یەک نین،
بچووکترین سەر گەمژەییە!
باڵندە خەڵکی ئاسمانە، مرۆڤ زەوی
کەچی مرۆڤ ئاسمانیشی کردە کرێچی!
خۆشەویستی لەلای ژن عیبادەتە،
لێ لای پیاو کێڵگەی دەستەکانی!
دەڵێن ڕابردوو شایەنی لەبیرکردنە،
چۆن لەبیر دەکرێ، قوڵی کردووە بە ئێشمدا!
لەگەمەی مناڵییدا کە دەکەوین،
دەستمان دەڕووشێت،لێ لە گەورەییا دڵمان!
دوو گۆڕ هی مرۆڤە یەکێکیان مناڵدانی دایکە بێ وتەین،
ئەویتریان مناڵدانی خاک و خۆڵە، کە هەناسە نادەین
18/10/2026

