دەریـــا خۆشـــناو
نووسەر، ڕۆژنامەنووس، و شــاعیر
نەرویـج
…………………………….

یەکێکە لە ڕۆمانە دیار و پڕخوێنەرەکانی ئەدەبی هاوچەرخی کوردی، و ڕۆمانێکی مێژوویی و کۆمەڵایەتییە کە تیشک دەخاتە سەر مێژووی پێکەوەژیان و کۆچپێکردنی بێدەنگی جووەکانی شاری سلێمانی لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا.
ڕۆمانەکە لە نووسینی ڕۆماننووس میران ئەبراهام، بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە. ڕۆمانەکە لە ٤٤٨ لاپەڕە پێکهاتووە و پێشوازییەکی گەورەی خوێنەران، و ڕەخنەگرانیشی بەدەستهێناوە.
هەڵبژرادەیەک مایەی تێڕامانە لە دەقی ڕۆمانەکە، کە هەر لەسەرەتاوە وەک گرێیەک سەرنجی خوێنەر دیل دەکات..
“کوڕە ئاگاداربە! هەموو شتێک لەوێ ڕوودەدات، دەست و بردی لێ بکە و تۆ دەبێت لەوێ بیت!”
ئەو پیاوە گرگنە، تەنیا جارێک چییە بواری پێ نەداوم وەڵامی بدەمەوە، یان بتوانم پرسیاری ئەوەی لێ بکەم، ئاخۆ هەموو شتێک لەکوێ ڕوودەدات و من دەبێت لەکوێ ببم؟
پوختەی چیرۆکی ڕۆمانەکە
دەقەکە هێڵی گێڕانەوەی ڕاستەوخۆ و گەشتێکی قووڵە بە ناو مێژوو، یادەوەری و دەروونی مرۆڤەکاندا وەک:
١. ڕۆمانەکە باسی سەردەمی پێکەوەژیان و ژیانی ڕۆژانەی گەڕەکی جووەکان لە سلێمانی دەکات؛ چۆن لەسەرەتادا جووەکان و موسڵمانان بە تەبایی لە تەنیشت یەکتر دەژیان، بازرگانییان دەکرد و لە خەم و خۆشییەکانی یەکتردا بەشدار دەبوون.
٢. نووسەر لەم ڕۆمانەدا لە ڕێگەی یادکردنەوەیەکی ورد و واقیعییانەوە، کەسایەتییە مێژوویی و دیارەکانی شاری سلێمانی (وەک کەریمی عەلەکە، پیرەمێرد، جەمال عیرفان، شێخ مەحموود، ئەمین زەکی بەگ)، هەروەها (سارا، حەکیم، کەتان، سالار، سیمانە، سابات، خایم، کانیشا، مۆردەخای، خامێی موشێ و چەندانی تر) تێکەڵ بە هێڵی درامیی ڕۆمانەکە کردووە. ڕۆمانەکە خاوەن پێکهاتەیەکی مێژوویی و ڕیالیستییە، و ئەم کەسایەتییانە بوونێکی واقیعییان لە مێژووی کۆمەڵایەتیی شارەکەدا هەبووە، بە جۆرێک نووسەر توانیویەتی لە ڕێگەی یادکردنەوەی ئەم کەسایەتییانە، وێنەیەکی ڕاستگۆیانە بۆ ژیان و پێکهاتەی هەمەچەشنی شارەکە لەو سەردەمەدا بگوازێتەوە.
٣. بەهۆی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکە لە ساڵانی ١٩٤٠ و ١٩٥٠ (ڕووداوەکانی فەرهوود و بڕیاری ڕاگوێزانی جووەکان)، کۆمەڵگەی جووی سلێمانی ناچار دەکرێن شار، ماڵ و یادگارییەکانی خۆیان بەجێبهێڵن، ناچاربکرێن کۆچ بکەن، و کە شوێنەوارێکی بەتاڵ و وێرانکەر لەشارەکە و هاوکات تاڵیی جودایی وەک برینێکئی بەجێماو بۆ هەمیشە لەڕۆحی جووەکاندا دەمێنێتەوە.
ناوەڕۆک و پەیامە سەرەکییەکان
١- ئاین ڕەگەزنامە نییە، کوردیبوون و ئینتیما بۆ نیشتمان پەیوەندی بە ئاینەوە نییە؛ جووەکانی سلێمانی بەشێکی دانەبڕاو لە کەلتوور و ناسنامەی شارەکە بوون.
٢- زیندووکردنەوەی یادەوەریی فەرامۆشکراو، و جەختکردنەوە لەسەر تۆمارکردنی ئەو مێژووەی لە ئەرشیفی فەرمی و مێژوونووسیندا پەراوێز خستراوە.
٣- زیانی لەدەستدانی فرەییی کۆمەڵایەتی، و نیشاندانی ئەوەی چۆن بڕیارە سیاسییەکان و ئایدۆلۆژیا توندڕەوەکان شیرازەی کۆمەڵگەیان هەڵوەشاندەوە و شوێنەوارێکی بەتاڵ و وێرانکەریان لە دوای کۆچی جووەکان بەجێهێشت.
٤- بێهەڵوێستی لەبەر بێدەسەڵاتی، و بە ڕوونی ئاماژەدان بە بێدەسەڵاتیی شاعیران و نووسەرانی ئەو سەردەمە لە بەرامبەر پرۆسەی ڕاگواستن و نادادپەروەرییەکاندا.
کەسایەتییەکان و کاراکتەرەکانی نێو ڕۆمانەکە
کەسایەتییە دیارەکان:
سارا: کەسایەتییەکی ناوەندی و سیمبولییە. سارا تەنها تاکێک نییە، بەڵکو هێمایە بۆ نیشتمان، دایک، خۆشەویستی و یادەوەرییە ونکراوەکان و لەدەستچووەکان.
خایم و کەسایەتییە جووەکان: خۆڕاگری، بەڵێن و وەفاداری بۆ خاک، دەربڕینی ئازار، دەردەسەری و ژیانی کولەمەرگیی سەردەمی کۆچپێکردن و جودایی.
کەسایەتییە شارستانی و کۆمەڵایەتییەکان: کاسبکاران، ڕووناکبیران، ڕابەر، و شۆڕشگێڕان، و خەڵکی ئاسایی شاری سلێمانی، و کەمێک لە شارەکانی تر.
لەم ڕۆمانەدا هەندێک جار کاراکتەرەکان زۆر، یان ئاڵۆز دەردەکەون، بەهۆکاری:
١. وێنەکە تەواوی شارێکە بۆ نیشاندانی فرەچەشنیی کۆمەڵگە، پێویست بووە نوێنەری چین و توێژ و ئایینە جیاوازەکان ئامادەییان هەبێت.
٢. هەبوونی تۆڕی ئاڵۆزی پەیوەندییەکان، کارەکتەرەکان بە پەیوەندیی خێزانی، دراوسێیەتی و سیاسی بە یەکەوە بەستراونەتەوە.
٣. جیاوازی کات و شوێنەکان، شێوازی گێڕانەوەی مێژوویی زۆر جار لە نێوان سەردەمەکاندا باز دەدات، کە ئەمەش سەرنجی زیاتری خوێنەری دەوێت.
شێواز و زمانی گێڕانەوە
نووسەر بە زمانێکی ئەدەبیی، پاراو و دڵنشین، لە هەندێک شوێنی ڕۆمانەکە دەستەواژەی خۆیی تێدا بەکارهێناوە، و بە دەربڕینێکی سادە، بەڵام قووڵ چیرۆکەکە دەگێڕێتەوە.
خوێنەر لە کاتی خوێندنەوەدا تووشی بارودۆخی جیاوازی هەستەکان و کاریگەری دەروونی دەبێت؛ ساتێک سەرسوڕمان، ساتێک دڵپڕبوون و گریان، ساتێک پێکەنین. لە هەمان کاتدا پەلکێشی خوێنەر دەکات و پەلەیەتی بزانێت سەرەنجامی چیرۆکەکان و کارەکتەرەکان بەکوێ دەگات، ناشیەوێت بەهۆی جوانیی دەقەکەوە ڕۆمانەکە کۆتایی بێت.
کاتێک یاداشتەکانی سارا دەخوێنیتەوە، خوێنەر خۆی لەزۆرینەی بەشەکانیدا دەبینێتەوە.
پەیامی سەرەکی ڕۆمانەکە
«نیشتمان تەنها سنوورێکی جوگرافیی سەر نەخشە نییە؛
بەڵکو شوێنێکە کە یادەوەری، خۆشەویستی و ناسنامەی ئێمەی
تێدا کۆبووەتەوە.»
کۆتایی
ڕۆمانەکە بە وێنایەکی درامیی دەروونی پشت واقیعە
ئازاربەخشەکان کۆتایی دێت کە تێیدا یادەوەری بەسەر
لەبیرچوونەوەدا سەردەکەوێت، هەرچەندە تاڵیی غەریبی تێیدا
دەمێنێتەوە.
١٨/١٠/٢٠٢٦

