فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

سیمر

ھیبە فەیسەڵ
نووسەر، دانیمارک

………………………

هێزێکی یەکجار سەمەر لە هەناوی مندا گێنڵ و قوڵپ دەدات. پەنگی خواردۆتەوە و هەرچەند دەکەم ناوێرم هیچ درزە دەرگایەکی بە ڕوودا بکەمەوە. دەترسێم لە ڕکێف و فەرمانم دەربچێت. پاك و پیس پێکەوە تەفروتوونا بکات و بەیەك نەرمەفوو هەمووی بسوتێنێت. دەزانم گەر ڕێگەی بدەم، لەوانەیە گشت پیرۆزییەکانی ئەم سەر زەمین و ئاسمانە شینە بکات بەگژ هەموو ئەو دڕندە دان و گوێ درێژانەی، شەوەزەنگ وەك سێبەری خۆیان دەگێڕن. ئەوانەیش کە حەز و خەیاڵیان لە تەشك و داوێنیان زیاتر بەرز نابێتەوە.
وەلێ من ئەو هێزە باش دەناسم، مەرج نییە گشت کات ببێتە ئەو ئازایەتییەی داستانچییەك دەیهۆنییەوە. بەڵکوو لە گیانی مندا دەمێك بێ ئاگا، لە بێدەستەڵاتی خۆمدا دەخزێتە سەر لێوەکانم و منیش بە سەری زمانم هەڵیان دەگرمەوە. دەمێکی دی دەبنە قەڵەم و تامی ئەو سوێراوەی پێ دەنووسمەوە. ساڵانێکی دیش فڵچە بوون و توڕەییەکانیان ڕەنگ دەکرد. ئێستایش لەرینەوە، وزەن و وەك تنۆکی باران، لە ڕووناکیدا ڕەنگ دەداتەوە و لە شەویشدا بووژانەوە.
درۆ ناکەم، من زۆر دڵم لایەتی، دەترسێم ڕۆژێك بێت و بە باشی خۆیەوە هەڵکڕوزێت. مەگەر من دەزانم چ دڵێکی سەرکێش بەڵام تا بڵێی میهرەبانی هەیە. هەمیشە بە بڕوایەکی پتەوەوە دەڵێت؛ لێمگەڕێ گیرفانی ترس بدڕێنم و دووبارە بە قریوەی مناڵییەوە لەم سەری کۆڵان تا ئەو سەری گردەکە هەڵقونێمەوە. ئیدی ببمە ئەو چنگەی، لە بری ڕوومەت، تەنها بە نیازی ئاوەدانی، خاك دەڕنێت. لێمگەڕێ چنگ بدەمە تۆوی خۆشەویستی و وەك بەڕوو، وەك شلێر یان وەك سینەی پڕ حەیرانی ژنە کوردێك، لەم خاکە خوێناوییە فریودراو و تەماع تێکراوە بیچەقێنم.
لەوانەیە من و ئەو هێزە هاودەم هاوبەش، هاوڕا و هاوڕێ نەبین بەڵام ئێستا هاوخەم، هاوسەنگ و هاودەنگ نامۆیی چەند ساڵەمان کردووە بە بەڵێنێك کە چی دی نەهێڵین زمانە پیسەکان گەردنی زەردمان بلێسنەوە، بماننێنە ژێر خۆیان و نەخشەیان بە کۆیلەیی ئێمە بهۆننەوە.
من و ئەو هێزە دەستمان بۆ ئاشتی و گەیشتن درێژە. بۆ ئەزەل هەنگاومان گەڕانێکە بە دوای عەشق و دڵێکی ئازاد. ئیدی دەتوانین لەگەڵ بێگانە بدوێین و سەرکەوتنیشمان هەر دێت، چونکە بەردەوام بۆ کەوتن خۆمان گورج دەکەینەوە. من و ئەو هێزە چیدی بۆ شەرم نانووسین. بەڵکوو باس لەو بوێرییە گەردوونییە دەکەین کە لە گەورەیی، شکۆمەندی ژانی خوڵقاندن، ئاڵۆزی وزەی هەمەڕەنگ و فرەڕووی ژنێك دەئافرێت.