دێرین جەمال
چیرۆکنووس، سلێمانی
…………………………
تەنیا یەک دڵۆپە ئاو لەسەر لێواری گەڵایەکی زەرد و وشکبووەوە مابوو، وەک ئەوەی دوایین هیوا بێت کە بە چنگ و کڕنووشەوە خۆی بە ژیانەوە گرتبێت. کاتێک شەپۆلێکی لاوازی با نیشتە سەر گەڵاکە، دڵۆپەکە خلیسکا و کەوتە سەر خاکێکی تینوو کە وەک دەموچاوی پیاوێکی پیر درزی بردبوو. زەوییەکە بە بێدەنگی و چڵێسییەکی غەریبەوە دڵۆپەکەی هەڵلووشی، بێ ئەوەی تێری بکات، تەنیا پەڵەیەکی تاریكی بچووکی لە دوای خۆی جێهێشت کە خێرا ون بوو.
کۆچەر لە ناوەڕاستی گردەکەدا وەستا بوو. تەنیا ئەو مابووەوە. لەو بەرزاییەوە تەماشای شاری دەکرد، شار لە دوورەوە وەک تەمێکی خۆڵەمێشی و خنکاو دەردەکەوت کە لە ژێر باری دووکەڵی کارگەکاندا هەناسەی سوار ببوو. ئەو دارستانەی جاران وەک دەریایەکی سەوز لە ژێر تیشکی خۆردا شەپۆلی دەدا، ئێستا بووە بە گۆڕستانێکی بێدەنگ لە تەخت و ڕەگی وشک. لە دوورەوە دەنگی لێدانی تەورێک دەهات، تەق… تەق…دەنگەکە وەک لێدانی دڵێکی ماندوو وابوو کە سات لە دوای سات بەرەو وەستان دەچێت.
بە هێواشی چۆکی دادا. دەستە زبرەکانی خستە ناو قووڵایی خاکە گەرمەکە. ئەو شوێنەی جاران کانییەکی لێ بوو، ئێستا تەنیا چەند بەردێکی سپی و بێگیانی تێدا ماوە لە بەر خۆردا دەدرەوشانەوە. بوتڵە ئاوە نیوە لێدراوەکەی لە جانتاکەی دەرهێنا. سەیری ئاوە ڕوونەکەی ناو بوتڵەکەی کرد، پاشان چاوی کەوتە سەر نەمامە بچوکێک کە لە نێوان دوو بەردی گەورەدا بە شەرمنی سەری دەرهێنابوو. نەمامەکە ئەوەندە بێهێز بوو، وەک ئەوەی خەریک بێت لە ژێر قورسایی تیشکی خۆرەکەدا بپوکێتەوە.
دەنگێکی شاراوە لە ناخیدا چرپەی دەکرد: بیخۆرەوە، تۆ تینووتە، ڕێگاکەت دوورە. بەڵام ئەو سەیری ئاسمانە بێ هەور و چۆڵەکەی کرد، پاشان سەیری نەمامەکەی کردەوە. بوتڵەکەی سەرەوژوور کردەوە. دەنگی تک -تک ئاوەکە کاتێک دەڕژایە سەر قەدی نەمامەکە، تاقە مۆسیقای ئەو دەشتە بوو. بۆنێکی غەریب لە خاکەکەوە بەرز بووەوە، بۆنی ژیانێکی نوێ، بۆنی ئەو بارانەی کە ساڵانێک بوو ڕێگەی لێ ون ببوو.
کۆچەر چاوەکانی داخست. لەو کورتە ساتەدا، لە خەیاڵیدا ئەو نەمامەی بینی کە دەبێتە دارێکی مەزن، چڵەکانی باوەش بۆ ئاسمان دەگرن و سێبەرەکەی دەگاتە سەر کێلی گۆڕی هەموو ئەو تەورانەی کە ڕۆژێک دارستانەکەیان کوشت. کاتێک هەستا، کڵاوەکەی توند کرد و بەرەو شارە خۆڵەمێشییەکە بەڕێ کەوت. لە دوای خۆی، تەنیا یەک شوێنپێی تەڕی جێهێشت. باکە جارێکی تر هەڵیکردەوە، بەڵام ئەمجارەیان گەڵا زەردەکە نەلەرزی، چونکە نەمامەکە بە توندی ڕەگی بە ناخی خاکەکەدا داکوتا بوو.

