فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

تشرینی دڵتەنگی كۆچت

سەردار قادر
شاعير و ڕەخنەگر، سلێمانی

……………………………..

پێشكه‌ش به‌گیانی پاكی گوڵه‌كه‌ی پایز “محمد عومه‌ر عوسمان”

پایزە و ڕەزبەر
لە ئەفسوونی هەموو ڕەنگەکانی خۆی بێبەش بووە؛
تەنها شیعرێکی تۆی پێماوە
کە ئێوارەیەک بۆ بارانت ناردبوو.

باخ، لە خەونەکانی خۆیدا وشک بووە،
سوره‌ چنار بە گه‌ڵای یاقووتیه‌وه‌‌
بەدوای سێبەری خۆیدا دەگەڕێ،
چیاکان دەنگی خۆیان لەبیر کردووە.
شەقامی سابوونکەران هێندە چۆڵە
له ‌شارێكی خاپوور ده‌چێ
منیش، وەکو کزەبای سەرماوەز
بۆ سۆراخی تۆ
لە دەرگای هەموو ماڵێکی بێپەنجەرە دەدەم.
چەشنی هەورێکی گریاو
لە ئاسمان دەکەومە خوارەوە
لەسەر زەوی بەدوای ئاسمانی ونبووی تۆدا دەگەڕێم.
هەندێ جار فرمێسکەکانم
وەک شەونمی سەرماوەز باڵده‌گرن ؛
دەمە و‌ سەردەمی گزنگ
وەک چۆله‌كه‌یه‌كی سه‌رگه‌ردان
بەدوای هەواڵی تۆدا دەفڕێ،
به‌عه‌زره‌ته‌وه‌ لە باڵندەکانی كازیوه‌ دەپرسێ:
لە به‌رڕه‌هێڵه‌ی شه‌سته‌ بارانێكی بێکۆتادا هه‌ڵده‌له‌رزێ
ده‌یه‌وێ بزانێ کام شەقام
ده‌نگی پێیەکانی تۆی له‌خۆیدا هه‌ڵگرتووه‌؟»

ئەمشەو،
یادت وەک دیرۆکی گۆیژە سوورەی بنارشاخ
لە نێو شۆڕشی پاییزو یادگه‌ی مندا دەشەکێتەوە؛
هەر دانەیەک دڵێکی بچووکە
بەناوی تۆوە لە ژێر بەفری کانووندا دەسووتێ.
یادت لە زارمدا غەمگینە،
وەک ڕیشۆڵه‌یه‌ك کە لەناو بەفرێکی ئەستووردا
باڵەکانی لەبیر چووبێته‌وه له‌خۆی ڕاماوه‌‌.
منیش، وەکو شەوەکانی تشرین
دڵتەنگم بۆله‌تێ دیدارت؛
وەک کاتژمێرێک کە لە دواهه‌مین چرکەی غوربەتا بوه‌ستێ
هێشتا چاوەڕێی شیعرەکانی تۆ ده‌كه‌م.

ئاخ…
نەهات ئەو شاعیرەی
کە چەند خەزەڵوەر دڵم بۆی دەسووتێت؛
نەهات ئەو شاعیرەی لە ناو هەموو دێڕێکدا
بۆتە ویردی زمانی من و باڵندەکانی شەو.
ئەفسووس لە کۆتاییدا
خۆت لە ئێوارەیەکدا شارده‌وه‌ و
منت سپارد بە یه‌ڵدایه‌كی طولانی.
ئاخ نەهات ئەو گوڵە پاییزیەی،
تا لە حزوریدا دەستەکانم
بکەم بە دوو شاباڵی پێشوازی
ئه‌وسا به‌كاوه‌ خۆ بە پێنووسی شەونم
لەسەر پەڕەی گوڵ
بەهاری لەدەستچوومان بنووسینەوە.

ئای لەو غوربەتەی من و خەزەڵوەر!
غوربەتێک کە نە سنووری هەیە،
نە پاسپۆرت، نە کۆتایی؛
تەنها پەنجەرەیەکی شكاوی هەیە
کە بۆ ناوەوە دەکرێتەوە
هیچ کەس له‌ناویدا ناژی
جگە لە شاعیرێکی وه‌ك خۆم دلشكاو نه‌بێ.

ئای لەو قاقا گەرمانەی تۆ،
لەو پێکەنینانەی کە بەدڵ دەتكرد
وه‌ك مندالێكی لادێ نشین
پەنجەرەکانی بەهارت به‌ ڕوومدا ده‌كرده‌وه‌؛
ئێستا، لە نێو ئەرشیفی تشرینێکی کۆندا
لە ناو سندوقێکی پڕ لە باراندا
هێشتا دەنگ و قاقاكانتم بۆهه‌وادارانت هەڵگرتووە.

هەر جارێک پاییز دێ،
خێرا ئەو ئەرشیفەی خۆیی دەکاتەوە؛
دەنگت لە ناو بادا وه‌ك ناقوس ده‌شه‌كێته‌وه‌،
لە ناو دڵی منیشدا ده‌زرنگێته‌وه‌،
شه‌وان كاتێ بە زمانی فرمێسک بانگت دەکەم
کەچی تۆ نایەیت.
نایەیت بەڵام
هێشتا لە هەموو ماڵێکی بێپەنجەرەدا
چرایەکت بۆ دادەگیرسێنم.

چونکە من ئەو عاشقە مەستەم
کە کۆچ لە بەرامبەریدا تەنیا وشەیەکی بێمانایە؛
ئەوەی باوەڕی به‌ هه‌ڵوه‌رینی شاعیرهه‌یه‌
ڕۆژێ دێ پاییز بە پێچەوانەوەی بیرۆكه‌ی ئه‌وه‌وه‌ ،
فه‌رهه‌نگی خۆی به‌ پێكه‌نینی گوڵ ده‌نوسێته‌وه‌
دارەکان گەڵا لەدەستچووەکانیان ده‌دۆزنه‌وه‌،
باران ڕۆژێك دەبێتەوە بە دەریا،
کەچی تۆ شەوێک نەبووی بە خەندە و
بەناوی میوانەوە لە دەرگای دڵم بده‌ی‌.
تا ئەو ڕۆژەی، من لە نێو تشریندا دەژیم؛
تشرینێک کە ساڵەکانی لەبیر چووە،
بارانەکانی کۆتاییان نییە،
لە یادت ناکەم.

چونکە هەندێ کۆچ بە ڕۆیشتن کۆتایی نایە؛
هەندێ کۆچ لە ماوەیەکی بچووکدا ڕوو نادا؛
هەندێ کۆچ لە ناو دڵدا ماڵ دروست دەکات
تا کۆتایی ژیان کلیلەکەی لە دەست هیچ کەسدا نابێ.

پایز ڕۆشت وهێشتا من لەو غوربەتا دەژیم؛
بە تامی شیرینییەکی دڵتەنگ،
لەگەڵ بۆنی باراندا بیرت دەکەم،
چ باوەڕێکی شێتانەیە
دڵم پێم دەڵێ ڕۆژێ دێ
تۆ لە ناو هەموو پایزە وونبووەکاندا
وەک جاران دەگەڕێیتەوە،
من، دوای ئەم هەموو دابڕانە،
هێشتا کۆچت بە خەونێک دەزانم،
نەک ماڵئاواییەکی هەتاهەتایی
ئه‌ی شاعیره‌ خێر له‌ خۆ نه‌دیوه‌كه‌م !.