فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

حەسەن گەرمیانی

 دکتۆر، مستەفا زەنگنە

نووسەر و مامۆستای زانکۆ، هەولێر

………………………………..

من وحەسەن گەرمیانی لەدایکبووی قادرکەرەمین، باوکم مامۆستای سەرەتایی بوو، من لەدایکبووی ساڵی 1947 م ماڵی حەسەن گەرمیانی تەنیشت ماڵی حەسەن قۆڵچی بوو، باوکی بەڕێزیان لە بنەماڵەی پاشاکانی ڕەواندزە و لەقادرکەرەم نزیک کانتینەکەی حەمید کانتین چی لای قشڵە چاخانەیەکی هەبوو، کەواوسەڵتەیەکی لەبەر دەکرد پیاوێکی پیاوانەو، بەویقارو ئەسڵزادە بوو. حەسەن گەرمیان هەرلە مناڵییەوە خولیای هونەربوو، لە پۆلی یەکی سەرەتایی تاوەکوو شەش لەیەک پۆلدا بووین، ئەوکات ڕۆژانە مامۆستا هەڵیدەسان و گۆرانیی بۆدەگوتین و لاسایی میوزیک و باڵندەکانی دەکردەوە

ئاوازێک هەبوو بەناوی گڤدل گڤدل، بەڕێزیان بەدەم دەیژەنی، هەموومان پێی سەرسام بووین، کە شەشی سەرەتایی تەواوکرد چووە ئامادەیی کشت وکاڵ، ئەوکات فاتیح ستارو ئەحمەد دەروێش مەجید و مەحموود دەروێش مەجیدیشی لەگەڵدا بوون، دوای ئەوسا کەتەواویکرد، هەرلەبەکرەجۆ مامۆستا بوو، ساڵانێک گوازرایەوە ئامادەیی کشتوکاڵی کەلەک یاسین ئاغا، دوایەمینی قۆناغی هاتە هەولێر لەگەڕەکی شۆڕش، من ناوە ناوە لەکەلەک و هەولێریش سەردانیم دەکرد، خێزانێکی میهرەبانی هەبوو کەدەکاتە خوشکی برای خۆشەویستم لالۆ ڕەنجدەر،سەرەتا لەڕێگای تیپی مۆسیقای سلێمانییەوە چەند گۆرانییەکی تۆمارکرد، کەسەرجەم گۆرانییەکانی هی ناوچەی گەرمیانن، بەڵام نوێکردنەوەی ئاوازەکان و شارەزایی حەسەن گەرمیانی لە قەتارو ئەڵڵا وەیسی و خورشیدی وخاوکەر و ئای ئایدا، توانیوێتی سیفەتێکی باڵا بداتە هونەری کوردی، ئەم گۆرانییەی،،خۆم شەکەتی ڕێگام… بەیەکێک لەشاکارەکانی دەژمێردرێت، نوێکردنەوەی گۆرانییەکی فۆلکلۆریی ناوچەی قادرکەرەمە، کە ڕەنگە کەم کەس لەبیریان مابێت

بەڵام ئێمە بەمناڵی دەمانگوتەوە..کە لەدێڕێکدا دەڵێ

کوڕم مەیکە قاوەقاوە

ئەوخانمە داماوە

مناڵێکی ڕەش وڕووت

لەناو بێشکە جێماوە

حەسەن گەرمیانی کەسێکی نیشتمانپەروەرو خاوەن هەڵوێستی کوردانە بووە و بەهەموو تەمەنی گۆرانیی بۆ بەعس نەگوتووە، چەندجارێک ویستیان بەهەواڵی درۆ، جاشسیغەکانی ڕاگەیاندنی بەعس بەبڵاوکرنەوەی درۆ بڵێن لەحەوتی نیساندا گۆرانیی گوتووە، لە هەمان ژمارەی ڕۆژنامەدا بەناوی منەوە چاوپێکەوتنێکیان بڵاو کردبۆوە، چوومە لای حەسەن گەرمیانی و پێم گوت مەسەلەچییە؟ گوتی من هەرلە کەلەک دەرنەچوومە، ئەوانە دەیانەوێ ناوی من بخەنە ناوانەوە، بەڵام بشمکوژن گۆرانی بۆ ئەم حکوومەتە بۆگەنە ناڵێم، منیش پێم گوت ئەوەتا..فڵانە کەس، بەناوی منەوە شتێکی بڵاو کردۆتەوە.. دیاربوو ئەو برادەرەی ئەم کارەی دەکرد، ئێستا لەژیاندا نەماوە، بەڵام ئەوکارە ناشیرینەی پێ سپێردرابوو، بۆیە حەسەن گەرمیانی و مەهدی ئومێدی برای، ڕۆژێک لەڕۆژان ڕێبازی کوردایەتییان بەرنەداوە و وەکوو باوکی و باپیرانی مەرد و خاوەن هەڵوێست بوون. براگەورەکەی ناوی حسێنە، کە ئێستا کوڕەکەی هونەرمەندێکی ناسراوە،

من لەمناڵیدا ڕۆژانە دەچوومە ماڵی حەسەن گەرمیانی، خواردنی دەستی دایە فەخرییەی میهرەبانم خواردووە، خوشکە نیگار هەردەم لەگەڵ ئاورینگی خوشکمدا بوو، بەداخەوە پێش دوو ساڵ ئەو خوشکە ئازیزەيشمان کۆچی کرد.

بەڵێ من خۆم گوێم لێی بووە، کە ئەو تەنها لەڕووی مەقاماتەوە سوودی لە شێخ عەبدولعەزیز قادرکەرەمی وەرگرتووە، کە بڕواناکەم هونەرمەندێک هەبووبێت وەکوو ئەوزاتە، ئاگای لەمەقامە کوردییەکان بێت، ناوبراو دەکاتە باوکی هونەرمەند پرتەو بەرزنجی، خاوەنی گۆرانیی..بیبی خانم، کە لەکاتی خۆیدا ناوبانگی هەبوو.

لێرەوە داوای تەمەن درێژی بۆ براو هاوەڵی ڕۆژانی منداڵیم حەسەن گەرمیانی دەکەم، ئەوحەسەن گەرمیانییەی لەئێسادا ژمارەیەکی دیاری ناو ڕیزبەندیی هونەرمەندە سەرکەوتووەکانی کوردە ڕێز و حورمەتم بۆ حەسەن گەرمیانی و بێلانی کوڕی و خانەوادە سەربەرزەکەی.