ڕانانی: داستان شەریف
نووسەر، سلێمانی
………………….
ڕاستە ئەم کتێبە زۆران لەسەری دووان و لێرەولەوێ قسەیان
لەبارەی کتێبەکەی کۆتاییی مامۆستا و هاوپیشەم مامۆستا شەفیقی حاجی خدر دەکرد، بەندەیش لەبەر ئەوەی نەمدەویست چێژی کتێبەکە لام کەم بکەمەوە و، لە هەمانکاتدا لەبەر پڕکاری و هەندێ بێکاتیی خۆم بەڵام پەیبردن بەوەی کە چەند مامۆستایەک لە پێشەکیی کتێبەکەدا وتاریان نووسیوە، ئەمە زۆرتر منی تیختیخە دا تا بکەومە کەڵکەڵەی خوێندنەوەی:
کتێبی ئاوەزنامە:
پتر پەروەردەیییە و بۆ هەموو تەمەنێک گونجاوە وەکوو مامۆستا فازیل دەفەرمووێت: لە تەمەنی هەرزەیییەوە تا تەمەنی ۹٠ ساڵی.
لێرەدا چەند وانەیەک دەخەمە ڕوو و باسی چەند نموونەیەکی کتێبەکەیش دەکەم:
بۆ نموونە وانەی یەکەمی کتێبەکە باسی ئەوە دەکات چۆن تووڕە نەبین لە ژیانماندا، یان بە مانایەکی دیکە چۆن وا بکەین تووڕەبوونەکەمان وا لێ بکەین لە بەرژەوەندیی گشتیدا و لەپێناو سوودی گشتی و پارێزگاری و بەرگری لە داواکانمان بەکاری بهێنین و هەروەها ئەوەمان پێ دەڵێت کە خۆی چۆن لەڕێی بەکارهێنانی خەڕەکی چنینەکەیەوە تووڕەیییەکەی بەرزەفت کردووە و لە هەمان کاتیشدا توانیویەتی زۆرتر لە بەرهەمی ناوخۆ خوری بەرهەم بهێنێت ئەمەش
ئەوجا لە وانەی دووەمدا فێری سەندنی مافی خۆمانمان دەکات. ئەو کاتەی لە کۆژینەکە بووە نەوەکانی هاتوونەتە لای بۆ گلەییکردن لەوبارەیەوە کە سێ ژەمە تەنیا کوولەکە دەخۆن، بە جۆرێک دەیخۆیت کوولەکەیە نایخۆیت هەر کوولەکەیە، ئێلای خوشکی نووسەری ئەم کتێبە نازدارە بیانوو دەگرێت بە دەوروبەرەکەی کە خەریکە کوولەکەی لەبەرچاو بکەوێت و چیدی حەزی لێی نەماوە بۆیە گلەیی و گازندەی خۆی دەباتە چێشتخانەی کۆژین و چێشتلێنەرەکانیش پێی دەڵێن کە ئەوە فەرمانی گاندییە. کاتێک ئێلا دەچێتە لای گاندی و پێی دەڵێت خەریکە پێی نەخۆش دەکەوێت، گاندییش دەچێتە چێشتخانە و چێشتلێنەرەکان پێی دەڵێن کە وا فەرمانی خۆیەتی کە دەبێت خواردنی سووک و بەرهەمی کێڵگەی کۆژینەکە لێ بنێن و بیخۆن. ئەویش پێیان دەڵێت ڕاست دەکەن بەڵام خۆ من نەمگوت یەک جۆر خواردن لێ بنێن.
باسی ئەوەمان بۆ دەکات هەرگیز کاری ئاستنزمەکان یان پلەنزمەکان نابێتە مایەی شەرم و ئابڕووچوون بۆ خاوەنپلەوپایەکان بەڵکوو هەموو کارێک پیرۆزە.
دێتەوە و ئەوەمان فێر دەکات کە مادەم ئێلای شەشساڵان توانی دووزەنەی خۆراکی ژەمەکان لە کوولەکەوە بگۆڕێت بۆ خواردنی تر، کە وا بێت هەموومان دەتوانین هەمان شت بکەین. ئەو بەم جۆرە باسی دەکات:
خۆ ئەگەر تۆ پێناسەی یەکێکت بۆ ماف یا بۆ چاکە پەسەند کرد و بە دوای بەهای خۆیشتدا نەگەڕای؛ ئەوا تۆ قاییلیت بەوەی هەرسێ ژەمەکە کوولەکەت بە خاوی و بە برژاوی و بە کوڵاوی دەرخوارد بدرێ.
ئەگەر ئەفسانەبوونەکە بە بار بزانی تا دێ قورستر دەبێ، لێ ئەگەر ڕێگەیەک بێ بۆ واتای ناواخن و ڕاستی، ئەوا وا هەست دەکەی بارەکە زۆر سووکە.
لە وانەی سێیەمدا کە بە ناوونیشانی: قەدرزانی تەنیایی بە؛ دەست پێ دەکات، لە باسی تەنیاییدا ئاماژە بە تەنیاییی ئاروونی نەوەی دەکات و دەڵێت: مانەوە لە دۆخی بێدەنگیدا شتێکە دەبێت هەموومان لە ئاروونەوە فێری ببین. ئاروون ئەوەندە لەگەڵ باپیرەیدا هاوڕێ بوو، کە خووی تەنیاییی ئەوی گرتبوو.
جا لە باسی پشوو و خەوتنیشدا، گاندی دۆستێکی کۆنی ئەڵمانیایی هەبوو، ئەو کاتەی هاتووە بۆ لایان، سەرکۆنەی ئەوەی کردوون کە سێیەکی ژیانیان بە خەو بەسەر دەبەن، گاندییش دەستبەجێ وەڵامی داوەتەوە:
سێ بەشی نووستن لە ژیان، سێیەکی ژیانت بۆ دەگێڕێتەوە.
باپیرە لەو باوەڕەدا بووە کە لەسەر خەڵک پێویستە بە دوای ڕاستیدا بگەڕێن، هەر بە ڕاستییش ئەمە خەمی گەورەی بوو، چونکە بە ئامانجەوە ژیانی بینیبوو. لەبارەی تێکۆشانیشەوە لەپێناو ڕاستیدا دەڵێت:
هەر چمکێکی ڕاگوزەرانەی ڕاستی لای ئەو هەیە، بەڵام وای وێنا کردووە کە وا ڕەونەقێکی وەهای هەیە کە بە ملیۆنان جار لە ڕەونەقی ڕۆژ کە ڕۆژانە بە چاوی خۆمان دەیبینین، چڕترە.
لە هەمان کاتدا ئێمە ئەو تروسکایییە ناناسینەوە ئەگەر هاتوو بەردەوام سەرنجمان بەلاڕێدا ببات یان هزرکۆییمان هەر لەسەر شتی پڕوپووچ بێ. هەراوزەنای پەیڕەوکاری بە بێدەنگی، ڕاستی نغرۆ دەکات.
لە باسی هەڵە و دڵخۆشییەکانی ژیاندا دەڵێت:
ئێمە لەوەدا هەڵە دەکەین کاتێک خۆمان بەو کەسانە بەراورد دەکەین کە زۆرتریان لە ئێمە هەیە، زۆریی موڵک و سامان، ناوبانگی زۆر، ئامراز و کەرەستەی زۆروزەوەند.
لە باسی دڵخۆشی و خۆشبەختییشدا دەڵێت:
من هەست دەکەم بەو کەسایەتییەی کە هەم دڵخۆشم، هیوادارم تۆش وا بیت.
پاشان دێتەوە سەر باسی بەراورد بە کەسانی دەوروبەر و دەڵێت:
ئێمە پێویستمان بەو ساتە ئارامی و تەنهایانەیە، تا لە خەڵک و چاوەڕوانییەکانیان دوور بکەوینەوە؛ بەڵکوو لە ئەزموونی خۆمان ڕابمێنین. کاتێکیش ئەوەی خۆمان بەوانەی دەوروبەرمان یان ئەوانەی ناودارن و ناویان لە هەواڵ و باسەکاندا هەیە، بەراورد بکەین ئەوا وێنە گەورەکە ون دەکەین
لە ڕوانینی مەهاتما گاندیدا بۆ تەنیایی دەڵێت:
ڕوانینی باپووجی بۆ تەنیایی، ئەوە نەبوو تا گۆشەگیرانە دەرکە لەسەر خۆت دابخەی و لێ نەگەڕێی بیرۆکە و هزری نوێ یان هزری ئەو کەسانە بێتە ناو دنیابینییەکەت، ئەوە لەگەڵ هیی خۆت جیاوازە. ئەو گوێی لە هەموو بیرۆکەکان دەگرت، ئینجا لەو کاتەی بە تەنیا دەبوو ئەو هزرانەی لە هەموو ڕوویەکەوە هەڵدەسەنگاند و بڕیاری دەدا ئاخۆ لەسەر کامیان بڕوات.
مێشکی تۆ پێویستە وەک ژوورێک بێت، چەندین پەنجەرەی کراوەی تێدا بێ. لێ گەڕێ با شنەی بای لە هەموو پەنجەرەکانەوە بێتە ژوور، بەڵام لێ مەگەڕێ هیچ کامێکیان لە شوێنی خۆی هەڵتفڕێنێ.
ناوونیشانی وانەی چوارەم بریتییە لە: بەهای خۆت بزانە.
لەم وانەیەدا نووسەر باسی ئەوە دەکات باپیرە لەوە گەیشتبوو کە زۆربەیان بە شتێکی کەم دڵشاد و بەختەوەر دەبن و ئەو کاتە تووشی گرفت دەبوون کە خۆیان بەراورد دەکرد.
لە باسی پێوەردانان بۆ خەڵکیدا، گاندی هەرگیز ئەوەی نەکردووە بە پێوەر کەسێک بە جلوبەرگی گرانبەها و فڕۆکەی پلە یەک گەشت بکات لەگەڵ کەسێک جیاوازییان هەیە کە بە جلی شڕووڕ و لەژێر پردەکانیش شەو دەکەنەوە. هەرگیز گاندی پێویستی بەوە نەبووە بە جلوبەرگی کەشخە و جوان لە بەر بکات تا جیهان لە مەزنایەتی و گرنگیی ئەو بگات.
هەرکەسێک پارە و دەستکەوتی ماددی بۆ پێناسەی بەهای خۆی دیار بکات، دەبێت لە کۆتاییدا هەست بکات کە کەسێکی پووچە.
هەمیشە باپیرە لەو بڕوایەدا بووە کە:
سامان و ڕەوشت پەیوەندییەکی پێچەوانەیان لەگەڵ یەکدا هەیە. کاتێک یەکێکیان بەرز دەبێتەوە، ئەوەی دیکەیان بەرەو نزمی دەڕوا.
باپیرە پێی وا بوو هەریەکێکمان بەهرەیەکی تایبەتیی خۆی هەیە، ئیدی ئەرکی ئێمەیە ئەو بەهرەیە نەک هەر بۆ خۆمان بەڵکوو بۆ بەهێزکردنی ئەوانی دیکە و بۆ ئێستا و داهاتووش بەکاری بهێنین.
لەبارەی جیاوازیی چینایەتییەوە، جارێک مامۆستایەک کۆمەڵێک کچە خوێندکاری هێنابوو بۆ ئەوەی بە مۆمبایدا بیانگێڕێت،’ و ئاروون لەگەڵیاندا کەوتووەتە ڕێ و بە چەند شوێنێکی شارەکەدا گێڕاونی کە نۆژەن کراونەتەوە و کاتێک بە مەبەستی پشوودان چوونەتە میوانخانەیەکی گرانبەهای شارەکە، کچەکان دڵیان زۆر خۆش بووە تا کلیلی ژوورەکانیان وەرگرتووە، پاش تۆزێک لەدەرگای ژوورەکەی گاندییان داوە کە ژوورەکانیان بە دڵ نییە لەبەر ئەوەی بەسەر چەند کۆلیتێکی هەژارنشیندا دەڕوانێت، ئەوە دژی ئەو وانەیەیە لەم چەند ڕۆژەدا فێری بوون.
ئەو زەردەشتییانەش لە سەدەی حەفتەمدا لە وڵاتەکەی خۆیان هەڵاتوون. بەلەمێکی پڕ لە ئاوارە دەگاتە کەناری خۆرئاوای هندستان، لەوێ داوا لە پاشا دەکەن بەڵکوو لە وڵاتەکەی خۆیان جێیان بکاتەوە و ڕێگەی مانەوەیان پێ بدا. بەڵام پاشا هیندییەکە ئاماژە بە پەرداخێکی پڕ لە ئاوی سەرمێزەکە دەکات و دەڵێ: هەروەک دەبینن ئەو پەرداخە پڕ ئاوە، شانشینەکەی منیش پڕە لە خەڵک و جێگەمان بۆ هیچ کەس نەماوەتەوە.
لە وەڵامدا ڕابەری کۆمەڵە ئاوارە زەردەشتییەکە کەوچكێک شەکر دەکاتە ئاوەکەوە و دەیشێوێنێت تا شەکرەکە دەتوێتەوە، ئەوسا دەڵێت: هەروەک ئەو شەکرە چۆن لە ئاوەکەدا توایەوە، ئاوەهاش خەڵکەکەم لەنێو کۆمەڵگەی ئێوەدا دەتوێتەوە و شیرینی دەکات.
وانەی شەشەمی کتێبەکە لەسەر درۆ بەرەڵایییە دەڕوات:
نموونەیەکمان بۆ دەگێڕێتەوە: کاتێک لال نەهرۆ، دووەم کەسی باڵای هیندستان و ماوەیەکیش سەروەزیری ئەو وڵاتە بووە، بەیانییەکیان دەستی خستووەتە سەر شانی ئاروون. بێگومان ئەویش زۆر دڵی خۆش بووە و کاتێک داوای لێ کردووە پێکەوە نانی بەیانی بخۆن، پێی گوتووە من هێلکەوڕۆن داوا دەکەم، ئاروونیش بە هەمان شێوە گوتوویەتی منیش هێلکەوڕۆن داوا دەکەم. لێ لال نەهرۆ ئاگادار بوو کە مەهاتما گاندی بە هیچ شێوەیەک گۆشت و هێلکە ناخوات، بۆیە بە ئاروون دەڵێت باپیرەی تووڕە نابێت کە هێلکە بخوات وای پێ باشترە پرسێک بە باپیرەی بکات؛ بە ڕاکردن دەڕوات و باپیرەشی پێی دەڵێت ئاخۆ لەوەوپێش هێلکەی خواردووە ئاروون دەڵێت بەڵێ ئەو کاتەی لە باشووری ئەفریقا بووە خواردوویەتی.
دوای ماوەیەک خێزانەکەی ئاروون دێن بۆ دیدەنیی باپیرە و باپیرەش لێیان دەپرسێت ئاخۆ ئاروون پێشتر لە باشووری ئەفریقا هێلکەی خواردووە، بێگومان دایبابی دەڵێن نەخێر. گاندییش بەمە زۆر تووڕە دەبێت و دەنێرێت بە شوێن ئارووندا و لێی دەپرسێتەوە و قسەکەی دایبابییشی بۆ دەگێڕێتەوە و دەڵێت ئێستا من نازانم بڕوا بە کامتان بکەم؟ ئاروونیش دەڵێت ئێمە لە باشووری ئەفریقا کێک و کولیچەمان خواردووە کە هێلکە لە پێکهاتەکەیدا هەیە. زۆر جاران لە درۆکردن ساناتر نییە، بەڵام کاتێکیش درۆ لەگەڵ بەرانبەردا دەکەین؛ ئەوا درۆمان لەگەڵ خۆیشماندا کردووە.
دەکرێ دایباب یارمەتیی منداڵەکانیان بدەن تا لە درۆکردن دوور بکەونەوە.
هەروەها ئەوەش زۆر گرنگە، دایباب بەرەو درۆکردن هەڵنەخلیسکێن؛ هەر لەبەر ئەوەی درۆکردن ئاسانترە لە گوتنی ڕاستی. کاتێک دایباب لەبارەی شتی بچووکەوە پەنا بۆ درۆ دەبەن، بۆ نموونە (دەرزییەکە نایەشێت) ئەوا منداڵەکەش لەوە دەگات کە ئەمە هونەرێکی پەسەندە.
لەوە دەگەم کە منداڵان بۆچی درۆ دەکەن، لێ مایەی داخە سیاسەتبازانیش بکەونە هەمان داو و درۆ لەدوای درۆ بکەن. شتەکان وای لێ دێ لووتبەرزییان زۆر لە پاکیی ئەو پێگەیە گرنگتر بێ کە دەیانەوێ پێی بگەن، ئەوان هەوڵ دەدەن هەڵببژێررێن، بەڵام هەرگیز نابنە ڕابەر، چونکە ئەوان لاوازن و لە ناخیشەوە ئاراملێبڕاون.
درۆ وەک لم وایە؛ ناتوانێ بناغەیەکی پتەو دروست بکا. هەر شتێکی لەسەر ڕۆبنێی لەرزۆک و شلۆقە و جێگەی بڕوا نییە. خۆ ئەگەر لەسەر کەڵەکەکردنی بەردەوام بیت، لە کۆتایییدا قەڵا لمینەکەت بەسەر یەکدا دەڕمێت.
باپیرە هەر بە خۆی و ڕاستەخۆ ئەوەی دۆزییەوە؛ بەرگەگرتنی لێکەوتەکانی ڕاستی لە پەشیمانیی درۆکردن باشترە.
وانەی شەشەم باسی بەفیڕۆدان دەکات و ناوونیشانی وانەکەیش: بەفیڕۆدان، توندوتیژییە.
نووسەر بە گێڕانەوەی بەسەرهاتێکی خۆی دەست پێ دەکات:
کاتێک بەلای دووکانێکدا ڕۆیشتووە قەڵەمدارێکی زۆر جوانی بینیوە و کە سەیریش دەکات ئەوەی خۆی زۆر بچووک بووەتەوە. ئەوەی خۆی لەقەراغ ڕێگەکەدا فڕێ دەدات و دەگەڕێتەوە و بابەتەکە لە باپیرەی دەگەیەنێت و ئەویش دەست ڕادەگرێت و داوای قەڵەمەکەی لێ دەکات، بەڵام ئاروون دەڵێت قەڵەمەکەی فڕێ داوە؛ گاندییش لایتێکی دەستیی دەداتێ و دەڵێ کە ئەگەر مێشکی بەکار بهێنێت و زەینی ڕوون بێت دەتوانێت بیدۆزێتەوە.
دەڕوا بە پێوسەری کارەکەیەوە و لە نێو گژوگیا و تەڕاشی سەر ڕێگەکە گەڕا و خۆم گەیاندە ئەو شوێنە پیسەی کە پێی وا بوو قەڵەمەکەی لێ فڕێ داوە. پاش دوو سەعات لە گەڕان و پشکنینی نێو گژوگیا و تەڕاشەکانی سەر ڕێگاکە خەریک بوو، لە کۆتاییدا پارچە قەڵەمەکەی لەوێ کەوتبوو. وای زانیوە ئەگەر باپیرەی بیبینێت دەزانێت مافی خۆیەتی کە فڕێی داوە.
باپیرە لێی وەردەگرێت و دەڵێ کە بچکۆلە نییە بگرە دەکرێت یەک دوو هەفتەی تر بەکار بهێنرێت.
بەفیڕۆدانی هەرشتێک لە خوویەکی خراپ زیاترە، ئاخر بەفیڕۆدانەکە دەربڕی بێباکییە لەبارەی جیهان و توندوتیژییەوە بەرانبەر بە سروشت.
کاتێک شتێکی وا بەفیڕۆ دەدەین، ئەوا سەرچاوە و دەرامەتی ئەو وڵاتە و ئەرک و ماندووبوونی خەڵک بەفیڕۆ دەدەین، لە کاتێکدا مەبەستی دروستکردنی ئاسوودەییمان بوو.
لە باسی چاوچنۆکی و بەراوردکردنی بە هەژاریدا، مەهاتما گاندی پێی گوتووە:
چاوچنۆکی و نەریتە پڕوپووچەکانمان خولقێنەری هەژارین، ئەمەش توندوتیژییەکە دژی مرۆڤایەتی.
هەر لەبارەی چاوچنۆکییەوە نووسەر لە کتێبەکەیدا دەڵێت:
دەکرێ هەبوونی زۆر کێشە چارەسەر بکا، بەڵام چاوچنۆکی و بێهۆشی و کێشەی زۆریش دەنێتەوە. باپیرە بەدەر لە مێز و قەڵەمدارێک و کاغەزێک هیچ شتی پتری نەدەویست تا دنەی خەڵک بدا، کەچی زۆربەی خەڵکی ئێستا ئەوەندە شمەک لای خۆیان کەڵەکە دەکەن تا ڕادەی لێدانی زەنگی هۆشداری. ئێمە هەر دەکڕین و دەکڕین. ناشزانین چی لەو هەمووە شتە بکەین.
ساڵی ۱۹۷۱ كاتێک نووسەر لەگەڵ ژنەکەدا بەناو قەرەباڵغیی شاری بۆمبایدا دەڕوات، لەپڕێکدا ژنەکەی لەناو ئەو هەموو خەڵکەدا دادەنەوێتەوە و کاتێک نووسەر دیمەنەکە دەبینێت وا ژنەکەی مەلۆتکەیەکی لە باوەشدایە. سەیری ئەملاولای خۆیان دەکەن، دەبینن هیچ کەسێک باکی بەمان نییە.
بۆیە دەستبەجێ دەیبەنە بنکەی پۆلیس و لەوێ ئەفسەرەکە پێیان دەڵێت کە ئەمە ڕۆژانە منداڵی هەڵگیراوەمان بۆ دەهێنن و دەیاننێرین بۆ هەتیوخانە.
لەوێش یان خێزانێک هەڵیاندەگرێتەوە یان لە هەتیوخانە لە برسا دەمرن.
بۆیە ئەمانیش کیژۆڵە ساواکە دەبەن بۆ هەتیوخانە، ئاروون بۆی دەردەکەوێت کە بەشێکی ئەو خێزانانەی منداڵەکان هەڵدەگرنەوە بیانین و ئاروون و ژنەکەشی کاریان بۆ ئەوە کرد کە ۱۲۸ منداڵ ببەخشن بەوەندە خێزان.
کە زۆربەیان سویدی بوون و یەکێکیان فەرەنسایی بوو.
بەڵام لەگەڵ ئەوەی منداڵەکان زۆر بەئاسوودەیی لەگەڵ خێزانەکاندا دەژیان كەچی زۆربەی زۆریان کەڵکەڵەی دۆزینەوەی کەسوکاریان کەوتبووە سەر.
بۆیە دەڵێت: هەموومان لە تەونێکدا بەیەکەوە پەیوەندین.
لە بەنرخیی کاتدا دەڵێت:
”کات زۆر بە بایەخە، بەفیڕۆی مەدە”.
ناوونیشانی وانەی حەفتەم: دایبابێتیی ناتوندوتیژانە
لەم وانەیەدا ئاروون باسی ئەو ماوەیە دەکات کە لە کۆژینەکەدا بووە لەگەڵ باپیرەدا:
ڕۆژێکیان دایکێک منداڵەکەی دەهێنت بۆ لای گاندی بۆ ئەوەی نوقڵ و شیرینیی پێ تەرک بکات چونکە زیان بە تەندروستیی دەگەیەنێت، گاندییش دەڵێت بڕۆن و دوو هەفتەی تر وەرنەوە. دایکەکەش بە کەمێک دڵڕەنجاوییەوە دەڕوات و دوو هەفتەی دیکە لەتەک منداڵەکەیدا دێنەوە و گاندییش شتێک دەچپێنێت بە گوێی منداڵەکەیدا و دەڕۆن. دوای ماوەیەک دێنەوە دایکەکە بە گاندی دەڵێت کە منداڵەکەی لەو ڕۆژەوە شیرینیی کەم کردووەتەوە و نایخوات، سەری لێی سوڕ ماوە؛ چیی پێ گوتووە کە وا دوور کەوتووەتەوە. گاندییش دەڵێت کە وا ئەویش پێویست بووە لە شیرینی دوور بکەوێتەوە و نەیخوات. بۆیە وتیشی دوای دوو هەفتەی دیکە وەرنەوە ئەو لەو دوو هەفتەیەدا هەوڵی داوە واز لە شیرینی بهێنێت. جا ئەو کاتەی کە هاتووشەتەوە پێی گوتووە کە خۆی دوو هەفتەیە وازی لە شیرینی هێناوە.
هەر لەبارەی درۆکردنەوە ئاروون گاندی چیرۆکێکمان بۆ دەگێڕێتەوە کە ڕۆژێکیان دەبا باوکی بەرێت بۆ کۆنفرانس و هەندێ کاروباری ماڵیشەوە ڕابپەڕێنێت و لە کۆتایییشدا دایکی داوای لێ دەکات سەوزە و میوەی بۆ بکڕێت، پاشان جگە لەوەی دەبا ڕۆنی ترومبیلەکەش بگۆڕێت.
ئاروون باوکی دەباتە بەردەم شوێنی کۆنفرانسەکە و کاتێ دایدەبەزێنێت باوکی پێی دەڵێت کە ئێوارە کاتژمێر ٥ لە هەمان شوێن هەڵیبگرێتەوە. جا باوکیشی پێی گوتبوو کە بۆ ئەو هەموو کارانەی ڕۆژێکی تەواوی لەبەردەستدا بوو بیانکات، لەبەر ئەوەی هەر زوو بە هەموو کارەکان ڕاگەیشتووە و کاتیشی دەمێنێت تا بچێتەوە بە دوای باوکیدا؛ واش کاتژمێر دووی پاش نیوەڕۆ بووە، هێشتا کاتی مابوو بۆیە دەچێتە سینەما. پاش ئەوەی سەیری فیلمێک دەکات دەتوانێت سەیری دووەمیش بکات بۆیە بە خۆی دەڵێت خۆ هێشتا نیو سەعاتم لەبەر دەستدا ماوە و دەتوانم ئەم نیو سەعاتە تەماشای فیلمی دووەمیش بکەم.
کاتێک سەیری کاتژمێر دەکات ٥:۳٠. بۆیە بە پەلە خۆی کۆ دەکاتەوە و دەچێت بە دوای باوکیدا کاتێکیش باوکی سەر دەخات لێی دەپرسێت: بۆچی دواکەوتووە!
بە شەرمەوە وەڵامێکی درۆ دەداتەوە: ئوتومبیلەکە ئامادە نەبووە! لێ بە دەموچاویدا هەستی بەوە کرد کە باوکی باوەڕی پێ نەکردووە. بۆیە لە سزای ئەوەدا باوکی دەرگەی ئوتومبیلەکە دەکاتەوە و دادەبەزێت و ئاروونیش بە داوای لێبووردنەوە دوای دەکەوێت و بەدەم درێژەدانەوە بە ڕۆیشتنەکەی: وا دیارە من لە قۆناغێکی ژیانتدا نەمتوانیوە پەروەردەت بکەم و فێری ئەوەت بکەم کە درۆ نەکەیت. بۆیە لێرەوە تا ماڵەوە بە پێ دەڕۆم تا بیر بکەمەوە ئاخۆ لە کوێدا هەڵەم کردووە و ڕێگەیەکیش بدۆزمەوە بۆ ئەوەی ڕاستی بکەمەوە.
منداڵەکان ئەو کاتە گەشە دەکەن و دڵخۆش دەبن کە هەراشەکان ڕێزیان دەگرن.
ناوونیشانی وانەی هەشتەم بریتییە لە: خاکەڕایی هێزە.
گاندی دەیویست یارمەتیی هەژاران بدات، وای هەست کردووە بۆ ئەوەی هەر بە ڕاستی لە پێویستییەکان بگەی دەبێت وەک ئەوان بژیت؛ کاتێک هەڵگرێکی بڕوانامەی دکتۆرا هاتووە بۆ لای گاندی تاوەکوو پیرۆزی بکات، گاندییش پێی گوتووە کە دەبێت بچێت و سەرئاوەکانی کۆژینەکە پاک بکاتەوە؛ بەڵام بابای دکتۆر بە بیانووی ئەوەی کە گوایە دەیەوێت ئابووریی وڵات چاک بکات، نابێت سەرئاو پاک بکاتەوە. بۆیە گاندییش دەڵێت بۆ ئەوەی لە خەمی هەژاران بگەیت دەبێت وەک ئەوان بژیت. هەر لەو وانەیەدا باسی ئەوە دەکات کە لووتکەی لووتبەرزیی مرۆڤ لەوەدایە کە نەتوانێت بەرانبەر کەسێکی دیکە لێبووردە بێت. هەروەها دەشڵێت کە وشەکە لە بنەوە واتای ئەوە دەگەیەنێت کە خۆت لەوانی دیکە پێ شایستەتر بێت و ئەرکی ئەوە دەکێشی کە دۆخەکە بپەژرێنی.
لە باسی گرنگیی شتە بچووکەکانی ژیانمان و نرخداناندا بۆیان گاندی دەڵێت: “هەموو بەشێک گرنگە و گرێدراوی بەشەکانی دیکەیە. تەنانەت پارچە سپرینگێکی بچکۆلانەش پێویستە تا خەڕەکەکە بکەوێتە گەڕ و کاری خۆی بکا. کە واتە هەموو تاکێک بەشێکی دانەبڕاوی کۆمەڵگەیەکی لە خۆی گەورەترە. ناکرێ دەستبەرداری هیچێکیان ببیت، یان هیچیان بە بێبایەخ دابنرێت. ئێمە بە یەکانگیری کار دەکەین.”
هەروەها لە بۆچوونی باپیرەدا بەرانبەر بەو توندوتیژییەی لە ژیاندا هەیە:
باپیرە باش لەوە گەیشتبوو کە ئەو توندوتیژییەی لە جیهاندا هەیە لێکەوتەی ئەوەیە کە بە حەوت گوناهەکەی کۆمەڵگە ناو دەبرێت:
سامان بەبێ کارکردن
خۆشی بەبێ ویژدان
بازرگانی بەبێ ڕەوشت
زانست بەبێ مرۆڤایەتی
زانین بەبێ کەسایەتی
دین بەبێ قوربانی (نەک قوربانی بە ئاژەڵ بەڵکوو بە سامان)
سیاسەتیش بەبێ سەرەتا (پرەنسیپ).
نووسەری ئەم کتێبەیش لەو دوایییانەدا ئەمەی لێ زیاد کردووە:
ماف بەبێ بەرپرسیارێتی.
وانەی نۆیەم: پێنج ستوونەکەی ناتوندوتیژی
باسی سادەییی نانخواردنمان بۆ دەکات و بەوە دەست پێ دەکات؛ ڕۆژێکیان باپوچی دەچێتەوە بۆ ماڵەوە دەبینێت داپیرە (با)ی پۆران پۆلیی ئامادە کردووە و هاوڕێکانی بانگ هێشتووە بۆ نانی نیوەڕۆ. ئەو خواردنە خۆشترین خواردن بوو بە لای باپوجییەوە و داپیرەی دادەڕسێت کە وا هەمووی دەخوات، کاتێک هەمووی دەخوات داپیرەیشی دەبینێت کە شکستی خواردووە و دەڵێت: دەکرێت ئەو خواردنە بەشی تا کۆتاییی ژیانی بکردبا.
هەر لەبارەی پەژرانی باپیرە بۆ خواردن، دەڵێت؛ جارێکیان لە چێشتلێنەری کۆژینم پرسی دەتوانم تامی خواردنەکەی بکەم؛ کە تامم کرد بە ئاستەم بۆم قووت چوو. جا کە لەبارەی بێتامیی خواردنەکەوە لە باپیرەم پرسی، گوتی: من دەخۆم تاوەکوو بژیم، ناژیم تاوەکوو بخۆم.
لەبارەی بەخشینی هیواوە باسی کەسێکی پیسوچەپەڵمان بۆ دەکات کە زەویی ناندینەکەی لەبەر چەوروچڵک دیار نەماوە و هەروەها مێزەکەیشی لەبەر هیرباری چەور ون بووە. ڕۆژێکیان گوڵێکی سووری بە نیشانەی خۆشەویستی لەلایەن خانمێکی هاوڕێیەوە پێ دەدرێت و ئەویش لەپێناو ئەوەی گوڵی گۆرین جوان دەربکەوێت لە ماڵەکەیدا سەرتاپای ماڵەکەی بۆ خاوێن و باوێن دەکاتەوە. بۆیە دەکرێت کەسێک یان قسەیەکی بەرانبەر وامان لێ بکات ئەو ڕۆژە هاوشێوەی ئەو گوڵە سوورە بدرەوشێینەوە و بگەشێینەوە.
جا لەبارەی بۆچوونی گاندییەوە بەرانبەر توندوتیژی پێی وا بوو کە خەڵک پێویستیی بەوە هەیە جیهان لەڕێی خۆشەویستییەوە بجوڵێنن نەوەک ترس. خۆیشی خۆشەویستی و دلۆڤانی و گەشبینیی نیشان داوە.
هەروەها خوازیار بوو خەڵک لە وردەکاریی ناتوندوتیژیی بگا و بە گوێرەی پێنج ستوونی ناتوندتیژی ژیا و ویستی نەوەکەیشی بە دوایدا بڕوات:
ڕێزگرتن
لێتێگەیشتن
پەسەندکردن
پێزانین
هاوسۆزی
بەم شێوەیە باسی پێزانین و هاوسۆزی دەکات کە پێزانین سەدایەکی زۆر قووڵی هەیە و دەکرێ نماییشی ژیانی هەریەکەمان جیاواز بکا. شادمانترین کەس ئەوانە نین کە داران و پارەیەکی زۆریان هەیە، بەڵکوو ئەوانەن بە جوانی و چاکەی دەوروبەری خۆیان دەزانن.
وانەی دەیەم ناونیشانەکەی: تۆ تاقیی دەکرێیتەوە
لە ۲ی حوزەیرانی ۱۹٤۷دا دانوستانەکانی نێوان محەممەد عەلی جناح و باپوجی کۆتایی هات و ڕێککەوتننامەکەیش ئامادە بوو بۆ واژۆکردن: هیندستان لە دەست بەریتانیا ئازاد بوو، بەڵام ئەوە بوو دابەش بووە سەر دوو وڵات. لە سەروبەندی دابەشبوونەکەدا بە توندی ڕادیکاڵە هیندۆس و مسوڵمانەکان بەیەکدا دران.
باپوجی لە سەرەتای مانگی ئابەوە بە نیاز بوو بەرەو ئەو بەشانەی وڵات بە ڕێ بکەوێت، بەڵکوو تێبکۆشێ کۆتاییی بە توندوتیژی و خوێنڕشتن بهێنێ.
لە ئەنجامی کۆمەڵێک ڕووداودا و لە کۆتایییدا باپوجی قاییل بوو بەوەی تا ڕۆژی جاڕدانی سەربەخۆیی بمێنێتەوە. ئەویش بە یەک مەرج بە پێشنیارەکە ساچا: خۆی و حسێن شەهید سوهرەوەردی سەرۆکی ئەنجوومەنی مسوڵمانان بن لەژێر یەک بنمیچدا.
بەهۆی ئەو شلۆقییە ناڕوونەی لە وڵاتەکەدا ڕووی دابوو، دایبابم پێیان وا بوو کاتی ئەوە هاتووە بەرەو باشووری ئەفریقا بگەڕێنەوە.
باوکی ئاروون باپیرەی لە نەخشەی گەڕانەوە بۆ باشووری ئەفریقا ئاگادار کردەوە. باپیرەش نزای خواحافیزیی بۆ نووسین و باپیرە نووسیبووشی کە ئاگادار بێت ئەو شتەی فێری ئاروونی کردووە لەبیری نەکات و هیوایشی خواستبوو کە گەورە دەبم درێژە بەکاری ئاشتییانە بدەم.
ئەو دیدارە دوادیداری خێزانی نووسەری ئەم کتێبە بوو لەگەڵ باپوجیدا، کاتێک ئاروون لەگەڵ خوشکەکەیدا دەیانەوێت بە پێ بچن بۆ قوتابخانەکەیان و پیرەمێردێکی ناو کۆژینەکەی ئەفریقای باشووریان لێ پەیدا دەبێت کە پێیان دەڵێت پێویستە ئاروون بە خێرایی بچێتەوە بۆ ماڵەوە؛ چونکە دایکی کاری بەپەلەی پێیەتی، خوشکەکەی کە لە نیوەی ڕێ پێی دەڵێت ناتوانێت بڕوات و ئاروونیش لە سێ و دووی ئەوەدایە کە بیبات یان بە جێی بهێڵێت، کاتێک دەزانێت دایکی پەیکی بەپەلەی ناردووە بەدوایدا خوشکەکەی بەجێ دەهێڵێت و دەستبەجێ دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە. دایکی دەبینێت کە تەلەفۆن دەکات و دەشگری، تێ دەگا کە باپیرە خۆشەویستەکەی کوژراوە.
ناونیشانی وانەی یازدەیەم بریتییە لە وانە بۆ ئەمڕۆ:
جا لە لاپەڕەیەکی وانەکەدا وتەیەکی تێدایە پێم باش بوو خوێنەرانی ئەم بابەتەی لێ بێبەش نەکەم و نیشانیان بدەم:
ئاخر هەر کاتێک باوەشی خۆمان بۆ ئەوانی دیکە دەکەینەوە، ئاشتی و هیوا چرۆ دەکەن.
هیوادارم خوێنەرانی خۆشەویست خۆتان درێژەی ڕووداوەکان و وانەی یازدەیەمی نێو ئەم کتێبە پڕ لە وانە و فێرکارییە بخوێننەوە تا ئێوەش سوود و چێژ لەو کوردییە پاراوەی مامۆستای وەرگێڕ و زمانزان وەربگرن و هەروەها سوودیش لەو وانانەی نێو کتێبە بەنرخەکە وەربگرن.
کتێبەکە هەڵەی ڕێنووسی کەم تا زۆر تێدا بوو و بەندەیش خۆم لێ دەبواردن و بەهۆی ئەوەی ناوەڕۆکی کتێبەکەم بەلاوە کەمەندکێش بوو، سەرباری سەرقاڵیم، لێ ئەمە کاری نەکردە سەر ئەوەی کە بۆ ماوەیەکی زۆر لە خوێندنەوەی داببڕێم و خۆشبەختانە تەواوم کرد.

