ڕەزا یار ئەحمەدی ” کارزان ”
نووسەر، مەھاباد
…………………………..
کورتە چیرۆک
لەسەر بنەمای فیلمی “لێرە شوێنێک بۆ پیاوە پیرەکان نەماوە.”*
بای سارد لە دۆڵی زنجیرە کێوی سپی، هەڵی پێچابوو و بە ناو پەنجەرە شکاوەکانی ماڵانی شاری سەر سنوور، گڤەی دەکرد و بۆنی گڵی تەڕ و چیمەنتۆی بە کوچە و کۆڵانەکانی شاردا بڵاودەکردەوە.
دیوارە لا ڕوخاوەکان، لە ژێر زەختی با، نوزەیەک وەک گریانی کزیان لێ هەڵدەستا.
گڵۆپی شەقامەکان یەک بە یەک دەکوژانەوە. لەوە دەچوو شەویش لە بینینی ئەم هەموو نادادپەروەرییە، بێزار بووبێت.
مامۆ دارا لەسەر کورسییەکی چیمەنتۆ لە تەنیشت بازگە کۆنەکەی ناوچەکەیان دانیشتبوو. پاڵتۆ خۆڵەمێشییەکەی بۆنی باران و ڕابردووی کۆنی لێدەهات. کاتێک گەنج بوو؛ پێی وابوو یاسا دەبێتە هۆی دادپەروەری. بیری لەوە دەکردەوە گەر مرۆڤ بە یاسا بێت؛ چەرخی جیهان لە سەر هێمنایەتی خۆی دەسووڕێ. بەڵام تێگەییشت؛ جیهان هەرگیز لە سەر بازنەی دروستی خۆی نەچەرخا.
مامۆ دارا زۆر جار چاوی لە وەڤەر دەبڕی. سەیری ئەو ڕێگایەی دەکرد کە بەرەو سنوورێکی گریمانەیی کێشرابوو. ئەو هێڵەی لەسەر کاغەز کێشابوویان؛ بەڵام لە کێوەکاندا هیچ بوونێکیان نەبوو و لە هەست و خواستی خەڵک بە دوور بوون.
کاوان، لاوێکی بیست ساڵان، بە چاوگەلێکی پڕ لە ئاگر، خاوەن مۆبایلێکی پڕ لە هەواڵی ناخۆش بوو.
هەموو ڕۆژێک، گرتن، مردن، کۆچکردن، چەوسانەوەی ئابووری، لەبیرکردن و خاپوورکردنی زمان و کەلتوور، سڕینەوەی ناسنامە، هەموو ئەمانە لە یەک ئێسکرووڵدا.
کاوان بڕوای بە ئامۆژگارییەکانی مامۆ دارا نەمابوو.
دەیگوت: “مامۆ، جیهانی ئێوە کۆتایی پێهاتووە.”
ڕۆژێک، تەنانەت تەلەفۆنەکەی لەبەردەم چاوی دارا گرت و وتی: “بڕوانە؛ سەیری ئێرە بکە. ناتوانیت بە تفەنگ ئەمانە بسڕیتەوە. یان دەبێت خۆیان تێبگەن یان دەبێت ئێمە تێیانبگەیێنین.”
لای ئێوارەیەک، بە ڕێکەوت، کاوان، پاکەتێکی بچووکی لە کونێکی داتاشراوی ناو ئەشکەوتێکی قەراغ شار، دۆزیەوە. پاکەتەکە لە دڵقێک پێچرابوو. ناو دڵقەکە یوئێسپییەکی تێدابوو. یوئێسپییەکەی خستە کونی شارژی مۆبایلەکەیەوە. یوئێسپییەکە پڕبوو لە ڤیدیۆی شایەتحاڵ و بەڵگەنامە و دەنگ و هاواری بڕدراو و ئەو ناوانەی هەرگیز لە هەواڵەکان باسیان لێ نەکرابوو. ڕاستییەک کە باجی هەبوو و خاوەن نرخ بوو.
کاوان تێگەیشت کە شەو دەبێت ئەم فایلانە لە سنوور دەرباز بکرێن. ڕەنگە گەر بمێننەوە، لە ناو دەچوون. بە نەهێنی مامۆ دارای ئاگادار کردەوە. پاشان بڕیاریدا پێش ڕۆژبوونەوە، سنوور تێپەڕێنێ.
لەو ناوەدا کابرایەک هەبوو کە بەردەوام پوولێکی لە ناو لپی دەستدابوو. خۆی دەیگوت ناوی لە هیچ فایلێکدا تۆمار نەکراوە. هەمووکات سەر وچاوی داپۆشرابوو. بەڵام بە شێوەیەکی سەیر کەم دوێ بوو. دەبوو هەنگاوێک بەرەو پێشەوە بنێی تا دەنگی ببیستی.
خووی گرتبوو؛ پێش ئەوەی پوولێک هەڵاوێ؛ نینۆکی بە لێوارەکەی ڕاخشێنێ.
ئەو کابرایە نوێنەرایەتی سیستەمێکی دەکرد کە ناو و نازناوێکی ئەوتۆی پێوە دیار نەبوو.
بۆی گرینگ نەبوو لەسەر پەڕەی داخوازی کوشتن ناوی کێ نووسراوە. کاتێک کەسێک بەرامبەری ڕادەوەستا؛ تەنیا یەک پرسیاری لێدەکرد: “دەتەوێ بەردەوام بیت یان نا؟”
هەموو جارێکێش بە هێمنی دەیگوت: “بێگومان ئەم پوولە ساڵانێک لەمەوبەر هەڵاوێژراوە. ئێمە تەنیا ئەنجامەکەی جێبەجێ دەکەین.”
و پاشان، پوولەکەی هەڵاوێشت. بەردەوام بوون لە ژیان یان مردن بە یەک فیشەک.
هاوڕێی تاریکی و سێبەر بوو. زۆربەی ڕێگاکانی لە هەموو نەخشەیەک باشتر دەناسی؛ بۆیە ئەرکی ئاشکراکردنی یوئێسپییەکەیان پێسپارد.
مامۆ دارا پێش ئەوەی بگاتە بازگە، گڵۆپی پۆستی پاسەوانی کوژایەوە؛ بە بێدەنگی، بەبێ هۆکار.
هەستی بەوەکرد گیانی کاوان لە مەترسیدایە.
کەس لە چۆنیەتی ئەو هەستە؛ تێنەگەیشت و قەتیش نەیانپرسی؛ چۆن؟ تەنیا زانیان؛ مامۆ دارا بە پەلە چووە لای کاوان و وتی: “ڕۆڵە کوڕم ئەم ڕێگایە کۆتایی و ئەنجامی نییە. وریای خۆت بە!”
کاوان بزەیەکی لێدا و وتی: “گەر ڕێ نەکەوین؛ هەموو شتێک خاپوور دەکرێ. لە ناو دەچێ و دەخرێتە ژێر گڵەوە.”
مامۆ دارا بێدەنگ بوو. دەستی کەمێک لەرزی؛ هەمان ئەو لەرزینە کۆنەی کە ساڵانێک لەمەوبەر بەسەری هاتبوو. دوای یەکەم تەرمێ کە بینیبووی و هەرگیز بە تەواوی لە مێشکی دەرنەچووبوو.
لاویەتی خۆی بیر هاتەوە. هاوڕێکانی بیر هاتەوە. ئەو هاوڕێیانەی جەستەیان ژێر خاک نرابوو. بیری ئەو دروشمانە دەکەوتەوە کە ئێستا ڕەنگیان لەسەر دیوارەکانی شار، کاڵ ببوونەوە. بۆیە چەکەکەی هەڵگرت. ئەو چەکەی ساڵانێک بوو؛ وەلاخرابوو. هەڵبەت نەک بۆ شەڕ، تەنیا بۆ ئەوەی لەدوای خۆی نەمێنێتەوە.
لە شەوێکی تەماویدا، لە تەنیشت بازگەیەکی چۆڵکراو، هەموو شتێک کۆتایی هات. نەک قارەمانانە و نەک لە چوارچێوەی چاوی کامێراکان، یان بە گەلۆ و ئاواز
تەمەکە ئەوەندە قورس بوو؛ گڵۆپی نیوە گیانی بازگەکە وەک چاوی نەخۆش لە فڕیندابوو.
چەند هەنگاو لەسەر پیادەڕێی تەڕ
وچانێک…
گڵۆپی بازگەکان لەناو مژدا دەسووتان. لە پشت دیوارێک، کاوان هەناسەیەکی هەڵمژی.
-“ئایا بڕیارە بەردەوام بیت؟…” کابرا وتی.
دەنگی کڕاندنی نینۆکێک لەسەر لێواری پوولێک بیسترا. کاوان هەنگاوی بەرەو پێشەوە هەڵێنا.
گەلەنگەدەن
پوولێک
سووڕێک
بێدەنگی
کاتێک ڕۆژ هەڵات. خەڵکی ناو شار، تەنیا مۆبایلێکی شکاو، پێڵاوێکی خوێناوی، یوئێسپییەکی وردکراو و شوێنەواری خوێنیان کە تا هێڵی زەردی سنوور بەردەوام بوو؛ بینی.
بەڵام هیچ هەواڵێک لە کاوان و ئەو کابرا پوول لە ناو لپی دەستە نەمابوو.
مامۆ دارا خانەنشین کرا. هەموو چێشتەنگاوێک لە تەنیشت پەنجەرە دادەنیشت و چرا کۆنەکەی ماڵەکەیانی دائەگیرساند و سەیری کێوەکانی ئەو بەر شاری دەکرد.
ڕۆژێک نەوەکەی لێی پرسی: “باپیرە، مانای هیوا چییە؟”
دارا وتی: “هیوا واتە وازنەهێنان. تەنانەت کاتێک دەزانی جیهان دادپەروەر نییە.”
مامۆ دارا دەیگوت: “زۆر جار شەوانە لە خەونمدا باوکم دەبینم لەناو بەفردا هەنگاو هەڵدێنێ. باوکم مەشخەڵێکی بەدەستەوەیە و لە پێش هەنگاوەکانی ڕایدەگرێ. هەڵبەت نەک بۆ….ئەوەی دەرباز بێت؛ ڕەنگە شوێنپێی بمێنێتەوە؛ ڕەنگە نەشمێنێ. بەڵام ئەوەی دەربازبوو؛ دەربازبوو”
ڕەشەممەی ١٤٠٤ی هەتاوی
*فیلمی لێرە شوێنێک بۆ پیاوەپیرەکان نەماوە. فیلمێکە لە ژانری تاوانکاری ئەمریکیی.
ساڵی ٢٠٠٧ لە نووسین و دەرهێنانی جۆیل و ئیتان کۆین و لەسەر بنەمای ڕۆمانێ بە هەمان ناو لەلایەن نووسەری ئەمریکی کۆرماک مەکارتیەوە دروستکراوە. فیلمەکە پاڵێوراو بوو بۆ وەرگرتنی هەشت خەڵات لە خەڵاتی ئۆسکاری ساڵی ٢٠٠٧ و لە ئەنجامدا چوار خەڵاتی ئۆسکاری بەدەستهێنا. لەوانە باشترین فیلم، باشترین دەرهێنەر، باشترین سیناریۆی وەرگێڕدراو و باشترین ئەکتەری پاڵپشت.
مامۆ دارا: کەڵانتەر بێڵ
پیاوە پوول لە ناو دەستەکە: ئەنتۆن شیگۆر
کاوان: لوئلین

