فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

بۆ پێشوازی منداڵانی پۆلی یەکەمی بنەڕەتی

 

عەلی حەمەڕەشید
نووسەر، سلێمانی
……………………..
 

لە ڕاستیدا منداڵان  کە تازە دەچنە قوتابخانە و لە پۆلی یەکەمی بنەڕەتی وەردەگیرێن ، زۆر دەمێکە لە چاوەڕوانیدان تا قوتابخانە بکرێتەوە و ئەوانیش وەکو خوشک و براکانیان بچن بۆ قوتابخانە . بەڵام ھاتنی ئەوان بۆ یەکەمجار بۆ خوێندن و بۆ قوتابخانە کارێکی ئاسان نییە لای ئەوان و لای دایک و باوکیشیان و لای مامۆستاکانیش ، بۆیە پێویستە بە شێوەیەکی وا پێشوازی بکرێن کە ئەو خۆشی و ئارەزووەی کە ھەیانە بۆ خوێندن و قوتابخانە پەرەی پێبدرێ و بگەشێتەوە ، نەک وای لێ بکرێت کە قوتابخانە و خوێندن و مامۆستای لەبەر چاو بکەوێت ، چونکە منداڵ لەو تەمەنەدا و لەو گۆڕانەی کە بەسەر ژیانیدا دێت لە ماڵەوە بۆ قوتابخانە ، پێویستی بەوە ھەیە کە بە ھێمنی و خۆشەویستی و سۆزەوە پێشوازی لێبکرێت  لە قوتابخانەدا و کەشێکی وای بۆ بڕەخسێنرێت کە خۆی ڕۆژانە بە ئارەزووی خۆی بێت بۆ قوتابخانە ، نەک دایک و باوکی بە زۆر بیھێنن ، چونکە منداڵی وا ھەیە تا دوو ھەفتە زیاتریش ھەر دایکی یان باوکی لەگەڵ نەبێت نایەت . زۆر قوتابخانە ھەر ئەو ڕۆژەی کە قوتابخانە دەکرێتەوە پۆلی یەکەکانیش بانگ دەکەن کە تا ماوەیەکی زۆر لە گۆڕەپانی قوتابخانە لەبەر گەرما دەمێنێتەوە دوور لە باوک و دایکی و زۆر جاریش قوتابیانی پۆلەکانی تر بێزاریان دەکەن و لە ھەمان کاتیشدا مامۆستایان وەکو پێویست بە دەمیانەوە ناچن ، کە ئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوەی کە ئەو منداڵانە زۆر جار قوتابخانەیان لەبەر چاو بکەوێت . من لێرەدا چەند خاڵێک دەست نیشان دەکەم کە وا باشە لە گشت قوتابخانەیەکدا کە قوتابی تازەی پۆلی یەکەمی بنەڕەتی وەردەگرن ئەنجامی بدەن . ھەرچەندە لە چەند قوتابخانەیەکدا ئەنجام دەدرێت :

١.       باشتر وایە منداڵانی پۆلی یەکەمی بنەڕەتی دوای چەند ڕۆژێک لە کردنەوەی قوتابخانە بێن ، نەک ئەو ڕۆژەی کە تازە قوتابخانە دەکرێتەوە ،  کە قەرەباڵغییەکی زۆر و دەنگە دەنگێکی زۆر ھەیە و لە ھەمان کاتیشدا مامۆستایان نایان پەرژێتە سەر ئەوان وەکو پێویست .

٢.       سازدانی ئاھەنگێکی بچوک بۆ ئەو ڕۆژەی کە منداڵانی پۆلی یەکەم دێن ، ھەروەھا باشتر وایە کە دایک و باوکی لەگەڵدا بێت ، خۆ ئەگەر قوتابخانەکە ھۆڵی گەورە و جێگای ھەبێت ، ھەردووکیانی لەگەڵدا بێت باشترە .

٣.       پێشوازی کردنیان لە لایەن منداڵانی پۆلی دووەمەوە کە ساڵی پێشوو لە پۆلی یەکەم بوون . ئەویش دەتوانرێت دە منداڵ لە کوڕ و کچ کە وریا و گونجاو بن بۆ ئەو کارە ..چەند جوانە کەیەکی گوڵێکیشیان پێ بێت یان شتێکی سادەی منداڵانە کە ھەر منداڵ ھات بیدەنێ .ئەوسا لە ھۆڵێکدا لەگەڵ دایک و باوکیان دانیشن ، ئەگەر ھۆڵیش نەبوو لە پۆلەکەی خۆیاندا ، ئەو پۆلەی کە لە ڕۆژانی داھاتوودا وانەی تێدا دەخوێنن . ئەوسا چەند وتارێکی پەروەردەیی کورت پێشکەش بکرێت کە تایبەت بێت بە کەس و کاری قوتابیان .. لەلایەن بەڕێوەبەر و مامۆستایانی ئەلفبێ و مامۆستایانی ترەوە ، لەگەڵ ئامادەکردنی چەند هۆنراوە و گۆرانییەک لەلایەن قوتابیانی پۆلەکانی ترەوە کە پەیوەندی بە قوتابخانە و خوێندن و دایە و بابە و پاکوخاوێنییەوە ھەبێت ، وا باشە زۆری چالاکییەکان بە قوتابیانی پۆلی یەکەمی ساڵی پێشوو ئەنجام بدرێت . لەگەڵ شانۆگەرییەکی سادە و کەم ، لەگەڵ ئەوەشدا ناو بەناو داوا لەو مناڵانە بکرێت کە تازە ھاتوون کە گۆرانی بڵێن ، چونکە لە ئێستادا زۆربەی منداڵان چوونە باخچەی منداڵان . خۆ ئەگەر شیرینی ( چکلێت ) دابەش بکرێت جوانتر دەبێت ..دوای ئەوەی کە ڕێنمایی پێویست پێشکەش کرا داوا لە کەس و کاری قوتابیان بکرێت کە ڕۆژی دواتر بە جلوبەرگی قوتابخانەوە بیان نێرن بۆ قوتابخانە . چونکە یەکەم ڕۆژ بۆ ئاھەنگ ھاتوون . ئەوسا یەکە یەکە ناوی منداڵەکان بخوێندرێتەوە و لقەکەی دیاری بکرێت  و ناوی مامۆستای ئەلفبێ کەشی بوترێت و بەرانبەریان بوەستێت تا بیناسن و بۆ ڕۆژی دواتر ئاسان بێت ڕیزکردن و کردنە پۆلیان ،  دواتر لەگەڵ باوکی یان دایکی بڕواتە دەرەوە ، ئەوسا لەلایەن بەڕێوەبەر یان  مامۆستایانی ئەلفبێ و بیرکارییەوە دیاری بچوکیان پێشکەش بکرێت ، ئەگەر شتێکی ھەرزان بەھاش بێت زۆر کارێکی پەسەند و باش دەردەچێت ، کەئەمەش وا لەو منداڵانە دەکات کە بەڕوویەکی خۆشەوە ئەو ڕۆژە قوتابخانە بەجێبھێڵن و بۆ ڕۆژی دواتر بە دڵنیاییەوە بە خۆشییەوە دێنەوە ، کە لە ھەمان کاتیشدا دەبێتە ڕۆژێکی خۆش ، کە یادگارییەک لای کەس و کارەکانیشیان دروست دەکات و لای ئەوانیش دەبێتە دەستپێکی ھەنگاونان بەرەو ژیانێکی نوێ ، بەرەو قوتابخانەو خوێندن . چەند خۆشیش دەبێت ئەگەر ھەموو باوک و دایکێک ھەر ئەو ڕۆژە ئەوانیش بە دیارییەکی سادە و بچوک لە ماڵەوە بەردەوامییان بدایە بەو خۆشییە . بۆ ڕۆژانی دواتریش کە ھاتنەوە بۆ قوتابخانە ، مامۆستایانی ئەلفبێ دەتوانن ھەندێک زانیارییان دەربارەی قوتابخانە پێ  بڵێن و ئەو شوێنانەی کە پێویستن بیانبەن تا بیانبینن ..من لێرەدا چەند هۆنراوەیەکی گونجاو و سادە دیاری دەکەم کە لەو ڕۆژەدا بوترێت ، ئیتر  بەگۆرانی  بێت یان  بە خوێندنەوە ، من دڵنیام دەبێتە جێگای سەرنجی دایکان و باوکان و لە ھەمان کاتیشدا دەبێتە مایەی دڵخۆشی منداڵەکان …بۆ قوتابخانەکەش دەبێتە کارێکی قەشەنگ …………..

ئەمەش هۆنراوەکانن :

پۆلی  یەک

ســەیری چـەندە دڵخۆشم

خــــەندەم لەسـەر  لێوانە

چــونکە  بووم بە قــــوتابی

دەچــم بۆ قوتابخـــــــانە

*    *   *

لەوێ  دەچمــە  پۆلی  یەک

چــــالاک و وریــاو  زیرەک

وەک  پەپـــولەو گوڵی جوان

ســـرود  دەڵێم  بۆ  ژیـــان

ڕۆژی پێشوازی

من کە ئێســــــتا لــەم پۆلــەم

ئێسـک ســــــــوک و بچکۆلەم

ئەمساڵ ھــــــاتووم بۆ خوێندن

خــوێندن پێویســـــــتە بـۆ من

یەکەم ڕۆژ زۆر خـــــۆشبوو لام

ھـــەر کــــە پێشــــوازی کرام

دیارییەکیــــان پێ بەخشـــــیم

بووە مایەی دڵخــــۆشـــــــیم

یەکـــــــــــــەم رۆژم ئاوا بوو

دڵســـــــۆزم مامۆســــــتا بوو

بۆیە ســەرکــــــــەوتوو دیارم

زۆر ئاســــــــــودە و بەختیارم

دارا

دارا لــە پۆلی یەکـــــەم

نداڵێکی   زیرەکـــــــە

پاکو خاوێن و جــــوانـە

کە دێت بۆ قوتابخـانــە

زۆر بآ دەنگ و وریــــایە

ئەو کاتەی لە پۆلـــدایە

قسە لەگەڵ کەس ناکات

قسە بکـــــات تێـناگات

ئێوەش ھــەر وەکــو دارا

جوان دانیشن لــــە پۆلا

گـوێ بگرن لە مامۆســتا

ھەتاکـــــو زەنگ لێ دەدا

پۆلی یەک

کە مـــــامۆســــــتای ئـــەلف بێ

بــۆ پۆلەکــــــەی ئێمـــــــــە دێ

بە جــــــوانی دائـــــــــەنیشــین

بەملا و بـــــەو لادا ناچـــــــــین

ئەویش لەســــەرخـــۆ و ھـــێواش

ئـــــەڵێت گــــوڵەکــــان رۆژباش

بــــەڕوی خـــۆش و پێکـــــــەنین

پێمـــــــــان دەڵێت ئافــــــەرین

لە پۆلی یەکدام

ئەمســــــــاڵ لە پۆلی یەکدام

وەک گوڵێکی بۆنخــــــۆش وام

دڵ پڕ لـــــــە خۆزگـــە و ھیوام

ئەم قوتابخانە جــــــــــــــوانە

خۆشـــــــــــترین جێگــایە لام

***

ئەو مامۆســــــتانەی لــــــەوێن

ھەمـــــــوویانم خــــۆش دەوێن

گۆرانی خــــۆش خـــۆش دەڵێم

بۆ منداڵانی ھــــــــــــــــاوڕێم

پۆلی  یەکەم

مامۆســتا  گیان             ئەوا  ئەمســـاڵ

منــــــی  منداڵ

ھـــــاتوومەتە               پۆلی یـــەکــەم

وەک گوڵی  ئـاڵ

بــە ھــێمــــنی           تــۆ بمــــدوێنە

کــــــــاتی وانە

تـــــا خۆشتربێ          لام خــــــوێندن و

قــــــــوتابخانە

چەندە  خۆشــــــە         لە نــــــــاو پۆلا

وتەی  شـــــــیرین

خــــــۆشەویستی        خـــــــۆت بنوێنی

بە پێــــــــکەنین

***

 

تێبینی:

–       دەتوانرێت هەندێک ئەم ھۆنراوانە  بە کۆرس بوترێت و منداڵانی پۆلەکانی تر بۆیان بڵێن ،یاخود مامۆستا بەشێوازێکی خۆش بۆیان بخوێنێتەوە.

–       هۆنراوەکان نووسینی خۆمن.