فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ئه‌وه‌ی له‌ دواخوانی برایاندا نه‌گوترابوو

نه‌ژاد عزیز سورمێ

نووسەر و شاعير، هەولێر

 …………………………

 

 

( سیدۆری

پیاڵه‌ی باده‌م به‌نیوه‌ نه‌كردبوو

له‌ نه‌شئه‌ی سپێده‌یان كردم

نه‌یانهێشت گڕوگاڵی هه‌تاو

به‌سه‌ر ڕوومه‌تی چیایانه‌وه‌ ببینم ..)

                    له‌ قه‌سیده‌یه‌كی بڵاوكراوه‌ی

                           پێشترمه‌وه‌.

 

 

 

 

 (1)

/ به‌/ دڵی/ به‌دمه‌ستم/ گوت:/

/ كه‌/ له‌/ ئاهه‌نگی/مه‌عشووقدا/ ده‌فڕی/

/ ڕوناهی/

/ هه‌مووی/ له‌/ تۆدا / هه‌ڵده‌بێ/

/ لێ/ گه‌ڕێ/ جێیه‌كمان/ له‌/ كونجێكی/

/ خه‌راباتا/ به‌ركه‌وێ./

/ لێمان/ گه‌ڕێ/ ئێمه‌/ سێبه‌ری/ چڵی/

/ داره‌به‌نێكمان/ به‌سه‌./

 

ئه‌و شه‌وه‌ی

كه‌زی تۆم

به‌ ئه‌ستێره‌ ڕژاوه‌كان چواند ،

تێنه‌گه‌یشتم سروه‌ی ماته‌م

له‌ چ لایه‌كه‌وه‌ هه‌ڵی كرد؟

تێنه‌گه‌یشتم نه‌خشه‌ی ته‌مه‌ن

چ شێوه‌یه‌كی وه‌رگرت..؟

بێ باده‌ییه‌ وشكه‌سه‌ما

شكه‌نجه‌ ئارمووشی خاشاك.

 

 

(2)

/ نێرگز/ ساڵی/ جارێك/ به‌خۆی و/ به‌/ ته‌مه‌نی/

/ له‌بیركراوی/ بێ/ په‌روا / له‌/ گله‌یی/ عاشقان/

/ دێته‌وه‌/

/ تۆ/ نایه‌وه‌/ تۆ/ له‌/ ئه‌سرین و/ زام/ ناگه‌ی/

 

 

سه‌حه‌ر ئه‌نگووت

ئه‌وان له‌خۆیان زیاتر نه‌دی.

من له‌گه‌ڵ باراندا ده‌نووم هۆشكـۆڵ!

گریانم له‌ بانیژه‌ هه‌ڵخه‌ستووه‌ .

پێم له‌ پێخوستی به‌یانی ناوه‌ ..

تۆ هه‌ستت له‌جه‌نگه‌ڵستانی

 ئاره‌زوودا به‌ند كردووه‌.

شاڵاوی ئاڵووده‌ییه‌ ئه‌مه‌، په‌تایه‌

شه‌وقی نۆشین چۆن ده‌بینن؟

 

(3)

/ جادووگه‌رێكی/ سرووشتبه‌ده‌ر/ دزه‌/ ده‌كا و/

/ به‌خۆی و/ به‌/ ئاسۆیه‌كی/ بێ/ سنووره‌وه‌/

/ دێته‌/ ژووره‌كه‌م/

/ ئه‌و/ جادووگه‌ره‌/ پرۆمیسیۆسی/ جوانیدزه‌/

/ نه‌ك/ ئاگر/ جوانی/ حه‌وت/ حۆریانی/ دزیوه‌/

/ هاتووه‌/ شایه‌دیم/ پێ/ بدا/ سه‌ودایه‌كی/

/ له‌گه‌ڵ/ خۆردا/ پێ/ بكا../

 

ببووره‌، خه‌ون ڕایكێشام،

له‌ مه‌زرای خه‌م بووم

كۆته‌ڵم ده‌چاندن..

ببووره‌، وڵاتی ڕووه‌كنشین ،

ڕووباری تریفه‌ی پێدا ده‌هاتن..

ببووره‌،

له‌وێدا، له‌ خه‌ونی ماندووان ،

ڕێیه‌ك نییه‌

بگاته‌ جێ..!

(هاتی)یه‌ك نابینی

(قاتی) به‌رامبه‌ر نه‌بووبێ..

ببووره‌!

سه‌رمه‌دییه‌..ئه‌مه‌ .. ببووره‌!

 

 

(4)

/ باڵمان/ گرت/ با/ حسابێكی/ بۆ/ نه‌كردین/

/ مێژوو/ و/ جوغرافیای/ شاره‌/ بریقه‌داره‌كانمان/

/ هێنا/ له‌/ مه‌یدانی/ چۆلی/ ویژدانمان/ دانا../

/ ئه‌وه‌ی/ نه‌ده‌دیترا / ئێمه‌/ بینیمان/

/ په‌یامبه‌رانی/ نیگه‌رانیی/ نیشتمانی/ ڤایرۆس/

/ جیهانی/ پێكه‌نیناوی../ ئه‌وه‌ی نه‌دیترابوو/

/ ئێمه‌/ بینیمان../

 

نگینی ئه‌نگووستیله‌كه‌م

زه‌رده‌خه‌نه‌ی گوڵئه‌ستێره‌،

ته‌نیایی شه‌وانم به‌بیر دێنێته‌وه‌.

نگینی ئه‌نگووستیله‌كه‌م

بێتاویم له‌بیر ده‌باته‌وه‌ .

نگینی ئه‌نگووستیله‌كه‌م دۆستمه‌

له‌ زۆر ئاشناو براده‌ر دڵسۆزتر ..

 

(5)

/ سه‌ری/ له‌/ بن/ هه‌نگـڵی/ خۆی/ ناوه‌/

/ كه‌یل/ بووه‌/ تا/ ڕاده‌ی/ هوشیاری../

/ ئه‌م/ بوونه‌وه‌ره‌/ بن دیوار و/ شه‌قام و/ شۆسته ‌و/

/ زبڵخانه‌/ نه‌ما/ سه‌ری/ پێ/ نه‌كا../

/ هه‌موو/ زه‌مه‌نه‌كانی/ لێ/ كۆبوونه‌ته‌وه‌../

/ ئه‌م/ بوونه‌وه‌ره‌/ هه‌زاران/ ساڵه‌/ به‌ڕێوه‌یه‌/ تا/

/ ئێستا/ كه‌س/ لێی/ نه‌پرسیوه‌ته‌وه‌./

 

دیوار تا نه‌ڕووخێ

نووری پێدا نایێ..

دیوار ماڵه‌..

ئه‌ی بانگی هاژه‌ی دوور!

په‌نجه‌ره‌ی ڕۆح!

ئه‌ی ساوی مینای ته‌ملێدراو!

بێ دان و ئاومان مه‌كه‌

به‌هێزی خه‌ڵوه‌ت

به‌ شه‌وقی لێزمه‌ ،

دیواره‌كان بڕووخێنه‌

نوورمان ده‌وێ ئێمه‌، نوور

نوورمان ده‌وێ ، ئێمه‌ ،

نوورمان ده‌وێ

نوور…

 

 

(6)

/ چاوه‌ڕوانیی/

/ له‌/ كه‌وێكی/ ڕاوه‌دوونراو/ ده‌چێ/

/ ده‌رگاكان/ كراوه‌ن/

/ به‌ڵام/ كاتپه‌رستان/

/ كه‌/ هه‌میشه‌/ سێبه‌ری/ یه‌كترن/

/ ڕێگاكانیان/ گرتووه‌./

 

 

ڕۆژگار دێن

له‌ تاریكی شه‌ودا

نقوم ده‌بن.

شه‌وگار ده‌ڕۆن،

له‌ باوه‌شی ڕۆژگاردا ده‌توێنه‌وه‌.

ئه‌ی ئاشنا! غه‌ریب!

وه‌ك باڵای گوڵه‌گه‌نم،

هه‌ڵپه‌ی برسیه‌تی ..

وه‌ك خوڕه‌ی تاڤگه‌،

سمكۆڵی ئه‌شكه‌وتی تینوویه‌تی.

 

 

(7)

/ ئه‌گه‌ر/ ویستت/ بگه‌یته‌/ ترۆپك/

/ پێویسته‌/ بزانی/

/ كراوات/ چۆن/ گرێ/ ده‌درێ/

/ خه‌مه‌/ ڕاستینه‌كان/

/ له‌/ بڵندیيان/ كۆده‌بنه‌وه‌../

/ به‌هاران/ مرۆڤ/ دڕك و/ گوڵ/

/ لێك/ جودا/ ناكاته‌وه‌./

 

له‌ باخچه‌یه‌كی په‌نهانی

گوندێكی دووردا

گوڵ گوڵم چنی،

بوو به‌ چه‌پك

خه‌ون بوو

پێڕانه‌گه‌یشتم ،

له‌ جه‌سته‌ی تۆی وه‌ربێنم.

 

 

(8)

/ مۆسیقای/ پێنجشه‌موان/

/ چ/ ده‌گه‌یه‌نێ؟/

/ به‌ردی/ كه‌پكان/

/ به‌/ چی/ سیمایان/ ده‌گۆڕن؟/

/ هاوار/

/ به‌/ قوڵپی/ گریانه‌وه‌/ جوانه‌/ یا/ به‌/ كپی؟/

 

 

له‌ دنیای فانی ئێمه‌دا ،

چه‌ند هاتن ، چه‌ند چوون

تامی عه‌شقیان نه‌كرد..

چه‌ند فرمێسك

له‌ڕێی مه‌یخانه‌دا ڕژان ..

چه‌ند به‌ژنی تاریك ،

به‌ باڵای نووردا بڕان..

تۆ وه‌ره‌ گه‌وره‌م!

بڕوانه‌ شاری عاشقان

به‌ بێی تۆ

چه‌ند چۆل و وێرانه‌.

 

 

 

 

(9)

/ جۆللانه‌/ فێری/

/ زمانی/ لێكدابڕاوی/ كردین ../

/ پاسه‌وانی/ ئاگر/ نووستووه‌../

/ كاغه‌ز/ ده‌بارێ/

/ ئاسمان/ سپی / ده‌چێته‌وه‌./

 

مه‌ترسه‌!

ئه‌وه‌ خاڵی لاوازی منه‌

كه‌ نه‌توانم بێ ئاوده‌نگ بم..

ئه‌وه‌ خاڵی لاوازی منه‌

نه‌توانم هیوابڕاوان له‌ ئامێز نه‌گرم .

ئه‌وه‌ خاڵی لاوازی منه‌، بێ به‌ینه‌ت!

بێ ماسك و ڕووبه‌ندان بژیم .

مه‌ترسه‌!

خه‌ڵوه‌ت و ته‌ناهی ،

خاڵی لاوازی منن ..

 

(10)

/ سێنی/ به‌/ هه‌ر/ لایه‌كدا/ ده‌سووڕێنی/

/ هه‌مان/ ده‌نگ/ هه‌مان/ ڕه‌نگ/ هه‌مان/

/ زینده‌خه‌و/ هه‌مان/ سه‌رگه‌ردانی/

 

دوورگه‌ی گه‌مارۆدراو

تینووی هه‌واڵێكه‌.

ڕێبوارێك له‌و ناوه‌ نابینرێ ..

باڵنده‌یه‌ك له‌ ئاسماندا دیار نییه ..‌

ئه‌و ساتانه‌ تا هه‌تایێ نامێننه‌وه‌ ،

تا هه‌تایێ بێده‌نگی، ده‌نگ ناداته‌وه‌.

 

 

(11)

/ پاكیزه‌كان/

/ له‌به‌ر/ ئاستانه‌ی/

/ په‌رستگاكانی/ سۆمه‌ردا/

/ جێیان/ نابێته‌وه‌./

/ پاكیزه‌كان/ قوربانیی/ شارستانییه‌ت و/

/ سه‌نگدڵی/ كاهینه‌/ لایه‌نگیره‌كان/ بوون../

/ كه‌/ به‌/ به‌ر/ چاوی/ كه‌ون و/ كائینات/ به‌/

/ ناوی/ پیرۆزگرییه‌وه‌/ چرایان/ ده‌كوژاندنه‌وه‌./

 

له‌ شاری ڕه‌هایه‌تیدا ،

شاری پاسه‌وانی دانه‌وێڵه‌

ده‌خوازێ نوێژی كازیوه‌ دابه‌ستین و

هه‌موومان

له‌ سرووتێكی

خاڵی له‌ شوێن ، له‌كات ،

وه‌ك كه‌سێ كێشمانه‌ی خۆی بدا

باوه‌شمان بۆ پڕشنگ واڵا بێ ..

 

(12)

/ شتێكمان/ ون/ كردووه‌/ نازانین/ چییه‌/

/ شتێكمان/ دۆزیوه‌ته‌وه‌/ نازانین/ چییه‌!/

/ به‌فر/ كه‌/ له‌/ ئه‌زه‌له‌وه‌/ سپییه‌/

/ فریشته‌ی/ هه‌ڵلووشیون./

 

 

ته‌نگدڵی

سه‌ره‌تای شانۆییه‌كه‌ نه‌بوو.

ته‌نگدڵی، نه‌خشێك بوو ،

به‌ په‌نجه‌ی خوێناوی

به‌سه‌ر جۆگه‌و ڕووبار و ده‌ریاكان كێشرابوو.

دونیا سارده‌..

ئاسۆ له‌ گیانه‌ڵادایه‌..

سه‌ره‌تا ته‌نگدڵی نه‌بوو

شه‌و و ڕۆژ خۆیان

له‌كوێدا حه‌شار داوه‌؟

 

 

(13)

/ ئه‌م/ ڕێیه‌/ چار/ نییه‌/ ده‌بێ/ بگاته‌/ جێ./

/ وه‌ره‌/ مه‌ڕۆ/ وه‌ره‌/ دامه‌زرێین/ به‌/ سۆزێكی/

/ پیرۆزه‌وه‌/ نهێنییه‌كان/ بخۆینه‌وه‌/ وه‌ره‌/

/ بچینه‌وه‌/ باوه‌شی/ خۆمان./

 

سه‌رسامیم ون كردووه‌

له‌كوێی ده‌دۆزمه‌وه‌؟

سه‌رسامی ون بكرێ

له‌كوێ ده‌دۆزرێته‌وه‌؟

ئاوێنه‌یه‌.

ئاوێنه‌یه‌ سه‌رسامی.

 

(14)

/ خه‌ونه‌كانمان/ چییان/ لێ/ هات؟/

/ پێم/ ده‌ڵێی/ با / بردنی ../

/ ئای/ له‌وه‌! / ئای/ له‌/ شاری/ په‌رده‌پۆش و/

/ به‌ژاوه‌ژاو!/

 

ئه‌و مروارییه‌ی

له‌ داڵانی ڕێكه‌وتدا،

شه‌وق ئه‌‌داته‌وه‌

ئه‌و مروارییه‌ نییه‌

له‌كانی ڕۆشناییدا

ورشه‌ ده‌دا.

 

(15)

/ ماسكه‌كانم/ پێ/ لانه‌درا/

/ ناتوانم/ بۆت/ بگێڕمه‌وه‌،/

/ هه‌ر/ ناشگێڕدرێته‌وه‌../

/ هه‌ڵدانی/ پێكیش/ ئه‌ته‌كێتی/ خۆی/ هه‌یه‌../

/ دڵم/ ده‌ڵێ/ ئه‌م/ به‌ره‌به‌یانه‌/ بنه‌وشه‌ییه‌/ مژده‌ی/

/ ژێردارگه‌ڕانیی/ ڕووبارێكی/ شێتی/ پێوه‌یه‌../

 

زۆرجار تاسان

به‌رگی ئاڵوواڵا ده‌پۆشێ.

زۆر جاران گیان

به‌ نه‌غمه‌ی نیگامه‌ستان سه‌رخۆش…

ئه‌و كوڕژنه‌ی پێش كاروان خۆڕایی نییه‌.

خۆڕایی نییه‌ ئه‌و كوڕژنه‌.

ئه‌و كوڕژنه‌ هه‌رگیز خۆڕایی نییه‌.

 

 

(16)

/ چاندنی/ دانه‌وێڵه‌مان/

/ بۆ/ نیشتمانێكی تر/ هه‌ڵگرتووه‌./

/ كێڵانی/ زه‌وییه‌كانمان/

/ بۆ/ ساڵێكی/ بێ/ پاییز و/

/ به‌هار و/ زستان و/ هاوین/ هه‌ڵگرتووه‌./

/ داخۆ/ ئه‌ڤینمان/ بۆ/ كه‌ی/ هه‌ڵگرتووه‌؟/

 

 

ئه‌و به‌ په‌یمانه‌یه‌ك

به‌ زه‌مه‌ندی خه‌یاڵ..

كێوی قافی هه‌یه‌.

تۆ به‌ ده‌ریای مه‌ی

به‌چیای چراخان، هیچ..

 

 

(17)

/ شه‌قامه‌كان/ چۆل/ نین/

/ وشكه‌ڕوانین/ چۆلی/كردوون/

/ وشكه‌ڕوانین/

/ ناهێڵێ/ مۆسیقا/ وێنه‌ی/ بكێشرێ/

/ كێ/ باوه‌ڕ/ ده‌كا/

/ مانگ/ سیمای/ كچی/ دارستانی/

/ له‌/ ده‌رفه‌تێكی/ گوماناویدا / دزی/ بێ؟/

 

شه‌و ڕه‌شدانه‌گه‌ڕاوه‌

ئێمه‌ین وه‌نه‌وزی لاله‌زار نابینین.

ئێمه‌ین دێین باخچه‌ی به‌هه‌شت

له‌به‌ر پێیاندا ده‌چێنین.

خودایه‌!

به‌ گه‌وره‌یی خۆت

فه‌رمان بده‌:

زایه‌ڵه‌ی خاكه‌ڕایی و

گڕگرتووی عاشقان

له‌ دنیای نیهانی ونبوومان

شه‌وق بداته‌وه‌..

 

(18)

/ جيهانبينيمان/ شووشه‌شه‌یه‌كی/ شكاوه‌/

/ به‌/ خورپه‌ی/ باڕێزه‌وه‌/ ده‌شنێ/

/ كه‌ژاوه‌ی/ ڕه‌نگداپچكوڕاوان/ له‌به‌ر/ تاوی/

/ بارانی/ كوێر/ بارانی/ كه‌ڕ/ بارانی/ لاڵ…/

 

ده‌رگا دامه‌خه‌!

با په‌نجه‌ره‌كان كراوه‌بن

گرفت نییه‌،

من له‌گه‌ڵ خۆمدا

له‌ خه‌ڵوه‌تدام.

 

(19)

/ نیوه‌ڕۆیه‌/ خه‌مباره‌كان/ تووڕ/ ده‌ده‌م/

/  منداڵیی/ دهێڵمه‌وه‌/ وه‌ك/ ئاو/

/ بۆنی/ شه‌و/ بۆنی/ گوڵه‌/ مل/ لاره‌كانی/

/ ئه‌م/ دیو/ و/ ئه‌و/ دیوم/ ده‌كه‌م./

/ ئه‌وه‌ی/ ده‌یزانم/ له‌/ نیگه‌رانیی و/ دڵته‌نگی/

/ چیایان و/ به‌رهه‌نگی/ ڕووبار و/ ڕه‌نگزه‌ردی/

/ دره‌ختان و/ ڕه‌شانگی/ به‌فر و/ پرسه‌ی/

/ كوێستان/ له‌گه‌ڵ/ خۆمدا/ ده‌به‌م../

 

باران به‌ باڵای شووشه‌ییه‌وه‌

له‌ ده‌رگام ده‌دا..

با له‌ سیله‌ی په‌رژینه‌وه‌

سه‌ره‌تاتكێم له‌گه‌ڵ ده‌كا

وه‌ره‌ تۆ خۆت له‌باتی من دابنێ

ئه‌وه‌ زوڵم نییه‌

باران

به‌ گۆنای گه‌ش و

چاوی ئه‌فسووناوییه‌وه‌

له‌ ته‌نیایی و غه‌ریبی منی ده‌كا؟

 

 

(20)

/ كه‌/ قووڵایی/ بزر/ ده‌كه‌ین/

/ ژیانمان/

/ لێ/ دوور/ ده‌كه‌وێته‌وه‌/

/ به‌ختیاریی/ به‌/ جۆگه‌ی/ بریناندا/ دێ/ …/

/ به‌ختیاریی/ به‌/ شه‌قامی/ خه‌مدا/ دێ../

/ به‌/ گێژه‌نی/ شه‌پۆلان/ به‌و/ هه‌سته‌ی/

/ دوای/ سه‌مایه‌كی/ شێتانه‌/ له‌/ كێشانی/

/ جگه‌ره‌یه‌ك/ دایه‌./

 

 

تاراوگه‌ دوای تاراوگه‌

زستانگه‌لێكمان بڕی

ساڵه‌هامان وه‌رسووڕانده‌وه‌،

به‌هار هه‌ر نه‌هات.

تاراوگه‌ بۆ تاراوگه‌ی‌ ناردین

له‌ڕێی وه‌همه‌كانی خوددا

به‌رگی كۆیله‌تیمان پۆشی.

شه‌ومان

به‌ ئه‌له‌ندی نه‌رمی

سپێده‌ دادا

حه‌قیقه‌ت هه‌ڵنه‌هات .

گیاگه‌لی به‌هاران ده‌ركه‌وتن

ڕاستی ده‌رنه‌كه‌وت.

 

 

 

(21)

/ بیره‌وه‌رییه‌كانمان/

/ له‌/ ئه‌شكه‌وت و/ دڕاڵه‌ی/ شاخ/

/ به‌جێهێشت./

/ له‌ ئاره‌زووی/ ژیان/ گه‌ڕێ/

/ كه‌/ له‌/ گوڵێك/ ده‌چێ/

/ بۆنی/ خاك/ ده‌دا./

/ له‌/ ئاره‌زووی/ ژیان/ گه‌ڕێ/

/ كه‌/به‌یداخی/ شه‌كاوه‌مانی/

/ به‌/ جه‌نگه‌/ بێهووده‌كان/

/ نه‌وی/ كرد../

 

 

هه‌مبوو ، نه‌مبوو

دڵێكی ماندوو

ئه‌ویشم به‌میحرابی تۆ سپارد.

هه‌ستێكم هه‌بوو

له‌ پرته‌وی نیوه‌شه‌و ،

له‌ پیاوێكی ساویلكه‌ ده‌چوو،

ژنان ، زۆرجار

له‌ كۆبوونه‌وه‌ ته‌فره‌داره‌كانیان

ئامێزی بۆ ده‌كه‌نه‌وه‌ ..

ئه‌ویشم له‌ ته‌نیشت ئه‌و نیگارانه‌ هه‌ڵواسی

منداڵان ده‌یكێشن.

له‌بیرته‌؟

له‌بیرته‌ باسی ئه‌و ڕێیانه‌م بۆ ده‌كردی

به‌ گۆرانی گیرابوون ..؟

باسی ئه‌و ئاوازانه‌ی ،

له‌ مێژووی

بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی ڕۆحه‌وه‌ ده‌رهێنرابوون

ئه‌وه‌ی له‌ دوا خوانی برایاندا نه‌گوترابوون؟