نەخشەی جادوویی
عەلی حەمەڕەشید
نووسەر، سلێمانی
…………………
هاوڕێ و هەنی خوشک و برا بوون. هەر کە قوتابخانە تەواو بوو، هاوڕێ بە هەنی وت: وا پشووی هاوینە و سێ مانگی دوور و درێژ چاوەڕێمانە، دەبێت چی بکەین بۆ ئەوەی بێزار نەبین؟ هاوڕێ تەماشایەکی هەنی کرد، نەیدەزانی چۆن وەڵامی ئەو پرسیارەی بداتەوە، چونکە ئەویش هەمان پرسیاری هەبوو. دایکیان گوێی لێیان بوو. هات بۆ لایان و بە پێکەنینەوە وتی: من بیرۆکەیەکی نایابم هەیە! وەرن با نەخشەی هاوینی زێڕین دروست بکەین. ئەوانیش زۆریان پێخۆشبوو وتیان دەی دایە گیان تا زووە با دەست پێبکەین.
دایکیان کاغەزێکی گەورەی هێنا و ماوەی پشووی هاوینی بۆ سێ بەش دابەش کرد:
یەکەمیان بەشی شارەزاییە نوێیەکان:- دایکی وتی: گوڵەکانم دەزانن لە هاویندا کاتتان هەیە فێری ئەو شتانە بن کە لە قوتابخانە کاتی فێربوونیتان نەبووە.
هاوڕێ وتی: من دەمەوێت فێری وێنەکێشان بم بە بۆیاخی زەیتی و ئاوی.
هەنی وتی: منیش حەز دەکەم فێری دروستکردنی شیرینی و کێکی جیاواز ببم!
دووەمیان بەشی خوێندنەوەی گۆڤار و کتێب:-دایکیان پێشنیاری کرد کە هەفتانە سەردانی کتێبخانەی گشتی بکەن. هەنی بڕیاریدا سێ کتێبی چیرۆک دەربارەی نهێنییەکانی دەریا بخوێنێتەوە، هاوڕێ بڕیاریدا ئەویش سێ کتێب دەربارەی ژیانی ئاژەڵە ماڵی و کێوییەکان بخوێنێتەوە.
سێیەم بەشی جوڵە و چالاکی:-هەر دووکیان بڕیاریاندا پێکەوە بچنە خولی مەلەوانی، هەروەها ڕۆژانە بەیانیان کاتژمێرێک لە باخی ماڵەکەیاندا گوڵ و درەختەکان ئاو بدەن و ئاگاداری ژینگە بن.
دایکییان تەماشایەکی کردن و وتی: ئای کە دڵخۆشم بە گفتوگۆ و بڕیارەکانتان، بەڵام نهێنییەکی تریش هەیە؛ واباشە هەر هەفتەیەک کارێکی مرۆیی ئەنجام بدەن. هەنی وتی: دایە گیان کاری مرۆیی وەکو چی؟ دایکی دەستێکی هێنا بە قژە خاوەکەیدا و هەر دووکیانی ماچ کرد و وتی: ئازیزەکانم کاری مرۆیی وەک یارمەتیدانی کەسانی بەساڵاچوو و پیر یان کۆکردنەوەی پاشماوەی پلاستیکی، بەتایبەتی لە سەیرانگاکادا. بەدڵخۆشییەوە لە نەخشەکەدا ئەوانەیان نووسی. هاوڕێ بە ڕەنگێک و هەنی بە ڕەنگێکی جیاواز تر. پاشان هاوڕێ بوو بە وێنەکێشێکی بچووک و ژوورەکەی پڕ کرد لە تابلۆی ڕەنگاوڕەگ و سەرنجڕاکێش. هەنی هەموو هەینییەک شیرینییەکی نوێ و خۆشی بۆ خێزانەکەی دروست دەکرد. هەر دووکیان زۆر بە باشی فێری مەلەوانی بوون و بڕوانەمەیان وەرگرت.
ئەوان نەک هەر بێزار نەبوون، بەڵکوو هەستیان دەکرد کاتەکانیان بەشێوەی زێڕ دەدرەوشێتەوە.
کاتێک پشووی هاوین کۆتاییهات و قوتابخانە کرایەوە. هاوڕێ و هەنی خوێندنی پۆلی نوێیان دەست پێ کرد، بەڵام ئەمجارە بە مێشکێکی پڕ لە زانیاری، جەستەیەکی بەهێز و دڵێکی پڕ لە یادەوەری جوان.
تێبینی:
بیرۆکەی ئەم چیرۆکە وەرگیراوە

