گێڕانەوەی؛ داستان شەريف
نووسەر، سلێمانی
…………………….
لە ڕێگای بەرەو کەوشەن خانمێک، پاکیزە خان، کە بە مامۆستا پاکیزە ناسراوە، خورما و ڕۆنی هێنابوو و سەر و پاروو و بابۆڵەمان خوارد، ئەو بە زۆری خورما و ڕۆن دەکات و بەشی هەمووان دەهێنێت.
کەشی دەریشەوە: باران زەوییەکەی ئاو دابوو و دارودرەختی بوژاندبووەوە و بە جۆرێک ئاونگی باران لەسەر گەڵای درەختەکان دەبریسکایەوە و دیمەنێکی جوانی دابوو بە دەرەوە.
ئێمە لەبەر کۆمپانیای گەشتوگوزاریی هوماوە دەستمان کرد بە گەشتەکەمان و ئیدی حەوت ڕۆژ لەگەڵ خزم و دۆست و هاوڕێیانی کەژوان هیواداربووین کەشێکی دوور لە جەنجاڵی و ڕاکەڕاکەی ژیان بەسەر بەرین؛ دوور لە باسوخواسی هەواڵ و کاری ڕۆژانەمان.
١/کانوونی دووەم بە ڕێ کەوتین.
بەناو سنەوبەرەکانی سەر ڕێی پێنجوێندا، کە ئەو سنەوبەرانە دوێکە و پێرێ و … ئەوەندەیان تۆز و خۆڵی بێبارانی لێ نیشتبوو؛ مەگەر تەنیا باران و سکی پڕی هەورەکان منداڵەبارانی بووبێت و شتبنییەوە و ڕەنگ و بۆنوبەرامەی پاییزیی پێ بەخشیبن.
بەدەم خوێندنەوەی کتێبی دیدەنیی تاران-ی مامۆستا کافکاف،کەریم کاکە-وە، جار جار دیمەنی ئەو پووشە زەردهەڵگەڕاو و دارە سوور و زەرد و سەوز و پڕتەقاڵییانەی چاویان لە دیدەنیی تارانەکەی کافکاف پێ لا دەدام و سەیری ئەو دیمەنانەی دەرەوە سەرنجیان ڕادەکێشاین.
ئێمە لە گەشتەکانی کەژواندا ماندوونەبوون لە با وەردەگرین و گەڕۆکییش لە دۆم، هەر ڕۆژە لە شوێنێک هەر کاتکۆیە ئەزموونێکمان وەردەگرت.
لە چاییخانەی شەعب لە وراتی پێنجوێن لاماندا و، من بەرانبەر نیگای پەیکەرەکەی موفتی پێنجوێنی ماستێکی شیرینمان بە نانێکی گەرمی نانەواخانەوە بە گەدەمان ئاشنا بوو لەو سەرمایەی پێنجوێندا…
لە مەرزەکە ئەوەندە چاوەڕێی پاس و ئاژۆری پاسمان کرد، لە باسکردن نایەت.
چووینە مەریوان و لەولا مەریوانەوە فرمێسکی ئاڵتوونیی دارەکانی ئەو ناوە سەرشەقام و لێوارەکانی داپۆشیبوو، سیحراوی بوو سیحراوی.
ئەم جارە لەتاو دیدەنیی تارانەکەی کافکاف ئاگام لە کەشی دەرەوە نەمابوو چ دەگوزەرێ و ناگوزەرێت، ئەوەی دەیشیگێڕمەوە و بینیومە، لەنێوان بەشەکانی دیدەنیی تاراندا بووە، سەرم هەڵدەبڕی و دەمبینین جا دەستبەجێ تۆمارم دەکردن…
ئێستا کاتی ئێوارەیە و هێشتا نەگەیشتووینەتە ئامانجەکەمان کە هەمەدانە. هەمەدان زێدی باباتایەری هەمەدانییە.
کە پێیشی دەگوترێت بابە تایەری عوریانی…
گەیشتینە سنە. گڵۆپەکانی لەدوورەوە وەک ئەستێرە دەدرەوشایەوە. سنە ئەو سنەیەی کە زێدی مامۆستا ناسری ڕەزازی و مەرزییەی فەریقی تاد.ە. هەروەها زێدی لەدایکبوونی هادی زیائەدینی پەیکەرتاشە. هادی زیائەدینی ئەو پەیکەرتاشەی بەرهەمەکانی لەسەر چیای دڵڕفێنی ئاویەری سنە دانراوە. پەیکەری کۆمەڵێک شاعیری کوردی دروست کردووە و بە زمانی کوردی لەخوارەوەی پەیکەرەکان یەک دوو دێڕ نووسراوە.
بە گوێگرتن لە گۆرانیی کوردی و هەڵپەڕکێوداپەڕکێی خانمانی کەژوانەوە ملی ڕێمان بەرەو هەمەدان گرت و ئەوەندەی چاوترووکانێک گەیشتینێ ئاخر ئێمە ئاگامان لە کات نەمابوو، بۆیە پێمان وا بوو زوو بڕاوەتەوە.
گەیشتینە هەمەدان، زێدی بابا تایەری عوریان.
ڕۆژی دووەم:
بەلای گۆڕی بابە تایەری عوریانیدا ڕۆیشتین. من دڵم بۆ ئەوە پەلە پەلی بوو کە دابەزین و لەناو ئاڵتوونی ئەو دارانەدا و لەتەنیشت بابەتایەردا وێنە بگرم.
من بەڕێگاوە کتێبی دیدەنیی تاران-م تەواو کرد، دیدەنیی تاران گەشتنامەیە و کافکاف ئەوەندە بەجوانی وێنەی تاران و کرماشان و هەمەدانی باس کردووە مرۆڤ حەز ناکات لێی داببڕێت.
بە دەشتە کاکی بە کاکییەکانی نێوان هەمەدان و ئەسفەهاندا بەدەم باسی گۆرین و ئێستاوە تێپەڕیین و زۆربەی گەشتیارەکانی کەژوان نەوەیان هەیە؛ لەبەر ئەوە باسی نەوەکانیان و قسە و هەڵسوکەوتەکانیان زۆربەی بابەتی ئەم دوو ڕۆژەی پاسەکە و ئەو چەند جێگایەی نزیک منەوە بوو.
لە دلیجان لاماندا و نانی نیوەڕۆ و ئێوارەمان کرد بە یەک و خواردمان.
پاشان بە ڕێ کەوتینەوە بەرانبەر زنجیرەیەک کێوی جوان و دڵڕفێن کە چاویان لێ دادەگرتین بۆ پێشوازیی ئێمە بەسەر پێوە وەستابوون؛ پاسەکە لەبەر زۆریی بەربەست و تاسەکان دەلەرییەوە، سەرەڕای ئەوەيش گەیشتمە پێشەوە بۆ لای مامۆستا فەرەح بۆ ئەوەی لە ناوی ئەو کێوانە بپرسم، تا چەند وشە و دێڕێکی گەشتنامەکەمی پێ دەوڵەتمەندتر بکەم، لێ بەداخەوە مامۆستای سنەیی و خانمی ڕۆژهەڵاتی گوتی لەبەر ئەوەی بەرزییان ئەوەندە نییە ناویان نازانم.
شتێکیشم بیر کەوتەوە کە دەبا لە باسی میوانخانەی بابەتایەردا باسی بکەم لە هەمەدان، ئەویش کێو یان شاخێکمان بەرانبەر بوو. بۆ سبەی لەسەر سفرەی بەیانی، خانمەکان لە مامۆستایان پرسی لەبارەی ناوەکەیەوە، گوتی کە ناوی شاخی ئەلڤەندە، خانمێک پرسی هەمان ئەو چیای ئەڵوەندەیە کە شاری خانەقین کەوتووەتە ئەودیوییەوە. مامۆستا فەرەحیش گوتی من پار [پێم وا بێت] بەشێکی خانمانی کەژوانم هێنا بۆ ئێرە بە مەبەستی شاخەوانی. ئێستا یەک دوو کاتکۆمان ماوە بۆ ئەوەی ئامانجی گەشتەکەمان بپێکین و بگەینە ئەسفەهان.
باران نم نم جامی پاسەکەی شۆردەوە و ڕێگای بۆ خاوێن دەکردینەوە و ڕێبەریی دەکردین بۆ ئەسفەهان. نمەی بارانەکە وەک ملوانکەی زیو بەسەر جامەکەوە دەردەکەوت هێندە جوان دیار بوو دڵی دەڕفاند هەر وەک نمەی بارانەکە لایتی ترومبێلی سەر شەقامەکانی ئەسفەهانیش دەتگوت ئەستێرەن و کەوتوونەتە سەر شەقامی زەوی بەدەم سوورگوڵی مامۆستا مەزهەری خالقییەوە ئەو دیمەنانەمان دەبینی. ئاژۆرەکانیشمان جاربەجار دیمەنی باران و سوورگوڵەکەی خالقی خەیاڵی دەڕفاندن بەڵام بەکەمی لەبەر ئەوەی ئەوان پارێزەری ژیانی ئێمە بوون لەو پاسەدا لەدوای خوداوە.
مامۆستای سنەییی دایکئاسامان کاتێ داوای وێنەیەکی لە یەکێک لە خانمەکان کرد بۆ ئەوەی بینێرێت بۆ بووکەکەی؛ ئەو گوتی بینێرم بۆ (وەی وەی)یەکەم.
چەند جوانە مامۆستای سنەییمان بە زاراوە شیرین و خۆشگوفتارییەکەی خۆی دەدوێت و هەندێ وشەمان جیاوازە بەهۆی جیاوازیی ئەو زاراوانەوە… هیوادارم و لەخوا دەپاڕێینەوە کە لەشی مامۆستا فەرەحی ئازیزمان ساخ بکات و خوا پێمانی بهێڵێت.
با بێینەوە سەر کەشە باراناویییەکەی ئەسفەهان و مرواریی سەر جامی پاس و دەنگە سیحراوییەکەی مەزهەری خالقی و نەسیمەکەی پاییز.
کە چوومە پێشەوە تا دیمەنە سیحراوییەکەی شەقام و نمەی بارانەکە بگوێزمەوە، من نەمویست ئەزێتی خانمەکانی پێشەوە بدەم، دوو خانمی شیرین نەیانهێشت لەوێ دابنیشم و جێگایان لەتەنیشت خۆیان بۆ کردمەوە.
مرواریی ملوانکەی باران خەریک بوو وردە وردە بەهۆی گەرمیی ترومبیلەکانەوە بە جامی پێشەوەدا چۆڕاوگەیان بەستبوو و بەنۆرە وشک دەبوونەوە.
گڵۆپەکانی دوور دەتگوت پوولەکەی کەوای ژنێکی خانومان و کردەیە دەدرەوشێتەوە و سڵاویان لێ دەکردین.
ئاژۆرەکان جامەکانیان سڕی و شۆرد… ئەو دیمەنە جوانەیان لێ کردین، بەڵام ئاوا شەقامە خاوێنەکانمان جوانتر دەبینی.
کافکاف دەڵێت تاران پیرە، ئەمما ئێران، وا هەست دەکەم، زۆربەی پیر بێت، باخی ئیگولمان لە تەبرێز بینی، گوتیان کە هیی سەردەمی شایە، جگە لەوە بەشێکی شارە کوردییەکانیشم بینیوە هەمان هەست بۆ گەشتیار دروست دەکەن بەوەدا دەڵێم ئێران زۆربەی پیرە.
لەدەرەوەی شاری ئەسفەهان هەتا چاومان هەتەری دەکرد کارگە بوو.
هەروەها شاخێکمان لێ دیار بوو خانمی سنەیی گوتی کە ئەمە شاخی ناو شاری ئەسفەهانە، منیش بەپرسەنییەکەی خۆم لێم پرسی کە ناوی چییە:
سەفە بوو، چیای سەفە… گوتی ڕێگەی شاخەوانیی هەیە بەڵام یەکەم زۆر دوورە و دووەمیش خانمەکان هەموویان ناتوانن بچن بۆیە بەپێ ناچین بەڵام بە تەلەفریک دەچین، چونکە دیمەنی ئەسفەهانی لێوە دیارە.
بە شەقامێکدا ڕۆیشتین مامۆستا گوتی کە پێی دەگوترێت ڕێگای گەورەی ئیمام کە مەبەستیان ئیمام خومەینییە، دارەکانی ناوەڕاستی شەقامەکە پیر بوون؛ خانمی شیرینی سنەیی دەیگوت ئەم دارانە لە دەمی شا-وە ڕوێنراون. گەیشتینە ئەسفەهان:
ناوەڕاستی شەقامەکان دارەکانی ئەوەندە بەرز بووبوونەوە، بە جۆرێک دارستانێکی بچووکیان لە ناوەندی ئەو شەقامەدا دروست کردبوو.
سێیەم ڕۆژ
بەیانییەکەی دیمەنی دەرەوەی ئەسفەهان فرە زەریف و جوان و دڵڕفێن و پاییزی بوو…
دواتر چووینە دەرەوە بۆ پردی سی و سێ پل
بە شەقامی چوارباخدا بە پیادە ڕۆیشتین، شەقامەکە هیی پیادە و پایسکیل بوو، خانمە سنەیی دەیگوت کە هیی زەمان شاعەباسی سەفەوییە.
ئەمجا هەر لەناو چوارباخدا، کۆشکێکی تێدا بوو، لەناو چوارباخدا لە باخی هەشت بەهەشتدا، تایبەت بوو بە کۆتر. ئەم شارە پیرە، بەو مانایەی کە هیی شاعەباسی سەفەوییە و ئەویش ئەو کۆشکی کۆترانەی دروست کردووە چونکە زۆری پەلەوەر و باڵندەی خۆش ویستووە بۆیە ئەوەی بۆ دروست کردووە.
هەروەها لەبەر زۆریی گەڵاکانی سەر زەوییەکە هەڵماندەدا بەملاولای یەکدا هەتا وێنەی بگرین.
جا چووینە قەیسەریی کاری دەستی و نەخشی لەبەرچاوماندا لەسەر قوماشەکان دەنەخشاند و دانیشتبوو یەک یەک نەخشەکانی مۆر دەکرد و دواتر بە بۆیەی ماک بۆیەی دەکرد، ئەوەندە جوان بوو دڵی دەڕفاند.
تێکڕای بازاڕەکە میللی بوو قەدیمی بوو جوان بوو چێژبەخش بوو چاو لە تەماشاکردنی بەنناییی دەمی شا تێر نەدەبوو.
سەرتاپای کاری دەستی بوو کارە دەستییەکان هەندێکیانمان دەبینی کە لەولاوە دروست دەکران.
نازانم چی بگێڕمەوە چونکە خامەی من لە ئاست جوانی و نازداریی دیمەنەکاندا لاوازە،
کاتێ هاتینەوە لای پاسەکە بەناو باخی هەشت بەهەشتدا هاتینەوە؛ گەڵای ئاڵتوونیی دارەکان بەدەم سەما، دەتگوت شۆخێکی کەزیی زەردە و بە نازەوە سەما دەکات، دەکەوتنە خوارەوە. سەرزەوییەکە گەڵای زۆر لێ بوو جا بیهێنە بەرچاوت ئەگەربێتوو هەموویان بەنازەوە بێن و بچن دەبێت چەند سەرسووڕهێنەر بێت!
ئەسفەهان شارێکی کۆنە ئەمما لە پیرێک دەچێت کە زۆر باش مابێتەوە، جوان، بیناکانی کۆن و هەر بەو کۆنییە ماونەتەوە، وا دیارە میرییش ڕێگرە لەوەی بینا و خانووی نوێ و لەسەر باشقە دروست بکەنەوە.
بەداخەوە نەمتوانی جوانی و سەرنجڕاکێشیی دیمەنەکانی قەیسەری بنووسمەوە.
باران بوو کە چووین بۆ شێوان و دیمەنی وەرینی مرواریی باران و کەوتنە خوارەوەی زەردی زێڕینیی گەڵای دارەکان سەر سووڕ دەمێنێت لە جوانییەکەی!
لەگەڵ نمەی باراندا گفتوگۆی من و خانمێکی خانەدان گەرمتر دەبوو؛ ئەو باسی مێردەکەی (مامۆستا عەبدولواحید)ی بۆ دەکردم و منیش باسی کتێب و نووسین و وەرگێڕانەکانم. ئەو باسی دڵسۆزی و لێهاتووییی مامۆستای ئەو سەردەمەی دەکرد، باسی ئەوەی دەکرد کە شەوی وا هەبووە کاتژمێر سێی شەو و دووی شەو تەلەبە. تەلەفۆنیان بۆ کردوون پرسێکی بیرکارییان هەبووە، پرسەکەی بۆ حل کردوون جا خەوتووەتەوە.
دوای نانی ئێوارە چووینەوە بۆ میوانخانە و نووستین تا بەیانی.
سبەی بەیانییەکەی چووین بۆ(پلی خواجوو ) چەند شوێنێکی کەوانیی لێ بوون کە لە دەرچەکەیدا نیشانە و ێ
هێمایەکی جیاواز لە دیواری کەوانەکەیدا بوو کە هەریەکەیان نیشانە و هێمایەکی تایبەتیی ئەندازیار یان بە زمانی ئەو دەمە بڵێین بەننای ئەو کەوانە بووە.
لە یەکێ لە کەوانەکانیدا دوو کەسی فارسزمان گۆرانیی فارسییان بۆ گوتین، دەنگیان زۆر خۆش بوو
دواتر چووین بۆ کڵێسای مەسیحییەکان و چووینە ژوورەوە کاک (موحسین) لەبارەی وێنەکانی بە دیوارەکەوە هەڵواسرابوون، بۆمان دووا و باسی دەکردن لێ لەبەر ئەوەی بە فارسی دەدووا تێی نەگەیشتین، بەڵام دواتر مامۆستا فەرەح بە جوانی بۆی کردینەوە بەکوردی.
کڵێساکە مۆزەخانەیەکی تێدا بوو، کە وێنە و نووسین و گۆزە و دیزەی تێدا هەڵگیرابوون.
ئەو ئینجیل-انەی تێدا پارێزرابوو کە لە شارەکە نووسرابوون.
فەرمانی دەستنووسی ئەو دەمەی نادرشا و شاعەباسی یەکەم و حمزەشا و شا صفی و شا عەباسی دووەم و هتد.ی لێ بوو کە هەموویان بەجیا ناو و ساڵی بە فارسی لەخوارەوەی دەستنووسەکەدا نووسرابوو.
دوای ئەوە چووینە چێشتخانەیەکی فەرهەنگی بۆ نانی نیوەڕۆ چێشتخانەکە وێنە و نەخشی سەر دیوارەکانی دێرین بوون.
بە تەلەفریک چووین بۆ سەر شاخی سەفە بۆ ئەوەی دیمەنی شاری ئەسفەهان ببینین. پتر لە دیمەنەکە من چێژم لەو دارسنۆبەرانە وەرگرت کە بەسەریاندا ڕۆیشتین، ئاخر یەک دوو سنەوبەر ڕەنگی زەرد و لاوازیی پاییزیان پێوە دیار بوو. لەوێ جەژنی لەدایکبوونی هاوڕێیەکمان بوو، ڕێبەرە نەشمیلانەکە گازی کردمە لای خۆیەوە و گوتی کە دەمانەوێت ئاهەنگێکی خنجیلانەی بۆ بگێڕین بۆیە خانمەکان کۆ بکەرەوە. لەبەرانبەر ئەسفەهان (نیوەی جیهان)دا لەسەر شاخی سەفەدا ئاهەنگێکی خنجیلانەمان بۆ گێڕا… ئەسفەهان وەک بووکێک چاوەڕێی زاوا بێت و بچن بۆ ئاهەنگەکەیان، هەستت دەکرد ماڵەکانی ئەسفەهانیش وا چاوەڕێی خاوەنەکانیان دەکەن بچنەوە ئاهەنگی ماڵئاواییی ئەو ڕۆژە بگێڕن و خۆ ئامادە بکەن بۆ ڕۆژێکی نوێ.
کە هاتیشینەوە گڵۆپەکانی ئەسفەهان وەک ئەستێرە دەدرەوشانەوە و پێشوازییان لێ دەکردین…
چووین بۆ میوانخانەی عەباسی.
میوانخانەیەکی سەرنجڕاکێش و سەرسووڕهێن بوو، بەڕاستی جوان بوو، جگە لەوە چووینە چاییخانەکەوە، شاگردەکانی دەهاتن و دەچوون پۆشاکەکانیان هیی سەردەمی عەباسی بوو و بریتی بوو لە پانتۆڵێکی فشوفۆڵی ڕەش و کراسی سپیی درێژ کە پشتێنی شینی لە ڕەنگی هێلەگە یەخەدارەکانی بەریان بوو، یەخەکانیشیان نەخشێکی زەردی سیمداری لەسەر بوو. هەرچی دەرەوەی چاییخانەکەيش بوو، باخ و باخاتێک و گوڵ و گوڵزارێکی زۆر جوان و تەکووزی لێ بوو.
چوارەم ڕۆژ:
چووینە کۆشکی عەباس شا باخ و باخاتێکی جوان و کەشێکی پاییزانەی جوان و ناوازە بوو.
کۆشکی شا، زۆر شوێنێکی جوان و مێژوویی و پارێزراو بوو، ئاخر ئەوێ زۆر دەمێکە دروستکراوە هیی سەردەمی شا عەباس بوو. نەخش و نیگاری دیوارەکان و ساپیتەکان دڵی دەبرد و چاو لە دیتنیان تێر نەدەبوو. نەخشەکان زۆر ناوازە بوون، کە دەچوویتە ژوورەوە بۆ باخی کۆشکەکە حەوزێکی گەورە لەناوەڕاستی باخ و باخاتێکی سەرسووڕهێنەر کەمەندکێشی دەکردین بۆ ناو کۆشک…
کۆشکی شا چەند ڕوویەکی هەبوو، بە جۆرێک لەڕوویەکەوە سێ نهۆم دەردەکەوت و لەلایەکی دیکەوە
مجێوری مزگەوتەکە بانگی دا، لە خاڵێکدا بانگی دا بەبێ مکەبەرە و میکرۆفۆن، ئاخر ئەو خاڵەی بانگەکەی بۆ داین دەنگی دەدایەوە و ئەو خاڵەيش بەرانبەر گومبەزی ڕووی ناوەوەی مزگەوت و شوێنی بانگدانەکە بوو، قاچت چووبا ئەودیو ئەو خاڵەوە دەنگی بانگ و چەپڵە و هەموو دەنگێکی دیکە ئاسایی بوو بەڵام لەوێدا دەنگی دەدایەوە. شوێنی نوێژەکەیش تاق بوو، ساپیتەکەی. کڵاوڕۆژنە لە زۆربەی دیوارەکاندا بوو بۆ ئاڵوگۆڕی هەوا.
ئەو مزگەوتانەی منارەیان هەبوو ئەو دەمە بۆ خەڵکی گشتی بووە، هاووڵاتییان، ئەو مزگەوتانەیشی کە منارەیان نەبوو تایبەت بوو بە شا و کەسانی دەسەڵاتدار.
خانمەکان نوێژیان لە مزگەوتی شا عەباسدا کرد.
چووینە چێشتخانەیەکەوە بەرانبەر ڕووی پشتەوەی مزگەوتی شا بوو. ڕووی ئەودیوی مزگەوتی شا کەرپووچ و نەخشی جیاواز بوو.
بەڕاستی ئەو شارە دیمەنێکی جوانی هەیە. شارێکی مێژووییی نازدارە؛
ڕۆژی پێنجەم:
چووین بۆ مزگەوتێکی مێژوویی کە هیی سەردەمی سەلجووقی بوو.
کۆنترین مزگەوتی مسوڵمانان، لە دەرگای چوونەژوورەوە و دەرەوەیدا زنجیرێکی ئەستووری بە سێ بەش هەڵواسرابوو لەناوەڕاستیدا ئەڵقەیەک جیای دەکردەوە و لەسەرەوەيشیدا بە ناوەڕاستی تاقەکەدا هەڵواسرابوو. بۆ ئەوە بەوێوە کرابوو تا هەرچی سکاڵایەکی هەیە دەستی پێوە بگرێت بۆ ئەوەی دادوەری شار بیبینێت و بۆی چارەسەر بکات.
ساپیتەکەی بە پایە ڕاگیرابوو. ئەو پایآنەیش بەشی سەرەوەیان هێما و نیشانی تایبەتیی لەسەر بوو و بنکەکەیشیان نوێ بوون، بەڵام هەستت بەوە نەدەکرد کە وا نوێن و لەسەر شێوەی کۆن دروست کرابوون. هەرچی جێی ئیمام و وتارخوێنی مزگەوتیش بوو، دوو جێگا بوو. یەکێکیان هیی سەردەمی سەلجووقییەکان بوو، ئەوەی دیکەیشیان هیی سەردەمی سەفەوییەکان بوو؛ نەخشی تەختەکانیان جیاواز بوو و ئەوەی لە هەمووی سەرنجڕاکێشتر بوو، ئەوە بوو کە سەردەمی پاشا و حکومڕانییەک بەسەر دەچوو و باوی نەدەما و یەکێکی دیکە داگیری دەکرد ئەو نەخش و نیگارەی پێشووی نەدەشێواند و بێت هیی خۆی بچەسپێنت، بەڵکوو ئەوەیشی دەهێشتەوە و هیی خۆی کەمێک لەولاتر دروست دەکرد و دادەمەزراند. جا لە ساپیتەکانیشدا کڵاوڕۆژنەی ڕۆشنایی هەبوو بۆ دەمێک کارەبا نەبووە و سوودیان لە ڕووناکیی ڕۆژ وەرگرتبوو. هەرچی دەلاقەکانیش بوون، بچووک بچووک و لەتەنیشت یەکەوە بوون، دەرەوەی لێ دیار بوو.
حەوشی مزگەوتیش مجێورەکان دانیان بۆ کۆترەکانی مزگەوت ڕۆکردبوو، کۆترە شینکەی باڵنەخشینیش تێی ورووکابوون و بە دەنووک دەیانچنییەوە.
کۆترەکان ترسی ڕاونان یان کوشتنیان نەبوو بۆیە بەبێ ترس و بەئازادی و کامی دڵ دانیان دەچنییەوە؛ مەگەر زۆر لێیان نزیک بایتەوە دەنا هەڵنەدەفڕین.
ئەو کۆترانە دیمەنێکی جیاوازیان بە حەوشی مزگەوت بەخشیبوو.
سووتەمەرۆ: بە کەسێک دەگوترێت کە چاوی بچووک بووبێتەوە.
ئەوەم لە خانمێکی خوێنشیرینی دەستەی وەرزشیی کەژوان ژنەوت.
شارێکی دێرین و مێژووییی پارێزراوە، بە جۆرێک دەست بە مێژووەوە گیراوە وەک ئەوەی دایکێک بێت و توند زارۆڵەکەی خۆی لەباوەش کردبێت.
هەر وا چووین بۆ باخی پەلەوەرەکان:
باڵندەی جۆراوجۆر لە تاوسی ڕەنگین و مریشکی کونج و کەو و کوندە پەپوو و حاجی لەقلەق و پەلەوەری جۆراوجۆری دیکە کە مرۆ ناتوانێت پەی بە ناوەکانیان بەرێت و ئاڵوواڵا و جوان بوون دڵ و دەروونی مرۆیان دەکردەوە. کە بۆ پێشوازیمان دەهاتنە سەر ڕێگامان؛ ئەوەی سەیر بوو دەبا لەو جێگایەدا کە جگە لە قەل و قەلەباچکە و مریشک و کەو و تاوس و مریشکی چینی و حاجی لەقلەق و تاد:
حاجی لەقلەق مار هات، ماری زەنگوڵدار هات
فڵان بە قەتار هات، فیسار بە پێ هات
جا چەند کەسێکی دیکە بۆ سەیری باڵندە جۆراوجۆرەکان هاتبوون؛ لێ نەبوو… کەچی داوایان لێ دەکردین کە لەچکەکان بکەینە سەرمان؛ دواتر زانیمان شوێنەکە میری بوو.
پێش ئەوەيش چووین بۆ حەوزی ماسی؛ ماسیی جۆراوجۆرمان دیت، جگە لە ماسی ئەستێرەی دەریا و کیسەڵی دەریا و ڕەقە، جۆرەها ماسیی سەیر و نامۆی تێدا بوو؛ ئەوەی بیرم مابێت ماسییەک بوو قاچی هەبوو دەتگوت مارمێلکەی نێو ئاوە.
ئێوارە کاتێک گەڕاینەوە میوانخانە؛ دیمەنی دار و درەختی سەرشەقامەکانی شار، خامۆش بوون. دەتگوت خۆیان بۆ خەو و پشوو ئامادە دەکەن.
پاشان گەڕاینەوە میوانخانە و من بەدەم خواردنەوەی چایییەوە لە بانیژەی ژوورەکەوە تەماشای دەرەوە و بەتایبەتتریش پردی سی و سێ پل-م دەکرد، کە بەو شەوە و بەو سەرمایەی ئەسفەهان هێشتە جمەی دەهات و گڵۆپەکانی جێی دانیشتنی ناو تاقەکان لە ژوورەکەمانەوە دیمەنێکی وای دابوو بە پردەکە چاو لە دیتنی تێر نەدەبوو، هێندە جوان بوو؛ ئاخر ئێمە لە نهۆمی شەشی میوانخانەکە دەماینەوە ژووری ٦١٦. جا بۆم دەرکەوت شار ناخەوێت و پردی سی و سێ پل-یش ناخەوێت…
بریا توانیبام هەموو گەشتەکەمتان وەک خۆی بۆ بنووسمەوە…
سبەی کۆتاڕۆژمانە لەو شارەی کە خامە لە ئاست جوانی و مێژووی ئەو شارەدا، کە دەڵێن نیوەی جیهانە، ئەگەر تەبرێز نەبا، بەجێ دەهێڵین…
ئەوجا بزانین ڕێگای ناو پاسی تایبەت چیی بۆ هەڵگرتووین لە هەگبەیدا!
بەیانیی ڕۆژی شەشەم کاتژمێر ٦:٠٠ی تەواو هاتینە خوارەوە، چۆلەکەکان هەستابوون و خەوی شەویان ڕاو دەنا و لە باڵەفڕێی ڕۆژێکی نوێدا بوون تا بژیویی ئەو ڕۆژەیان پەیدا بکەن.
مریەم خانممان ناسی کە خانمێکی خوێنشیرین و ئێسکسووک و وریا بوو، ئەو و کاک موحسین ڕێبەر و چاودێری ئەم گەشتە چەند ڕۆژەی ئەسفەهانمان بوون.
کە زۆر خوێنشیرین بوون. دواڕۆژی گەشتەکەمان مریەم خانم، بۆ مەبەستی خواحافیزی و ماڵئاواییمان هاتەوە بۆ لامان و یەکی دیارییەکی خنجیلە ئەمما بەنرخی داینێ هەریەکە و ناوی خۆی و چەند چڵێک لە گوڵەوردەکە و نووسینێک و، هیی من دڵێکی سووری بچووک بوو، تێدا بوو. من دیارییەکەی مریەم هەڵدەگرم وەک وەفا و هاوڕێیەتیی نێوانمان. سپاس مریەم جان بۆ دیاری و بەخشندەیییەکەت.
پاشان فەرەح خانم باسی ئەوەی دەکرد کاتێک چووە بۆ ئەفریقا، هیچی نەخواردووە، جگە لە پەتاتە. هەروەها باسی ئەوەیشی کرد کە شاخی هیمالایا چوار سەد کیلۆمەترە هەر تۆزێک دەڕۆیت و ڕێگاکەی ڕێک دەبێتەوە. ئەوان ئەوەندەی گرنگی بە شاخەوانی و سروشت دەدەن ئەوەندە گرنگی بە جل و خواردن و شتی دیکە نادەن. گوتیشی کاتێک دێیتەوە لەو کیشوەرە ئیدی هیچی دیکەت لا گرنگ نییە، ئاخر خەڵکی ئەو وڵاتە ئەوەندە سادە دەژین و ئەوەندە بە کەم هەڵدەکەن، ئیدی بە قەولی خانمی سنەیی مەردم ڕادێت لەو جۆرە ژیانە؛ هەر وا باسی ئەوەیشی کرد لەو سێ ڕێبەرەی لەگەڵیدا بووە یەکێکیان کوڕی وەزیر بووە.
ئاژۆرەکان بە خانمی سنەیییان گوتبوو، کە ئەم خانمانە گورجوگۆڵن و زوو دێنە پاسەکەوە لەتەک خانمانی دیکەدا گەشتیان کردووە زۆر دێر ڕێک دەکەون…
کۆتاشەوی گەشتەکەمان دەبا لەنێو پاسەکەدا ڕۆژمان کردباوە بەڵام دواتر بڕیارەکە گۆڕرا بەوەی بچین بۆ میوانخانەی شادی و لەوێ شێوان بخۆین و، ئێمە بە بیستنی گۆرانیی قیبلە-ی بورهان محەممەد گەیشتینە شاری سنەی خوێناوی:
کە تۆ قیبلەی دەمت سا بێنە قوربان
لەبۆ قیبلە دڵم دەربێنە قوربان…
دواتر بچینە مەریوان و لەوێوە کۆتایی بە گەشتەکەمان بهێنین.
شەوی کۆتاییی گەشتەکەمان گڵۆپەکانی شاری سنە لە خۆشیی هاتنەوەی خانمی سنەییدا دەدرەوشانەوە.
یا خوا ئەو خانمە سنەیییە شیرینە دایکئاسایەمان لێ نەسێنێت چوون ئەوەندە بەتەنگ کۆمەڵەی کەژوانەوەیە و گەشت ڕێک دەخات و خەمخۆری نانخواردن و خەو و جێگەوڕێگەی ئەو خانمانەیە؛ لەگەڵ باقیی خانمەکانی دیکەشدا…
شەوی کۆتاییی گەشتەکەمان هەموومان لە خانوویەکی خنجیلانەی دەرەوەی مەریوان ئەمما خاوێن و باوێن و ڕێکوپێک خەوتین. سبەی بەیانییەکەی بەدەر لە دەنگی خانمەکان کە هەستابوون بۆ نوێژی بەیانییان، لە چۆڕاوگەی باران خەبەرمان بووەوە. بەداخەوە جوانیی ئەو شارە جوانەمان بەڕووناکی نەبینی، چونکە بە شەو گەیشتین و تەنیا بریسکەی گڵۆپی ماڵەکانمان بینی.
ئەو ماڵەی لێی ماینەوە، دوو نهۆمی خنجیلە بوو دووزەنەی غازی تێدا بوو، زەوییەکەیشی فەرشی لێ ڕاخرابوو و هۆڵێکی گەورە و ژوورێکی پێ دەچوو ژووری نووستن بێت، بێگومان ناندێنیش لەتەک هۆڵەکەدا بوو. هەرچی نهۆمی سەریشەوە بوو؛ هەورەبانێک بوو و کە دەستشۆر و گەرماوی خۆی تێدا بوو.
باران شەقامەکەی شۆردبووەوە و خاوێنی کردبووەوە و گەڵاکانی لە تۆزوخۆڵی دوێنێ و پێرێ پاک کردبووەوە. زەردیی گەڵاکان دەتگوت زەردەچەوەن ئەوەندەی دیکە زەرد بووبوون.
لە مەریوانەوە بەرەو سنووری باشماخ بەڕێ کەوتین لە ڕێگا بەلای وێنەکەی مامۆستا قانیعدا ڕۆیشتین.
چۆڕاوگەی باران بە ساپیتەی دووکانەکاندا دەهاتە خوارەوە، مانای ئەوە بوو کە دەمێکە باران دەبارێت وا باراناو دێتە خوارەوە، جا خۆشیشی نەدەکردەوە و دەتگوت کوندەی سەربەرەوخوارە، ئەوەندە بەپڕی دەباری.
خانمێکمان لەگەڵ بوو، خەڵکی دەربەندیخان بوو؛ باسی زمان کرا و ئەو گوتی: لە دەربەندیخان بە ترێ دەڵێن: هەنگوور، بە شووتی دەڵێن: شام و تاد…
گردێکی بەرز لە مەریوان، باڵی کێشابوو بەسەر شاردا و لە مامۆستام پرسی ناوی چییە. گوتی ئەوانە شاخ نین، تەپەن؛ پێیان دەگوترێت تەپە…
باران لێکدا لێکدا دەبارێت و منیش بەدەم گوێگرتن لە قسەی خانمەکانی کەژووانەوە، ئەم دێڕانە دەنووسمەوە.
زەردیی پاییز بەو دەشتانەی قەراخ ڕێگاکەوە دیار بوو.
لە کەوشەن هاتینە ئەمدیوەوە.
سپاس بۆ خوێندنەوەی گەشتنامە حەفت ڕۆژییەکەی نیوەی جیهان-م.
گەشتنامەی ئەو جارە تۆزێ جیاواز بوو، چوون شیعری لەملاولاوە تێدایە.

