فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

شکۆمەندیی بێدەنگ

دێرین جەمال
چیرۆکنووس، سلێمانی

……………………

تەمێکی خۆڵەمێشیی تەنک لوتکەی چیاکەی تەنیوە. خۆر هێشتا لە خەو ڕانەپەڕیبوو، بەڵام تیشکە کزەکانی لەسەر بەفری سپی سەر لوتکەی چیاکە دەدرەوشانەوە. چیاکە، کە ناوی (سەربەرز) بوو، وەک پاشایەکی دڵڕەق لەسەر تەختی خۆی دانیشتبوو. لوتکەکەی هێندە بەرز بوو، وا دیار بوو ئاسمان لەسەر شانی ئەو ڕاوەستاوە. ئەو بە چاوێکی سووک و نزمەوە دەیڕوانییە خوار خۆی، بۆ ناو ئەو دۆڵە بێدەنگەی کە لە بناریدا پاڵکەوتووە. لەوێ خاکێکی خاوێن، ڕووبارێکی هێمن و کز، لەگەڵ چەند درەختێکی کێوی مەیلی ژیانیان هەبوو.
چرپەی با هەمیشە دەنگی لوتبەرزی چیاکەی دەگەیاندە گوێی دۆڵەکە. چیاکە بە دەنگێکی گڕ و نزم، کە بەردەکانی دەهەژاند، دەیگوت:
سەیری کزۆڵی خۆتان بکەن! ئەگەر سێبەری من نەبێت، ئێوە تەنها تۆزێکن لەبەر دەم با. تۆی خاک، تەنها جێ پێی ڕێبوارانی، تۆی ئاو، کز و بێدەنگ لەژێر پێمدا مەنگ بوویت، ئێوەی درەختیش هێندە لاوازن، بە فوویەکی با، گەڵاکانتان هەڵدەوەرێت. هێز تەنها لێرەیە… لەم ناخە بەردینە ڕەقەی مندا!
خاک بێدەنگ بوو. تەنها باوەشی بۆ ڕەگی درەختەکان کردبووەوە. ئاوەکەیش بە هێمنی، بەبێ ئەوەی یەک دڵۆپەی لێ بپرژێت، لەسەر خۆ دەڕۆیشت. درەختەکان بە بێدەنگی گەڵاکانیان دەلەرزاند. ئەم کڕنوش و هێمنی و ماتەمەی دۆڵەکە، وای لە چیاکە کردبوو زیاتر لە لوتبەرزی خۆی بڕوانێت و پێی وابێت بێدەنگی، نیشانەی ترسی لاوازەکانە لە گەورەیی ئەو.
کتوپڕ، ڕەنگی ئاسمان گۆڕا. شینی ئاسمان جێگەی خۆی دا بە هەورێکی چڵکن و ڕەش کە وەک دووکەڵی ئاگرێکی گەورە بەسەر ناوچەکەدا کێشرا. مۆسیقای سروشت گۆڕا بۆ هاژەی ترسناکی زریان. با بە توندی کێشای بە کەمەری چیاکەدا.
لەم چرکەساتەدا، پەردە لەسەر ڕووی ڕاستەقینەی شتەکان لادرا. زریانی بەهێز، هەمیشە بەرەو بەرزایییەکان دەچێت. چیاکە، کە هەمیشە خۆی بە پارێزەر و قەڵغانی ناوچەکە دەزانی، لە ناخەوە پووچ و بێ ئیرادە بوو. ئەو فێری خۆدەرخستن ببوو، نەک خۆڕاگری. لەگەڵ یەکەم هێرشی توندی بادا، بەفری سەر لوتکەکەی هەرەس هێنا. لە ناو جەرگەی چیاکەوە دەنگی شەقبردن و قڵیشانی لێوە دەهات، دەنگێکی نەک هاوشێوەی چیا، بەڵکوو وەک ناڵەی ترسی مرۆڤێکی بێدەسەڵات. بەردە گەورە و قورسەکانی، کە ڕۆژێک شانازیی پێوە دەکردن، یەک لە دوای یەک شکان و وەک هەرەس بەرەو خوارەوە داڕمان. چیاکە لە کاتی تەنگانەدا، زووتر لە هەمووان لەرزی و هەرەسی هێنا.
بەڵام لە خوارەوە، لەو دۆڵەی کە بە لاواز ناو دەبرا، دیمەنێکی تر لە دایک بوو.
خاک، لەبری ئەوەی لەبەردەم زریان و داڕمانی بەردەکاندا بڵاوەی لێ بکات، باوەشی توندتر کرد. سەرسەختانە خۆی ڕاگرت و هێزی زەبری بەردە گەورەکانی کێشا بە ناخی خۆیدا و نەیهێشت ببنە هۆی وێرانکاریی زیاتر. درەختەکان نەشکان، ئەوان فێڵێکی گەورەتری ئیرادەیان بەکارهێنا: لەبەر دەم بادا چەمانەوە، بەڵام ڕەگەکانیان لە ناخی خاکدا هێندە توندتر کرد کە بوونە قەڵغانێک بۆ ڕێگریکردن لە ڕاماڵینی زەوییەکە.
لەو لایشەوە، ڕووبارە کز و بێدەنگەکە، کاتێک بینی خاک و درەختەکان لەژێر هێرشی بەردەکاندان، هێشتا هێزە شاراوەکەی خۆی تەقاندەوە. ئاوەکە بەرز بووەوە، بوو بە هێزێکی خێرا و خاوێنکەرەوە، بەڵام نەک بۆ وێرانکردن، بەڵکوو بۆ ششتنەوەی خۆڵ و خاشاکی داڕماوی چیاکە و ژیاندنەوەی ئەو خاکە ماندووە.
زریانەکە کۆتایی هات. هەورە ڕەشەکان وەک کاروانێکی ماندوو لە ئاسمان دوور کەوتنەوە. تیشکی زێڕینی خۆر، هێمن و لەسەرخۆ، دووبارە بەسەر دۆڵەکەدا بڵاوبووەوە.
ئێستا ئەگەر لە دوورەوە بڕوانیت: چیا لوتبەرزەکە، لوتکەکەی شکاوە و نزم بووەتەوە، بریندار و شێواو و کز دیارە. تێگەیشت کە ئەو گەورەیییەی پێشتر هاواری بۆ دەکرد، تەنها غروورێکی پووچ بووە.
دۆڵەکەیش ئێستا سەوزتر، گەشاوەتر و زیندووترە. خاکەکە جێگیرە، درەختەکان هێشتا بە پێوە وەستاون، و ئاوەکەیش بە هێمنی دەخوڕێت. ئەوان پێشتر هاواریان نەکرد، خۆیان بە گەورە نەزانی، بەڵام کاتێک سروشت پێویستی بە ئیرادە بوو، ئەوان بوونە نووسەرەوەی مانەوەی ژیان.