دێرین جەمال
چیرۆکنووس، سلێمانی
……………………..
ماڵەکەیان لە گەڕەکێکی کەنارگیری و بێدەنگی شاردا بوو، وەک تابلۆیەکی ڕۆن نیشتبووە سەر دڵی زەوی، باخچەیەکی بچووک کە دایکەکە بەیانیان بە حەسرەت و عەشقەوە پڕی دەکرد لە ڕەنگی سووری گەزیزە و زەردی نێرگس بۆنی گوڵی پەنجە خانم ، پەنجەرەیەک کە لە پشتی شووشە تەمومژاوییەکانیانەوە، شەوانە تیشکێکی زێڕینی گەرم دەڕژایە سەر شۆستە ساردەکان و نیشانەی خێزانێکی لێوانلێو لە ئارامی بوو. شاهۆ، کۆڵەکەی ئەم ماڵە، پیاوێکی چوارشانەی هێمن، ڕووخسار گەنمڕەنگ و کەمدبوو ، کە هەمیشە بۆنێکی تێکەڵ لە تووتن و عارەقەی ماندوێتی لێ دەهات، لە چاوی هاوسەر و منداڵەکانیدا، ئەو فریشتەیەکی مرۆڤنما بوو کە لە کڕێوەی زستان و گەرمای هاویندا، تەنیا بۆ پاروویەکی حەڵاڵ و داهاتوویەکی گەش دەجەنگا. منداڵەکان—کاروان و تارا—هیچ کات چاویان لە دەستی کەس نەبوو، کاتێک لاپەڕەی کتێبە نوێیەکانیان هەڵدەدایەوە، بۆنی کاغەزی گرانبەها و ڕەسەنیان پێوە دەکرد و شاهۆیش بە چاوە ماندوو میهرەبانەکانییەوە لێی دەڕوانین و بە دەنگێکی نزم کە لە لێدانی دڵ دەچوو، دەیگوت: ئەرکی ئێوە تەنیا هێنانەوەی نمرەی بەرزە، من ناھێڵم سێبەری هەژاری بخشێت بە ڕوومەتتاندا. ساڵان وەک ئاوی ڕووبار تێپەڕین و ڕەنگی قژی شاهۆ سپی گۆڕا، بەڵام بەری ڕەنجەکەی درەوشایەوە، کاروان بڕوانامەی ئەندازیارییەکەی بە شانازییەوە هەڵواسی و تارا بوو بە پزیشکێکی گەنجی خاوەن پێگەی کۆمەڵایەتی، بەڵام لەژێر ئەو فەرشە نەخشین و پڕ لە حەسادەتەی ماڵەکەیاندا، گڕکانێکی ڕەش و پڕ لە دووکەڵی ژەهراوی کڵپەی دەسەند کە کەس بڕوای نەدەکرد لەوێدا بێت.
شەوێکی پایزی شووم بوو، بارانێکی قورس و توند وەک قامچی لە پەنجەرەکانی دەدا و با ڕەشەبایەکی ساردی بە کۆڵانەکاندا دەهێنا، خێزانەکە لە دەوری مێزی نانخواردنەکە لەبەر تیشکی گڵۆپەکە کۆببوونەوە و قاقای پێکەنینیان لەگەڵ دەنگی زەنگی قاپەکان تێکەڵ ببوو، بەڵام لەناکاو، دەنگی بەهێز و توندی لێدانی دەرگا، وەک تەقینەوەیەک کاتەکەی ڕاگرت. بەر لەوەی کەس لە جێی خۆی هەڵستێت، دەرگا دارینەکە شکا و چەندین پیاوی چەکدار بە جلی ڕەشی پۆلیسەوە، بە کلاشینکۆف و چاوی پڕ لە گومانەوە هۆڵەکەیان تەنی. ئەفسەرەکە، بە ناوچەوانێکی گرژ و دەنگێکی وەک ئاسنی سارد، ڕایگەیاند کە شاهۆ دەستبەسەرە بە تۆمەتی زنجیرەیەک تاوانی کوشتنی دڕندانە، دزیکردنی چەکداری و ڕابەرایەتیکردنی باندێکی خوێناوی کە شارەکەی شێواندووە، لەو چرکەساتەدا، دایکەکە قاپە شۆرباکەی لە دەست کەوت و شلەمەنییە گەرمەکە وەک خوێن بەسەر فەرشەکەدا بڵاوبووەوە، هاواری دەکرد و بە نینۆکەکانی ڕوومەتی خۆی دەڕنی کە ئەمە حەقیقەت نییە، کاروان و تارایش بە چاوی پڕ لە شۆک و ئەژنۆی لەرزۆکەوە خۆیان خستە نێوان لولەی چەکەکان و باوکیان. بەڵام شاهۆ، بەبێ ئەوەی یەک ماسولکەی دەموچاوی بجوڵێت، تەنیا بزەیەکی ساردی خستە سەر لێوی، دەستە زبرەکانی هێنایە پێشەوە بۆ ناو بازنە ئاسنینەکانی کەلەپچەکە و کاتێک ئاوڕی دایەوە، لەبری ئەو باوکە دڵسۆزە، دڕندەیەکی چاوتیژ و بێڕەحم لە پشتی هاوێنەی چاوەکانیدا دەرکەوت کە چەندین ساڵ بوو بە دەمامکی مرۆڤایەتی خۆی شاردبووەوە.
ڕۆژانی دواتر و لە هۆڵی ساردی دادگادا، حەقیقەتەکە وەک تەورێک بەسەر سەری خێزانەکەدا باری، کاتێک وێنەی قوربانییەکان و شوێنی تاوانەکان پیشان دران، ئەو دەستانەی کە شەوانە بە نەرمی قژی تارای شانە دەکرد و شانی کاروانی دەگوشی، هەمان ئەو دەستانە بوون کە گەرووی بێتاوانەکانی دەخنکاند و فیشەکی چەکی بە ڕوویاندا دادەکێشا، دەرکەوت ئەو پارەیەی پێی دەژیان، ئەو گۆشتەی دەیانخوارد، تەنانەت تێچووی بڕوانامە و کتێبەکانیان، بە خوێن و فرمێسکی دایکانی تر کڕابوون و ئەوان بۆ چەندین ساڵ لەگەڵ بکوژێکی دڵڕەق لەژێر یەک سەقفدا نانیان خواردووە. لە ژووری چاوپێکەوتنی زیندانەکەدا، کاتێک تەنیا شووشەیەکی ئەستوور لە نێوانیاندا بوو، کاروان بە مشتە گرژەکانی کێشای بە شووشەکەدا و بە دەنگێکی نوساو و پڕ لە گریان هاواری کرد: بۆچی؟! بۆچی ژیانی ئێمەت لە ناو ئەم زۆنگاوی خوێنەدا غەرق کرد؟، شاهۆ، لە کاتێکدا جلی پرتەقاڵی زیندانی لەبەردا بوو و چاوەکانی کز ببوون، بە دەنگێکی کپ و گڕ وتی: من تەنیا ویستم ئێوە سەربەرزانە بژین، نەمویست وەک من لە ناو قوڕ و لێتاوی هەژاریدا بپووکێنەوە، ویستم ببنە خاوەن بڕوانامەی بەرز تا کەس بە سووکی سەیرتان نەکات… من هەموو شتێکم بۆ ئێوە کرد. تارا، کاتێک فرمێسکە سوێرەکانی برینی سەر کوڵمەکانی دەسوتاند، ڕووی وەرگێڕا و بە هاوارێک کە هۆڵەکەی لەرزاند وتی: تۆ بۆ ئێمەت نەکرد، تۆ ڕۆحی ئێمەت کوشت! تۆ وەک دڕندەیەک ژیانی ئێمەت بۆ هەمیشە خستە ناو قەفەسی نەفرەتی کۆمەڵگاوە، ئێمە چۆن سەر بەرز بکەینەوە کە دەزانین کۆشکی سەرکەوتنمان لەسەر ئێسکی بێتاوانەکان دروستکراوە؟.
شاهۆ بۆ هەمیشە لە پشت دەرگا قورسە ئاسنینەکانەوە جێما، بەڵام تارمایی تاوانەکەی وەک تەمێکی ڕەش بەسەر ماڵەکەیاندا نیشت، خانووەکەیان زەوتکرا، ناوی خێزانەکەیان بوو بە وشەیەکی قێزەون، تارا چۆن دەیتوانی بەو دەستانەی باوکی خوێناوی کردبوو چارەسەری نەخۆش بکات؟ و کاروانیش شەوێک لەبەر دەمی دایکە زەخەم تەزیوەکەیدا، بڕوانامە ئەندازیارییەکەی خستە ناو ئاگرەکەوە و تەماشای دەکرد چۆن دەسوتێت، چونکە پێی وابوو پیت بە پیتی بە خوێنی مرۆڤەکان نووسراوەتەوە، ئەوان مانەوە وەک دوو تارمایی تێکشاو، کە تا کۆتایی تەمەنیان لەناو کۆڵانەکانی شاردا، دەبوو باجی تاوانەکانی دڕندەیەک بدەن کە ڕۆژێک پێیان وابوو باوکێکی فریشتەئاسایە.

