ستار ئەحمەد
نووسەر، کەرکووک
کورد لە مێژوودا نەتەوەیەکە لەنێو قۆزاخەیەکی ئاڵۆز و تاقەت پڕووکێندا متکراوە؛ تێیدا نیشتمان و پیرۆزییەکان وەک دوو پەرژینی ئەستوور، ڕێگەی گەیشتن بە ڕووناکییان لێگرتووە. ئەوەی ئەم تەمومژە مێژووییەی پتر ئاڵۆز کردووە، بندەستیی بە ناوی پیرۆزییەکانەوە بووە. داگیرکەران لە درێژایی سەدەکاندا، نیشانە ئاسمانییەکانیان کردووە بە تیغێکی خوێناوی بۆ ڕەوادان بە چەوساندنەوە. ئەمە تەنها داگیرکاریی خاک نەبووە، بەڵکوو داگیرکردنی خەیاڵدان و هۆشی نەتەوەیەک بووە کە خراوەتە نێو بازنەیەکی داخراوەوە، تا نەتوانێت لە دەرەوەی ئەو پیرۆزییە دەستکردانە، پێناسەی بوونی خۆی بکات.
ئەم دۆخە لە ڕوانگەیەکی فەلسەفییەوە، جۆرێکە لە نامۆبوونی بوونگەرایی. مرۆڤی کورد لێرەدا وەک کارەکتەرەکانی ناو ئەفسانەی ئەشکەوتەکەی ئەفلاتۆنی لێهاتووە؛ تەنها سێبەری پیرۆزییەکانی داگیرکەر لەسەر دیوارەکان دەبینێت و وا دەزانێت ئەوە ڕاستییە، لە کاتێکدا پێکهاتەی خۆی لە دەرەوەی ئەو ئەشکەوتە و لەنێو قۆزاخەی ونبووندا تیاچووە. ئەم مێژووەی بە خوێنی ڕۆڵەکانی کورد ئاودراوە، گەواهیدەری ئەو ڕاستییە تاڵەیە کە پیرۆزییەکان نەک بۆ ڕزگاریی مرۆڤ، بەڵکوو بۆ ڕازانەوەی ڕووخساری ناشیرینی دەسەڵاتە ستەمکارەکان بەکارهێنراون. شمشێرەکانیان بە ناوی ئاسمانەوە بۆ بڕینی ملی ئازادیخوازانی ئەم خاکە تیژ کراون و وشە ئاسمانییەکان کراون بە کۆت و زنجیری هزريی.
دەرچوون لەم قۆزاخە تاریك و خوێناوییە، تەنها بە شکاندنی ئەو دیوارە درۆییانە دەبێت کە لە دەوری ناسنامەی ئێمە کێشراون. کاتی ئەوە هاتووە مێژوویەکی نوێ بنووسینەوە کە تێیدا مرۆڤی کورد خاوەنی بڕیار بێت، نەک قوربانیی خەیاڵدانی ئەوانیتر. پێویستە جیاوازی بکەین لە نێوان ئەو بەهایانەی شکۆی مرۆڤ بەرز دەکەنەوە، لەگەڵ ئەو گوتارە ڕامیارییانەی کە وەک ئامرازی ژێردەستەکردن بەکار دێن. ئەم ململانێیە، تەنها کێشەیەکی ڕامیاری نییە، بەڵکوو جەنگێکی بوونگەراییە لە نێوان مانەوە و سڕینەوەدا؛ جەنگێکە بۆ ڕزگارکردنی خود لە ژێر باری قورسی ئەویتری داگیرکەر.
پیرۆزیی ڕاستەقینە لە پاراستنی شکۆی مرۆڤ و خاکی نیشتماندایە. هەر وەرچەرخانێکی دیرۆکیی دەبێت لە ڕاماڵینی ئەم تەمە چڕەوە دەست پێبکات. دەبێت لەو ونبوونە بگەڕێینەوە کە تێیدا فێری بێدەنگی و ملکەچی کراوین. تەنها ئەو کاتە کورد دەتوانێت وەک نەتەوەیەکی خاوەن خواست و مێژوویەکی ورشەدار، جارێکی تر لەنێو لاپەڕەکانی جیهاندا بە دەنگی ڕاستەقینەی خۆی بدوێت و مێژوویەک دابتاشێت کە هی خۆی بێت، نەک پاشکۆی خەیاڵدانی ئەوانیتر.

