فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

پرۆسەی بزاڤی پەروەردەو کۆمەڵایەتی

ستار ئەحمەد
نووسەر، کەرکووک

…………………

​هەر نەتەوەیەک بیەوێت لە کاروانی شارستانییەت دانەبڕێت و وەک قەوارەیەکی زیندوو لە مێژوودا بمێنێتەوە، دەبێت بایەخی سەرەکی بە بزاڤی پەروەردەیی بدات، چونکە ئەم بزاڤە تەنها پرۆسەیەکی ناوەندەکانی خوێندن نییە، بەڵکوو بڕبڕەی پشتی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکانە. مرۆڤ کاتێک لەدایک دەبێت، تەنها بوونەوەرێکی سروشتییە، بەڵام ئەوە پەروەردەییە دەیگۆڕێت بۆ مرۆڤێکی خاوەن بەها و نیشتمانپەروەر. بزاڤی پەروەردەیی وەک ڕێچکەیەکی هەمیشەیی، کار لەسەر داڕشتنەوەی هۆشیاریی تاک دەکات و ئاراستەی بیرکردنەوەی بەرەو ئاوەدانی و پێشکەوتن وەردەچەرخێنێت. لە ڕاستیدا، پەروەردە و کۆمەڵگە وەک دوو دیوی یەک دراون؛ هەر لادانێک لە سیستەمی فێرکردندا، ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی تێکچوونی شیرازەی کۆمەڵایەتی و سەرهەڵدانی دیاردە نەخوازراوەکان.
​کاتێک لە بزاڤی کۆمەڵایەتی دەڕوانین، دەبینین هیچ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە پێکهاتەی ژیانی خەڵکدا ڕووی نەداوە مەگەر ئەوەی پێشتر زەمینەیەکی پەروەردەیی لەبار بۆ ئەو گۆڕانکارییە ڕەخسابێت. پەروەردەی دروست دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤەکان لە ماف و ئەرکەکانی خۆیان تێبگەن و گیانی هاوکاری و پێکەوەژیان لەناو چوارچێوەی یاسادا جێگیر بێت. ئەگەر قوتابخانە و خێزان وەک دوو جەمسەری سەرەکی، ئەرکەکانی خۆیان بە ڕاستی جێبەجێ بکەن، ئەوا کۆمەڵگە لە پەرتەوازەیی و بێسەروبەری ڕزگاری دەبێت. ئەم بزاڤە پێویستی بەوەیە کە هەمیشە نوێ بکرێتەوە و لەگەڵ پێداویستییەکانی سەردەمدا بگونجێنرێت، بەڵام بێ ئەوەی دەستبەرداری ڕەسەنایەتی و کولتووری خۆمان ببین، چونکە پەروەردەیەک ناسنامەی نەتەوەیی تێدا ون بێت، ناتوانێت بەرگری لە مانەوەی ئەو کۆمەڵگەیە بکات.
​لە لایەکی ترەوە، بزاڤی پەروەردەیی دەبێت ببێتە پردێک بۆ گەیشتن بە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی. کاتێک هەموو تاکەکان بە یەکسانی دەستیان بە زانست و زانیاری ڕادەگات، جیاوازییە چینایەتییەکان کەمدەبنەوە و هەلی کار و داهێنان بۆ هەمووان دەڕەخسێت. ئەمەیش بەو مانایەیە کە بزاڤی پەروەردەیی تەنها ئامانجی فێرکردنی نووسین و خوێندنەوە نییە، بەڵکوو ئامانجە گەورەکەی دروستکردنی مرۆڤی بەرهەمهێن و بەرپرسیارە. ئەو وڵاتانەی کە ئەمڕۆ لە لووتکەی پێشکەوتنی جیهانیدان، ئەو وڵاتانەن کە ساڵانێکی زۆر پێش ئێستا وەبەرهێنانیان لە مێشکی مرۆڤەکاندا کردووە و پەروەردەیان کردووەتە خاڵی دەستپێکی هەموو بزووتنەوەیەکی تری سیاسی و ئابووری.
​لێرەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە پرۆسەی بزاڤی پەروەردە و کۆمەڵایەتی ئەرکێکی گشتگیرە و تەنها لە ئەستۆی دەزگایەکی دیاریکراودا نییە. حکومەت، ڕاگەیاندن، ڕێکخراوە مەدەنییەکان و تەنانەت تاکەکانیش دەبێت لەم بزاڤەدا بەشدار بن. پێویستە هۆشیاریی ئەوە بڵاو بکرێتەوە کە پاراستنی ژینگە، ڕێزگرتن لە مافی بەرامبەر و دڵسۆزی بۆ کار، هەموویان بەرهەمی پەروەردەیەکی ته‌ندروستن. بۆ ئەوەی ئاییندەیەکی گەش بۆ نەوەکانی داهاتوو مسۆگەر بکەین، دەبێت ئەمڕۆ بزاڤی پەروەردەیی بکەینە خەمی گەورەی نەتەوەیی و ڕێگە نەدەین هیچ بەربەستێک ببێتە هۆی سستبوونی ئەم کاروانە، چونکە دواکەوتنی ئەم بزاڤە واتە داڕووخانی بەها کۆمەڵایەتییەکان و تێکچوونی ئاسایشی نیشتمانی لە هەموو ڕەهەندەکانەوە.