ڕەزا یارئەحمەدی “کارزان”
چيرۆکنووس، مەهاباد
…………………………….
هەنگۆر، وەک پەردەیەکی ڕەشی تەم و مژاوی، باڵی بەسەر دەشت و چیاکاندا کێشابوو. بای سارد لەنێوان لق و پۆی دارەکان، گڤەی دەکرد و دەنگی هەنگاوەکانمانی لەژێر ئەو پەردە ڕەشە، دەخنکاند. هیچ چرایەک لەدوور و نزیکەوە دیاری نەدەکرد. هیچ هێمایەک نەبوو کە بڵێت ئەو ڕێگەیە کەی بە ئامانج دەگات. تەنیا تاریکی بوو و هەناسەی ماندوویەتیمان و ئەو ترسەی هەنگاو بە هەنگاو لە گەڵمان هاوڕێ بوون.
لەنێوان ئەو کۆڕەوە، خاتونێکی دەستماڵ سپی لەسەر، لەگەڵ حەوت منداڵی دەوروبەری، سەرنجمی بەرەو خۆی ڕاکێشابوو.
ڕووخساری بۆم ئاشنا بوو! بەڵام نازانم بۆ لەو کاتەدا نەمدەناسییەوە!
منداڵەکانی یەک بە دووی یەک و دەست لەناو دەست، پاڵیان بە یەکترەوە دابوو. وەک ئەوەی گەر یەکێکیان دەستی ئەوی تریان بەر بدات؛ هەموویان لە تاریکیی شەودا ون دەبن.
لە چاوەکانی ئەو خاتونە، ماندووبوونێکی قووڵم دەبینی. هەرچەند هەوڵیی دەدا بە پێکەنینێکی لاواز دڵی منداڵەکانی ئارام بکاتەوە.
هەر جارێک یەکێکیان دەوەستا؛ دەستی دەخستە سەر شانی و دەیگوت: «ڕۆڵەی شیرینم بەردەوام بە. مەودایەکی کەممان ماوە. کاتێک گەیشتین؛ پشوویەکی باش دەدەینەوە.»
منیش و ئەویش دەمانزانی ئەو قسە تا ڕادەیەک دوورە لە ڕاستی، بەڵام مرۆڤ، جاری وا، ناچار دەبێ؛ درۆ بکات. هەڵبەت نەک بۆ شاردنەوەی ڕاستی، بەڵکوو بۆ پاراستنی ژیانی.
لەناو دەستی منداڵەکان هەنارێکی بچووک هەبوو. هەنارێک کە وەک گەنجینەیەک لێی دەڕوانین. خاتونەکە حەوت هەناری بە سەر منداڵەکانی دابەش کردبوو.
زەختیم خستە سەر خۆم و بە جێی ئەوەی بڵێم ڕووخسارتان ئاشنایە. تەنیا نایاتەوە یادم ناوتان چییە. پرسیم: بۆچی ئەو هەنارانەی لەگەڵ خۆی هێناوە؟
بە بزەوە و بە ڕووگەشی وڵامی دامەوە: «بۆ ئەوەی لەبیرمان نەچێت؛ هێشتا چتێکی بچووکمان هەیە کە بەشی هەموومانە.»
لەو ساتە دا، نەمدەزانی مەبەستی هەنارەکان بوو یان ئەو خێزانەی وێڕای ئەو هەموو ماندوو بوونە؛ هێشتا لە دەوری یەک کۆ ببونەووە.
پیاوێکی ژیر و بەئەمەگمان لە گەڵدا بوو. هەر کات کەسێک لە ڕێگە دەماوە؛ بە پەلە دەگەڕایەوە و یارمەتیی دەدا. بەڕاستی هێمای باوکایەتی بوو.
جارێک بوخچەیەکی خاوێنی سپی سپاردە دەست هەڤاڵێکی و پێی وت: «ئەم بوخچەیە، ئەمانەتە لای تۆ، بە باشی لای خۆت بیپارێزە. مەهێڵە لەناو بچێت.»
هەستم بەوە کرد ئەو بوخچەیە تەنیا بوخچەیەکی ساکار نییە؛ هێمایەک لەوە گرنگترە. بەڵام نەمدەزانی چییە!؟
جارێکیش گوێم لێی بوو بە خاتونە دەستماڵ سپی لە سەرەکەی وت: «گەر گیرام بە هیچ شێوەیەک شوێنم مەکەوە. تەنانەت گەر مردیشم؛ تکات لێدەکەم بۆم مەگری.»
نیگای شیرینیان لە چاوەکانی یەکتر بڕیی.
بەڕاستی هەستێکی جوان بوو! لەژێر چاوەوە هەر سەیرم دەکردن.
دوایی زانیم ئەو پیاوە بە ئەمەگە، مێردی ئەو خاتونەیە.
+ «خێرا بن! دەبێت زوو بگەینە ئەو ئاستە.»
ڕێک قسەی ئەو پیاوە بوو کە بە ئێمەی وت. ئەویش بە دەنگێکی زۆر بەرز
بەڵام نازانم بۆ هەنگاوی خەڵک خلیسک بوو؟ منداڵەکان جاری وا بوو بێ وازییان دەکرد. ژنەکان هەوڵییان دەدا هێدییان بکەنەوە. ئەوەی سەیر بوو نیگای پیاوەکان بوو. بە چاوی پڕ لە گومانەوە سەیری یەکتریان دەکرد.
پاش کەمێک ڕۆیشتن؛ لەناکاو دەنگی گەلەنگەدەنی چەکمان بیست. دەنگێک کە بە درێژایی مێژوو بۆ هەموومان ناسراو و ڕوون بوو.
زۆربەمان لە شوێنی خۆمان وشک بووین.
مێردی خاتونەکە بە خێرایی چووە پێشەوە. چەند چەکدار وەک سێبەر لە پشت بەردەکان دەرکەوتن. لە ژاندارم دەچوون. نەڕەاندییان: «بوەستە!»
لەو کاتەدا، پیاوە بە ئەمەگەکە ڕووی کردە ئێمە و بە دەنگێکی دلێر، وەک ئەوەی کەس هاوڕێیەتی نەکردبێت. وتی: «بە قوربانتان بم. منداڵەکان بپارێزن و خۆتان بگەیێننە ئەو ئاستەی بەیەکەوە دیاریمان کردبوو. خوداتان لەگەڵ.»
پاشان، بێ ئەوەی چاو لە ئێمە و منداڵەکان هەڵبگرێت؛ بەرەو چەکدارەکان هەنگاوی هەڵهێنا.
ژنەکە دەستی خستە سەر دەمی و متەقی لە خۆی بڕی. منداڵەکان هەموویان لە دەوری کۆ بوونەوە.
گوێم لێیبوو؛ یەکێکیان پرسی: «دایە، باوکمان بۆ کوێ چوو؟»
خاتونەکە وڵامی نەدایەوە. تەنیا هەنارەکەی لەناو دەستی منداڵەکەی توند کرد و وتی: «ڕۆڵە گیان مشتت مەکەرەوە.»
ئێمە بە ناچاریی و بەخیرایی خۆمان دوور خستەوە. بە ڕاستی هەنگاوەکانمان قورس بوون. لە لای ئەو پیاوە بە ئەمەگە و ژاندارمەکان دەنگی تووڕەیی بێ بەزیانە دەهات. بەڵام کەس نەیدەوێرا سەری بۆ لایان بسوڕێنێ.
زۆر کەس نەیدەزانی ئەو پیاوە چی بەسەردا دێت؟! تەنیا ئەوەمان دەزانی کە مرۆڤێک خۆی بە دەستەوە دا تا ئەوانی تر ڕزگار ببن و بتوانن درێژە بە ژیان بدەن.
کاتێک گەیشتینە شوێنێکی ئارامتر، کابرایەکی گێڕ لە نزیکمانەوە دەستی کرد بە پرسیارکردن. بەوردی سەیری هەموومانی دەکرد. لە چاوەکانیدا گومانێک هەبوو کە هەرگیز ئارامی نەدەگرت.
لە منی پرسی: «تۆ خەڵکی کوێیت؟»
بە دەنگێکی نزم وتم: «من عەرەبێکم، بەس کوردی دەزانم.»
وشەکان لە دەمم دەرچوون. بەڵامەوە سەیربوو! ئەوە من بووم ناسنامەی خۆم بە ساکاری شاردەوە؟! هەڵبەت نەک لەبەر ئەوەی لە کوردبوونم شەرم بکەم؛ بەڵکوو لەبەر ئەوەی لەو کاتەدا ترس بە هێزتر لە هەموو شتێک هاتە بەرچاوم. ترسی ئەوەی کە وشەیەک، هێمایەک یان هەڵەیەکی بچووک ببێتە هۆی لەدەستدانی ژیانم.
کابراکە وەک سیخوڕێک یا خۆ وەک لێکۆڵەرێکی بە ئەزموون، چەند خولەک چاوەکانی لەسەر من لا نەبرد. پاشان بە گێڕە گێڕ دوور کەوتەوە.
بۆ ساتەوەختێک لە شوێنی خۆم وەستام. لایتەکەم ڕۆشن کرد.
لە دڵمدا پرسیارێک دووپات دەکرایەوە: ئایا مرۆڤ دەتوانێت بۆ پاراستنی ژیانی، خۆی لە خۆی بشارێتەوە؟ ئەگەر لەبەر ترس ناوی خۆت بگۆڕیت؛ ئەی ئەو ناوەی لە دڵتدا ماوە چی بە سەر دێت؟
خاتونەکە سەیری ئاسمانی دەکرد. منداڵەکان لە دەوری دانیشتبوون. یەکێکیان هەنارەکەی شەکاندبوو و بە وردی دانەکانی دەژمارد. خاتونەکە بە دەنگێکی نزم پێی وت: «نیسکێکی بۆ سبەی بهێڵەرەوە.»
منداڵەکە پرسی: «کەی سبەی دێت؟»
خاتونەکە سەر لە نوێ سەری بۆ ئاسمان بەرز کردەوە و وتی: «لە شوێنێک کە تۆ دەتوانیت بە ئازادی یاری تێدا بکەیت.»
منیش چاوم لە هەنارەکە بوو. دانە سوورەکانی لە بەر ڕووناکی لایتەکەم وەک یاقووت ئەدرەوشانەوە.
ڕێگەکە بەردەوام بوو. خەڵک هەندێک جار ڕادەوەستان. هەندێک جاریش بە خێرایی دەڕۆیشتن.
هەستم دەکرد نێوان خەون و ڕاستی هەنگاو هەڵدەهێنم. نێوان ئەوەی دەیبینم و ئەوەی لە مێشکمدا زیندوو دەبێتەوە. هەر بە ڕاست نەمدەزانی لە چ ئاستێکی ژیانم ڕاوەستاوەم!
کاتێک ئاوڕم لە لای ڕاستمەوە دا؛ پیاوێکم بینی ڕووخساری وەک ییلماز گونای دەچوو. شێوازی ڕۆیشتن و نیگای قووڵی چاوەکانی وای دەنواند وەک ئەوەی لەناو وێنەیەکی کۆنەوە هاتبێتە دەرەوە. کامێرایەک لەدەستی دا بوو. نەیدەپرسی کێین و بۆ کوێ دەڕۆن؟ تەنیا وێنەی دەگرت.
نزیک بوومەوە و پرسیم: «تکایە، تۆ لێرە ئیشت چییە؟»
بە بزەیەکی تێکەڵاو پەژارەوە وتی: «وێنەی ئەو کەسانە دەگرم کەس ناخوازێت بیانبینێت»
کامێراکەی بەرەو خاتون و منداڵەکان هەڵگرت.
منداڵەکان چاویان لە کامێراکە دەکرد.
پیاوەکە کامێراکەی داگرت و وتی: «هەندێک وێنە، ئەگەر بگیرێن، دەبنە بەڵگە. هەندێکیانیش ئەگەر نەگیرێن؛ لە یادەوەریی مرۆڤدا بە جێ دەمێنن.»
پاشان سەیری منی کرد و وتی: «نازانم بۆ ترس لە چاوەکانتدا دەبینم!؟ لە چی دەترسیت؟»
وڵامم نەداوە. چونکە نەمدەزانی زیاتر لە چی دەترسم؟ لە ژاندارم. لە چەکدارەکان، لە سنوور، لەو پیاوەی پرسیاری لێ کردم. یان لەوەی ڕۆژێک بێت و خۆم لەبیر بکەم و نەزانم کێم.
پیاوەکە بە ئارامی وتی: «کامێرا هەموو بابەتێک تۆمار ناکات. هەندێک ئازار لە پشت وێنەکاندا بە جێ دەمێنن.»
لەنێوان ئەو ڕێگە دوور و درێژە، جارێک، خاتونە دەستماڵ سپی لە سەرکە، جیاواز هاتە بەرچاوم. ماندووبوونی تەمەنێک، لە ڕووخساریدا دەبینرا. وەک خەمێکی بێ کۆتایی. هەستم کرد ئەو خاتونە لەو خاتونەی پێشتر دیتبووم؛ ناچێت.
نازانم بۆ زۆرتر لەو دایکانە دەچوو؛ منداڵی لەدەست دابێت. لەو ژنانەی ماڵ و خاکیان خاپوور کرابێت. گشت ئەمانە لەناو گلێنەی چاوەکانی، بەدی دەکران.
نزیک بوومەوە و پرسیم: «داوای لێبوردووییم هەیە. پێم خۆشە بزانم ئێوە کێن؟ ڕووخسارێکی ئاشنان، بەڵام نازانم بۆ نایەنەوە یادم؟!»
بە نیانی وتی: «گرنگ نییە من کێم. وا بزانە دایکی ئەنگۆم.»
لەوە زیاتر هیچی نەوت. بەڵام ئەو ناوە لە دڵمدا مایەوە.
دایکی ئەنگۆ؟!
ئای بە قوربانی خاکی موکریان بم.
دایکی ئەنگۆ، دایکێک کە ڕەنگە لە چاوەڕوانیی گەڕانەوەی منداڵەکانیدا پیر بووە. دایکێک کە دەنگی هەنگاوی منداڵەکانی لە دەرەوەی دەرگا دەبیستێت و دەیانناسێتەوە. هەرچەند دەشزانێت ئەو هەنگاوانە بۆی هەیە قەت نەگەڕێنەوە.
خاتونەکە لە بەر خۆیەوە دەستی کرد بە قسەکردن: «من دایکێکم. بەڵام نازانم چەند منداڵم لەدەست داوە؟! هەندێکیان لە شەڕ دا، هەندێکیان لە گرتوخانە، هەندێکیان لەڕێگەی کۆ ڕەوی و کۆچەریدا. هەندێکیانیش لەو کاتەوە ونبوون کە ناویان لەسەر نەخشەکان سڕانەوە. لە ئەنفالدا. لە هەڵەبجە، لە سەردەشت، لە دێرسیم، لە کۆبانێ و شەنگال و هەر جارەش چاوەڕێی گەڕانەوەی منداڵێکم. هەتا بە ئەمڕۆش هەر چاوەڕێم. زۆر جار لەناو گۆڕە بە کۆمەڵەکاندا گەڕاوم. جاری وایە تەنیا بە خەون دەیانبینم.
ئێوە دەڵێن مێژوو. بۆ من، مێژوو ئەو دەرگایەیە کە هەر شەو چاوەڕێی لێدانێکی دەکەم.»
ئەمەی وت و بێدەنگ بوو.
دەستی کرد بە ڕێکخستنی دەستماڵە سپییەکەی. منیش نەمدەزانی چی پێ بڵێم. لە ئاست ئەو خاتونە خۆڕاگرە، هەموو وشەکان بچووک بوون.
لەو کاتەدا بوو؛ تێگەییشتم هەندێک چیرۆک هەن بە وشە و ڕستە ناگێڕدرێنەوە. بە چاوەڕوانی دەژین و دەمێننەوە.
نێوان ڕاستی و بیر و خەیاڵ سووڕم دەخوارد. لە پڕ کەسێک لەنێوان کۆی ئەو جەماوەرە دەرکەوت. ڕووخساری خەمگین و دەنگی نووسا بوو. بە هەستەوە سەیری ئەو خەڵکەی دەکرد کە لە هەر لایەکەوە هاتبوون و هەر یەکەیان بارێکی قورسیان لەسەر شان بوو. دەتگوت کۆڵبەرن.
نازانم بۆ هەستم کرد مامۆستا سۆران حەمە ڕەشە.
وتی: «ئێمە هەر یەکە لە ڕێگەکەوە هاتووین. کەچی ئازارەکانمان زۆر لە یەک دەچێت. با باش بزانین؛ ئەو سنوورانەی لەسەر نەخشەکان کێشراون؛ نەیانتوانیوە ڕابردوو و ئێستا و تەنانەت داهاتووی ئێمە دابەش بکەن. چ لەم لای سنوور و چ لەو لای سنوور، دایک هەر دایکە و منداڵ هەر منداڵ.
بەڵام پێویستە لە خۆمان بپرسین: ئایا تەنیا بە بیر هێنانەوەی برینەکانمان دەتوانین دوا ڕۆژ بۆ خۆمان دابین بکەین؟»
کەس وڵامی نەدایەوە.
مامۆستا بەردەوام بوو: «بۆ زۆر کەس لۆزان تەنیا ناوی پەیمانێک نییە. ناوی ئەو کاتەیە کە هەست بە دابەشبوونیان کرد. سایکس و پیکۆ تەنیا دوو ناو نین؛ هێمای ئەو دونیایەن کە زۆرجار چارەنووسی گەلان بەبێ گوێگرتن لە دەنگیان، دیاری دەکەن. بەڵام ئێمە نابێت هەموو داهاتوومان لەناو ڕابردوودا بەند بکەین. ئەگەر نیشتمان تەنیا ئەو خاکە بێت کە لەدەستمان داوە؛ ئەوە چۆن دەتوانین لە دڵی خۆماندا بیپارێزین؟ ئەوەی بە مرۆڤی دەناسین؛ دەزانێت نیشتمان ئەو شوێنەیە؛ منداڵێک بەبێ ترس ناوی خۆی بڵێت. ئەو شوێنەیە؛ دایکێک پێویستی بە شاردنەوەی گریانی نەبینێت. ئەو شوێنەیە؛ مرۆڤ بە زمانی خۆی قسە بکات و لە ناسنامەی خۆی شەرم نەکات.
دەڵێن مافی ئەوەمان هەیە بگریین. مافی ئەوەمان هەیە بیر لە مردووەکانمان بکەینەوە. دەی خۆ مافی ئەوەشمان هەیە ژیانێکی ئاسوودە بۆ خۆمان بخوازین و دابینی بکەین. نابێت منداڵەکانمان تەنیا میراتگریی ئازاری ئێمە بن.»
لەوێدا قسەکەی بڕی و سەیری خاتونەکەی کرد.
ئەو خاتونە، دەستماڵە سپییەکەی هەر لەسەر بوو و منداڵەکانیش لە دەوری ئاڵابوون.
بە ڕاستی دایکێکی دڵسۆز و دلۆڤان بوو!
مامۆستا بە دەنگێکی نزمتر وتی: «یەکگرتن تەنیا ئەوە نییە هەموومان یەک وشە بەکار بهێنین. ئەوەیە بتوانین لەگەڵ جیاوازییەکانماندا یەکتر بپارێزین. خاک بە تەنیا ناتوانێت نیشتمان بێت. ئەگەر مرۆڤەکان تێیدا یەکتر نەپارێزن.»
قسەکانی تەواو کرد. بەڵام هیچ کەس چەپڵەی بۆ لێ نەدرا. هەموومان بێدەنگ بووین. ئەو بێدەنگییە لە هەر چەپڵەیەک قووڵتر بوو.
منیش بیرم لەو شێرە پیاوە کردەوە کە بۆ بەرژەوەندی ئێمە خۆی بە دەستەوە دابوو تا ئێمە بگەینە ئەو ئاستە.
ئایا ئەو پیاوەش هەمان ئارەزووی هەبوو؟ ئایا دەیزانی کە ئەوەی پاراستویەتی تەنیا ژیانی سەدان و هەزاران کەس نییە؟ بەڵکوو هیوایەکە کە هێشتا لە نێوانماندا ماوە؟
هەوری ڕەش لەسەر سەرمان دەرچوو بوو. تاق تاق ئەستێرە دەرکەوتبوون. هەوا کەمێک گەرمتر بوو. لە دوورەوە دارستانێک دیار کەوت. دارەکانی بە سەرەوەی چیاکاندا ڕاوەستابوون. وەک پیرەمێردانی بێدەنگ کە ساڵانێکی زۆرە شایەتی ڕووداوەکانن.
بەرەو دارستانەکە چووم. لەبن دارێک دانیشتم و پشوویەکم دا. دەستم خستە سەر زەوی. بۆنێکی ناسراو لە خاکەوە هات. بۆنی باران و گەڵای وشک، گەڵایەکم هەڵگرت هەر کە چاوم پێی کەوت؛ بە خێرایی و بە وردی چاوم لە دارەکەبڕی. داربەڕوو بوو.
وتم بۆیە بۆنەکە بۆم ناسراوە. بۆنی زاگرۆس هاتەوە بیرم. بۆنی ئەو شاخانەی لە منداڵییەوە لە ڕاستی و لە خەونەکانمدا دەیبینم. بۆنی ئەو خاکەی کە هەرچەند لێی دوور کەوتبوومەوە؛ بەڵام هێشتا لە هەناسەمدا ماوە.
چاوەکانم داخست. گەڵاکەم خستە ناو گیرفانم.
لە پڕ دەنگی منداڵەکان لە گوێمدا زایەڵەی بەست. یەکێکیان دەیگوت: «دایە، سبەی لە کوێ دەبین؟ سبەی کەی دێت؟»
دەنگی خاتونەکە هاتەوە بیرم: «لە شوێنێک کە تۆ دەتوانیت بە ئازادی یاری تێدا بکەیت.»
پاشان وێنەی مێردەکەی هاتەوە پێش چاوم، وێنەی بوخچە خاوێنەکە، هەنارە سوورەکان و دەستماڵە سپییەکەی سەر سەری خاتونەکە.
لە خۆم پرسی: ئەو بوخچەیە چی لەخۆ گرتبوو؟ ئایا تەنیا شتێکی کەسی بوو؟ یان ئەسپاردنێکی مێژوویی بوو؟
دەستم برد بۆ گیرفانم. گەڵا بچووکی داربەڕووەکەم خستە ناو دەستم. بڕێک خاکی نەرم و بۆنخۆش کەوتە سەر لپی دەستم. دەبێت خاکەکە لەڕێگەی ئەو گەڵایەوە ڕژا بێتە ناو گیرفانم.
چاوەکانم کردەوە. دارەکان هێشتا لە شوێنی خۆیاندا مابوون. نە دەنگیان دەهات و نە قسەیان دەکرد. بەڵام لەو بێدەنگییەدا لە شتێک تێگەیشتم کە لە هیچ وتارێکدا نەمدۆزیبووەوە. مرۆڤ دەتوانێت لە سنوورێک بپەڕێتەوە. لە ماڵێک دوور بکەوێتەوە و تەنانەت ناوی خۆیشی بشارێتەوە. بەڵام ئەگەر یادەوەریی خاک لە دڵیدا مابێت؛ هێشتا ڕێگەی گەرانەوەی لەبەردەمە.
هەستم کرد هێشتا هەر لە چاوەڕوانیدام. چاوەڕوانیی ئەو پیاوە بەئەمەگە، چاوەڕوانیی ئەو دایکانە بۆ گەڕانەوەی منداڵەکانیان، چاوەڕوانیی ئەو منداڵانە بۆ داهاتووی بێ ترس و چاوەڕوانیی خۆم بۆ ئەو کاتەی بتوانم بە دەنگی بەرز و بەبێ ترس ناوی خۆم بە سەر زماندا بێنم.
بەڵام ئەم ڕاییە چاوەڕوانییەکەم تەنیا بۆ گەرانەوە نەبوو. بۆ دەسپێکردنێکی نوێش بوو.
سەرم بەرز کردەوە و سەیری داربەڕووەکانم کرد. بایەکی نزم گەڵاکانی دەجوڵاندەوە. وەک ئەوەی بە زمانێکی مێژوویی قسەم لەگەڵدا بکەن.
بە خۆمم وت: «ڕەنگە داربەڕووەکان زیاتر تێمبگەیێنن.»
ڕەزبەری ٢٧٢٥ی کوردی
مەهاباد

