عەلی حەمەڕەشید
نووسەر، سلێمانی
…………………………
جیهانی رەنگاڵەیی منداڵان و مێرمنداڵان لێوانلێوە لە پاکیی و جوانی و خەونی سەیر، سەرنجڕاکێش، سەرسوڕهێنەر و خۆزگەی جۆراوجۆر و هیوای گەش، کە هەریەکەیان بۆخۆی دەبێتە سەرچاوەی باوەڕبەخۆبوون و بەرەوپێشچوون و بنیاتنانی کەسایەتییەکی دروست و پتەو بۆیان.
منداڵان کاتێک چێژ لە منداڵیی خۆیان وەردەگرن کە ئاسودە بن، تەندروست بژین و نەکەونە ژێر هیچ پاڵەپەستۆیەکەوە کــە ببێتە هۆی نائارامیی و دوورکەوتنەوەیان لە جیهانی منداڵییان. هەرچەندە منداڵی کورد بەهۆی ئەو بارودۆخە نالەبارەی تیایدا ژیاون زۆربەیان هەر بەمنداڵیی رووبەڕووی جیهانی گەورەکان بوونەتەوە و بەپێی پێویست چێژیان لە ژیانی منداڵیی خۆیان وەرنەگرتووە، یان وەکو منداڵێکی ئاسایی نەژیاون و زۆرجار لە ناچاریدا کاریان پێکراوە. بەتایبەتی ئەو نەوەیەی ئێمە، باشترین نموونەش ئەوەیە کاتێک فیلم کارتۆنێکی منداڵان دەبینین حەزی لێدەکەین و بە وردیی تاکۆتایی تەماشای دەکەین، چونکە بە منداڵیی وەکو پێویست لە جیهانی منداڵیی خۆماندا نەژیاوین و هەڵسوکەوتمان نەکردووە. یان ئێستاش چێژ لە هۆنراوە و چیرۆکی منداڵان وەردەگرین. بەڵام منداڵانی ئەم سەردەمە جیاوازن، لەبەرئەوەی زۆر شتیان لەبەردەستتدایە کە کاتی خۆی لە سەردەمی ئێمەدا نەبوون، وەک کتێب و گۆڤاری رەنگاوڕەنگ و جۆرەها یاریی و ئامێرە ئەلکترۆنییە پێشکەوتووە زیرەکەکان. ئێستاش ژیریی دەستکرد کە بەشێوەیەکی بەربڵاو جیهانی گرتۆتەوە، بووەتە هاوڕێی ورد و درشت کە لەگەڵ ئەوەی کارئاسانییەکی باش بۆ مرۆڤ دەکات و هاوکارییەکی خێرای دەکات، لە هەمانکاتیشدا زۆر بەکارهێنانی کاریگەریی نەرێنی هەیە و دەبێتە هۆی رێگرییکردن لە توانا و بەهرە خۆڕسکەکانی منداڵان و سستبوونیان و زۆرجار دواخستنیان لە ئەفراندن و داهێنان. ژیریی دەستکرد کاری باش و جوانی پێ ئەنجام دەدرێت، بەڵام ناکرێت مرۆڤ بەتەواوی پشتی پێ ببەستێت لە هەموو بوارەکاندا.
ئەوەی من لێرەدا مەبەستمە و دەمەوێت باسیبکەم، گرنگی و پێویستیی ژانرێکی کاریگەری ئەدەبە کە بۆ منداڵان و مێرمنداڵان و گەورەکانیش جێگەی سەرنجە، ئەویش ژانری رۆمانە.
دەتوانین بڵێین رۆمان وەکو کێڵگەیەک وایە کە جۆرەها میوەی بەتام و چێژداری تێدایە، هەریەکەشیان لەلای خۆیەوە دەبێتە هۆی رازاندنەوە و جوانترکردنی ژیان. لە رۆمانیشدا چیرۆک، هۆنراوە، شانۆ، وێنە، سیناریۆ، خەیاڵ و فەنتازیا، خەیاڵی زانستی، ئەفسانە، بەها جوانە پەروەردەییەکان، کەلەپوور، زمان، مێژوو، ژینگە، زانست و تەکنۆلۆژیا… وەکو لاولاو لەیەکتری دەئاڵێن و تێکەڵاوی یەکتر دەبن، بەشێوەیەک هێندە بەرهەمەکە نازدار دەکەن کە حەزی خوێندنەوە لە مرۆڤدا زیاتر دەکەن و خوێنەر بە پەرۆشەوە دەست بەخوێندنەوەی دەکات. بۆ سەلماندنی ئەم قسەیەشم لەئێستادا رۆمان بەگشتی لای گەورەکان پێگەیەکی دیاری هەیە و خوێنەرێکی باشی بۆ خۆی پەیداکردووە، بەشێک لە نووسەرانیش دەستیان داوەتە نووسینی رۆمان و وەرگێڕەکانیش درێغییان نەکردووە لە وەرگێڕانی کۆمەڵێک رۆمانی جیهانیی بۆ سەر زمانی شیرینی کوردی.
لێرەدا حەز دەکەم باسی رۆمانی تایبەت بە مێرمنداڵان بکەم، کە لەم چەند ساڵەی دواییدا زیاتر گرنگی پێدەدرێت و هەندێک لەو نووسەرانەی بۆ منداڵان و مێرمنداڵان دەنووسن و هەوڵەکانیان خستۆتەگەڕ بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە لە ئەدەبی کوردیدا. ئەوەی مەبەستمە باسی بکەم رۆمانێکی نوێی نووسەر (ئەمین محەمەد)ە بەناوی «بەردە میهرەبانەکان»، کە هەر لە ناونیشانەکەیەوە سەرنجی خوێنەری مێرمنداڵان و گەورانیش بۆ لای خۆی رادەکێشێت بۆ ئەوەی بیخوێننەوە تا بزانن «بەرد» بەو وشکی و رەقییەوە چ نهێنییەکی شاراوەی هەیە وا دەیەوێت بیدرکێنێت.
بۆ ئەو مەبەستە چەند سەرنجێک سەبارەت بە رۆمانی «بەردە میهرەبانەکان» و نهێنی بەردەکان دەخەمەڕوو:
• نووسەر (ئەمین محەمەد)، پێشتر دوو رۆمانی بەناوەکانی «ملوانکەی ئەفسوناوی» و «کچی دوورگە بچکۆلەکە» کە هاوشێوەی یەکترن، بڵاوکردۆتەوە. بە بەراوردکردنی ئەم دووانە بە رۆمانە نوێیەکەی نووسەر، تێپەڕاندنێکی زۆری پێوە دیارە تەنانەت لەگەڵ ئەوانەشدا کە پێش ئەم رۆمانە نووسراون.
• خەیاڵ و فەنتازیا پانتاییەکی فراوانیان داگـــــیــــــرکـــــردوە بــــــە شــێــوەیــەک کــە دەتـوانــیـن بـڵێــیـن «بــەردە میهـرەبانەکان» دوورگەیەکە لە نهێنی و خەیاڵی فراوان و بێ سنوور.
• رۆمانەکە گونجاوە بۆ ئەوەی بکرێتە سەر زمانەکانی تر و سنووری کوردستان تێپەڕێنێت.
• لە هەمانکاتدا گونجاوە بۆ ئەوەی بکرێتە فیلمی ئەنیمەیشن (وێنەی جووڵاو)، چونکە ناوەرۆک و رووداو و وێنەکانی شیاون بۆ ئەو کارە.
• نــووسـەر کـۆمـەڵێـک ئەفسانەی نوێ و نەبیستراوی ئەفراندووە کە بەسەلیقەیەکی ورد و شارەزاییەکی تەواوەوە لەسەر بنەمایەکی دروست بنیاتی ناون.
• سەبارەت بە دوو رۆمانەکەی دیکەی نووسەریش لە وتارێکدا باسی ئەوەم کردووە، ئەگەر ناوی نووسەر لەسەربەرگی رۆمانەکە لاببرێت و بخرێتە بەردەست ژمارەیەک خوێنەری شارەزا، وادەزانن رۆمانی «نهێنی بەردەکان»، بە زمانێکیتر نووسراوە و وەرگێڕێکی بەتوانا و لێهاتوو کردوویەتی بە کوردی.
• بە تەواویی خوێنەر وا لێ دەکات کە بەدوای زانیارییەکاندا بڕوات و بەپەرۆشەوە بیخوێنێتەوە.
لەسەرەتای بەشی یەکەمی «نهێنی بەردەکان»دا بە ئەفسانەیەک دەست پێ دەکات: «سێ بەردی دەگمەن و ناوازە هەبوون، ناویان بەردە ئەڵماس و بەردە ئاڵتون و بەردە زیو بوو»، ئەمە سەرەتایەکی سەرنجڕاکێشە و دەروازەیەکی باشە بۆ چوونەناو جیهانی بەردە میهرەبانەکانەوە. دواتر بۆ ناساندنی ئەم سێ بەردە، تا خوێنەر زیاتر تامەزرۆ بکات بۆ خوێندنەوەی رۆمانەکە، روونکردنەوە دەدات.
نووسەر لە رۆمانەکەدا دەنووسێت: «پێش ئەم بەردانە، دوورگەکە ناوچەیەکی بورکاناویی و پڕ لە بڵێسەی ئاگر بوو. ئەو بەردانە هەریەکە و تایبەتمەندیی و چیرۆکی تایبەت بە خۆیانه هەبوو، بەردە ئەڵماسەکە هەمیشە وەک خۆر دەدرەوشایەوە، کانییەکی شیر لەژێریدا قوڵپ قوڵپ هەڵدەقوڵا، بەردە ئاڵتوونەکە بەردەوام دڵۆپ دڵۆپ هەنگوینی لێ دەچۆڕا. بەرد

