ھیبە فەیسەڵ
نووسەر، دانیمارک
……………………..
وتی: لە خودای بەزیادبی، ئەمن گەلەك ئاسودەم.
منیش بە دەست خۆم نەبوو. ئاوڕێکی لەناکاوم دایەوە و چاوم کەوتە سەر گیرفانی چەپی کراسەکەی. جوڵەیەکی سەیرم بینی. لە دڵی خۆمدا وتم: ئەمێستا دەپرسم؛ تۆ باشی؟ بەڵام بینیم چاوەکانی تەڕ و پڕ لە ڕەگی سوور.
ئەو قاقایەکی قوڵی لێدا و یەکەم فرمێسکی گەرم لە جڵەوی خۆڕاگریی چەند وەختەی دەرچوو. بە لەپی مەچەکی باریکی فرمێسکەکەی سڕییەوە و وتی:
من هەمیشە بە ئەقڵ ژیاوم، بەڵام پێدەچێت وردە وردە لەدەستی بدەم و بپوکێمەوە. شێواو، شێتبم، بڕۆم و نەگەڕێمەوە.
مەگەر من چی بکەم کە ئەو هەمیشە تاکە پێوەری دیدەی منە؟ هەرچییەك دێتە بەردەمم، نابێت لە ناز و بێباکی ئەو گرانتربێت.
ئەو نازانێت کە من لە گەرمترین ڕەش بەڵەك، لە میوانی و قاوەڵتی بیرم لای ئەوە. ئەو تەنها داگیرکارە کە من چەك و ملم بۆی دابێت.
لە پاش ئەو هەموو ساڵەیش، بە نهێنی و بە ڕوونی، بەردەوام حەزدەکەم دەست لە خەیاڵم وەردات، بیشێوێنێت و نغرۆم بکات.
وتی: من زۆرجار لە ترسی خۆم، هەڕەشە لە تەنیایی دەکەم. دەیترسێنم و دەڵێم کە هێشتا ئەو زۆری ماوە بتوانێت زەفەر بە منێکی بێخەو بەرێت.
ئەگەر ئەو خەنجەری لەسەر گەرووی من داناوە و نیازی هەیە بیوەشێنێت، ئەوە منیش لەمسەرەوە قۆرتی بۆ لێدەدەم و نەخشە نهێنیەکانم تاوتوێ دەکەم؛ کە ئەمجارە لە کوێ و چۆن سەرڕێگەی پێ بگرم.
وتی: من لەو ڕۆژەوەی کە بینیم مرۆڤە دڵشکاوەکان بۆ کوێ بار و سەریان هەڵدەگرن، ئیدی نەموێرا چیدی سەردانیان بکەم.
گەورەترین کێشەی من نەبوونی زمانێك بوو بۆ پێناسە، گەیاندنی ڕاستی و دەرکردنی دەرد و خاشاکی ئەم گیانە.
من دەمەوێت لە بەرپێی ئەوەوە، لەوپەڕی شەقامی نکوڵی بپەڕمەوە بۆ گەڕەکی دانپێدانان.
بدرکێنم کە من ئەوم دانابوو بۆ ئەو ڕۆژانەی کە باشی و پاکی لە خۆیدا دەبێتە خەبات. ئەو ڕۆژانەی دووری نابێتە پێوەری نزیکی و بێدەنگیش سەلماندنی گومان.
ئیدی هەردوو چاوی من وەک پەڕی پاساریەك بەسەر ڕووخساری بێتاوانی ئەو لەسەرخۆ دەخشا.
قسەکانیم قرتان و وتم: جەرگە، کەس بە حاڵی تۆیش نەبێت. ئا ڕایگرە، با دوو چا بخۆینەوە. خۆ خەریکە چاوم بۆی دەربێت.

