فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

تۆپەکەی نارێ

ئەرسەلان حەسەن
نووسەر، ڕاپەڕین

…………………….

نارێ کە لە پێشبڕکێی قوتابخانەکەیان بەشداری کردبوو، تۆپێکی جوانی ڕەنگاڵەیی بەدیاری وەرگرتبوو. تۆپەکە زۆر جوان بوو. جوانی تۆپەکەیش وایکردبوو زیاتر لای نارێ خۆشەویست بێت. تەنانەت کە شەوانیش دەخەوت، لای سەرینەکەی دای دەنا. نارێ ئەوەندە تۆپەکەی خۆشدەویست کۆمەڵێک چیرۆکی دەربارەی تۆپەکە نووسیبوو بۆ هاوڕێکانی دەخوێندنەوە و لە کۆتاییدا دەیوت، بەسەرهاتی تۆپە جوانەکەی منە.
ڕۆژێک نارێ لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی لە پارکی گەڕەکەکەیان دانیشتبوون. نارێ دوای ئەوەی لەگەڵ هاوڕێکانی یارییان بە تۆپەکە کرد و ویستییان پشوو بدەن، نارێ وتی با بەسەرهاتێکی تۆپەکەمتان بۆ بگێڕمەوە. هاوڕێکانیشی وتیان دەی پێمان خۆشە بۆمان بگێڕەوە. نارێ وتی:
– “شەوێک کە ماڵی پوورم هاتبوونە ماڵمان و لە کاتی ڕۆیشتنەوەیان نەیانزانیبوو تۆپەکەی منیشیان لەگەڵ شتەکانی خۆیان بردبوو. کە لەماڵەوە شتەکانیان کردبۆوە تۆپەکەمیان بینیبوو و وتبوویان تازە درەنگە و بەیانی بۆی دەبەینەوە، بەڵام کە بەیانی لە خەو هەڵدەستن و دەیانەوێت تۆپەکەم بۆ بهێننەوە، دەبینن تۆپەکە نەماوە. ئەوکاتە ئاڵێ دەنێرن تا پێمان بڵێن شەو تۆپەکەیان لەگەڵ شتەکانی خۆیان بردووە و بەیانی کە ویستوویانە بیهێننەوە، دەبینن تۆپەکە نەماوە. کە ئاڵێ هات و ویستی پێمان بڵێت، بینی من و دادە زیوەم یاری بە تۆپەکە دەکەین، سەرسام بوو و هیچی پێ نەوترا.”
نارێ ڕووی لە منداڵەکان کرد و پێی وتین:
– “دەزانن بۆ؟”
– “نا، نازانین. ئێمە چووزانین؟!!”
نارێ بە پێکەنینەوە وتی:
– “چونکە تۆپەکەم تۆپێکی ئەفسوناوییە و دەزانێت من خۆشم دەوێت..!!”
هەموویان سەیری یەکترییان کرد و پێکەنین.. دەزانن بۆ؟ دەی بزانم دەزانن بۆچی تۆپەکە ئەفسووناوی بوو؟ نا من پێتان ناڵێم، دەبێت بۆ خۆتان بیزانن..