فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

خانەقای ميرزا “١” پشوويەکی ئۆخەی

سەردار ڕەزا جاف

شاعير و ڕەخنەگر

…………………………

بەشی چوارەم


سێيەم : گرێجنە ” تەون “

 أ – بە سەر پێوە

بەر لە شۆڕبوونەوە و شەنوکەوی کردنی ڕۆمانەکە لە ڕووی رووداوە و کەسايەتييەکانی ناو ڕۆمانەکە، پەيوەستبوونی بە هەر تاکێکی ئێمەوە، يان ئاشنا بوونمان بە ژيانی کەسێک ئاخۆ بە چ  فاکتەرێک نێوان پاڵەوان و نووسەر ڕۆمانەکەی لێهاوێربووە، لە کاتێکدا کە نووسەر نە هاوڕێی پاڵەوان بووە نە لە سەردەمی ئەودا ژياوە، ئێمە لە کاتدا باسمان لەوە کرد، کە نووسەر ( ٢٣ ) ساڵان بووە، پاڵەوان کۆچی دوایی کردووە، بۆ خۆمان لەو باوەڕەدا نين پەيوەندی و هاوڕێيەتی لە نێوانيان هەبوو بێت، ڕەنگە دراوسێيەتی هەبوو بێت ئەوەيش نەک لە سەردەمی نووسەر بەڵکوو لە سەردەمی باوکی نووسەردا، هۆکارێکی ديکەيش لە ڕۆمانەکەدا بەرچاوم نەکەوت و باسی لێوە نەکراوە دەشێ خانەوادەی جەلالی ميرزا کەريم هۆکار بووبن، بۆ مانەوەی خانەوادەی نووسەر لە سلێمانی، ناکرێ ئەمە بە ڕەهایی ديقەت بدرێت و تەنها مينا گريمانەيەک باسمان کردووە، پێدەچێت دوورونزيک پەيوەندی بەم حاڵەتەوە نەبووبێت، هەر لە ناخی نووسەرەوە پەيوەستبوونێکی خۆرسکی و سەرسامی هەبووبێت بە ديدگای جەلالی ميرزا کەريم.

لەم ڕوانگەوە تەواوی ڕووداوەکان دەبێ بخزێنە بەر نەشتەری شرۆڤەکردن، چونکی لێرەدا سەرهات و ڕووداوگەلی ناو ڕۆمانەکە و هەڵچوون و هێنانە ئارای گرێ و چارەسەرکردنی لە چ دەروازەيەک بە کام پەنجەرەدا تێپەڕ دەبێت.

هەروەک لە بڕگەی کاتدا ئاماژەمان پێدا و پێنج ساڵمان تەرخانکرد بۆ کنە و سۆراغکردن بە دووی وردەکارييەکانی ژيانی پاڵەوانی ڕۆمانەکەی، بۆيە هەندێجار هەست دەکەين يان لايەنێکی ئەندێشەیی خۆی ئاوێتەی دونيا ڕياليستييەکە کردووە، يانيش خۆی لە زۆر شت دوورە پەرێزگرتووە، مينا دوکانەکەی مام زامن، بەڕاستی گەڕان بە ناو ژيانی کەسێکدا سەخت و قورسە جا ئەو کەسە لە رووی کۆمەڵاتييەوە نزيکت نەبێت و هاوکات هاوتەمەنيش نەبن، هەقی خۆيەتی دەستخۆشانەی ئەو ماندوو بوونەی لێبکرێت، جاری وا ڕێکدەکەوێت کەسێک ياداشتەکانی خۆی دەنووسێتەوە، يا ئەوەتا کاتەکانی وەک خۆی تۆمار نەکردووە يانيش زۆر وردەکارييەکانی لە بيرکردووە، هەڵبەتە مەبەستم ئەو سەردەمەيە، بە پەنجەکانی دەستيش کەسێکت بەدی نەدەکرد ياداشتەکانی تۆمار بکات، کەموکوڕی زۆرمان لەو لايەنەوە هەيە، ئەگەر بڵێین ” چێشتی مجێور “ی ڕەوانشاد هەژار موکريانی بە نمووونە بەهەڵەدا نەچووين، هەر بۆيەيش ناوی لێناوە ” چێشتی مجێور”، ئەگەر ژياننامەی چارلی چاپلنيش بخوێنينەوە وەک کورد ئيرەييمان دێت، کە کەسايەتييەکی ناسراو و ناوداری کورد لە يەکێک لە کايە کولتووریيەکان شک نابەين هاوشێوەی چاپلن يادەوەرييەکانيان هەبن، جارێکی ديکەيش دبێژين ئەم ڕۆمانە کارێکی باش و جێی ئافەرينکردنە، وەلێ هيچ کارێکيش بێکەموکوڕی نابێت، ئەوەی ئێمەيش لێرەدا بۆ زاڵبوونە بەسەر ئەو لايەنە شپڕێوانەی لێرەدا خوڵقاوە.

(( کە باس لە ڕۆمانی ڕياليستی دەکرێ گەرەکە هەموو لايەنەکانی لە بەرچاو بگيرێت، ئەمە لە نێو ڕۆمانە ڕياليستييەکان پێیدەوترێت ڕۆمانی گەشەکردن ” ڕۆمانی ژياننامەیی” لەم ڕۆمانانەدا ئەوەی لە سەر ڕۆماننووس پێويستە قۆناغەکانی ژيانی پاڵەوانەکەيە بە سەر چەند لايەنێک باشتر وايە سێ بەش بێت ” گەشەکردن، فێربوونی ئەزموونەکان، دۆزينەوەی خود” ئەدەبی ڕياليستی بە کورتی ئەوەيە کە ” ڕياليستیی لە ئەدەبدا نيشان بدات ” بەواتا نيشاندانی ژانرەکە  بە ڕاستگۆیی بێ هەڵبەستن، لە گەڵ لاگرتن لە توخمە سەختەکانی باوەڕپێکردن و لاگرتن لە نامۆیی هەموو ئەوانەی لە دەرەوەی سروشتن، ئەمە بۆ خۆی جووڵەيەکە رياليست و ژيان بە وردی وێنا دەکات بێئەوەی پەنا  بۆ باشکردن و جوانکاری ببرێت، دوور لە ئايدياڵ و ئەندێشە و هەموو ئەوانەی دوور لە راستين باڵدەگرێت))”١٧”لەم ڕوانگانەوە بە نێو شيتاڵ و شرۆڤەی رووداوەکان دەچين .

ب – کرۆک :

هەڵبەتە کە دێينە سەر ئەم لايەنە نامانەوێت تەنها لە يەک ديدگاوە بڕوانينە کرۆکی باسەکە، وەلێ چۆن ژيانی مرۆڤ خۆی لە خۆيدا تەواوی رووداو و سەرهات و ژانرە جياوازەکان لە خۆ دەگرێت ئێمەيش هاتووين بە هەمان نەفەسەوە بچينە قووڵایی ڕۆمانەکەوە، پێدەچێت هەندێجار باس لە لايەنی ئەدەبی بکرێ لە پڕ بگوازرێتەوە بۆ لايەنی کۆمەڵايەتی بە پێی ئەو ئاراستانەی خودی نووسەر لێرەدا پەيڕەوی کردووە. سەرباری ئەوەی سەرپێيانە ڕۆمانی ” خانەقای ميرزا “مان نەخوێندووەتەوە، هێشتان وەک پێويست نەمانتوانی ئامادەکارييەکانی ئەم لێکۆڵينەوە بە بارتەقای ماندووبوونی نووسەر و کونوکەلەبەرەکانی ڕۆمانەکە شرۆڤەکارييەکی وردتر لەوەی ئێستا لە بەردەستاندايە بکەين، هيچ مرۆڤێک کامڵ نييە هەردەم بێگرێش نابێت، دەشێ ئێمەيش ئەوەمان بەسەردا تێبپەڕێت ياخود درکمان پێنەکرد بێت، کە پەنا بردرا بۆ ڕووداو و سەرهاتی ڕاستەقينە گەرەکە نووسەر ئەو ڕاسپاردنەی بۆ خۆی سپاردووە لە ئاستيدا ئامانەتدار بێت، لە ‌لايەنی ئەرێنی و نەرێنی خۆ پارێز نەبێت و دڵڕاگرتنی ئەم کەس و ئەو کەس و ئەم گروپ و دەستە و ئەوی ديکە نەخزێتە خانە ورديلەکانی هزرييەوە. ئەگەر پێمانوابێت ڕياليستی ڕیبازێکی ئەدەبی بێت، ئەوە گەرەکە لامان ڕوون بێت کەلەم ڕێبازەدا ئەرکێکی قورس دەکەوێتە ئەستۆی ڕۆماننووس پێويستە نووسەر بێلايەنی تەواوی لە تەواوی ڕووداوەکان نيشان بدات نەک لاگيری بکات، چونکە هەر وەک گووتمان ئەمڕۆ ڕۆمان ئەو ڕەواج و بەها گرينگەی هەيە کە بەناو تاکی کۆمەڵ ڕووداوە مێژووييەکان دەگوازێتەوە، هەڵبەتە کەس نکوڵی لەوە ناکات ڕۆمانی ڕياليستی خۆی لە خۆيدا وێناکردنی ژيانی ڕۆژانەیە بە بێ ڕتووشکردن و جوانکاری و پەنابردنە بەر ئەندێشە، کەواتە گواستنەوەی دونيايەکی ڕابردوو وەک خۆی بۆ خوێنەرو پەنجە بە سەر لايەنە نەرێنييەکان دابنێت.(( رياليستی وەک تيۆرێکی ئەدەبی ناوازەيە و ئەم گەشەکردنە لە ڕێگای نووسينەکان و ڕەخنە و تيورەوە بەردەوام بوو، داهێنانی رۆماننووسەکان هاوشانی ئەم گەشەکردنەبوون، تاوەکوو ڕياليستی ڕێبازێکی ئەدەبی بەخۆوە گرت، تايبەتمەندی دياريکراوی جياوازی بەخۆوە گرت، گرينگترينيان پەيوەست بوون بە ڕياليستەوە بە هەمووجۆرە ديارەکانیيەوە، ئەمەيش لە گووتەی جۆرج لۆکاش بەدیدەکەين ” کۆمەڵ ژانری سەرەکی ڕۆمانە، بە واتا ژيانی کۆمەڵانی خەڵک لە کارلێکە نەبڕاوەکانيدا لەتەک سروشتی دۆراندۆری کە بنەمای بزاوتی کۆمەڵايەتی دروست دەکات، و نێوەندگيری لە نێوان ژيانی کۆمەڵايەتی بە جياوازی دامەزراوە يان دابونەريتی کۆمەڵايەتييەوە دەکات، ئەم بۆچوونەی لۆکاش لە هەموو نووسينەکانيدا جەختی لێکردووەتەوە، پرسی ڕۆمان لای ئەو نواندنی ڕياليستی کۆمەڵايەتييەکی دياریکراوە لە کاتێکی دياريکراودا، لەتەک هەموو ڕەنگەکان لەو کاتەدا بەڕووی تايبەتييەوە، جێی سەرنجە کە واتای ڕياليستی زۆرجار بە ڕياليستی کۆمەڵايەتييەوە بەندە))”١٨” .

با لێرەوە لە ميران ئەبراهامەوە گوێ قوڵاغ بين، بزانين ئاخۆ بە چ سرتە و چرپەيەکی جوانناسی لە نووسين و بيرۆکەدا بە دەنگێکی تايبەت بە خود، لە ڕێی سەربوردە و سەرهاتەکان و جيرۆکە لابەلاکانی ناو ” خانەقای ميرزا ” ئاشنای مێژووی شار و سروشت و ڕووداوەکان و خەسڵەتی مرۆڤە جوانەکانی شاری سلێمانيمان دەکات، لە نێو باراناوی بەخووڕی ئەو ساڵەوە ئاوێتەی ژانرەکانمان دەکات، تەپوزی هەناسەبڕکێی خوێندنەوەمان دیت و هێشتان يەژين گەرەکمانە زێتر بدوێين لەوەی هەيە، هەر لە بەراييەوە ميران وێڵی مێژووی رابردوومان دەکات رابردوويەکی ناديار گەرەکە خۆمان وێڵ و عەوداڵی بين و چنگی لێگير بکەين، ئەويش وشەی ” بەڵام ” ە ڕووەو سۆراغی ڕابردوومان دەکات، هەر يەکێک لە ئێمە کاتێک بەڵام بە کار دێنێت پێشتر سەرهاتی ديکەی گێڕابێتەوە، ئەبراهام بێئەوەی هيچمان پێبڵێ يەکسەر دەڵێ بەڵام، ئاخۆ بەر لەم بەڵامە چيدی ڕوويدا بێت، هەر کاتێک مرۆڤ لە ناخی خۆيدا بەڵام دەخوێنێت و دەيبينێت، تێدەگات دەبێ بگەڕێتە دواوەی مێژوو ئەم کاتە. دەکارێ هەر يەکێک لە ئێمە هەزاران وشە و ڕستە و سەربوردەی ئەرێنی و نەرێنی بۆ بەر لە بەڵام دابنێين و بنووسين و شيکاری بۆ بکەين، بەر لە بەڵام دونيايەکی ڕەنگاڵەیی بوونی هەيە، ڕەش و سپی، شەو و ڕۆژ، هەوراز و نشێو، هەڵزنان و شۆڕبوونەوە، خۆشی و ناخۆشی، بەڵێ و نەخێر، بەرەو زۆری ديکەيش پەلکێشمان دەکات، لە سەرەتای ڕۆمانەکە و لە دوای دەسپێکی” بەڵام ” ميران ئەبراهام  لە يەکەمين بڕگەی بەشی يەکەمی ڕۆمانەکەی هێزی خۆی لە بەراييەوە دەرخستووە لە ئێستاتيکای تەوزيفکردن کە تەواو ديمەنەکەت دێنێتە بەرچاو، ديمەنەکانمان لە بەرچاو ڕەنگڕێژ دەکات،  ئەمە جێی خۆشحاڵييە و مرۆی کورد ئاسوودە دەبێت کە دەبينی بە ڕووئيايەکی دونيا بينييەوە ڕۆماننووسی کورد دێتەگۆ، ئاخۆ ئەم نەفەسەی ڕۆماننووس درێژەی دەبێت، يان هەر زوو دەپووکێتەوە و تەنگەنەفەس دەبێت، پێکەوە با ئەم سەفەرە دوورودرێژە تەی بکەين و ئامادەگی هەموو ئەو لاپەڕە کورتانەی بە ڕۆمانی ” خانەقای ميرزا ” مانەوە لکاندووە يەک بە يەکيان، بێنينە بەر باس، کە تا ئێستا لەو” ١٦٠ ” دانە کاغەزە چوارگۆشە بچووکە ڕەنگاڵانەی لکاون تەنها دووانيان باسکران و دڕان….

قسە قسە ڕادەکێشێت، پێش ئەوەی بە تەواوی بۆ ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە شۆڕببينەوە، چاکترە هەڵوێستەيەک لە سەر خودی ” جەلالی ميرزا کەريم ” بکەين، لە بارەی ئەوەی بۆ هێندەی هاوڕێکانی و هاو ڕێباز و هاوقەڵەمەکانی، ناوی وەک پێويست بەربڵاو نييە، هێندەی ئەم ڕۆمانە بە خەڵکی ناساند بە بارتەقای ئەوە خۆی هەوڵی نەداوە، يان سەردەرکردوو نەبووە لەمبارەيەوە، ئێمە بەشبەحاڵی خۆمان وای لێدەڕوانين هاوڕێکانی تەنها وەک پێپليکانەيەک بەکاريان هێناوە و سەرکەوتوون، جگە لەوەيش خودی خۆيشی کەمتەرخەم بووە لە ئاست خۆی، چوونی بۆ ئەمريکايش هەروەک دواتر خۆی لە چوونی بۆ ئەمريکا پەشيمان بۆتەوە وای کردووە لە بەرچاو ون بێت، نەوەی دوای خۆی خەڵکانێکی کەم ناسييان، ئەوانی دی بە تايبەت گروپی بزوتنەوەی ڕوانگە کە جەلال سەردەستەيان بووە، ئەوەی لە ناوەوە بوو باشتر دەرکەوت و ئەويشی لە ئاوروپا وەک ئامريکا نەپچڕابوو. نامانەوێ ناوی کەس بێنين تەنها هێندە دەڵێين، ” خانەقای ميرزا ” زياتر لە خۆی کاری بۆ جەلال کرد. نووسەر و ئەديبی نەوەی دوای خۆيشی لە خۆی ديار و بەرچاوتر دەرکەوتن.

(( لە نيوە شەوێکی ڕۆژی هەينيی مانگی يەکەمی زستانی ساڵی ١٩٣٥دا، لە ئێوارەی ئەو ڕۆژەوە هەورێکی ڕەش بە ئاسمانی شارەوە نووسابوو. باران بە خوڕ دەباری و لە خوارووی شار و دامێنی شاخەکانەوە زووزوو دەنگی هەورەتريشقە دەهات. لە شەقام و کۆڵانەکاندا باراناو تاوەکوو قولەپێ دەهات، لە شەقامەکان خەڵکی بە عەرەبانەی دەستی دەپەڕينەوە. فەقێکانی مزگەوتی خانەقای مەولا خاليد دەيانگوت؛ گوايە منارەی مزگەوتی گەورە هەورەتريشقە لێی داوە و وێرانی کردووە.ڵ١٣ ))، باسمان لە ناڕوونی کات لێرەدا کرد، ئێستا خوێنەر ديمەنێکی هاتە بەرچاو، بەڵام لێرەدا ململانێ و کێشمەکێشی خوڵقاندووە، کە ڕەگی کۆن و مێژوویی هەيە، ديقەت بدەن دەڵێ: ” فەقێکانی مزگەوتی خانەقای مەولانا خاليد دەيانگوت؛ گوايە منارەی مزگەوتی گەورە هەورەتريشقە لێی داوە و وێرانی کردووە” لێرەدا وشەی گوايە هەرچەندە نابێ لەوێ دابنرێت، چونکە فەقێکان ناڵێن گوايە، دەبووايە نووسەر بە جۆرێکی ديکەی بهێنايەتە بەر ديدی خوێنەر، خاڵێکی ديکە بەم وشەی گوايەيەدا، باس لە ململانێی نێوان موريدانی هەردوو تەريقەتی قادری و نەقشبەندی دەکات، ڕەگ و ڕيشەی ئەم ململانێيەيش دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ( ١٨١١ – ١٨٢٠ )، لێکۆڵينەوە لە وشەی گوايە واتا بوختان يان پڕوپاگەندە، ئەمەيش دەچێتە خانەی درۆوە، کەواتە ململانێکە بە بير دەهێنێتەوە، جا نازانم خوێنەر هەستی بەم لايەنە کردووە.

نووسەر هەوڵ دەدات شەوی لە دايکبوونی جەلالمان لەلا بکاتە، مێژووی سەرهەڵدانی ڕووداوێکی ديرۆکی مەزن، کەچی لە سەرهاتەکەيشيدا نەيتوانی وەک شێرکۆ بێکەس بێتە ناساندن، ديارە ڕەوتی ژيانی هەر کەسێک تا سەردەمێکی چاوەنواڕکراو لە دەسەڵاتی دايک و باوک دايە، وەلێ ئەوی دی پەيوەستە بە خودی خۆيەوە هەروەک دواتر بۆ خۆی دەڵێ لە چوونی بۆ ئامريکا پاشگەزە، دەشێ ئەوەيش هۆکاربێت لە دواکەوتن و پەراوێزکەوتنی لە دونيای شيعر و ئەدەبياتی کوردی، ئێمە قسەمان لەم ڕووەوە لە بارەی داڕشتنەکە نييە، بە شێنەیی دێينە ئەم بوارە بەرتەسکە گرينگەی سەرهەڵدانی ژيانی جەلالی ميرزا کەريم بزانين چی دەڵێت: (( شڵپوهوڕ بە کەناری شيوەکەدا ڕای دەکرد، …. تا دەگات بە ئەوەی ……..بە مشتەکۆڵە کێشای بە دەرگە تەختەکەدا))ل١٣، تەوزيفێکی جوانی کێشاوە وەک ئەوەی ڕووداوێکی سەرسووڕمێن قەومابێت، يەکسەر دوای لە لێدانی دەرگاکە ميرزا کەريم خۆی پێناگيرێت، : (( عەزيز، عەزيز، کوڕە برای چاک بە، فريامان کەون))ل ١٣، وا بە هاوارەوە بانگی کردووە هەموو گەڕەک گوێيان لە دەنگی بووە، هەروەک نووسەر بۆ خۆيشی وادەڵێ، ئەم پەراگەندەييەی ميرزا بەم نيوە شەوە نازانرێ بۆ چييە، لێرەوە نووسەر دەيەوێت خوێنەر ئالوودەی گێڕانەوەکەی بکات، پەيوەست بێت بە وشە بە وشەی، ئەم سەرەتايە بۆ خودی خەڵکی سلێمانی دەبێتە گەڕاندنەوە بۆ ڕابردوو و بۆيە بە پەلە دەخزێنە نێو ڕابردوويەک کە ئێستا پێيان جوانە، لە بەرامبەردا نازانن چی بووە ‌هێندە نەبێت ئافاتێک ڕووی داوە و خوێنەر لێی بێئاگايە هيچی لە بارەوە نازانێت، ئاخۆ ئەم کابرا بۆ بە ‌پەلە وهەڵەداوان و بەم هاوارەوە ڕووی لە ماڵی عەزيز ناوە، لە وەڵامی دەرگالێدان و هاوارەکەی ميرزا، عەزيز دەڵێ : (( چييە ميرزا، چييە، بۆ بەم نيوەشەوە سەرودڵت گرتووين؟ل ١٤ )). ئالێرەدا تەفاعولێک لە نێوان نووسەر و خوێنەر دەخوڵقێت، بيهێنە پێشچاوی خۆت شەوێکی ئەنگوستەچاو، سەرما و تووش، هاوکات بە خوێنەر دەڵێ هەر تۆ نيت لەم سەردەمە بە هۆی تەکنۆلۆژياوە تا سبەی شەونخونی دەکەی ئەوەتا عەزيزيش بەو نيوە شەوە بە ئاگايە بە ديار دوو پێک ئارەقەوە مەستە، لێرەدا خوێنەر بيری دێتەوە کە خەڵکی دی بە هۆی شەوچەرەی گوێ ئاگردانی زستانەوە شەوگاری درێژ بە خۆشييەوە بە سەر دەبەن و بە ئاگان، واتا ئەو خەسڵەتی تا بەيان بە ئاگابوون بە ديار فەيسبووکەوە کاری ئەمڕۆی شارەکە نييە، ڕەگوڕيشەی کۆنی هەيە، ميرزا دەڵێ: (( کوڕە فريامان کەون ، ئەوە حەلاو ژان دەيگرێ و واخەريکە ڕۆحی دەردەچێت.ڵ١٤)) ئێستا بۆ خوێنەر ئاشکراکرا و ئەو پەردەيە لە سەر پەنهانی و شپرزەييەی ميرزا لادرا، هێدی هێدی لای خوێنەر ڕوون دەبێتەوە کە جەلالی ميرزا کەريمە لە دايک دەبێت، لێرەدا پەيوەستبوونێکی دژ بەيەک لە نێوان خەسڵەتی ئەو ڕۆژگارە و ئەمڕۆدا دەبينينەوە.

(( ئەم لايەنە لە بەشی پێنجەم درێژەی دەبێت ))

سەرچاوەکان :

١ – ڕۆمانی ” خانەقای ميرزا ” نووسينی ” ميران ئەبراهام ” لە بڵاوکراوەکانی ناوەندی بڵاوکردنەوەی کەپر، ساڵی ٢٠٢٣.

١٧ – الرواية الواقعية و أهميتها في الأدب، د . ساير الشمري. الجزيرة نت . ٢٠ سپتمبر ٢٠٢٤

١٨ – الرواية الواقعية : دراسة في تحليل الأبعاد و الأتجاهات، جريدة القدس العربي ٢٧ / ١ / ٢٠٠٦