نووسینی: عەلی ئیبراهیم عەبود
وەرگێڕانی : ئەمین محەمەد
نووسەر، سلێمانی
………………………….
لەو شوێنەی کە بیابان لە دوایین شەقامە ڕووناکەکانی شارەوە دەست پێدەکات و جیهازە مۆدێرنەکان جێگەی ڕادیۆیان لە دەست خەڵکدا گرتووەتەوە؛ هێڵی بیابانی فراوان هەتا سنووری وڵات دەست پێدەکات. هیچ شتێک مێشکی (جاسم) سەرقاڵ ناکات. ئەو هەموو بەها و کارامەییەکان تەنیا لەڕێی وتەی باوکییەوە فێردەبێت، نە قوتابخانە دەناسێت و نە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش. ئەوەی گرنگە لای ئەو، ئەوەیە کە چۆن وڵاخ و حوشترەکانی بلەوەڕێنێت کە هەموو ژیانی خۆی بۆ تەرخانکردوون.
بەیانی زوو لە خەو هەڵدەستێت و لەگەڵ حوشترەکاندا دەچێتە دەرەوە و کاتی ڕۆژئاوابوونیش دەگەڕێتەوە؛ ئەمە هەموو ئەو شتەیە کە دەربارەی ژیان دەیزانێت. جاسم لەگەڵ حوشترەکانیدا دەدوێت و ئەوانیش بۆ گەشتە ڕۆژانەکەیان وەڵامی دەدەنەوە، لە کاتی گەڕان و لەڕێگادا ، تەنیا شیری حوشتر لەگەڵ خۆی هەڵدەگرێت و دەیخواتەوە. ڕۆژێک لەپڕ ڕۆبۆتێک کە بە وزەی کارەبا کار دەکات لە بەردەمیدا دەردەکەوێت و بە ئاراستە جیاوازەکاندا دەجووڵێت. جاسم هەوڵ دەدات قسە بکات چونکە شتێکی ترسناکە و پێی نامۆیە سەیر لەوەدایە کە نە پێشتر بینیبووی و نە ناوی بیستبوو! چونکەهەمووژیانی ئەو لە ناو بیابان بوو لە گورگەکانی شەویش نەدەترسا، بەڵام ئێستا دەنگێک دەبیستێت کە بەخێرهاتنی دەکات و دەڵێت: (من ڕۆبۆتی بیابانم ئەی جاسم، هاتووم تا ئاشنات بکەم بەو ئامێرەی کە قسەی پێدەکەم و دەمەوێت پەیوەندیت لەگەڵدا ببەستم.
جاسم سەرسام دەبێت بەم ئامێرەی کە بە ئۆتۆمبێلێکی تایبەت گەیشتووەتە بیابان، تیمێک چاودێریی جووڵەی ئامێرەکە و کاردانەوەی جاسم دەکەن بۆ ئەوەی بزانن ئایا هیچ دەڵێت؟ دەنگەکە دیسانەوە دێتەوە و دەڵێت: جاسم، باسی حوشترەکانت بکە، باسی گەشتە ڕۆژانەکەت بکە و، بڵێ چۆن ئەم بیابانە دەبڕیت و دەگەیتەوە چادرگەکەتان؟!
باوک و برای جاسم و خزمەکانی دەوەستن و سەیری دەکەن کە چۆن لەگەڵ ئامێرەکەدا قسە دەکات و لە هەمان کاتیشدا سەرسامن پێی. ڕۆبۆتەکە هاوار دەکات: ئەی جاسم، بڵێ چۆن عاشقی بیابان بوویت؟ جاسم بە دەنگێکی نزم وەڵام دەداتەوە، ڕۆبۆتەکە پێی دەڵێت: دەنگت بەرز بکەرەوە!
جاسم دەڵێت: من هیچ لە ژیان نازانم تەنیا ئەوە نەبێت کە لەگەڵ حوشترەکانم دەسووڕێمەوە، ئەوان هەموو شتێکن کە هەمبێت و ئەوەی لای من گرنگ بێت ئەوەیە کە تێر بن. هەموو ڕۆژێک لە بیاباندا بە سەرسوڕمانەوە دەڕۆم، لەلای بیرە ئاوەکان دەوەستم. هاوین بە گەرمای کەشوهەوا دەناسمەوە و زستان بە ساردییەکەی، نە قوتابخانەم بینیوە و نە هیچ ئامێرێک!
ڕۆبۆتەکە بە سەرسوڕمانەوە پرسی: ئایا چ ئاواتێکت لە ژیاندا هەیە؟ قسە بکە! جاسم وەڵامی دایەوە: من لەگەڵ حوشترەکاندا دەژیم و هیچ شتێکی ترم لە ژیاندا نییە!
ڕۆبۆتەکە دەویست لەگەڵیدا نەرمونیان بێت بەهۆی دووبارەبوونەوەی وەڵامەکانییەوە: من لەگەڵتدا لە بیاباندا دەژیم، ئایا تۆ قبووڵم دەکەیت وەکوو هاوڕێیەکت بم؟ لەگەڵتدا بە ڕێگادا بڕۆم لە تاریکیدا و، خۆڕاگر بم بەرامبەر گەرمی نیوەڕۆیانی بیابان؟ قبووڵم بکە، تکایە قبووڵم بکە لەگەڵتدا بم!
باوکی ئاماژەی بۆ کرد و وتی: بەڵێ بڵێ ڕۆڵەکەم، ئەم ئامێرە لەمڕۆ بە دواوە دەبێت بە هاوڕێی تۆ و لە بیاباندا یاوەریت دەکات و چێژ لە دەنگی حوشترەکان دەبینێت، قایل بە ئەی جاسم! لە کۆتاییدا جاسم وتی: تەواو قایلم بووم، دەیکەم بەهاوڕێی خۆم.
هەموو ئەوانەی ئامادە بوون بە یەکەم قسەی پێکەنین. ئەو ئۆتۆمبێلەی کە لە دوورەوە لە بیاباندا جێهێڵرابوو، قسەکانی تۆمار دەکرد و ڕایگەیاند کە کوڕی بیابان (جاسم) بووەتە هاوڕێی ڕۆبۆتەکە و هاوکاری دەکات لە ڕێنماییکردنی حوشترەکان و لاساییکردنەوەی دەنگەکانیان، کە ئەمەیش پیشەی ڕۆبۆتەکە بوو بە دڵی بوو؛ شەوانە ڕێگەی بۆ ڕووناک دەکردەوە و زەوی دەپشکنی.
بەم شێوەیە جاسم هاوڕێیەکی دەستکەوت کە بە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان کار دەکات و شوێنە نوێیەکانی ئاوی بۆ دەدۆزێتەوە!
ناوی جاسم لەناو ماڵە کۆچەرییەکاندا بڵاوبووەوە، پەنجەیان بۆ ڕادەکێشا کاتێک دەیانبینی ئامێرک لەگەڵ جاسم و حوشترەکانیدا لە بیاباندا دەجووڵێت، ژیانی جاسم بەتەواوی گۆڕا ئەو پێشتر جگە لە حوشتر و بیرە ئاو و بیابانێک کە تەواو خووی پێوەیانگرتبوو، ئالودەیان ببوو هیچیتری نەبینیبوو .

وێنەی نووسەر و وەرگێڕئەمین محەمەد

