فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

دارستانی گیانداران

 

ئەرسەلان حەسەن
چیرۆکنووس، سلێمانی

………………………

ئەو ڕۆژە هەورەکان بەری ئاسمانی دارستانەکەیان گرت. بیریان کەوتەوە کە گیاندارەکانی ناو دارستانەکە هیچ خزمەتی دارستانەکە ناکەن و پار چۆنیان بینیوە، ئەمساڵیش وەکوو خۆیەتی. لەو کاتەدا بای هەورەکان بەهێز هەڵیکرد و باران بە شەستە باری. جگە لەوەی زۆربەی لقە وشکەکانی دارەکانی شکاند، لافاوێکی گەورەیش هات. هەمووشتەکانی ناو دارستانەکەی لەگەڵ خۆی برد. گیاندارە بچووکەکان زۆر ترسان. فیلۆکە و کەرکەدەن و تاک شاخ و زەرافە و بێچووەکانیان، خێرا چوون بۆ شوێنێکی بەرز و پارێزراو کە لافاوەکە نەیدەگرتەوە. سمۆرەکان چوونە ناو کونەکانیانەوە و مەیمونەکانیش تووند ئامێزیان لە قەد و لقی دارەکاندا. فیلۆکە وتی:
“دەبێت دارستانەکەمان چی بەسەر بێت؟”
تاک شاخ وتی:
“هیوادارم هیچ شتێکی خراپی بەسەر نەیەت.”
کەرکەدەن وتی:
“ئەمجارەیان هەر شتێکی بەسەر بێت، نابێت پشتگوێی بخەین و دەبێت جوانتر دروستی بکەینەوە.”
زەرافە وتی:
“بێگومان ئەگەر هەموومان یەکگرتوو بین و بەهەرەوەز.”
دوای ئەوەی بارانەکە تەواو بوو. ئاسمان بوو بە ساماڵ و خۆر دەرکەوتەوە. گیاندارەکان گەڕانەوە بۆ ناو دارستانەکە. دارستانەکە پڕ ببوو لە بەرد و قووڕ و چڵپاو و لقی شکاوی دارەکان. کەرکەدەن وتی:
“هاوڕێیان، بە هاوکاری یەکتری، دەتوانین دارستانەکەمان پاک بکەینەوە.”
هەموویان ڕازیبوون. پێکەوە کاریان کرد. کەرکەدەن بەردەکانی لادەبرد، تاک شاخ قوڕ و چڵپاوەکەی پاک دەکردەوە. فیلۆکەیش شوێنەکانی ڕێکدەخستەوە. زەرافەیش ئەو لقە دارە شکاوانەی لێ دەکردەوە بەدارەکانەوە مابوونەوە. لە ماوەیەکی کەمدا دارستانەکەیان پاکوخاوێن کردەوە. بۆ ڕوونکردنەوەی ئاوی کانییەکەیش، چوونە لای کانی کەنێری بناری شاخەکە و چەند ئاو ڕوونکەرەوەیەکیان لێ وەرگرت. بردیان بۆناو ئاوی کانییەکە و دوای ڕوونبوونەوەی ئاوەکە، ئاو ڕوونکەرەوەکانیان بردەوە بۆ کانی کەنێرە و سوپاسیان کرد. کە هەورەکان لە گەشتەکەیان گەڕانەوە. دڵخۆش بوون بە بینینی دارستانەکە، چونکە دارستانەکە زۆر لەجاران جوانتر و پاکوخاوێنتر بوو. ئاوی کانییەکەیش دەتوت ئاوێنەی بەر تیشکی خۆرە دەبریسکێتەوە. لەو ڕۆژەوە، گیاندارەکان فێربوون، کاتێک یەکدەگرن و هاوکاری یەکتر دەکەن، خزمەتی دارستانەکەیان دەکەن، هەموو کارێک ئاسان و هەموو کێشەیەک ئاسانتر چارەسەر دەبێت.