ھیبە فەیسەڵ
نووسەر، دانیمارک
……………………….
ئاااە لە وەفای تەوار و دووربینی ژیوارم
وتی نەفرەت لە هەموو پەیامێك کە ڕووت و داماڵڕاو لە گەرمی بەرۆك و نیگای چاوە پڕ عیشوەکانی ژوانێك بنێردرێت. وتم دەلێگەڕێ خەمی قەیرانی ئەم بوون و چوونە کۆیلە و بێچارەیەی خۆم و خۆت پێکەوە بەڕێ بکەین. چ مانایەکی هەیە؟ نا هەرگیز ڕەوا نییە کە مرۆڤ تەنها لە خۆشیدا ماچەکان بئاخنێتە حەتحەتۆکەیەك و بیدا لە یەخەی یەکتر. وتم مەهێڵە لەم ماتی و تەنهاییەدا، خەمیش وەك خۆمان گۆشەگیر، گەریدە، بێلانە و خاك بکەین. مرۆڤ ئەو کات خۆی ڕادەستی قەدەر دەکات کە هیچ هەلێکی دی نەمابێت بۆ قۆستنەوەی دەستەڵات. هەرسکردنی ئەم گەیشتنەیش ئاسان نییە. ڕاستە لێکبوونەوەی پەنجەئاڵاوەکانی دوێنێی خۆم و خۆت هێندەی ژواری منداڵبوونێك خودایی، تیژ، چڕ، خەست و بێچارەبوو. لە لایەك لەرز و دەمێکی تاڵ. لە سوچێکك ترس، تۆ ببە و ناڵەی گریانی لە هەردووکماندا هەڵگیرسان. لە لایەکی دی پڕ لە میهرەبانی. تێر لە ئارەزوو، تامەزرۆیی بۆ یەکتر. قیچەك قۆرخ کردنی ئازادی و چاوشارکێیەکی منداڵانە لەگەڵ ڕاستگۆیی.
ئەزیزم، سەرت نەسوڕمێ لەو پێچوپەنایەی ڕازەکانمان تێدا شاردەوە. مەگەر تەنها خۆم و خۆت دەزانین کە تاڵاو و سوێی لەدەستدان چۆن گیانێك لە پەل و پۆت دەخات. لە بیرمە ئەو ساتەی وتت بڕۆ. بەڵام سوێند بە ئەو خۆرەی شەڕی لەگەڵ ڕەشبینیمان دەکرد، من لەو ڕۆژەوە تووڕە، خەمینی ماڵئاوایی و لە دەستدانی تۆم. هەنووکە دوو هێندەی منداڵی خۆشمدەوێی. زیکری تۆ لە دڵی مۆری هاو-ڕێ خوازی مندا چیدی پێویستی بە ئیزن نییە. بۆ هەموو تارماییەکی تۆ ئاسا، دەست بە سینە، ئەم نزایە بەرزدەکاتەوە؛ وەی لەبەرت مرم جەرگەگیان. من لەگەڵ هەموو تەگەرەیەك، گرفت و جوانییەك ناوت دەبەم. زەبوونی، کەمی و کورتی نییە گەر بێژم؛ نەڕۆیت ئەزیزم بەتەنێ نەڕۆیت. من خەریکە دڵم لە زمان دەکەوێت. هەروەك چۆن مرۆڤ نەیتوانیوە دەرهەق بە گەورەیی و پاکیزەیی سروشت، پڕاوپڕ پێناسەی فرمێسکێك بکات، ئەمێستەیش بەهەمان شێوە قەبارەی خەمی سەرتاپایی نەهاتەدی خەوی ژنێك لە بەرگی منداڵیدا.

