فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

بەخێـر بێـی شەهلای شووشەیـی

 

نه‌ژاد عزیز سورمێ
نووسەر، هەولێر

………………………

 

” هەموو ئـاویان لێـڵ دەكەن،
تـا قووڵ بنوێـنن.. ”
نیتچه‌

بەخـێر بێـی میوانی تاراپـۆش
بەخـێر بێـی دونیای خەمۆكـی بـێدەنگ!
ئەو درەوشانەوەیه‌م پێ ببەخشەوە،
لە گەواڵەیەكی چڕی
شەرمەوە دێ،
تارمایی بـبـینم
ساوی (با)م بەسەردا هەڵبكا
غەریبی نێرگسی لێ بتكێ..

بەخـێربێـی شەهلای شووشەیی نووستوو!
ئەوەی هات
دڵی خۆی نەدیت و پێـی لێ نا..
ئەوەی چوو بازی كـێوییانی ون كرد
نهێـنی ڕێـكەوت و
ورشەی ئازار و
مەوسیمی جودایـی
لە شكانی شەخـتە و
مەرگەمەلەی كەنار و
كێشمانەی سپێدەدا دیـتبوو..

بەخـێربێی بۆ دەرگای تونێڵ و
باوەشی بەسۆزی،
سرووتـی كسپە و
ئاوازی لاتـی و
فەرشی باران..

بەخێربێـی دونیای خەمۆكی بـێدەنگ!
میوانی تاراپۆش
تۆسەیری،
كۆتری حەوشەی خانەقا چەند شادن
چەند شادن كۆتری حەوشەی خانەقا
گڕی شین لە بنباڵ هەڵدەگرن
ئاسمانگەڕ
لە بۆسەی بەسامی فەنتازیا
دەچنەوە باوەشی
سرووتی كسپە و
ئاوازی لاتی و
فەرشی باران..

شەهلای شووشەیی نووستوو
میوانی تاراپۆش
بەخێربـێن بۆ شایی گوڵاڵە سپییەكان..

نیسانی 2010