ئەیوب ئەحمەدی تینوو کۆکەیی
شاعیر، بۆکان
……………………………
ماڵی دڵم بۆ تۆ گوڵم کردۆتە گوڵخانەی ئەوین
ئەو کووچەیەی پێیدا دەڕۆی بۆم بۆتە هێلانەی ئەوین
داستانی ئەشقی ئەمن و تۆ با بێتە وێردی سەرزمان
با بێین بنووسین چاوەکەم چیرۆکی ئەفسانەی ئەوین
دەستت بنێ ناو دەستی من با بچینە شاری ئارەزوو
با خەم زەفەرمان پێنەبا، ڕووبکەینە مەیخانەی ئەوین
تا خۆشەویستی بڕ دەکا با دەست لە ئەستۆی یەک بکەین
با هەڵبدەین شەو تا بە ڕۆژ پەیکێ لە پەیمانەی ئەوین
شەهدێ لە خونچەی لێوەکەت شەهدێ لە سەر کوڵمی گەشت
کۆوەی دەکەم من چەشنی هەنگ پێی سازدەکەم شانەی ئەوین
تانەوتەشەر، لۆمەی خەڵک، هەرچی ببێ باکم نییە
با گشتی عالەم پێم بڵێن، تینوویە دێوانەی ئەوین
سەر گەر لە ڕێی ئەشقا بدەم هەر مانە، چاوم ،نامرم
هیچ خەم نەخۆی باوانەکەم گەر بمکوژێ تانەی ئەوین
8 سەرماوەزی 05

