شیرین پەرویزنیا
چیرۆکنووس، مەھاباد
……………………..
گەوهەر کیژی خۆرەتاو،
شەڕ کۆچبەری کردبوو ،بەڵام ئاشتی هێنا بۆ گوندەکەی ئێمە .
کە چاوی ڕەشی هەڵدەهێنا لە ترووسکەی نیگای ، کەسکی زەیتوونی عەفرین و قاوەی قەزوانی کوردی و بەڕووی دارستانەکانی زاگرۆسی تێدا بەدی دەکرا.
ئیدی من چاوی ئاوا ڕەنگ ئاوێتەم نەدیەوە
هەرکاتێ پێدەکەنی زایەڵەی دەنگی دەتگوت خوڕەی کانیاوەکانی بناری تەرەغەیە ، وەک ئەوەی شنەی شەماڵی قەندیل و تینی هەتاوی گەرمیان دەست لەملان بووبن، ئاوا فێنکایی دەهێنا .خونچەی دەمی وێنەی گوڵهەناری هەورامان بوو.
میهرەبانییەکەی بارتەقای هەڵگری نازی تەواوی منداڵە بێ نازەکان بوو .
نازانم سووڕی دەوران چی بەسەر هێنا، بەڵام لەوە بێتوو لە ئەنفال و تۆپباران و زیندەبەچاڵ و سێبەری ڕەشی بەکەنیزکەران ڕزگار بووبێ. دڵنیام بە هەر باخێکدا تێپەڕێ ،شوێن پێی هەنگاوەکانی دەبنە ئاونگی سەر سێوەڕە .
گەوهەر ، هاوڕێی منداڵی ، پێکەنین و چاوی ڕەشت لە بیرەوەریەکانمدا بوونە هەرمان و چرۆی یادت هەردەم گەشاوەیە .

