ئەیوب ئەحمەدی تینوو کۆکەیی
شاعیر، بۆکان
………………………………..
شارێ بە تاسەی دیتنی تۆ مایەوە, بۆ نایەوه؟
ناوت له زاری ئاشقان نەبڕایەوه, بۆ نایەوه؟
لەو ڕۆژەوەی بارگەو بنەت پێچایەوه بۆ هەندەران
دەستم لە هەرچی خۆشییە بەردایەوە, بۆ نایەوە؟
فەرشی دڵم ڕاخستووه تا بێتە پێگەی مانەوەت
دڵگیری داوی هیجرەتە و نەکرایەوە,بۆ نایەوە؟
سەد داخ و دیق و مەینەتی داون بەدڵ هیجرانی تۆ
دڵڕەق وەرە جارێ بە دەم هانایەوە ,بۆ نایەوە؟
دەستی نیازی ڕوو بە حەق گرتۆتەوە کوشتەی جەفات
زۆر شەو لە دەرکی خالەقت پاڕایەوه,بۆ نایەوە؟
گەردوونی دڕ بێتۆ هەچی خۆشی هەبوو لێیگرتمەوە
وەرزی ژیانێکی ڕەشی هەڵدایەوە,بۆ نایەوە؟
تا ڕۆژی مەرگم نازەنین بۆ هاتنی تۆ چاوەڕێم
تینووم به دیدارت گوڵم بۆ نایەوه ,بۆ نایەوە

