ڕێڤان جاف
نووسەر، هۆڵەندا
……………………
ئەو کاتانەی وەک کەسێکی بریندار و بەستەزمان، وەک ژنێکی چروسکاوەی لاواز، نیشانە دێرینەکانی خەمهێنان و ترس و بێ چارەیی و خۆشباوەڕی لە ڕووخسارم دەردەکەوێت، دەنگی گریان و کسپەی ساردی پڕ حەسرەت لە گوێمدا دەزڕنگێتەوە، ئەو کاتانە دڵم وەک چۆلەکەیەکی لە مار ترساو لەرز دەیگرێت و بە دەنگێکی کزی غەمگین دەداتە قوڵپی گریان، دەنگێک لە دەروونێکی زامدار و دڵێکی پەشێو و ترساوەوە دێتەدەر کە تەنیا و تەنیا خۆم دەیبیستم. ئەوکاتانە تامایی خەم و پەشۆکان و نائومێدییەکی زۆر لە قووڵایی ناخ و سەر ڕووخسارم ڕەنگدەداتەوە و تەمێکی ڕەش لەسەر ڕۆحم دەنیشێت، بەجۆرێک تیشک دەخاتە سەر کاریگەریییەکانی ڕابردوو، تەواو تەواو هێز و توانای خۆم لەبیردەکەم و ڕۆژ بە ڕۆژ دەچمەوە قاوغە قەڵسبووەکەی خۆمەوە، وەک ڕۆحێکی ماندووی بەر تەوژمی قورسی ڕەشەبا بێدەنگییەکی سامناک و مردوو ئامێز باڵی شەکەتی بەسەرمدا دەکێشێت و ورتەم لێوەنایەت، خەمێکی قورس و دۆخێکی تاریکی پڕ لە ترس و جەنجاڵی دەروون و دونیام داگیردەکەن. ئەو دەمە لە مێشکمدا پرسیارگەلێکی بێزارکەر و هەراسانکەر وەک گوریسێکی سێدارە لە گەردنم دەئاڵێن، پرسیار لە قووڵایی دڵ و دەروونەوە ڕۆحم دەداتە بەر چڕنووکی تیژ و فیکری پەرتەوازەم هەلاهەلا دەکەن، دووبارە سەرهەڵدانەوەی ئەم پرسیارانە تەنیا نیشانەی ئەوەن سۆز داگیری کردووم، هەستی بەزەیی هەڵیقرچاندووم و دەروونم هەڵدەکۆڵێت. لەنێو قەرەباڵغی و گیرۆدەبوون و ململانێی ئەم پرسیارانەدا کە لەنەبوونی وەڵامێک بۆ مانای ژیان سەرهەڵدەدەن، ئەم ساتانە بەبێ ویست و دەسەڵاتی خۆم بیرەوەرییە غەمگینەکان وەک ڕابردوویەکی دوور یان برینێکی کۆن خۆیان لە وێرانەکانی خەیاڵم دەدەن و زنجیرەیەک وێنە دەست بە گەڕانەوە دەکەن. تاڵی ئەو یادانە بە ئازاری پەشیمانی و بەزەیییەوە دێنە ناو مێشکە گڕگرتووەکەم و بە ئازار و ژانێکی توندەوە قەپاڵم لێ دەگرن و جارێکی تر وەک ڕێبوارێکی وێستگەکان دەمبەنەوە بۆ نێو نامۆیی زەمەنە کۆستکەوتووەکان، دەمبەنەوە بە نێو قووڵایی ئەو یادەوەرییانەی سست و بێگیان لە دەرەوەی چوارچێوەی لۆژیکی مرۆڤدا بوونیان هەیە. بیروهۆشم وەک جۆلانەیەک لە نێوان ڕابردوو و ئێستادا دێت و دەچێت، لە نێوان منداڵییەکی شیرین و ژیری پڕ لە ناز و خۆشەویستی و گەنجێتییەکی تژی لە وزە و توانای بەرگەگرتن، دواتر کۆسپ و شکستی ئەزموونە نابووت و مایەپووچەکان و دواکەوتن لە گەیشتن بە خەون و ئاواتەکان، لە کۆتاییدا داهاتوویەکی چاوەڕواننەکراوی پڕ لە بەربەست و مەترسی داڕمان و ژیانی پڕ لە ساتمە و هەڵخزانی پێیەکان، دووبارە کۆکردنەوەی هێز و هەستانەوەی لەسەرخۆ و ڕەتکردنەوەی بێدەنگی و دیاریکردن و ڕێکخستنی ڕێچکەی سووربوون و کۆڵنەدان، گرنگیدان و پاراستنی هەوڵ و دەرفەتەکان بە ئامانجی سووککردنی بارگرانی و تێپەڕاندنی ستەم و ناهەقیيەکان. کۆی هەموو ئەم هەوڵ وهەنگاوانە واتلێدەکات بەرهەڵستی هەموو دونیا بکەیت نەکا ڕۆژێک وەک باڵندەیەکی بریندار و تێکشکاوی بەر باران دیسانەوە ماندووبیت و لەنێو ئەم هەموو ساتمە و هەڵخزانی پێیەدا نەتوانیت هەڵسیتەوە.
هەرچەندە ڕابردوو بە خۆشی و ناخۆشییەوە بەسەرچووە و باشیش نيیە لە گۆڕی خۆی ڕایچڵەکێنم و دیسانەوە زیندوویان بکەمەوە و دووبارە سێبەری قوورسییان بەسەر ژیانمدا سایە بکاتەوا بەڵام زڕە و زڕنگەی یادەوەرییە پڕ لە کەیل و غەمگینەکان زۆرجار زەنگی بەسەرکردنەوە لێدەدەن، هەندێ بە شەرمەوە و هەندێکیش بە تووڕەیی و زەبرەوە، هەندێکیش بێشەرمانە بەردەوام زەنگی بێ قەراری لێدەدەن ئیتر تووڕەیی وا بڕستم لێ دەبڕێت بە خۆم دەڵێم جاربەجەهەنەم یاڵای ئەکرد بەریەککەوتەی ئەو زەنگانە یەکتریان کەڕوکاس و لەناودەبرد.
ئەو کاتانەی گڕوگاڵی نووسین و کاریگەری سرتەسرتی پێنووسم لە نووسینەوەی پەرێشانی ئەم ژانانەدا دەست بە خۆنووسینەوە دەکات، ڕابردوویەکی تاقەت پڕووکێن تەنگم پێ هەڵدەچنێت کە بە جۆرێک دەست دەخاتە گەرووم هەناسەم توند دەگرێت و شپرزەیی و بێزارییەکی قورس دامدەگرێت، دەنگێکی شەڕانگێز لە قووڵایی ناخمدا سەرهەڵدەدا و ناوەناوە دەگاتە گوێچکەم و نیگاکانم تێکشکاو و تژی نەفرەت و تووڕەیی دەکات، تووڕەیی و ڕقێکی سەخت وەک تارماییەکی چڕ و توندی بێ ڕەحمانە دامدەپۆشێت، گێژاو و ئاڵۆزی ئەو تارماییە سارد و بێ مانایانە بە شێوەیەکی بێبەزەیی لە هەوڵ و کۆششدان تاوەکو هێچ شوێنەوارێک لە جەستەی ماندوومدا بە ساغی نەهێڵێتەوە، ئەوکاتانە جۆرێک لە تاسە و حەزێکی سووتێنەر و گوزەری وەک تۆڵەسەندنەوە دەمگرێت، لە دروستبوونی ئەم هەستانەدا هەست بە ئێش و ئازارێکی قووڵی پڕ ترس دەکەم، ترسێک نەک هەر بە تەنها دەست و پێم دەبەستێت و ئیفلیجی دەکات بەڵکوو ئاسەواری هیچ خەندەیەک لە ڕووخسارمدا بە جێ ناهێڵێت، ( ترسێک لەوەی فێری ڕک و کینە و تۆڵەسەندنەوەبم، فێری سڕینەوە و لەناوبردنی سروشتی بوون و مانای ژیان بم ).
ئەگەر تین و تاوی بیرکردنەوە و یادەوەریم هێشتا بتوانێت هەموو ئەو ڕایەڵە ئاڵۆزانە لێک گرێبداتەوە، ئەو کاتانە چاوم دادەخەم و تارمایی زەمەنە ونەکان داوەتی خەیاڵی خۆم دەکەم، بە دەنگێکی کز و خنکاوەوە ناو و ناونیشان و بەرواری یادەوەرییە تاڵ و بەتاڵەکان وەک زنجیرەیەک پەژارە و ناکۆکی قووڵ ڕیزدەکەمەوە، کاریگەرییە ڕووخێنەر و خووە خراپەکانی ئەم ڕابردووە بەد و نەگریسە کە وەک داڵاشێک دەمداتە بەر چڕنووکی ترس و دڵەڕاوکێ و دەمکاتە پەیکەرێکی زیندوویی بێچارە و پەشۆکاو و شەکەت و هەڕەشەی مانەوە و تێکشکانی زیاترم لێدەکات.
تاڵی یادەوەریییەکان وەک گڵۆڵەیەک ئاگر بە نێو پانتایی خەیاڵمدا تلۆردەبنەوە و هەرچەند ئەڕۆم دوای نایەت. دەستچنی ئەم یادە بەدفڕانە کە بە بەنی ناڵە و ناڕەحەتیيەکان ورد و درشت ڕێسراوە، هەرهەموویان دەبنە چنگ و چڕنووکی ژانێکی هار و جارێکی تر قەتماغەی برینەکان هەڵدەدەنەوە.
هەر یادکردنەوەیەکم هاوارێکە لە قووڵایی ناسۆر و تووڕەییەکی پەنگ خواردووەوە کە جەستەی شەکەتمی بە ڕۆحێکی شکاوەوە خستبووە بن سێبەری قورسی خۆیەوە. زووخاوی هەر یادێکیان چیرۆکێکی ئازاراوی خۆی هەڵگرتووە، ئەو چیرۆکانەی بە شتانێکی نابووتکەر ساڵەکان و مەودای بوونی بە تاڵیی و ژان ڕەشکردووە، گەنجێتی بە ژەهری پارچەپارچەبوون شێواندووە، بە برینی قووڵەوە شکۆی مرۆڤبوونی بریندار دەکرد و هێواش هێواش ئاسەواری جوانییەکانی دەسڕیەوە.
ئەو کاتانەی ڕێژنەی خەیاڵم ملی ڕێ دەگرێت و بەرەو ساڵانی دوورم دەبات، یەک بە یەکی بیرەوەرییە شوومەکان کە لە ژەهر و بارووت کوشندەترن وەک دڕک و داڵێکی کونجبڕ خۆیان دەکەن بە ڕێگە و ڕێچکەی کۆشکە ڕووخاوەکەی یادگەمدا، ئیتر هەموو شتێک ڕوو لە ساردبوونەوە دەکات هەروەک ئەو چۆلەکەیەی کە لە بەفردا بە ژێر داو و تەپکەوە بووە. غەمگینی ئەم یادانە وەک مڵەیەکی چڵێس و برسی لە ژێرەوە ڕەگ و ڕیشەی بوون و مانەوە دەخۆن، دوا دیوارە ساغەکەی کە لە باڵەخانەی ڕۆحمدا ماوە ئەویش ڕوو لە داڕمان دەکات.
ئەو کاتانەی پانتایی بیروهۆشم بەرەو ژانی ئەو یادانە دەمبات کە غەدری غەددارێک بە شێوازە زبر و توندەکەی، بە گوشار و هەڕەشەی ساتە خەمناکەکانەوە لە شەوەزەنگی ستەم و سەرکوتکردندا وەک لاولاوێکی سەرکزی بێڕەنگ خۆی لە دڵ و گیانم پێچابوو، ئەو غەدرەی بە مەبەستی حەز و ئارەزووەکانی فریودان، بە ئامانجی بەرژەوەندییە نەفرەتيیەکانی خۆی منی بە تەنیا بۆ قورسایی و چەرمەسەرییەکانی ژیان جێهێشت و ژیانم ڕۆژ بە ڕۆژ بوو بە ژێر باری گەورەی ئاستەنگییەوە، گورزی کوشندەی خۆی بە جۆرێک وەشاند هیچ قەدر و بەهایەکی بۆ ژیانی من نەهێشتەوە. بە قووڵی ڕۆچوومە نێو کەلاوەیەکی چەپەک و وێرانەیەکی چۆڵ و هۆڵ لە ژیان ئیتر هەموو شتێکی ڕۆژگارم لەبەرچاو ڕەش دەچووەوە و گرێی گرژیی و تووڕەبوونم توندتر دەبوونەوە، لە نێو ئازاری ئەو یادانەدا کە دامێنی منیان گرتبوو هەموو تروسکەکانی جوان مانەوەم لێ ببوو.
بۆئەوەی بە ویستی خۆم نەبمەوە میوانی وەخت و ناوەختی تراژیدیایی ئەو یادانە، بە باشی دەزانم لە تاڵی ئەو یادە دۆزەخیانە بکشێمە دواوە، ئەو یادانەی ترس و ڕق و پەرێشانی لە نێوانیاندا شەپۆل دەدا و بازنەکانی ژیان بە هێزی خەم و ئازارەوە تلۆردەکاتەوە، یادێکی وا دەتوانێت تا ماوم پێوەم بلکێت و وازم لێنەهێنێت، وەک تارماییەک خۆی پیشان بدات و دوام بکەوێت، بەو مەبەستەی دەست لە قوڕگم بنێت و بمخنکێنێت. بەڵام قۆناغەکانی فێربوون و تێگەیشتنی زیاتر لە مانای بوون و بەخشینی بەهایەک بۆ ژیان فێری کردم هەموو مرۆڤێک مافی ژیانێکی شکۆمەند و ئارامی هەیە کەواتە گرنگە ئەم تارماییانە لە خۆم دووربخەمەوە و بە بیری خۆمی بهێنمەوە ئێستا لە چ قۆناغێکی جوان و پێگەیشتنی فیکری و گەشە و گۆڕانی باش و بەردەوامدام، نامەوێت چیتر دەست بە شێوازە سواو و بێناوەڕۆکەکەی ژیانەوە بگرم.
باشترین ڕێگەی ڕزگاربوون لە تاڵاوی ئەم یادانە “لەبیرکردنە” ئەویش بە ئیرادەی دەست لێ بەردانەوە دارونەداری ئەو میراتییە چروکە بۆ زبڵدانی ئەزموونە شکستخواردووەکانی دوور دوور توڕبدەم و ڕەگ و ڕیشەی هەرهەموویان لە قووڵایی وجودەوە هەڵکێشم و شوێنەوارییان بنکۆڵ بکەم، تاوەکوو بتوانم بەسەر فشار و سەختیيەکاندا زاڵ بم و دەستهاڕی ژیان بە تەواوی بتوانێت زبری و ناڕەحەتی ئەم یادانە بهاڕێت. ئێستا بە بێداربوونەوە و نوێبوونەوەی بیروهۆشەوە، بە بوونیادنانی خۆڕاگرییەکی بەهێزەوە زۆربەی ئەو تەم و تارماییانەی ڕەواندووەتەوە کە ژیانمی تاڵ کردبوو. مەحاڵە ڕێگە بدەم جارێکی تر خەمی شاراوەی ئەم یادانە دامگرێتەوە و باری قورس و ئاڵۆزی تێکشکان، ئیرادەی نەزۆک و کورتنەفەسی بەناو ئەشکەوتەکانی یادەوەریمدا پەنگ بخواتەوە و ئەم ساڵی بەدبەختی و نیگەرانی بمداتە دەست ئەو ساڵی دی..
لەبەر پێویستی ئازادکردنی یادەوەریم کە وشک و ماندووە لەو وێنانەی کە تەمەنێکە ئازار و ئەشکەنجەیان داوە و خەویان لێ زڕاندووم، دەستەگوڵی لەبیرکردن و پاککردنەوەی هەتاهەتایی ئەو ڕابردووە و نادیدەگرتنی کۆتوبەندی نەریتە کۆمەڵایەتی و فیکرییە نالەبارەکان دەکەمە وەڵامگۆی هاوسەنگ و مانادار لە نێوان ئارامی و سەقامگیری و دۆزینەوەی وزە شاراوەکانی ناو شکست و کەوتنەکان و گەشەپێدانی مانای قووڵی ژیان، ئەمەيش پێویستی بە یادەوەرییەکی بەهێز هەیە، یادەوەرییەک کە نائاگاییانە چێژ لە شکست و قوربانیبوون نەبینێت، پیویستی بە بەردەوامی و گەشەی ڕۆحی فراوان هەیە.
لەگەڵ سووڕانەوەی چەرخی ڕۆژگارا تێگەیشتم هیچ شتێک وەک خۆی نامێنێتەوە، چیتر منیش نامەوێت ببمە شایاتحاڵی ئەو یادەوەرییانەی کە هیواکان لە گۆڕدەنێن.
نامەوێت ئازار و ژانی ڕابردوو بکەم بە ئایندە و ئایندەيش بۆ ڕابردوو بگۆڕم.
وردەکارییەکانی ئەم گۆڕانکاریەيش، بە هەڵدانەوەی چەمکە قووڵەکانی بیرکردنەوە و کارامەیی پیاچوونەوە و تێگەیشتن و ڕێکخستن و دۆزینەوەی مانا و توانا شاراوەکانی ناخی مرۆڤە. مرۆڤ دەتوانێت لە ڕێگەی هەنگاوەکانی پرۆسەی گۆڕانکارییەوە برینەکانی ڕابردوو بکاتە هێز و وزەیەک بۆ داهاتوو، شکستەکان بگۆڕێت بۆ سەرچاوەی هاوسەنگی حیکمەت و بنەماکانی ئاگایی و درککردنی زیاتر کە پەیوەندییەکی جێگیر و پتەو لەگەڵ کەسایەتی و کەشێکی دەروونی و کۆمەڵایەتی گونجاو و تەندروست دروست دەکات.
ئاراستەکردنی ئەم گۆڕانکارییە دروستکەر و بەکەڵکانە:
کلیلێکە بۆ بەدەستهێنانی ژیانێکی شایستەتر و ئارامتر.
هاوارێکە بۆ دۆزینەوەی ئامانجی ڕاستەقینەی ژیان

