فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

خۆری ماڵمان..

دێرین جەمال
نووسەر، سلێمانی

……………………….

 

ئەگەر پەرچوویەک ڕووبدات،
خودا داوایەکم بێنێتە دی..
داوا دەکەم ،تەنیا بمباتەوە،
بۆ سەردەمی منداڵی!
​بەڵێن دەدەم،
منداڵێکی زۆر سالار بم،
لە خوێندندا،
شێری پۆل و ئازا بم،
​نایدڕێنم .پەرتووکی قوتابخانە،
نای ڕەنجێنم ،
دڵی هاوڕێیەک بێباکانە،
​لەسەر بووکەشووشەکەم،
شەڕناکەم، لەگەڵ خوشکم،
​ ئێوارەش وەختی بانگ ،
کاتی نانخواردن،
ڕادەکەم پێش دایکم،
سفرە ڕا دەخەم بێ وڕکگرتن
​لای دەرگای حەوشە ،
چاو لە کۆڵان ئەوەستم
دەزانم وەختی هاتنەوەی باوکمە،
وەک پەیکەر ڕائەوەستم،
​ئەو ساتەی کە ئێواران،
خۆر ڕوو لە ئاوابوون دەبێت،
بە هاتنەوەی باوکم،
خۆر لە ماڵی ئێمە هەڵدێت!
​بەڵام داخەکەم!
ئەمە یاسای ژیانە،
مەگەر هەر بە خەون و خەیاڵ،
بیبنم ئەو ساتانە…

‌