تەها عومەر
نووسەر، سلێمانی
…………………….
دایک ئەو نیشتمانەیە کە هەموومان لەژێر سێبەر و چەتری ئەودا ئارامدەگرین و یەکەم وشەیش کەفێری دەبین هەر وشەی پیرۆزی (دایک)ە، دواتر لەخۆشەویستیی ئەوەوە فێری خۆشەویستیی نیشتمان و ئەوانیتر دەبین. لە بواری ئەدەبدا هێندەی لەسەر دایک و مەزنی و خۆشەویستیی دایکی گەورە کە نیشتمانە نووسراوە، بڕواناکەم لەسەر هیچ شتێکی تر هێندە نووسرابێت. ئەوەتا نووسەری رووسی مەکسیم گۆرکی، جوانترین شاکار و ناودارترین رۆمانی خۆی ناوناوە (دایک) و تیایدا باس لەدایکێکی پاڵەوان وشۆڕشگێڕ دەکات. هەروەک چۆن شاعیری گەورەی کورد لەتیف هەڵمەت بۆ مەرگی دایکی دەنووسێت:
کە دایکم مرد
لە رێگەی گۆڕستان
منداڵیمم بزرکرد.
دواتریش یەکێک لە دیوانە شیعرییە چاپکراوەکانی ناونا (ئەو نامانەی دایکم نایانخوێنێتەوە). جەمال شارباژێڕی وقوبادی جەلیزادە گەلێک شیعری جوانیان بۆ دایکیان نووسیوە، بێگومان گەلێک شاعیری تریش. لێرەدا لەشاعیرێک دەدوێم کە زۆرترین شیعری بۆ دایکی نووسیوە و دایک گەورەترین کاریگەریی هەیە لەسەر شیعرەکانی، کاتێکیش بەرەوتاراوگە کۆچ دەکات و دایک و نیشتمان و خۆشەویستەکەی جێدەهێڵێت، غوربەت شیعرێکی جوانی پێ دەنووسێت کە دواتر لە لایەن هونەرمەند ئەژدەر وەهبی-یەوە بە غەمگینترین ئاوازەوە دەکرێتە گۆرانی:
عاشقێکی سەرهەڵگرتوو، سەفەرێکی پەشیمانم
هۆ گوڵێ گیان بۆ تۆ بگریم، یان بۆ دووریی نیشتمانم؟!
(ئاگرتاش)، نــوێتــریــن قــەسیدەی حەمـەکاکەڕەشی شاعیرە و لەدوای قەسیدەی (من وخۆم)ەوە یەکێکی ترە لە قەسیدە سەرنجڕاکێش و جوانەکانی.
وەک خۆی بۆی باسکردووم لەماوەی سێ بۆ چوار ساڵدا ئەم قەسیدەیەی نووسیوە و دیارە گەلێک پێوەی ماندووبووە، لێی لابردووە و بۆی زیادکردووە و چەندین جار گۆڕانکاریی تێدا کردووە، تاکوو ئەم قەسیدەیەی لێهاتۆتە بەرهەم، دیارە بەرهەمی ناوازەیش دەبێت ئاوا بنووسرێت، بۆئەوەی بمێنێتەوە. شاعیر ئەم قەسیدەیەی بۆ دایکی نووسیوە و (ئاگرتاش)یش نازناوێکە بۆ ئەوی داناوە، وەک دەڵێت:
ئاگرتاش دایکم بوو…
دایکم غەمگینترین ئاگرتاش بوو،
دایکم ژیانی ئێمەی رووناک و گەرم کردەوە
خۆیشی، ئاخ ! خۆی ساردییەکی غەمگین
دڵ و رۆحی داپۆشیبوو
کە دایکم مرد، منیش مردم !
حەمەکاکەڕەش دوای ئەوەی لە تەمەنێکی زووی منداڵیدا رژێمی بەعس باوکی شوێنبزر دەکات و ئیتر جارێکی تر چاوی پێی ناکەوێتەوە، دوای ئەو دایکی جێی باوکیشی بۆ دەگرێتەوە و دەبێتە هەموو ژیانی، بۆیە کاتێک دایکی بۆ ئەبەد بەجێی دەهێڵێت و کۆچی دوایی دەکات، ئەوشاخەی بۆ چەندین ساڵ لەپشتی بوو هەرەس دەهێنێت و پشت و پەنایەکی بەهێزی نامێنێت. ئیتر شاعیر تووشی داڕمانێکی رۆحیی دەبێت و نغرۆی خەم و غوربەت و تەنیایی دەبێت. دوای مەرگی دایکی، کانیاوی شیعری حەمەکاکەڕەش زیاتر دەتەقێتەوە و چەندین شیعری جوان بۆ ئەو دایکە خۆشەویستە دەنووسێت، بەڵام باڵای هیچیان ناگاتە باڵای ئەم قەسیدەیە:
باوکە با بۆت بگێڕمەوە لەدوای تۆ
ئێمە چۆن ژیاین…
کە تۆ ئێمەت لە خانوویەکی قوڕینی
گــەڕەکی بێکەسی،
شارێکی بێکەسدا بەجێهێشت،
لەدوای تۆ زەوی و ئاسمانی ئێمە دایکم بوو
ئاو و نانی ئێمە دایکم بوو.
ئاگرتاش ژنێک بوو بێ هاوتا،
دایکێک بوو لە نوور و میهرەبانیی خودا
ئاگرتاش خەونی غەمێک بوو
بە ناوچەوانی ژیانەوە
دادەگیرسا و دەکوژایەوە،
لە ژیاندا دەمرد و لە مردندا دەژیایەوە.
ئاگرتاش لە مەرکانەی دڵیدا بارانی هەڵدەگرت
تا هاوینان تینوێتیی منداڵەکانی بشکێنێ.
چەپکێ ئاگری وەک پشتوێن دەبەستە پشتی،
بۆ ئەوەی لەسەرمای زستاندا ئامێزی پڕبێ
لە گەرمیی بۆ منداڵەکانی.
ئاگرتاش، ئاگری دەتاشی
ژیانی دەلاواندەوە
سادەیی پڕکردبوو لە جوانی
رەنجی دەدا و لە دڵیدا ئازاری دەژەنی.
لەبەشێکی تری قەسیدەکەیدا دەڵێت:
ئەو شەوەی دایکم مرد
هەزار خەونی ناخۆشم بینی،
حەسرەتی مردنی دایکم
وەک شەوی دارستان تاریک و
وەک بیابان تەنیا و غەمگینی کردم.
هەروەها شاعیر بەباوکی دەڵێت :
کوێربم من، کە دایکم مرد
شیعرێکم بۆ باوکم نووسی
نووسیم؛ باوکە دایکم مرد
دایکم مرد، باوکە!
باوکە دایکم زۆر چاوەڕوانی دەکردیت
خۆر ئاوابوو، شەو تێپەڕی، ساڵ هات و چوو!
کەچی ئەو هەر چاوەڕێی دەکردیت!
تا شەوێکیان نائومێد بوو،
لەوەی کە تۆ دەگەڕێیتەوە
وەک خۆرێکی غەمگین
بەکپی و بە جوانی مرد
وەک چۆن بە کپی و بە جوانی ژیا.
ئینجا بەمجۆرە وەسفی دایکی دەکات:
لەفرمێسک و لە ئارامی و لە فڕینمدا
تۆ باڵ بوویت،
لە شیعرمدا تۆ جوانترین خەیاڵ بوویت.
دایە؛ ئەی ئاگرتاشی ژیانم
من هێشتا ئەو منداڵەم
کە بەچاوی پڕ فرمێسک،
لە دەرگای شەو دەڕوانێ
بۆ ئەوەی تۆ وەک رووناکی بگەڕێیتەوە.
شاعیر شەوی مردنی دایکی وەک ناخۆشترین شەوی ژیانی باس دەکات ، چونکە ئازیزترین کەسی بۆ ئەبەد لەدەستچووە، ئەوەتا لەدوا دێڕەکانی قەسیدەکەیدا دەڵێت:
ئەوشەوەی دایکم مرد
تاقی ژیانم درزی برد
ناوی ئاگرتاش لەسەرزمانم قورس بوو،
وەک پارچەیەک لە دڵم سووتابێ.
من ئاگرتاشم نەماوە، من تەڵەپووشێکم
بەدوای ئاگری خۆمدا دەگەڕێم.
بەبێ ئاگرتاش من نازانم چۆن بژیم،
من کێم!
من دڵێکم هەبوو
بەدەستە شەقار شەقارەکانی دایکم دادەگیرسا
ئێستا، بووە بە خۆڵەمێش لەناو سنگمدا.
ئەوەی مایەی سەرنج و ئاماژە پێکردنە لەم قەسیدەیەدا و جوانییەکی زیاتری پێ بەخشیوە، ئەو دەربڕینە نوێیانەن کە پێشتر پێم شکنایەت هیچ شاعیرێکی تر نووسیبێتنی:
* ئاوی میهرەبان وشک دەکەمەوە
بۆ سەردەمی خنکان، یان تینوێتی.
– با دەبەستمەوە،
تا پشکۆی برینی دڵەکان نەگەشێنێتەوە
-ئاسمان وەک کراسەکەی دایکم قەد دەکەم
-لەتەنیاییدا دەستەکانم بەیەکتر دەگرم،
بۆ ئەوەی نەکەوم.
ئەم قەسیدەیە دەهێنێ زۆر زیاتری لەسەر بنووسرێت، بۆیە بەجێی دەهێڵم بۆ کەسانی پسپۆڕی ئەو بوارە، تاشیکاریی شایستە بەخۆی بۆ بکەن، دوا وتەشم دەستخۆشییە لە برا و هاوڕێی شاعیرم حەمەکاکەڕە و هیوای بەردەوامی و نووسینی جوانتری بۆ دەخوازم .

