دانا ڕەئووف
سويد، نووسەر و توێژەری بواری شانۆ
………………………………….
شانۆ و تەکنیکەکانی دەقی شانۆیی، لە سەرەتاکانی ئەم سەدەیەوە لەنێو تەوژمەکانی مۆدێرن و پۆستمۆدێرنیزمەوە، تا دەگاتە پۆستدراما، گۆڕانکارییەکی زۆریان بەسەردا هاتووە. شانۆنامەنووسە هاوچەرخەکانی ئەمڕۆ تەنیا بە شێوازی کلاسیکی گێڕانەوەی چیرۆکەوە پابەند نین، بەڵکوو بەردەوام هەوڵ دەدەن و بە دیدێکی ترەوە، فۆرم، زمان و شێوازی پەیوەندی لەگەڵ بینەراندا بگۆڕن. ئەم شانۆنامەنووسانە، لەم فۆرم و تەکنیک و زمانەدا هەوڵ دەدەن ڕێگایەکی تر بۆ بەرجەستەکردنی کێشە دژوارەکانی ئەم سەردەمە بدۆزنەوە.
تەکنیکی دەقی شانۆیی، دوای مۆدێرن و تەوژمی سمبۆلیزم و پوچگەرایی، ڕێگایەکی تریان کردۆتەوە بۆ تێکشکاندنی شێواز و فۆرم و تەکنیکەکانی گێڕانەوە. گەر پوچگەرایی تازەگەرییەکی بێ وێنەیان لە چۆنییەتی خستنەڕووی ناوەڕۆکەکانیاندا بەکار هێنابێت، ئەوە شانۆنامەنووسەکانی ئێستا لە ڕووی فۆرم و زمان و ناوەڕۆکەوە هەنگاوی گەورەیان ناوە، بێگومان تەوژمی شانۆی پوچگەرایی ئەو دەروازەیەی کردەوە و لە دوای سامۆیل بێکێت و یۆژین یۆنێسکۆ و ئارتور ئەدامۆف و فێرناردۆ ئاراباڵ… هتد، چەندین نووسەری شانۆنامە دەرکەوتوون، کە ئەو ڕەوتەیان بە ئاقارێکی تردا بردووە. کاریگەرییەکانی بێکێت گەورە و لەبەرچاون، هارۆڵد پینتەر، سارا کێن، لاش نۆرێن، یۆن فۆسە، ئەنیا هیلینگ، ماریوس ڤۆن ماینبۆرگ، پیتەر ئاسمەسن و گەلێکی تر.
لەم نێوەندەدا و لەم بیست ساڵەی دوایدا، لەناو ئەو گۆڕانکارییانەدا “ڕۆڵاند شیملپفێنیگ” لە دایک بووی ساڵی ١٩٦٧ لە ئەڵمانیاوە شوێنێکی تایبەتی هەیە. شیملپفێنیگ ڕۆڵێکی گرینگی گێڕاوە لە خوڵقاندنی شێوازێکی تر بۆ نووسینی دەقی شانۆیی؛ تەکنیکەکانی دەقی شانۆیی و هێڵە تەقلیدی و ڕاستەهێڵی شێوازی گێڕانەوەی گۆڕیووە و چەمک و تەکنیکی تایبهت بە خۆی دروست کردووە، کە ئەویش لە جێگای خۆیەوە کاریگەری بەسەر بەشێکی تری شانۆنووسانی ئەوروپاوە بەجێ هێشتووە. هەندێک لە ڕەخنەگرە ئەڵمانییەکان بەراوردی دەکەن بە برێشت و هەندێکی تر بە شەکسپیر. ئۆلف پێتەر هاڵبێرگ، کە زۆربەی شانۆنامەکانی ڕۆڵاند شیملپفێنیگ-ی لە ئەڵمانییەوە کردووە بە سویدی دەڵێت: “لەم ڕۆدا، هیچ کام لە شانۆنووسە نوێیەکانی ئێمە، کە بە وردی چاودێری دیاردەکانی کۆمەڵگە دەکەن، بەو ئەندازەیە، وەک شیملپفێنیگ لە شەکسپیر نزیک نەبوونەتەوە.”1
شانۆنامەکانی شیملپفێنیگ بە شێوەیەکی جیاواز، بۆ نموونە پەیوەندیی نێوان ڕاستی و ئەندێشە، کات و شوێن، تاک و کۆمەڵگە، لە بەکارهێنانێکی جیاوازی زماندا دهخهنه ڕوو. زۆر جار ڕووداو لە دەقەکانی ئەم شانۆنامەنووسەدا بە شێوەیەکی نائاسایی دەڕوات، کات و شوێن لە چوارچێوە کلاسیکییەکە دەردەهێنێت، لەبری ئەوە دووبارەکردنەوەی ڕووداوەکان و گۆڕینی ژینگە و هەروەها ڕوانگەی ڕووداوەکانیش، بینەران دەخاتە ناو پرۆسەی دروستکردنی مانای دەقەکەوە. لەم ڕووەوە، گرینگی ئەم شانۆنامەنووسە تەنیا لە خودی بابەتەکانی دەقەکانیدا نییە، بەڵکوو لە ستایلی نووسین و پێکهێنانی کارهکتهرهکانی دایه. کات و شوێنی ڕووداوەکان دەشێوێنێت و گێڕانەوەی چیرۆکەکە لە فۆرمێکی نائاساییدا بەرجەستە دەکات. لەبەر ئەوە، بینەران، بە شێوەیەکی چالاکانە ناچار دەکات لەگەڵ نمایشە/دەقەکەدا کار بکەن و مانای ڕووداوەکان بدۆزنەوە.
زۆر جار شیملپفێنیگ، کێشەکانی مرۆڤی ئەم سەردەمەی ئەوروپا، تەنیایی، تاراوگە و هەستکردن بە بێگانە بوون، کۆچ، شوناس، خۆشەویستی و ترس و نائارامی ژیانی شارستانی لە فۆرمێکی بزۆزدا دەخاتە ڕوو؛ کێشەی کۆچ و کۆچبەران و ئەوەی مرۆڤ چۆن ناسنامەی خۆی لە شوێنێکی نوێدا دەدۆزێتەوە، بە قووڵی وێنا دەکات. مرۆڤ لەناو شار و کۆمەڵگە گەورەکاندا هەست بە تەنیایی دەکات، کارەکتەرەکان هەست دەکەن لەگەڵ دەوروبەرەکەیان، تەنانەت لەگەڵ خۆشیان بێگانەن. هاوکات دنیای مرۆڤە پەراوێزخراوەکانی کۆمەڵگە دەخاتە ڕوو، ئازار و کێشەکانی ئەو مرۆڤە پەراوێزخراوانە لەنێو بنەما جیاوازەکانی نایەکسانی و نادادپەروەری و جیاوازییە چینایەتییەکاندا، بە زمانێکی گاڵتە ئامێز و هاوکات لە ڕەوشێکی نوێدا وێنا دەکات. ئەمە جگە لەوەی مەسەلەکانی ترس و مردن؛ لەدەستدان، نادیاری داهاتوو لە زۆربەی شانۆنامەکانیدا دووبارە دەبنەوە. دەکرێت بڵێن، ترس لەو تایکییەی لەناوەوەماندایە، هێڵێکی سەرەکی و گرینگی شانۆنامەکانی پێک دەهێنێت. شیملپفێنیگ لە چەند دیدێکەوە هەوڵی بەرجەستەکردنی ئەو دنیا نایەکسانەی ئەمڕۆی کۆمەڵگەی ئەوروپی دەدات، بۆ نموونە نەمانی بنەماکانی موڕاڵ، کۆمەڵگە پڕ لە تەنگەژەکان و هەژاری لەناو کۆمەڵگەیەکی تری پارەدار و خاوەن دەسەڵاتدا. لەم نێوەندەدا خۆشەویستیش بابەتێکی ناوەندییە، پەیوەندییەکانی مرۆڤ ناسەقامگیر و ئاڵۆزن.
جۆرە ڕازونیازێک لە دەقە شانۆییەکانی شیملپفێنیگ دا هەن، کە هەست و سۆزی کارەکتەرەکان، لە ڕەوشی ڕوداوەکاندا دەشارنەوە، هاوکات ئەم نووسەرە باڵادەستە لە پێناسەکردنی، یاخود بەرجەستەکردنی هەست و سۆزی کارەکتەرەکانیدا، بێ ئەوەی لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا بیان چەسپێنێت. کارەکتەرەکان زۆرجار هیچ ناوێکیان نییە، باسی کەسانێکیش دەکەن، کە ئەوانیش ناویان نییە، لەم گێژاوی بێ ناوییەدا، دیاریکردنی ژوورەکە، یاخود هەڵسوکەوتی کارەکتەرەکان، دەمانبەستێتەوە بە چیرۆکەکەوە.
لەوانەیە توڕەیی و ترس و ناڕەزایی، هەندێک بن لە دەربڕینە دراماتیکییەکانی شیملپفێنیگ، زیاتر هەوڵی دروستکردنی بارودۆخی زیادەڕۆیی و وێنەی چەواشەکاری ڕاستی و جۆرەکانی تری دوورخستنەوە بدات لە ڕاستی، تا بە شێوەیەکی تر و لە شونێکی تردا ڕاستییەکان دەربخاتەوە. لەم گەمەیەدا کارەکتەرەکانی بە ئاسانی لە ڕۆڵەکانیان دێنە دەرەوە، یان ڕێنمایی دیمەنەکانی سەر شانۆ دەکرێت بەتەواوی لەناو دیالۆگەکاندا جێگیر بکرێن. لەگەڵ ئەوەشدا هیچ ڕەوشێک لە بارودۆخێکی ئەبستراکتدا بەرجەستە نابێت، بەڵکوو وا لە ڕەوشەکە دەکات، یان دیمەنەکە بە شێوەیەک بەرجەستە دەبێت، کە لە بەردەوامییەکی هەتا هەتاییدایە. شیملپفێنیگ وێنەیەکی گەورەمان لە دیمەنێکدا بۆ بەرجەستە دەکات، لەپڕ بێ ئەوەی بە خۆمان بزانین، ئەو دیمەنە گەورەیە لە زومی کامیراکەیدا هێناوەتە پێشەوە و لە وێنەیەکی زۆر نزیک لە بینەرانەوە چڕی دەکاتەوە؛ بۆ نموونە لە شانۆنامەی “ئاوە ڕەشەکەدا” لە چیرۆکی خوڵقاندنی مرۆڤەوە، دەمانباتە ناو مەلەوانگەیەکەوە، کە چەند گەنجێک لە ئازادیدا هەناسە دەدەن.
پیاوێک
بێ جووڵە،
وەک ئەوەی دەستکاری نەکرابێت،
ئەو ئاوە ڕەشە،
لە ئاوەکەدا،
بە شەوان، ئەستێرەکانی تیایە
نزیک
و دوور
بێ جووڵە
وەک ئەوەی دەستکاری نەکرابێت
لە کاتە بێکۆتاییەکانەوە
دەستکاری نەکرابن2
دەقە شانۆییەکانی شیملپفێنیگ لەناو دووبارەکردنەوەی دایالۆگی کارەکتەرەکاندا، لەناو خودی ڕەوتی ڕووداوەکاندا چەقیان بەستووە و بە کات و ڕووداوەکانەوە تێکەڵ بوون. کات لەم دووبارەبوونەوەیەدا، لە گۆڕانکارییەکی بهردهوام دایه، کە وا لە بینەر، بێگومان خوێنەریش دەکات هەست بکات بوون و ژیان، بە بەردەوامی لە ژێر کاریگەریی دیدی بێکۆتایی ئهستێرهکان دان، یان لە ژێر ئەو کاریگەرییەدا ڕوو دهدهن. کات بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە ڕابردووەوە بۆ ئێستا و داهاتوو ناڕوات، بەڵکوو دەشکێت و بەشەکانی لەناو یەکتریدا تێکەڵ دەبنەوە. ڕووداوەکان لەناو کاتی جیاوازدا بە شێوەیەکی بەردەوام گۆڕانکارییان بەسەردا دێت و لە جووڵەیەکی بهردهوام دان. ئەم شێوازە لەگەڵ بیرکردنەوەی مرۆڤ پەیوەندییەکی نزیک و میکانیکی هەیە، مرۆڤ زۆرجار بە شێوەیەکی ڕاستە هێڵی، یاخود بە ڕیزبەندییەکی ڕاستەوخۆ بیر لە ڕووداوەکانی ژیانی ناکاتەوە، بیرەوەرییەکان، ئەندێشە و ترس لە داهاتوو، دەتوانن ڕابردوو و ئێستا و ئایندە لە یەک کاتدا لە مێشکی مرۆڤدا ئامادە بن. شوێنیش لەم شانۆنامانەی شیملپفێنیگ دا تەنیا شوێنی ڕوودانی چیرۆکەکان نین. شار، ماڵ، شەقام، هوتێل، شوێنی کار، یان شوێنە گشتییەکان، بەڵام ئەم شوێنانە کاریگەری دروست دەکەن و دەتوانن هەست بە بێگانەبوون و تەنیایی لە مرۆڤدا زیاتر بکەن. هەروەها ئەم شوێنانە دەبنە بەشێک لە مانای شانۆنامەکە.
شیملپفێنیگ زیرەکانە بینەرەکانی دەباتە نێو وردەکارییەکانەوە و مێژووی ژیانی ئەو کەسانەی لەناو ڕەوشی یان چیرۆکێکدا کورتکراونەوە؛ بۆ نموونە، وەک لە ئاوە ڕەشەکەدا، هەندێک جار لە کاتی مەلەکردنێکی شەوانە لە کەناری شارێکی گەورەدا. ڕووداوەکانی شانۆنامەکانی تێکەڵەیەکە لە دیمەنی گەردوونی، کۆسمۆ، لەگەڵ شتی ملموس و ڕاستەوخۆ. کارەکتەرەکان، “پیاوێک” یان “ژنێک”، کە هەندێک جار دەشبێتە “دەنگێک” لەنێوان هەمەچەشنەیی ڕووداوەکان و تێکەڵاوی دیالۆگەکان و ئەو شاعیریەتەی لە دیمەنەکاندا بەرجەستە دەبێت، دیدێکی ڕوونمان سەبارەت بە کارەکتەرەکان پێ دەبەخشێت. بینەر هەست بە پاڵنەرە تاریکەکانی ناوەوەی کارەکتەرەکان ناکەن، بەڵکوو دیمەنە تەواو نەکراوەکان، یاخود دووبارەبوونەوە بەردەوامەکان، لە ناشوێن و ناکاتدا، دیمەنەکەمان بۆ بەرجەستە دەکەن. هەندێک جار سنووری نێوان کارەکتەرەکان ڕوون نییە، ئەمەش بینەر ناچار دەکات زیاتر سەرنج بخاتە سەر دیالۆگەکان، کردار و پەیوەندییەکان.
زۆرجار کارەکتەرەکان مرۆڤی ئاسایی و خەڵکانێکی ژیانی ڕۆژانەی ئەم سەردەمەن و لەگەڵ کێشەکانی ژیانی ڕۆژانە، پەیوەندییە خێزانی و سۆزداری و فشارە کۆمەڵایەتییەکان ڕووبەروو دەبنەوە. هەر لەم ڕووەوە، یەکێک لە بابەتە گرینگەکانی شیملپفێنیگ پرسیاری شوناس و ناسنامەیە؛ کارەکتەرەکان زۆرجار نازانن لەگەڵ خۆیان و دەوروبەرەکەیان چۆن مامەڵە بکەن و چۆن پەیوەندی دروست بکەن، بەتایبەتی لە بابەتی کۆچ و جێگۆڕکێدا، پرسیاری، بۆ نموونە “من کێم” دەبێتە بەشێکی گرینگ لە ناوەڕۆکی شانۆنامەکانیدا. تەنیایی یەکێکە لە بابەتە دووبارەبووەکانی تێمای شانۆنامەکانی شیملپفێنیگ. کارەکتەرەکانی لەناو کۆمەڵگەدا دەژین، بەڵام لەناوەوە هەست بە نامۆیی و بێگانەبوون دەکەن. ئەم تەنیاییە هەر نەبوونی کەسانی دەوروبەر نییە، بەڵکوو دهکرێت تەنیاییەکی دەروونی بێت؛ واتە مرۆڤ لەگەڵ کەسانی تریشدا بێت، بەڵام هەست بکات کە کەسێک نییە بتوانێت بەتەواوی تێی بگات. شیملپفێنیگ بە بەکارهێنانی پەیوەندییە شکستخواردووەکان و دیالۆگە ناتەواوەکان ئەم هەستە بە شێوەیەکی شانۆیی دەردەخات.
زۆرجار ڕەخنەگرەکان ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە، کە ئەو شێوازە شیعرییەی شیملپفێنیگ لە پەیوەندییەکاندا بەکاری دەهێنێت، چ لە ڕووی ناوەوە و چ لە دەرەوە، جۆرە تەکنیکێکە زیاتر شەکسپیر، بە تایبەتی لە مەنەلۆگەکانیدا بەکاری هێناوە. کارەکتەرەکان هەستە قووڵەکانی ناوەوەی خۆیان ئاشکرا دەکەن و پەردە لەسەر نهێنییەکان هەڵدەماڵن و ددان بە تاوانەکانیاندا دەنێن. کارەکتەرەکانی شیملپفێنیگ وەک شەکسپیر، ڕاستەوخۆ بۆ بینەرەکانی دەدوێت، خاڵە بێهێزەکانمان دەستنیشان دەکەن، ئەو شەڕەی لەناوەوەمان دایە دەیوروژێنن و ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەکەن، کە بۆ کوێ بەڕێوەین. ئەوەی واش دەکات دەقەکانی ئەم نووسەرە شەکسپیرمان بیر بخاتهوه، ئەو بەستنەوە دینامیکییەی نێوان ژیان و ئێستاتیکایە. دەقەکانی شیملپفێنیگ لە مۆسیقاوە نزیکن، هەست بە تۆن و هارمۆنیا دەکەین؛ کارەکتەرەکانی بە چاوی کراوەوە، بە نێو خۆیاندا ڕۆ دەچن، بێ ئەوەی هەست بە ون بوون بکەن. شانۆنامەکان شێوازێکی داستانی لە خۆ دەگرێت، چیرۆکەکان لە ڕەوتێکی مێژوویدا، مێژووی کارەکتەرەکان لە ڕووداوەکاندا درێژ دەبنەوە و فۆرمێکی داستانی دەبەخشن بە خودی گێڕانەوەکە. ڕووداوەکان لەو چیرۆکانەدا دەتوانن بە ئاسانی بگەڕێنەوە بۆ ڕابردوو، بگەنەوە بە ئێستا یان ئاماژەیەک بن بۆ ئایندە.
شیملپفێنیگ وا لە بینەرەکانی دەکات، کە لەگەڵ نادیارەکاندا بگەڕێن بە دوای ئەو شتەی کە پەیوەندی بە ژیانمانەوە هەیە، وا دەکات، یان ئەو هەستەمان لا دروست دەکات، کە هەموو شتێک و هەموو کەسێک بەشدارە لە هەموو شتێکدا. جۆرێکە لە ئاگادارکردنەوەیەک، کە ئەو کارەساتانەی بەڕێوەن، بتوانین خۆمانی لێلادەین. شیملپفێنیگ دەڵێت: “من هەمیشە ویستومە شانۆنامە بنووسم، کە بینەر هەست بکات بەشدارە-وەک سەفەرێک.” بینەران وا لێ دەکات، بە شێوەیەکی چالاک مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکاندا بکەن. بینەر ناتوانێت هەموو شتێک بە ئاسانی لە لە خودی ڕووداوەکانەوە وەربگرێت، بەڵکوو دەبێت پەیوەندییە چڕ و دینامیکییەکەی نێوان بەشە جیاوازەکان بدۆزێتەوە. ئەم جۆرە لە شانۆنامە جۆرێکە لە چڕبوونەوە، وا لە خوێنەر یان بینەرەکانی دەکات پارچە بچووکەکان، لە وێنە گەورەکەدا کۆبکەنەوە و بیانێنەوە بە یەکەوە. شیملپفێنیگ بە دووبارەکردنەوەی ڕووداو و دەستەواژەکان، کاریگەرییەکی بەهێز دروست دەکات، ڕووداوێک دەتوانێت چەند جار بگێڕدرێتەوە، بەڵام هەر جارەی لە کۆنتێکستێکی نوێدا مانای جیاواز وەردەگرێت و بە شێوەیەکی جودا لە تەکنیکەکەدا بەرجەستە دەبێتەوە. لەم شانۆیەدا، ئەکتەرەکان لەگەڵ بینەراندا، پێکەوە گەشتێک بە ناو کاتدا دەکەن، کاتی ئەو ژیانەی تیا دەژین.
زمان لەم شانۆنامانەدا، تەنیا ئامڕازێک نییە بۆ گواستنەوەی زانیاری، بەڵکوو بەشێکە لە پێکهاتەی هونەری شانۆنامەکە؛ ڕستەی کورت، دووبارەکردنەوە و گۆڕینی ئاڕاستەی لەپڕی ڕووداوەکان، بەشێکن لەو تەکنیکەی شیملپفێنیگ بەردەوام کاریان لەسەر دەکات. هەندێک جار زمانە ساکارەکەی، لەپڕ بە مێتافۆرێک، یاخود تێمایەکی دووبارە دەشکێنێت. هەندێک جاریش دەنگی گێڕەرەوە و دەنگی کارەکتەر لە یەکتر نزیک دەبنەوە و سنووری نێوان گێڕانەوە و دیالۆگ نامێنێت. بەم شێوەیەش بینەر بە ئاسانی ناتوانێت جیاوازیی نێوان ئەوەی دەگێڕدرێتەوە و ئەوەی لەسەر شانۆ ڕوودەدات، بکات. ئەم شێوازە زمانەوانییە دەبێتە هۆی ئەوەی شانۆنامەکە، هەم سادە و هەم ئاڵۆز بێت. ئەو زمانەی شیملپفێنیگ بەکاری دەهێنێت، لەگەڵ سادەییی ڕووکەشیدا، چەندین مانا لە خۆ دەگرێت، دەستەواژەیەکی سادە دەتوانێت لەناو کۆنتێکستی جیاوازدا مانایەکی نوێ و قووڵ لە خۆ بگرێت.
شیملپفێنیگ بە جۆرێک دەنووسێت، کە هەموو بنەما و یاسا تەقلیدییەکانی دەقێکی شانۆیی، بنەما کلاسیکییەکانی ئەڕستۆ و سنووری شانۆی کلاسیکی و مۆدێرنیش وەلاوە دەنێت و لە هەوڵی ئەوەدایە، فۆرمێکی تر بۆ شانۆ بدۆزێتەوە و بە تەکنیکێکی تر چیرۆکەکانی بگێڕێتەوە، بۆ نموونە لە فۆرمێکی پۆستدراماتیکی دا سوود لە تەکنیکەکانی ڕۆمان وەردەگرێت و نایەوێت بینەر تەنیا بینەرێکی ئاسایی بێت، بەڵکوو دەیکاتە بەشێک لە پرۆسەی دروستکردنی مانا لە دەق و هەروەها نمایشدا. لە شانۆنامەکانیدا، مانا هەمیشە لەسەر خاڵێکی ئامادە و دیاریکراو نییە، بەڵکوو بینەران دەبێت لە ڕێگەی گەڕان بەدوای پەیوەندیی نێوان ڕووداوەکان و کارەکتەرەکان و دەقەکەدا، بگات بە لێکدانەوەی خۆی؛ لەم ڕووەوە بینەران، تەنیا وەرگر نین، بەڵکوو بەشدارن.
کات هەمیشە لە گۆڕاندایە، میلی سەعاتەکان دەگێرێتەوە بۆ ساتەکانی بەر لە کارەساتەکان و سنووری نێوان ڕابردوو، ئێستا و ئایندە تێک دەشکێنێت. بۆ نموونە ڕووداوێکی ڕابردوو لەناو ڕووداوێکی ئێستادا دەردەخات، یان ڕووداوەکان لە چەند دیدێکی جیاوازەوە پێشان دەدات. ئەمەش ئەو هەستە لای بینەران دروست دەکات، کە نەزانێت ڕووداوەکان بە ڕیزبەندییەکی “کاتی” ڕوویان داوە و بە هەستێکی نائاسایی و پڕ لە پرسیارەوە ڕووبەرووی نمایشەکە دەبێتەوە. دەقە شانۆییەکانی ئەم شانۆنامەنووسە، لە ڕووی دراماتۆرگییەوە، ئاستەنگ بۆ دەرهێنەر و ئەکتەر، هەروەها بۆ بینەرانیش دروست دەکات. ئەو شێوازەی شیملپفێنیگ پێی دەنووسێت زۆر لە واقیعەوە نزیک دەبێتەوە، زیاتر و بە شێوازێکی جیاواز لە ڕیالیزمی تقلیدی.
شیملپفێنیگ توانیویەتی شانۆ بەرەو فۆرمێکی کراوەتر و ئاڵۆزتر بەرێت. دەبێت ئاماژە بۆ ئەوەیش بکەین، کە ئەو نوێکارییانەی کردوونی، بێ گرفت نین و هەندێک کێشەیان دروست کردووە؛ بۆ نموونە زۆرجار مانای چیرۆکەکان ڕوون نین و ڕێکخستنی ڕووداو و دیمەنەکان ئاڵۆزن، لەبەر ئەوە بینەر پێویستی بە هەوڵێکی هزری زیاتر هەیە بۆ تێگەیشتن و هەموو کاتێک بەرکەوتنێکی ئاسان بە دەست ناهێنێت. لە هەمان کاتدا، ئەم کراوەیی و پەرتەوازییە دەتوانێت وەک بەهێزترین تایبەتمەندییەکانی شانۆنامەکانی شیملپفێنیگ هەژمار بکرێت. بەم شێوەیە، ئەم شانۆنامەنووسە پرسیارگەلێکی گرینگ دەهێڵێتەوە، دەربارەی هاوسەنگی نێوان هەست و بیرکردنەوە لە شانۆدا.
شیملپفێنیگ لە لێدوانێکدا دەڵێت: “من لە گۆتینگ لە دایک بووم و لەوێ گەورە بووم، شارێکی بچووک، بەڵام نەک تەواو بێ هیچ گرینگییەک، کە شارێکی زانکۆییە و دەکەوێتە کەناری ڕۆژئاوایی ئەڵمانیاوە. لەو شوێنەی هەمیشە، یان لانیکەم زۆرجار، باران دەبارێت. لە خانوویەکی کرێگرتەییدا دەژیاین، کە نزیکەی بیست شوقەی بچووکی تری تیا بوو. من لە ساڵی ١٩٦٧ لە دایک بووم. ساڵی ١٩٦٧ بۆ ئێمەی ئەڵمانەکان، لە ڕووی مێژووییەوە، تەنیا ساتێکی زۆر کەم دوورە لە ئاوشیویزەوە؛ تەنیا بیست ساڵ، هەمان ئەو ماوەیەی، کە لە ئێستاوە تا ڕووخانی دیواری بەرلین-ە. بیست ساڵ هیچ نییە.”3
“ئەژدەهای زێڕین”4 یەکێکە لە گرینگترین شانۆنامەکانی شیملپفێنیگ. ئەم شانۆنامەیە بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش و کۆمیدی باس لە ژیانی کۆچبەران، هەژاری، تەنیایی و ستەمکردن لە مرۆڤە بێدەسەڵات و لاوازەکان دەکات. لەم شانۆنامەیەدا، چەندین کارەکتەر و چیرۆک بەر یەک دەکەون؛ ڕووداوێک کە لە سەرەتادا وەک ڕووداوێکی بچووک دەردەکەوێت، دواتر دەبێت بە بەشێک لە کێشەیەکی گەورەتر، کە پەیوەندی بە مەسەلەی کۆچ و کاری نایاساییەوە هەیە. شیملپفێنیگ دەربارەی چۆنییەتی نووسینی ئەم دەقە دەڵێت: “یەکەم هەنگاوی بیرکردنەوەم کۆبوونەوەیەک بوو لەسەر شەقامێک، کاتژمێر نۆی بەیانی لەگەڵ هاوڕێیەکی پارێزەرم، کە پرسیاری لێ کردم دەتوانم بیر لە نووسینی شانۆنامەیەک بکەمەوە لەسەر کۆچبەرانی نایاسایی، بە تایبەتیش لەسەر بارودۆخی ئەو کەسانەی لە زیندانی دەستبەسەرداگرتنی ئەو کۆچبەر و پەنابەرانەی سنورداش دەکرێنەوە. ئەو پرسیارەم لە خۆم کرد، چۆن دەبێت وێنای ئەم مرۆڤانە بکەم؟ چەندین دۆکیومێنتم دەربارەی ڕەوشی ئەم کۆچبەر و پەناهەندە زیندانی کراوانە خوێندەوە، بەڵام پێم وابوو هەموو ئەو بابەتانە ئاڵۆزن بۆ ئەوەی بتوانرێت وەک چوارچیوەیەکی شانۆیی بەکاربهێنرێت: کەسانێک لە پاشخانە کولتوورییە جیاوازەکانەوە، لە ئەوروپای ڕۆژهەڵاتەوە تا ئاسیاییەکان و ئەفریقاییەکان. ئەمەش منی گەیاندە پرسیارێکی گرینگ: چۆن دەتوانم، وەک شانۆنامەنووسێکی ئەڵمانی شتێک بنووسم، کە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە ئەم بابەتە بخاتە ڕوو.”5
ڕووداوەکانی شانۆنامەکە لە ڕێستورانتێکی خواردنی ئاسیایی (چینی) دەست پێ دهکات، کاتێک گەنجێکی چینی بەهۆی ئازاری زۆری ددانییەوە هاوار دەکات. چێشتلێنەرەکان ددانە خراپەکەی دەردەهێنن، بەڵام ددانەکە بە شێوەیەکی سەیر دەکەوێتە خواردنی کەسێکەوە، کە لە چێشتخانەکە دانیشتووە بۆ نانخواردن. دواتر لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگوازرێتەوە و چیرۆکە جۆراوجۆرەکانی ژیانی مرۆڤەکان پێکەوە دەبەستێت.
پیاوی سەروو شەست ساڵ
دەمەوێت ددانەکەی لە دەمی دەربهێنم، ددانی پێشەوەی لای ڕاست،
ئەو ددانە خوێناوی و نیوەڕزیوەی کە بە هەوادا دەفڕێت.
ژنی سەروو شەست ساڵ
لە جووڵەیەکی کەوانەیدا بە هەوادا –
ژنە گەنجەکە
دەفڕێت و دەفڕێت و دەفڕێت.6
شیملپفێنیگ بە زمانێکی ریتمئامێز و هەندێک جار گاڵتەئامێز، پرسیارە قورسەکانی وەککۆچ، کاری نایاسایی، شوناس، قاچاخچێتی بە مرۆڤ، هەژاری، بێ مافی، پەیوەندیی مرۆڤەکان و بێدەنگی و بەرپرسیارێتیی کۆمەڵگە دەخاتەڕوو. گرینگیی شانۆنامەکە لەوەدایە کە تەنها چیرۆکی کۆچبەرێکی هەژار ناگێڕێتەوە، بەڵکوو چۆن کۆمەڵگە هەندێک مرۆڤ بەهۆی بێ مافی و هەژارییانەوە دەخاتە ژێر ڕکێف و دەستی خۆی.گرینگی ئەم شانۆنامەیە، تەنیا لە چیرۆکەکەدا نییە، بەڵکوو لە شێوازی گێڕانەوە و پێکهێنانی دەقەکەدایە. شیملپفێنیگ بەردەوام ڕوانگەی بینەر دەگۆڕێت و ڕێگە نادات چیرۆکەکە بە شێوەیەکی سادە و ڕاستەوخۆ بخرێتە ڕوو؛ ئەمەش وا دەکات، بینەران بەشدارییەکی زیاتر لە دروستکردنی مانای شانۆنامەکەدا بکات. دەتوانین بڵێین، “ئەژدەهای زێڕین”شانۆنامەیەکی ڕەخنەگرانە و مرۆڤ دۆستانەیە کە بە شێوەیەکی سادە و خۆش، کێشەیەکی قورس دەخاتە ڕوو: ئێمە تا چەند بەرپرسیارین بەرامبەر ئەو مرۆڤانەی کە لە کۆمەڵگەدا بێدەنگ و بێ پشت و پەنا دەمێننەوە.
ڕۆڵاند شیملپفێنیگ لە ساڵی ١٩٦٧ لە شاری “گۆتینگ” لە دایک بووە. لە ساڵانی١٩٨٠ـەکاندا، وەک ڕۆژنامەنووسێکی ئازاد لەئیستانبوڵکاری کردوە. لە ساڵی١٩٩٠بڕوانامەی لە دەرهێنانی شانۆیی دا لە موینیخ بە دەست هێناوە، دواتر وەک یاریدەدەری دەرهێنەر و دەرهێنەر لە شانۆکانی موینیخ، بەرلین و هامبۆرگ کاری کردووە. جگە لە شانۆنامەکانی دیوانێکی شیعر و چوار ڕۆمانی چاپکراویشی هەیە.
لە ساڵی١٩٩٦دا یەکەم شانۆنامەی خۆی لەسەر شانۆی Theater Oberhausen نمایش کراوە. لە نێوان ساڵانی ١٩٩٩-٢٠٠٠ لە شانۆی شاوبینە، لە بەرلین وەک دراماتۆرگ و شانۆنامەنووس دەستبەکار دەبێت، دوای ئەوە لە زۆربەی شانۆ گەورەکانی ئەڵمانیادا کار دەکات. لە ساڵانی٢٠١٢-٢٠١٣ لە زانکۆکانی ئەڵمانیا وانەی دراماتۆرگی و نووسینی دەقی شانۆیی گوتوەتەوە. ئێستا دەقە شانۆییەکانی لە سەر شانۆی زیاتر لە٤٠ وڵاتپێشکەش دەکرێن. لە ساڵی ٢٠٢٤دا لەلایەن ڕەخنەگرانی شانۆیی ئەڵمانیاوە، بە شانۆنامەنووسی ساڵ هەڵبژێردراوە.
1 -بڕوانە Roland Schimmelpfennin, Sprickan genom världen, samlade pjäser, band 1, i översättning av Ulf Peter Hallberg,Spleen nordic international,
2 -هەمان سەرچاوەی ژمارە یەک.
3 -هەمان سەرچاوە.
4 –Der goldene Drache
5 -بڕوانە Roland Schimmelfenning, Halva månen. Samlade pjäser Band 2, Översättning av Ulf Peter Hallberg.
6 -هەمان سەرچاوەی ژمارە ٥
2026
4 –Der goldene Drache
5 -بڕوانە Roland Schimmelfenning, Halva månen. Samlade pjäser Band 2, Översättning av Ulf Peter Hallberg.

