زیندان چۆن دەبێتە جیهانێکی ئاسایی بۆ ژیان؟
موحسین مستەفاپوور
کورتە;
شانۆنامەی “مرۆڤە خۆڵەمێشییەکان”ی دانا ڕەئووف، پێنج زیندانی لە شوێنێکی داخراو و نادیاردا دادەنێت، ئەم کارەکتەرەکانە هیچ ڕێگەیەکی ڕوونیان بۆ دەرچوون لە دۆخە تاریکەکەیان نییە. ئەوان وردە وردە پەیوەندییان لەگەڵ کات، جیهانی دەرەوە، ڕابردوویان و تەنانەت ناو و شوناسی خۆیان لەدەست دەدەن.
ڕەنگە لەڕواڵەتدا وادەربکەوێت کە ئەم شانۆنامەیە تەنیا دەربارەی ڕژێمێکی توتالیتەر و قوربانییبوون و… هتد بێت، بەڵام توێژەر پێیوایە بابەتی سەرەکی شانۆنامەکە تەنیا نمایشدانی دۆخێکی سەرکوتکەر یان ڕەخنەگرتن لە دەسەڵاتی سیاسی نییە، بەڵکوو چۆنیەتی ئاساییکردنەوەی ئەم دۆخە و گۆڕانی بەهێواشی زیندان لە دۆخێکی سەپێنراوەوە بۆ تاکە جیهانێکی شیاوی ژیان بۆ کارەکتەرەکانە.
ئەم وتارە بە شێوازێکی دراماتورگییانەوە دەپرسێت کە شانۆنامەکە چۆن ئەم پرۆسەیە لە پێکهاتەکەیدا دروست دەکات و چۆن دەسەڵات، لە هێزێکی دەرەکی و ئاشکراوە، بۆ ڕێکخستنێکی ناوەکی لە هەڵسوکەوتی کارەکتەرەکاندا، دەگۆڕێت. بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، میکانیزمی دراماکە لە شەش تەوەری سەرەکیدا تاقی دەکرێتەوە:
ڕۆڵ و کاریگەریی دراماتۆرگییانەی شوێن.
سڕینەوە و هەڕەشەییکردنی جیهانی دەرەکی.
ڕێکخستنی کات و دووبارەکردنەوە.
جەستە و ئاساییکردنەوەی توندوتیژی.
کاریگەری دەنگ و ڕووناکی.
داخوڕانی یادەوەری و شوناس وەک ئەنجامی کۆتایی ئەم پرۆسەیە.
شیکردنەوەکە دەریدەخات کە ئاساییکردنەوەی زیندان لە “مرۆڤە خۆڵەمێشییەکان” ئەنجامی کرداری تاکە توخمێک نییە، بەڵکوو ئەنجامی کەڵەکەبوون و بەردەوامی چەند میکانیزمێکی فۆڕمییە:
شوێن مەودای کردار سنووردار دەکات؛ سڕینەوە و هەڕەشەییکردنی جیهانی دەرەوە، ئەگەری بەراوردکردن لادەبات؛ دووبارەبوونەوە و کاتی بازنەیی، تایبەتمەندییەکی ئاشنا و پێشبینیکراو دەبەخشێتە دۆخەکە؛ توندوتیژی لە ڕووداوێکی نائاساییەوە بۆ بابەتێکی ئاسایی ڕۆژانە دەگۆڕێت؛ دەنگ و ڕووناکی تێگەیشتنی کارەکتەرەکان لە سنووری زینداندا دەهێڵنەوە و لە کۆتاییدا، داخوڕانی یادەوەری و شوناس، ئەگەری خەیاڵکردنی بارودۆخێکی تر لاواز دەکات.
لەم ڕوانگەیەوە، زیندان لە “مرۆڤە خۆڵەمێشییەکان”دا، کاتێک دەبێتە “جیهان” کە دەسەڵات چیتر تەنها لە ڕێگەی پاسەوانان و میکانیزمەکانی دەرەکیەوە بەکار ناهێنرێت، بەڵکوو لە تێگەیشتن، خوو، هەڵسوکەوت و خۆچاوەدێریکردنی مرۆڤدا، ناوخۆیی دەبێت. کەواتە، شانۆنامەکە دەربارەی ئەو پرۆسەیەیە کە تێیدا مرۆڤ وردە وردە بارودۆخی زیندان وەک شێوازێکی سروشتیی ژیان قبوڵ دەکات.
پێشەکی
شانۆنامەی “مرۆڤە خۆڵەمێشییەکان”ی دانا ڕەئووف، لەسەرەتادا کارەکتەرەکان و باکگراوندەکانیان بە خوێنەران و بینەران ناناسێنیت، بەڵکوو هەر لە یەکەم هەنگاویدا، ئەوان ڕووبەڕووی بارودۆخێک دەکاتەوە:
ژوورێکی سارد و داخراوی زیندان، دەرگایەکی ئاسنین، دەرگایەکی بچووک بۆ دەست بە ئاو گەیاندن، چەند بەتانی بۆ زیندانییەکان، و ڕووناکییەکی بەهێز کە زیندانییەکان ناتوانن بیکوژێننەوە. لە ڕاستیدا، پێش ئەوەی کارەکتەرەکان دەرفەتی ئەوەیان هەبێت خۆیان بناسێنن یان باسی ڕابردووی خۆیان بکەن، شوێن و یاساکانی لەسەر شانۆ جێگیر دەکرێن.
زیندان، پێش ئەوەی “زیندانی” وەک شوناسێکی پێناسەکراو، پێک بهێنرێت، بوونی هەیە و بەسەر ئەگەری کردارەکەیدا زاڵ دەبێت . تەنانەت دەنگەکانی دەرەوەی ژوورەکەیش بە شێوەیەکی سەرەکی لە شێوەی دەنگی ناڕوون و دوور و پڕ لە هەڕەشە دەردەکەون. بەم شێوەیە، شانۆنامەکە لە سەرەتاوە جیهانی کارەکتەرەکان سنووردار دەکات، بەبێ ئەوەی زانیاری تەواو لەسەر هۆکاری ئەم سنووردارییە بداتە خوێنەر یان بینەر.
ئەم هەڵبژاردنە پێکهاتەییە، پرسیارێکی بنەڕەتی دەوروژێنێت: ئەگەر زیندان لە سەرەتادا دۆخێکی سەپێنراو بێت، چۆن دواتر دەبێتە دۆخێکی ئاسایی و تەنانەت شیاو بۆ ژیان؟ کێشەکە تەنها ئەوە نییە کە کارەکتەرەکان لە فەزایەکی داخراودا گیریان خواردووە. بەڵکوو ئەوەیە کە چۆن وردە وردە ئەگەری خەیاڵکردنی بارودۆخێک لە دەرەوەی ئەم فەزایە لە دەست دەدەن.
لە هەندێک بەشەکانی شانۆنامەکەدا، مانەوە لە زیندان، چیتر تەنها دۆخێکی سەپێنراو نییە، تەنانەت نیشانەی ئاشتی و هێمنی لەم فەزا داخراوەدا دروست دەبێت. بە پێچەوانەوە، جیهانی دەرەوە کە دەکرا هاوتای ئازادی بێت، دەبێتە جیهانێکی نەناسراو و هەندێک جار پڕ لە هەڕەشە. لە ئەنجامدا، پەیوەندی نێوان زیندان و دەرەوە، دەگۆڕێت: زیندان چیتر تەنها شوێنی بێبەشکردنی ئازادی نییە، بەڵکوو تاکە واقیعی بەرجەستە و ناسراوی کارەکتەرەکانە.
لەم ڕوانگەیەوە، چەمکی ئاساییکردن لەم وتارەدا مانای ڕازیبوونی کارەکتەرەکان بەو دۆخەی کە تێیدان، نییە، بەڵکوو وەک پرۆسەیەکی وردە وردە سەیری دەکرێت کە تێیدا دۆخێکی سەپێنراو لە ڕێگەی دووبارەکردنەوە، سنووردارکردنی ئاسۆی هەڵبژاردن، نەهێشتنی ئەگەری بەراورد کردن لەگەڵ دۆخێکی تر، و ناوەکی کردنی یاساکانییەوە، دەبێتە تاکە دۆخێکی گونجاو بۆ ژیان.
لەم پرۆسەیەدا، بۆ ئاساییکردنەوە، مەرج نییە بارودۆخەکە بەرەو کوالیتەکی باش و خۆش و خوازراو بڕوات. بۆ ئەم مەبەستە، تەنیا ئەوە بەسە کە وردە وردە ئەگەری خەیاڵکردن و بەراوردکردنی جیهانەکە لەگەڵ جیهانێکی تر بسڕێتەوە و نەمێنیت. “مرۆڤە خۆڵەمێشییەکان” ئەم پرۆسەیە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی ڕێکخستنی شوێن، کات، جەستە، دەنگ، توندوتیژی، یادەوەری، و شێوازی پەیوەندی کارەکتەرەکان لەگەڵ جیهانی دەرەوە نیشان دەدات.
یەکێک لە تایبەتمەندییە گرینگەکانی پێکهاتەی شانۆنامەکە پێشەنگی شوێنە بەسەر کارەکتەردا. شانۆنامەکە سەرەتا “لە کوێ بوون” دادەمەزرێنێت و پاشان لەگەڵ بەرەوپێشچوونیدا، ڕابردوو و زانیاری زۆرتر دەربارەی کارەکتەرەکان دەردەخات. لەبەر ئەم هۆیە، زانیاری دەربارەی کارەکتەرەکان لە شێوەی پێشەکییەکی سەرەتایی دەرناکەون، بەڵکوو لە دڵی بارودۆخی زیندان و لە ژێر گوشارەکەیدا دەردەکەون. ڕابردووی بکوژ و دز و بازرگان و ڕەخنەگر و خوێندکاری زانکۆ، کاتێک بۆ بینەران و خوێنەران نیشان دەدرێت کە یاساکانی شوێنی زیندان پێشتر جێگیر کراون. لە ئەنجامدا کارەکتەرەکان تەنها ئەو کەسانە نین کە لە شوێنێکدا دانراون، بەڵکوو وردە وردە دەبنە بەرهەمی پەیوەندییان لەگەڵ ئەو شوێنەدا. لێرەدا شوێن نەک تەنها وەک باکگراوندی کردارەکان، بەڵکوو وەک یەکێک لە فاکتەرە بەرهەمهێنەر و ڕێکخەرەکانی کرداریش دادەنرێت.
وەپێشخستنی شوێن ، واتا جێگۆڕینەوە لە پەیوەندی نێوان مرۆڤ و شوێن لە پێکهاتەی کاتیی شانۆنامەکەیشدا دەبینرێت. کات لە زینداندا نیشانە ئاساییەکانی ژیانی ڕۆژانەی تێدا نییە. شەو و ڕۆژ بە ڕوونی لێک جیا نابنەوە و ڕابردوو و داهاتوو وردە وردە لە مانای خۆیان دوور دەکەونەوە. دووبارەبوونەوەی هەندێک جووڵەی تایبەت و دیاریکراو، دیالۆگ، بارودۆخ و کرداری توندوتیژی، لەجیاتی ئەوەی تەنها تایبەتمەندییەکی جیهانی ئەبسێردی شانۆنامەکە بێت، ڕیتمێک دروست دەکات کە تێیدا کارەکتەرەکان بە ناچاری لەناویدا دەژین. لەم پێکهاتەیەدا، دووبارەبوونەوە لە تەکنیکێکی فۆڕمییەوە بۆ میکانیزمێک بۆ بەرهەمهێنانی خوو، دەگۆڕێت: ئەوەی لە سەرەتادا نائاسایی و توندوتیژە لەگەڵ دووبارەبوونەوەدا دەبێتە بەشێک لە ژیانی ئاسایی ڕۆژانە.
لەم ڕووەشەوە پەیوەندی نێوان کارەکتەرەکان و جیهانی دەرەوە گرینگییەکی تایبەتی هەیە. شانۆنامەکە هیچ وێنەیەکی ڕاستەوخۆی دەرەوەمان پێ نیشان نادات و خوێنەر و بینەر وەک زیندانییەکان ناچار دەبن جیهانی دەرەوە لە ڕێگەی دەنگەکان، یادەوەری ناتەواو، ترس و چیرۆکی کارەکتەرەکان وێنا بکات. ئەم لابردنە نەک تەنها سنووردارکردنی زانیارییە، بەڵکوو یەکێکە لە گرینگترین ئامرازەکانی شانۆنامەکە بۆ سنووردارکردنی بواری تێگەیشتن. کاتێک ئەگەری بەراوردکردنی ڕاستەوخۆ لەنێوان ناوەوە و دەرەوە نەمێنێت، زیندان وردە وردە دەبێتە تاکە جیهانی ئامادە و تاکە جیهانێک کە ئەگەری ناسینی بێت.
کەواتە پرسیاری ئەم وتارە تەنیا ئەوە نییە کە “مرۆڤە خۆڵەمێشییەکان” چۆن کەش و فەزای زیندان نیشان دەدات، یان زیندان لە شانۆنامەکەدا سیمبولی چییە. پرسیاری سەرەکی چۆنییەتی دروستبوون و دەرکەوتنی زیندان وەکوو جیهانێکی ئاساییە: چ میکانیزمێک وا لە کارەکتەرەکان دەکات خۆیان لە پرسیاری بارودۆخی خۆیان دوور بخەنەوە، پەیوەندییان لەگەڵ دەرەوە بگۆڕن، توندوتیژی وەک بەشێک لە ژیان قبوڵ بکەن، و لە کۆتاییدا پەیوەندییان لەگەڵ یادەوەری و شوناس داڕشێنێت؟
بۆ لێکۆڵینەوە لەم بابەتە، وتارەکە پێکهاتەی دراماتورگیکی شانۆنامەکە لە چەند تەوەرێکی پێکەوە بەستراودا شیدەکاتەوە: یەکەم، شوێن و ڕۆڵی لە سنووردارکردنی ئەگەری کردار، پاشان سڕینەوە و هەڕەشەییبوونی جیهانی دەرەوە، ڕێکخستنی کات و دووبارەبوونەوە، جەستە و ئاساییکردنی توندوتیژی، ڕۆڵی دەنگ و ڕووناکی لە کۆنتڕۆڵکردن و ڕێکخستنی هەستکردن و تێگەیشتن، و دواجار، داخوڕانی یادەوەری و شوناس وەک یەکێک لە دەرئەنجامەکانی ئەم پرۆسەیە.
گریمانەی سەرەکی وتارەکە ئەوەیە کە لە “مرۆڤە خۆڵەمێشییەکان”، ئاساییکردنەوەی زیندان، ئەنجامی بڕیارێکی لەناکاو یان گۆڕانێکی دەروونی ئاشکرا لە کارەکتەرەکاندا نییە، بەڵکوو بەرهەمی کەڵەکەبوونی وردە وردەی میکانیزمێکی فۆڕمییە. شوێن، کات، دووبارەبوونەوە، نەبوونی جیهانی دەرەوە، توندوتیژی، دەنگ، ڕووناکی، و داخوڕانی یادەوەری، پێکەوە کار دەکەن بۆ ئەوەی پەیوەندی مرۆڤ لەگەڵ دۆخەکەیدا بگۆڕن. دەسەڵات لە سەرەتادا، دەرەکییە، بەڵام لەگەڵ بەرەوپێشچوونی شانۆنامەکە، یاساکانی لە جەستە و تێگەیشتن و خوو و یادەوەری کارەکتەرەکاندا جێگیر دەبن. لەم خاڵەوە زیندان دەتوانێت لە شوێنێکی سنوورداروە بۆ «جیهان» بگۆڕێت.
١. شوێن: کاتێک زیندان وەکوو شوێن، بەر لە مرۆڤ، بوونی هەیە
لە “مرۆڤە خۆڵەمێشیەکان”، یەکەم شت کە لەسەر تەختەی شانۆ، جێگیر دەبێت، کارەکتەر نییە، بەڵکوو شوێنەکەیە. پێش ئەوەی بینەران بزانن ئەو پێنج کەسە کێن، چییان کردووە و بۆچی لە زیندانن، ڕووبەڕووی ژوورێکی داخراوەوە دەبنەوە: دەرگایەکی ئاسنین لە لایەکی شانۆکە، دەرگایەکی بچووک بۆ دەست بە ئاو گەیاندن، چەند بەتانی لەسەر ئەرزەکە، سەرمای بەردەوام، هەواکێشەک، و ڕووناکییەکی بەهێز کە زیندانییەکان ناتوانن کۆنتڕۆڵی بکەن. تەنانەت پێش ئەوەی دیالۆگی جدی لەنێوان کارەکتەرەکاندا دروست بێت، یاساکانی ئەم شوێنە بەسەریاندا سەپێنراوە.
ئەم پێشەنگییەی شوێن بەسەر مرۆڤدا، یەکێکە لە گرینگترین هەڵبژاردە دراماتۆرگیانەی شانۆنامەکە. لە زۆربەی شێوازەکانی گێڕانەوەدا، کارەکتەر و کێشەکەی سەرەتا دەناسرێن، پاشان شوێنەکە وەک سەکۆیەک بۆ ڕووداوەکان پێک دەهێنرێت، بەڵام لە “مرۆڤە خۆڵەمێشییەکان”دا، ڕیزبەندییەکە تاڕادەیەک پێچەوانە بووەتەوە. شوێن یەکەم جار بوونی هەیە و کارەکتەرەکان لەناویدا پێناسە دەکرێن. لەبەر ئەم هۆیە، زیندان تەنها دەفرێک بۆ چننینی پێنج کارەکتەر لای یەکتر نییە، بەڵکوو هەر لە سەرەتاوە ئەو مەودایە دیاری دەکات کە کارەکتەرەکان دەتوانن چی بکەن، چی ببینن، چی ببیستن، چییان بیر بێتەوە و تەنانەت خەیاڵی چ شتێک بکەن.
لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین قسە لەسەر ڕۆڵ و کاریگەریی دراماتورگیکی شوێن بکەین. لێرەدا مەبەست ئەوە نییە کە شوێن وەک کارەکتەری مرۆڤ ویست یان نیازێکی سەربەخۆی هەیە، بەڵکوو ئەوەیە کە شوێن بە ڕێکخستنی ئەگەرەکانی کردار، پەیوەندی کارەکتەرەکان لەگەڵ یەکتر، و پەیوەندییان لەگەڵ جیهانی دەرەوە، بەشداری لە بەرهەمهێنانی بارودۆخی درامی دەکات. کارەکتەرەکان لە فەزایەک دانەنراون کە بتوانن ئازادانە هەڵبژێرن، بەڵکوو لە سەرەتاوە لە نێو کۆمەڵێک سنووری ماددی و هەستیدان و ئەگەری زۆرێک لە هەڵبژاردنە شیاوەکانیان لێ وەرگیراوە.
فەزای داخراو؛ پێش ڕوودانی کردار، ئەگەری کردار، سنووردار بووە
داخراوبوونی فەزا، سنووردارکردنەوەی یەکەمە. کارەکتەرەکان ناتوانن بە ئازادی بجووڵێن، هەروەها ناتوانن پەیوەندیی بە فەزایەکی ترەوە بگرن. ڕێگاکانی جووڵە سنووردارن، و ئەم سنووردارییە جووڵەکان لە کردارێکی ئازادەوە بۆ هەڵسوکەوتێک لە سنوورێکی پێشوەخت و دیاریکراودا دەگۆڕێت. ئەوان دەتوانن لە ژوورەکەدا هاتوچۆ بکەن، دابنیشن، لای یەکتر بن، یان لە دەرگا نزیک ببنەوە، بەڵام سنووری ئەم ڕەفتارانە، جێگیر و نەگۆڕن.
لە ئەنجامدا، شانۆنامەکە پێش ئەوەی باسی “هەڵبژاردەکان”ی کارەکتەرەکان بکات مەرجەکانی هەڵبژاردن، بۆ کارەکتەرەکان سنووردار دەکات. ئەم خاڵە بۆ تێگەیشتن لە ئاساییکردنەوە زۆر گرینگە. ئەگەر زیندان تەنها شوێنێک بێت کە کارەکتەرەکانی تێیدا گیریان خواردووە، ئەوا دەبێت تەنها لە ئاستی سایکۆلۆژیدا بەدوای چەمکی ئاساییکردنەوە بگەڕێین، بەڵام ئەگەر شوێنەکە لە سەرەتاوە مەودای ئەگەرەکانی کردار دیاری بکات، ئەوا ئاساییکردنەوە دەتوانێ ئەنجامی پرۆسەیەکی پێکهاتەیی بێت: مرۆڤ وردە وردە خۆی لەگەڵ جیهانێکدا دەگونجێنێت کە تێیدا ئەگەرەکانی هەڵبژاردن، پێشتر کەمکراونەتەوە.
کەواتە، ژوور، لە شانۆنامەکەدا، ناتوانێ تەنها بە “فەزایەکی داخراو” دابنرێت. ئەم فەزایە جۆرێک لە ژیان بەسەر کارەکتەرەکاندا دەسەپێنێت: ژیانێک کە جووڵەی تێدا هەیە، بەڵام جێگۆڕینەوەی ڕاستەقینە نییە؛ دیالۆگ هەیە، بەڵام گەیشتن بە زانیاری نییە؛ یادەوەری هەیە، بەڵام ئەگەری گەڕانەوە بۆ ڕابردوو نییە؛ و ئارەزووی چوونە دەرەوە هەیە، بەڵام وێنەیەکی باوەڕپێکراو لە دەرەوە بوونی نییە.
دەرگا: سنوورێک کە ئەگەری تێپەڕبوون بۆ ئەگەری چاوەڕوانی دەگۆڕێت
دەرگای ئاسن، دیارترین سنووری فیزیکی نێوان زیندانییەکان و جیهانی دەرەوەیە. هەرچەندە، گرنگی دەرگا لە شانۆنامەکەدا تەنها بە مانا ڕەمزییەکەی واتە “سنووری نێوان ئازادی و کۆیلایەتی” سنووردار نییە. دەرگاکە، لەڕوانگەی دراماتۆرگییەوە، ئەگەری تێپەڕین لە کارەکتەرەکان دوور دەخاتەوە و بۆ ئەگەری چاوەڕوانی دەیگۆڕێت. دەرگا داخراوەکە نیشانی دەدات کە دەرەوە، هەیە، بەڵام کارەکتەرەکان، دەستیان بە دەرەوە ڕاناگات. کەواتە، دەرگا، دوو ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت: جیهانی دەرەوە لە دیمەنەکە دەسڕێتەوە و لە هەمان کاتدا ئامادەبوونی هەمیشەیی دەروەیش بەبیر دەهێنێتەوە. کارەکتەرەکان لەجیاتی ئەزموونی ڕاستەوخۆی دەرەوە، ڕووبەڕووی ئەگەرە ناڕوونەکەی دەبنەوە. بە شێوەیەکی گشتی، خاڵی سەرەکی ئەوەیە کە، دەرگا، پێکهاتەی پەیوەندی نێوان کەسایەتی و ئەگەری دەرچوون ڕێکدەخات: ئەگەری دەرچوون هەمیشە بوونی هەیە، بەڵام هەرگیز بژاردەیەک بۆ کەسایەتیەکان نییە و تا شانۆنامەکە زیاتر بەرەوپێش دەڕوات، دەرەوە ، لێڵتر دەبێت.
هواکێش: جیهانی دەرەوە لەشێوەی دەنگ
هەواکێش، یەکێکە لەو ڕێگا کەمانەی کە ژوورە داخراوەکە بەهۆی ئەوەوە، پەیوەندی لەگەڵ شتێک لە دەرەوەی خۆی دروست دەکات، بەڵام ئەم پەیوەندییە نە دەبینرێت و نە کۆنتڕۆڵ دەکرێت. دەرەوە، لە ڕێگەی دەنگەوە، دەچێتە ژوورەوە. دەنگی با و ئاژەڵ و… هتد، کە لە هەواکێشەوە دەبیسترێن هەبوونی جیهانێکمان بیردەخاتەوە کە کارەکتەرەکان ناتوانن بیبینن. لە ئەنجامدا، جیهانی دەرەوە وەک فەزایەکی بەردەست ئەزموون ناکرێت، بەڵکوو وەک ئامادەبوونێکی نادیار و لێڵ ئەزموون دەکرێت. ئەم بارودۆخە زۆر گرینگە: کارەکتەرەکان ناتوانن دەرەوە ببینن تا دەربارەیدا بڕیاربدەن. هەربۆیە ناچار دەبن لە ڕێگەی دەنگ، یادەوەری و گومانەوە، وێنای بکەن. لە کۆتایی شانۆنامەکەیشدا، ئەو دەنگەی کە لە هەواکێشەکەوە دێت ئەم پەیوەندییە ناڕوونە، وەک خۆی دەهێڵێتەوە. جیهانی دەرەوە هێشتا هەیە، بەڵام هێشتا بۆ کارەکتەرەکان بەردەست نییە، تەنانەت لە کۆتاییشدا. کەواتە، هەواکێش، سنوورێکی هەستی لەنێوان ناوەوە و دەرەوە دروست دەکات.
بەتانی و سەرما: کاتێک جەستە دەبێتە بەشێک لە زیندان
ئەو بەتانییانەی لەسەر ئەرز دانراون و سەرمای بەردەوامی ژوورەکە، سنوورداری شوێن بۆ ڕووی جەستە دەگوازێتەوە. ئەوانییە کە کارەکتەرەکان تەنها لە فەزایەکی تەسکدا بژین، بەڵکوو جەستەکانیشیان بەردەوام لەژێر کاریگەری بارودۆخی ئەو شوێنەدایە. سەرما، خەو، برسێتی و ماندووبوون و… هتد، دەبنە بەشێک لە ئەزموونی ڕۆژانەی زیندان. گرینگی ئەم توخمانە لەوەدایە کە زیندان لە چەمکێکی ئەبستراکتەوە بۆ ئەزموونێکی جەستەیی دەگۆڕن. کارەکتەر ناتوانێت تەنها بیر لە زیندان بکاتەوە، بەڵکوو دەبێت زیندان بە جەستەی خۆیەوە هەڵبگرێت. بەتانی دەبێتە سەرەتاییترین ئەگەری ئاسوودەیی و ئەمە پێوەری ئارەزووەکانی کارەکتەرەکانیش دەگۆڕێت. کاتێک جەستە لە ئاستێکی نزمدا ڕووبەرووی کێشەی بنەڕەتی وەک گەرمی، خەو و بەرگەگرتنی سەرما، دەبێت، ئاسۆی ئارەزووەکانی دیکەش بچووک دەبێتەوە. لەم ڕوانگەیەوە، لەگەڵ بەرەوپێشچوونی شانۆنامەکە، مەسەلەکە چیتر بەدەستهێنانی ژیانێکی خوازراو و لەبار نییە، بەڵکوو مەسەلەکە دەبێتە گەیشتن بە دۆخێک کە بتوانرێت تێیدا بەردەوام بیت.
ڕووناکی؛ کاتێک هەمووشتێک دەبینرێت، بەڵام هیچ شتێک ڕوون ناکرێتەوە
ڕووناکی بەهێز و هەمیشەیی یەکێکە لە گرنگترین توخمەکانی فەزای شانۆنامەکە. زیندانییەکان ناتوانن بیکوژێننەوە و لە ئەنجامدا ناتوانن لە ئەگەری لەژێرچاوەدێریدابوون خۆیان بشارنەوە. ڕووناکی دەشێت نیشانەی چاوەدێری و کۆنتڕۆڵکردن بێت، بەڵام ئەرکێکی دراماتۆرگیکی هەیە. ڕووناکی، زیندان بۆ فەزایەک دەگۆڕێت کە تێیدا بینین هەمیشەییە، بەڵام زانین نا. کارەکتەرەکان دەبینرێن، بەڵام نازانن کێ دەیانبینێت؛ ڕووناکی هەیە، بەڵام زانیارییەکان ڕوون نین؛ هەموو شتێک ئاشکرایە، بەڵام ڕاستی بارودۆخەکە بە شاراوەیی دەمێنێتەوە.
دەقەکە، لەجیاتی دروستکردنی فەزایەکی تاریک و نهێنی، فەزایەکی زۆر ڕووناک دروست دەکات. لە ئەنجامدا، کێشەی سەرەکی چیتر “نەبینین” نییە. کێشەکە ئەوەیە کە بینین نابێتە هۆی ناسین. کارەکتەرەکان یەکتر دەبینن، پاسەوانەکان دەبینن، و فەزای دەوروبەریان دەبینن، بەڵام هێشتا نازانن بۆچی لێرەن و لە داهاتوودا چییان بەسەردێت. بەدرێژایی شانۆنامەکە، دەبینین کە ڕووناکی ڕێگە نادات فەزای زیندان ببێتە جیهانی تەنیایی و خۆشاردنەوە و لە هەمان کاتدا، ڕووناکی، سەرەڕای ئەوەی، ژوورەکە بە هەمیشەیی ڕووناک دەهێڵیتەوە، گەرەنتی گەیشتن بە ڕاستی ناکات. هەموو شتێک دەبینرێت، بەڵام هیچ شتێک بە پێویست ڕوون ناکرێتەوە.
جوگرافیای دیارینەکراو: زیندانی ناشوێن
یەکێکی تر لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی شوێن لە “مرۆڤە خۆڵەمێشییەکان”دا، نەبوونی تایبەتمەندی ڕوون و ڕاستەوخۆی جوگرافی و مێژووییە. خوێنەران و بینەران دەزانن کە کارەکتەرەکان لە زیندانن، بەڵام بەتەواوی نازانن زیندانەکە لە کوێیە و سەر بە چ سیستەمێکی سیاسی دیاریکراوە و لە چ بەروارێکدا ڕوودەدات. ناو و نیشانە کولتوورییەکانی کارەکتەرەکان، لە فەزای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت لە فەزای کوردی نزیکن، بەڵام شانۆنامەکە شوێن بۆ خاڵێکی جوگرافیی دیاریکراو کورت ناکاتەوە.
ئەم ناڕوونییە وا دەکات زیندان لە شوێنێکی سیاسی دیاریکراو تێپەڕێت. لابردنی تایبەتمەندی جوگرافی هەروەها ئەگەری بەراوردکردنی شوێنەکە لەگەڵ شوێنێکی تر کەم دەکاتەوە. کاتێک ئێمە بەتەواوی نازانین زیندانەکە لە کوێیە، ناتوانین لە بەرامبەر ڕوویەکی دیاریکراوی دەرەوە دایبنێین. کەواتە جیهانی دەرەوە بوونی هەیە، بەڵام تایبەتمەندی ڕوون و ئاشکرای نییە.
شانۆنامەکە هەر لە سەرەتاوە خوێنەر و بینەر دەخاتە دۆخێکی هاوشێوەی کارەکتەرەکانەوە: ئێمە دەزانین لە کوێ نین، بەڵام بەتەواوی نازانین لە کوێین. ئەم دۆخە بەشێکە لە هەمان سنوردارکردنی بواری تێگەیشتن کە دواتر لە پەیوەندی کارەکتەرەکان لەگەڵ کات و یادەوەری و جیهانی دەرەوە دووبارە دەبێتەوە.
جوگرافیای نادیار، وادەکات کە نەکرێت شانۆنامەکە بۆ سیستەمێکی مێژوویی یان زیندانێکی دیاریکراو سنوورداربێت. لەگەڵ ئەوەیشدا، ئەم تایبەتمەندییە نابێت وەک لابردنی ڕەهەندی سیاسی کارەکە لێکبدرێتەوە. بە پێچەوانەوە، ناڕوونی جوگرافی، میکانیزمی دەسەڵات لە نموونەیەکی دیاریکراوەوە بۆ نموونەیەکی گشتگیر دەگۆڕێت، کە تێیدا دەسەڵات، پێش ئەوەی ناو و شوێنێکی دیاریکراوی هەبێت، بە کۆنتڕۆڵکردنی ژینگە و سنووردارکردنی ئەگەرەکانی مرۆڤ، کار دەکات.
شوێن وەک یەکەمین قۆناغی ئاساییکردن
فەزای داخراو، مەودای جووڵە سنووردار دەکات. دەرگاکە، دەرچوون و تێپەربوون بۆ چاوەڕوانی دەگۆڕێت. هەواکێش، جیهانی دەرەوە بۆ دەنگ و ئامادەبوونێکی نادیار کەم دەکاتەوە. بەتانی و سەرما جەستە بە کەمترین ئاستی مانەوە، تێکەڵ دەکەن. ڕووناکی، ئەگەری تەنیایی و خۆشاردنەوە کەم دەکاتەوە و جوگرافیای نادیار، ئەگەری بەراوردکردنی ڕاستەوخۆ لەنێوان زیندان و جیهانی دەرەوە ناهێڵێت.
کەواتە، زیندان، پێش ئەوەی کارەکتەرەکان بڕیاری لەسەر بدەن، خۆی، هەلومەرجی بڕیاردانی بۆیان درووستکردووە تا بڕیار بدەن. ئەمە خاڵی دەستپێکی پرۆسەی ئاساییکردنەوەیە. مرۆڤ سەرەتا ڕووبەڕووی جیهانێکی سنووردار دەبێتەوە، پاشان لە چوارچێوەی یاساکانیدا دەژیت، پاشان بە دووبارەکردنەوەیان، ڕادێت و لە کۆتاییدا لەوانەیە ئەو جیهانە سنووردارە وەک تاکە شێوەی گونجاوی ژیان وێنا بکات. بەم شێوەیە، ئاساییکردنەوەی زیندان، لەو شوێنەوە دەست پێدەکات کە تێیدا، زیندان چیتر تەنها بەربەستێک بۆ دەرچوون نییە، بەڵکوو دەبێتە چوارچێوەیەک بۆ ئەزموونی ژیان.
٢. سڕینەوەی جیهانی دەرەکی؛ نەبوونی ئەگەری براوردکردن
ئەگەر شوێن لە “مرۆڤە خۆڵەمێشییەکان”دا، یەکەم فاکتەری سنووردارکردنی ئەگەری کردار بێت، سڕینەوەی جیهانی دەرەوە، هەنگاوێکی تری ئەم پرۆسەیەیە. کارەکتەرەکان لە ژوورێکی داخراودا دەژین، بەڵام گرینگی ئەم داخستنە، جگە لە نەبوونی ئەگەری دەرچوونی جەستەیی، ئەوەیە کە نەبوونی ئەگەری بەراوردکردنی دۆخی ئێستا لەگەڵ دۆخێکی تر وردە وردە لەناودەچێت.
لە شانۆنامەکەدا، جیهانی دەرەوە هەرگیز بەشێوەیەکی نزیک و ڕاستەوخۆ نابینرێت. خوێنەر یان بینەر ڕووبەڕووی وێنەیەکی شەقام، شار، ماڵ، خێزان، کۆمەڵگە، یان پێکهاتەیەکی سیاسی دیاریکراو، نابێتەوە. هیچ هەواڵێک نییە، هیچ کەسێک بۆ سەردانیکردن ناچێتە ژوورەوە و کارەکتەرەکانیش هیچ زانیارییەکی باوەڕپێکراویان دەربارەی ئەوەی لە دەرەوەی زیندان دەگوزەرێت نییە. ئەوەی لە دەرەوە دەمێنێتەوە بە شێوەیەکی سەرەکی دەنگ، یادەوەری، گومان، ترس و چیرۆکە ناتەواوەکانی کارەکتەرەکانە. بەم شێوەیە، دەرەوە دەبێتە وێنەیەکی نادیار نەک فەزایەکی ڕاستەقینە کە بتوانرێت بەراوردکاری بۆ بکرێت.
ئەم لابردنە لە ڕوانگەی دراماتورگیکەوە زۆر گرینگە. ئەگەر جیهانی دەرەوە ئامادەبوونێکی ڕاستەوخۆ، وێنەیی و ئۆبژێکتیوی لە شانۆنامەکەدا هەبوایە، کارەکتەرەکان، خوێنەران و بینەران، دەیانتوانی بە بەردەوامی بارودۆخی زیندان، لەگەڵ ئەوێ، بەراورد بکەن. لەم حاڵەتەدا، زیندان بە ڕوونی وەک دۆخێکی نائاسایی دەمێنێتەوە، بەڵام کاتێک جیهانی دەرەوە، لە نمایش لادەبرێت، زیندان خۆی دەبێتە تاکە واقیعی ئامادە. ئەوکات، کێشەی کارەکتەرەکان چیتر تەنها ئەوە نییە کە ناتوانن بچنە دەرەوە. مەسەلەکە بۆ ئەو بابەتە دەگۆڕدرێت کە ئەوان ناتوانن بە دڵنیاییەوە بڵێن دەرەوە چۆنە. لێرەدا دەتوانین یەکێک لە بنەما بنچینەییەکانی ئاساییکردنەوە بەم شێوەیە دیاریبکرێت: بۆ ئەوەی بارودۆخێک ئاسایی ببێتەوە، هەمیشە پێویست ناکات خوازراو و نۆڕماڵ بکرێت. بۆ ئاساییکردنی هەر ئەمە بەسە کە ئەگەری بەراوردکردنی لەگەڵ یەکێکی تر لەناو بچێت.
شانۆنامەکە بەشێوەیەکی سیستهماتیک نەبوونی جیهانی دەرەوە دروست دەکات. کارەکتەرەکان باسی جیهانی دەرەوە دەکەن، بەڵام دەرەوە هەرگیز نابێتە واقیعێکی بەرچاو کە ببینرێت. ئەوەی ئێمە دەیزانین لە یادەوەری و قسەی زیندانیاندا تێپەڕیوە، بۆیە هەمیشە ناتەواو، شڵەژاوە، و جێی گومانە. لەم دۆخەدا، تەنانەت یادەوەرییەکانی ڕابردووش ناتوانن بە ئاسانی ڕۆڵی “جیهانێکی تر” بگێڕن. ڕابردوو وردە وردە لە کارەکتەرەکان دوور دەکەوێتەوە و لەگەڵ بەرەوپێشچوونی دەقەکە، مەودای نێوان ئەوەی کە پێشتر بوون و ئەوەی ئێستا هەن، زۆرتر دەبێت. بەم شێوەیە، هاوکات، دوو سەرچاوەی بەراوردکردن لاواز دەکرێت: ڕابردوو و دەرەوە.
ئەم خاڵە لە کەیسی کارەکتەری “یادگار”دا زۆر گرینگتر دەبێت. ئەو بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە کە هۆکاری گیرانەکەی نازانێت و وردە وردە هەست دەکات شتێک لە دەست دەچێت، نەک تەنها ئازادی، بەڵکوو توانای زانینی ئەوەی کە پێشتر کێ بووە و ئێستا لە چ دۆخێکدایە. لێرەدا نەبوونی جیهانی دەرەوە پەیوەندی بە داخوڕانی یادەوەریەوە هەیە: هەرچەندە بەردەستبوونی دەرەوە کەمتر دەبێت، ڕابردوویش تەنها وەک یادەوەرییەکی ناسک دەمێنێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، شانۆنامەکە بە لەناوبردنی جیهانی دەرەوە ناوەستێت. لەوەش گرنگتر، دەرەوە وردە وردە لە شوێنی ئەگەری ئازادی دوور دەکەوێتەوە و دەبێتە فەزایەکی نەناسراو، مەترسیدار و پڕ لە هەڕەشە.
لە یەکێک لە ساتە گرینگەکانی دەقدا، یادگار لە ئەگەری گەڕانەوەی بۆ دەرەوەی زیندان دەترسێت. ئەو تەنها نیگەرانی ئەوە نییە کە دوای ئازادبوونی چی دەکات، بەڵکوو لەوە دەترسێت کە جیهانی دەرەوە چیتر بەو شێوەیە نەمێنێت کە پێش زیندانیبوونی بووە و تەنانەت دەترسێت کەس ئەو نەناسێتەوە:
یادگار:
لەوە دەترسم، تا من لەم زیندانە دەچمە دەرەوە… گەر بچم! دنیا لە دەرەوە تەواو گۆڕابێت و کەس نەمناسێتەوە. نازانم بۆ لەم زیندانەدام… بۆ هێناویانم بۆ ئێرە؟!
(وچانێکی کورت) ئای… چ ترسناکە ئەو ڕۆژەی دەچمە دەرەوە، هیچ هێزێکم تیا نەمابێت… دنیا گۆڕابێت و نە من کەس بناسمەوە و… نە کەسیش من بناسێتەوە!
ئەم ترسە گرینگە. چونکە نیشانی دەدات کە پرسیاری کارەکتەرەکە چیتر تەنها ئەوە نییە کە چۆن لە زیندان دەربچم؟ بەڵکوو بۆتە پرسیارێکی ئاڵۆزتر: ئەگەر لە زیندان بڕۆم، ئایا هێشتا شوێنێکم لە جیهانی دەرەوە هەیە؟
لە ڕاستیدا، زیندان، هەرچەندە پڕ لە توندوتیژییە، بەڵام بەلایەنی کەمەوە یاساکانی بۆ کارەکتەرەکان وردە وردە ئاشنا بوونە. لەم حاڵەتەدا، دەرەوە بۆ کارەکتەرەکان نەناسراو و مەترسیدارە. ئەم جێگۆڕانە یەکێکە لە خاڵە گرینگەکانی پرۆسەی ئاساییکردنەوە. تا ئەو کاتەی دەرەوە وەک ئەگەری ئازادی بمێنێتەوە، زیندان بە دۆخێکی کاتی دادەنرێت، بەڵام کاتێک دەرەوە دەبێتە دۆخێکی نەناسراو و پڕ لە هەڕەشە، مانەوە لە زیندان لە ڕووی دەروونییەوە، لە دەرچوون لێی سادەتر دەردەکەوێت.
کارەکتەری “سابیر” لە بەشێکی شانۆنامەکەدا، پەیوەندییەکەی لەگەڵ زینداندا بە شێوەیەکی ڕوون دەگۆڕێت و باس لە جۆرێک لە ئاشتی و هێمنایەتی لەم فەزا داخراوەدا دەکات:
سابیر:
وام لێ هاتووە لەم زیندانەدا هەست بە دڵنیایی دەکەم… چ شتێکی ترسناکە! لە ژوورە پیسە ساردەکەی زیندانەکەمدا هەست بە ئارامی دەکەم. دیوارە ڕەقەکانی زیندانەکەم ئارامیم پێ دەبەخشن… جێگا پیسەکەم دڵنیاییم دەداتێ… ئەمە ترسناکە! (وچانێکی کورت) ئەم کاولبووە بووە بە شوێنێکی ئارام…
گرنگی ئەم ساتە لەوەدایە کە ئاشتی چیتر لە ئازادییەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکوو لە ئاشنابوون بە سنووردارییەکانەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەم گۆڕانکارییە یەکێکە لە نیشانە گرینگەکانی گواستنەوەی دەسەڵات لە دەرەوەڕا بۆ ناوەوەی کارەکتەر.
بۆ جێگیرکردنی ئەم ڕاگواستنە، شانۆنامەکە ڕابردووی کارەکتەرەکانیش بەکار دەهێنێت. مەرج نییە ئەو یادەوەریانەی دەربارەی ژیانی دەرەوەی زیندان باسیان دەکرێت وێنەی ئازادی و ئاسایش و هێمنی بن. لە یادەوەری کارەکتەرەکاندا، ماڵ، باوک، قوتابخانە، شەقام، ئاواتەکان، و کۆمەڵگە بە ئەزموونی ترس، توندوتیژی و سووکایەتییەوە گرێدراون. کەواتە، “دەرەوە” تەنانەت پێش زیندانیش شوێنێکی پاک و پارێزراو نەبووە.
دانا ڕەئووف لەم شانۆنامەیەدا، دێڕی سادەی “ناوەوە = خراپ/ دەرەوە = باش” تێکدەشکێنێت. کارەکتەرەکان لە زینداندا گیریان خواردووە، بەڵام ڕابردووی ئەوان نیشانی دەدات کە توندوتیژی، ترس و هەڕەشە مەرج نییە بە چوونە ناو زیندانەوە دەست پێبکات. لەبەر ئەم هۆیە، زیندان دەتوانێ بە شێوەیەکی پارادۆکساڵ درێژەپێدەری هەندێک ئەزموونی جیهانی دەرەوە بێت، نەک خاڵی بەرامبەری ئەو.
دەربارەی کارەکتەری “عەزیز”یشدا پەیوەندی نێوان دەسەڵات و دەرەوە، ئاڵۆزتریش دەبێت. ئەو بەهۆی ڕەخنە و لێدوان و نووسینی ڕەخنەیی گیراوە و تەنانەت لە زیندانیشدا ئەو مەسەلەیە بۆی دەبێتە بابەتی سەرکوتکردنی. لە ئەنجامدا ئەوەی زیندان دەیکات، تەنها نەهێشتنی ئازادی جەستەیی نییە، بەڵکوو بەردەوامی و چڕبوونەوەی میکانیزمێکە کە پێشتریش لە جیهانی کۆمەڵایەتیدا، ئەگەری دەربڕین و ڕەخنەی سنووردار کردبوو. لەم ڕوانگەیەوە، زیندان لە شانۆنامەکەدا دوورگەیەکی تەواو جیا لە کۆمەڵگە نییە. ئەوەی لە زینداندا ڕوودەدات شێوازێکی پەستێنراو و چڕی ئەو پەیوەندیانەیە کە کارەکتەرەکان پێشتریش ڕووبەڕوویان بوونتەوە.
هەنگاوی دواتری شانۆنامەکە تەنانەت ڕادیکاڵترییش دەبێت. لە بەشەکانی کۆتاییدا، یادگار پێی وایە کە لەوانەیە ئەوانەی لە دەرەوەن خۆیان تاوانبار بن و زیندانییەکان بوونەتە قوربانی میکانیزمێک کە ئەوانی خستووەتە جێگەی تاوانبارە ڕاستەقینەکان.
یادگار:
ئەوانەی لە دەرەوەی ئەم زیندانەدان، وەک ئێمە گوناهبارن… لە ئێمە گوناهبارترن. ئەوەی ئێمە کردوومانە، گوناهی ئەوانە. ئەوان تاوانبارە ڕاستەقینەکانن و ئێمە… ئێمە باجەکەی دەدەین.
ئەم گۆڕانە، سنووری ئەخلاقی نێوان زیندانی و کۆمەڵگە بەتەواوی ناسەقامگیر دەکات. لێرەدا دەرەوە چیتر تەنها نەناسراو و هەڕەشەیی نییە. لەوانەیە سەرچاوەی تاوانەکان خۆی بێت. کەواتە، زیندانی دەتوانێت بارودۆخی خۆی نەک وەک قوربانی نادادپەروەرییەک، بەڵکوو وەک دۆخێکی سەلامەتتر لە جیهانی دەرەوە وێنا بکات. لێرەدا چەمکی “ئاساییکردنەوە” ئاستی سایکۆلۆژی تێدەپەڕێنێت و دەبێتە میکانیزمێکی دراماتورگی.
یەکەم، کارەکتەر ناتوانێت بە ئازادی شوێنەکە بەجێ بهێڵێت. پاشان تەنانەت ئەگەر بیر لە دەرچوون بکاتەوە، وێنەیەکی ڕوونی بۆ جێی مەبەست نییە. دواتر، بەهۆی ئەم نەناسراوبوونە، دەرەوە لەو شوێنەی کە پێی ئاشنایە، ترسناکتر دەبێت. بەم شێوەیە، زیندان نەک تەنها بە دیوار و دەرگا، بەڵکوو بە گۆڕینی پەیوەندی دەروونی کارەکتەریش لەگەڵ دەرەوە، خۆی دەپارێزێت. لە ئەنجامدا، دەسەڵات چیتر تەنها لە ڕێگەی پاسەوانەکان و دەرگا داخراوەکانەوە خۆی دەرناخات. بەشێک لە دەسەڵات لە مێشکی کەسایەتییەکاندا بەرهەم دەهێنرێتەوە.
بە شێوەیەکی گشتی، جیهانی دەرەوە لە “مرۆڤە خۆڵەمێشییەکان”دا، بە سێ قۆناغدا تێدەپەڕێت:
لە قۆناغی یەکەمدا، دەرەوە وەک شتێک وێنا دەکرێت کە بوونی هەیە، بەڵام بەردەست نییە.
دووەم، بە لابردنی زانیاری، دەنگ و یادەوەری ناتەواو، دەبێتە واقیعێکی نادیار و لێڵ.
لە قۆناغی سێیەمدا، هەمان ناڕوونی دەتوانێ بۆ ترس بگۆڕێت. ئەنجامەکە ئەوەیە کە زیندان، بەبێ ئەوەی باشتر بووبێت، لە شوێنێکی نەناسراوی پڕ لە هەڕەشە، باشتر دەردەکەوێت.
ئەم پرۆسەیە لە بەشی داهاتوودا لەگەڵ ڕێکخستنی کات و دووبارەبوونەوە پتەوتر دەبێت. کاتێک جیهانی دەرەوە دەسڕدرێتەوە، دووبارەبوونەوەی ڕۆژانەی هەڵسوکەوت و گفتوگۆ و جووڵەکان دەتوانێت جێگەی ڕیتمی ژیانی ئاسایی بگرێتەوە. ئەوەی لە سەرەتادا نیشانەی وەستانە، وردە وردە دەبێتە ڕیتمی ژیان و ئەمە ئەو ساتەیە کە زیندان نەک تەنها دەبێتە شوێنی کارەکتەرەکان، بەڵکوو دەبێتە کاتی ژیانیان.
٣. کات و دووبارەکردنەوە
کاتێک کارەکتەرەکان ئەگەری بەراوردکردنی بارودۆخیان بە جیهانێکی ترەوە لەدەست دەدەن، بابەتی دواتر ئەوەیە کە چۆن لەو بارودۆخەدا، کات، ئەزموون دەکەن. لە “مرۆڤە خۆڵەمێشیەکان”، کات لە ڕێگەی دووبارەبوونەوەی هەڵسوکەوتەکان، دیالۆگەکان، جووڵە و بارودۆخەکانەوە هەستپێدەکرێت. شەو و ڕۆژ هیچ سنوورێکی ڕوونیان نییە، وە هیچ نیشانەیەکی ڕوونی تێپەڕبوونی کات نییە. ئەوەی دەمێنێتەوە دووبارەکردنەوەیە.
لەم ڕوانگەیەوە، دووبارەبوونەوە لە شانۆنامەکەدا تەنها تایبەتمەندییەکی فۆڕمی یان نیشانەی جیهانی ئەبسێرد نییە، بەڵکوو یەکێکە لە ئامرازە سەرەکییەکانی بنیاتنانی جیهانی زیندان. کارەکتەرەکان لە فەزایەکدا دەژین کە تێیدا مەرج نییە ڕووداوەکان ببنە هۆی گۆڕانکاری یەکلاکەرەوە. ڕووداو، ڕوودەدات، بەڵام بارودۆخی گشتی هەر دەمێنێتەوە. دیالۆگ دروستدەبێت، بەڵام پرسیاری سەرەکی چەندین جار بێ وەڵام دەمێنێتەوە. توندوتیژی ڕوودەدات، بەڵام دواتر هەمان دۆخی پێشوو دەگەڕێتەوە. جووڵە ڕوودەدات، بەڵام هیچ جێگۆڕکێیەکی ڕاستەقینە ڕوو نادات. لە ئەنجامدا، دووبارەبوونەوە جێگەی پێشکەوتن دەگرێتەوە.
لە پێکهاتەی گێڕانەوەیەکی ئاساییدا، کات بەگشتی لە ڕێگەی گۆڕانی دۆخەوە دەردەکەوێت: کارەکتەر بڕیارێک دەدات، شتێک ڕوودەدات، زانیاری ئاشکرا دەبێت، و بارودۆخەکە بە گوێرەی خاڵی دەستپێکردن دەگۆڕێت. بەڵام لە “مرۆڤە خۆڵەمێشیەکان”دا، بەشێکی گرینگی کات نەک بە شێوەیەکی هێڵی، بەڵکوو بە شێوەیەکی بازنەیی ئەزموون دەکرێت. کارەکتەرەکان نازانن چەن ڕۆژ یان چەن سەعات تێپەڕیوە. داهاتووش لە شێوەی ئاسۆیەکی دیاریکراودا بوونی نییە. کەواتە، کات لە “بەرەو چی دەڕۆن” بۆ “ئەوەی تێیدا گیریان خواردووە” دەگۆڕێت. ڕابردوو دەبێتە یادەوەرییەکی لەرزۆک، و داهاتوو دەبێتە ئەگەرێکی نادیار بۆ ئازادی یان بەردەوامی بەندبوون. لە هەمان کاتدا، تاکە شت کە دڵنیایە ئەوەیە کە ئێستا دووبارە دەبێتەوە. بەم شێوەیە زیندان تەنها شوێنی کارەکتەرەکان نییە، بەڵکو وردە وردە دەبێتە کاتی ژیانیان.
یەکێک لە گرینگترین ئەرکەکانی دووبارەکردنەوە لە شانۆنامەکدا بەرهەمهێنانی خووەکانە. شتێک کە بۆ یەکەم جار نائاسایی و بێزارکەر یان تەنانەت سەرسوڕهێنەر بێت، ئەگەر دووبارە و دووبارە ببێتەوە دەتوانێ ببێتە بەشێک لە ڕێکخستنی ڕۆژانە. جووڵە بازنەییەکانی زیندانییەکان، کە لە لاپەڕەی ٢٤ بەدواوە دووبارە و دووبارە دەبنەوە، نمونەیەکی ڕوونی ئەم میکانیزمەیە.
(بەندییەکان، بەناو زیندانەکەدا زۆر بەخێراییەوە دێن و دەچن، جار ناجارێک یەکێکیان دەوەستێت، قسە لەگەڵ یەک دەکەن و دەکەونەوە هاتوچۆ کردن.)
دووبارە بۆ جارێکی تر لە لاپەڕەی ٤٤دا:
(بەندییەکان هەڵدەستنە سەرپێ، بەناو زیندانەکەدا بە جووڵەی زۆر خێرا دەگەڕێن و دێن و دەچن، جار ناجارێک یەکێکیان دەوەستێت، قۆڵ و باڵیان دەجووڵێنن، دەکەونە جووڵە و هاتوچۆ.)
ئەم پڕۆسەیە چەن جارێکی تریش لەبەشەکانی تری دەقەکەدا دووبارە دەبێتەوە.
هەمان شت لە ئاستی دیالۆگدا ڕوودەدات. پرسیاری “یادگار” سەبارەت بە هۆکاری گیران و زیندانیبوونی، چەندین جار دووبارە دەبێتەوە: ئەو نازانێت بۆچی گیراوە و ئەم نەزانینە لە چەند خاڵێکی شانۆنامەکەدا دووبارە دەبێتەوە.
یادگار:
دەبێت من لەسەر چی گیرابم؟
من نازانم لەسەر چی گیراوم!
تۆ دەزانی لەسەر چی گیراوم؟
من نازانم لەسەر چی گیراوم و بۆ هێناویانم بۆ ئێرە!
نابێ بزانم لەسەر چی گیراون!
من نازانم لەسەر چی گیراوم!
لە یەکەم نیگادا، ئەم دووبارەکردنەوەیانە لەوانەیە وەک جەختکردنەوە لەسەر بێ وەڵامی دەربکەوێت، بەڵام ئەرکیان لە جەختکردنەوە تێدەپەڕێت. پرسیارێک کە بۆ یەکەم جار ناڕەزایی دەردەبڕێت، بە دووبارەبوونەوە دەبێتە بەشێک لە ڕیتمی گفتوگۆکان. کەواتە، ناڕەزایی دەتوانێ لە ئەنجامی دووبارەبوونەوەدا ببێتە شتێکی زۆر ئاسایی.
هەڵبەت، دووبارەبوونەوە لە “مرۆڤە خۆڵەمێشیەکان” مانای ئەوە نییە کە ڕووبەڕووی هیچ ڕووداوەک نابینەوە. توندوتیژی ڕوودەدات، کارەکتەرەکان ڕابردووی خۆیان دەردەخەن، ململانێ گەشە دەکات و زانیاری نوێ پێشکەش دەکرێت، بەڵام ئەم ڕووداوانە نابنە هۆی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە بارودۆخەکەدا. بە واتایەکی تر، دەقەکە مەودایەک لەنێوان گۆڕانکاری لە ئاستی ڕووداو و گۆڕانی ئاستی بارودۆخەکە، دروست دەکات. لەوانەیە لە کارەکتەرێک بدرێت، یەکێکی تر نهێنییەکی ژیانی ئاشکرا بکات، یەکێکی تر یادەوەرییەک دەگێڕێتەوە، یان پاسەوانەکان لەوانەیە بێنە ژوورەوە و کارێک بکەن و بچنە دەرەوە، بەڵام دوای ئەم ڕووداوانە هەمان ژوور، هەمان دەرگا، هەمان ڕووناکی، هەمان سەرما، و هەمان ڕێکخستنی گشتی دەمێنێتەوە. لە ئەنجامدا، ڕووداوەکان لە پێکهاتەیەکی جێگیردا هەڵدەمژرێن.
ئەم تایبەتمەندییە هەروەها کاریگەرییەکی گرنگی لەسەر ئەزموونی کاتی خوێنەر و بینەر هەیە. خوێنەر یان بینەر چاوەڕێی ئەوە دەکات کە هەر ڕووداوێک بیانباتە دۆخێکی نوێ، بەڵام شانۆنامەکە بە بەردەوامی دەیانگەڕێنێتەوە بۆ هەمان خاڵی پێکهاتەیی. بەم شێوەیە، ئەزموونی خوێنەر و بینەر خۆی دەتوانێت تاڕادەیەک لەگەڵ ئەزموونی کارەکتەرەکان لەگەڵ کات هاوشێوە بێت. لە ڕاستیدا، پێکهاتەی دووبارەبووی دەقەکە ڕێگە بە خوێنەر و بینەر دەدات ئەزموونێکی کاتی هاوشێوەی کارەکتەرەکانییان هەبێت، ئەزموونێک کە تێیدا چاوەڕوانی گۆڕان بە بەردەوامی دەبێتە هۆی گەڕانەوەی دۆخی بنەڕەتی.
دووبارەبوونەوە تەنها لە ئاستی وشە ڕوو نادات. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی تری دەقەکە دووبارەبوونەوە لە ئاستی جەستەدایە. ڕۆیشتن و جووڵەی بەکۆمەڵ، وەستان، دانیشتن، ململانێی جەستەیی، لێدان، و گەڕانەوە بۆ هەمان فەزای سنووردار، جەستەی کارەکتەرەکان لە شێوازێکی دووبارەبوودا دەهێڵیتەوە. جووڵە چیتر مەرج نییە بۆ گەیشتن بە شوێنێکی تر ڕوو بدات. جووڵە، خۆی دەبێتە چالاکی. کارەکتەرەکان دەڕۆن، بەڵام ناچنە هیچ شوێنێکی تر. قسە دەکەن، بەڵام مەرج نییە وەڵامیان دەست بکەوێت. لەم حاڵەتەدا زیندان نەک تەنها جووڵە سنووردار دەکات، بەڵکوو مانای جووڵەیش دەگۆڕێت.
هەمان لۆژیک، بۆ بابەتی توندوتیژی لەناو شانۆنامەکەیش بەکارهاتووە. ململانێی نێوان کارەکتەرەکان و توندوتیژیی پاسەوانەکان، ئەگەر وەکوو ڕووداوێکی زۆر نائاسایی مابانەوە، دەکرا هەموو جارێک بارودۆخەکە بگەیەنێتە خاڵێکی هەستیار، بەڵام دەقەکە توندوتیژی بە شێوەی جۆراوجۆر دەگێڕێتەوە و دەیکاتە بەشێک لە ڕێکخراوەی ژیان. پەیوەندی نێوان هەردوو کارەکتەری “کاکە سوور” و “عەزیز” نموونەیەکی بەرچاوە. هەڵسوکەوتی شەرمەزارکەر و توندوتیژی “کاکە سوور” بەرامبەر بە عەزیز دەگەڕێتەوە بۆ چەند قۆناغێک: لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەرەتاییەوە تا لێدان و سوکایەتیکردنەکانی دواتر، و دواجار توندوتیژیی توندتر.
کاکەسوور بۆ عەزیز کاتێک یەخەی عەزیزی گرتووە و ڕایدەکێشێت و دەیهێنێت و دەیبات:
ڕقم لێت نییە! دەمەوێت یاریت لەگەڵ بکەم.. یاری.
کاکەسوور بۆ عەزیز کاتێک دەزانێت کە عەزیز ڕەخنەی نووسیوە:
تۆ؟ (پێدەکەنێت) گوتاری ڕەخنەییت نووسیوە! (دەکێشێت بە پشتی ملی عەزیزدا) ڕەخنە!
کاکەسوور بۆ عەزیز، کاتێک پشتی ملی عەزیز دەگرێ و بەسەریا هاوار دەکات:
گەر وەک کەر بۆم نەزەڕێنی دەتکوژم. گەر وەک کەر بۆم نەزەڕێنی، سەرت پان دەکەمەوە… تێگەیشتی!
دوای ئەوەی عەزیز بە ترس و نائارامییەوە دەزەڕێنێ، کاکەسوور وازی لێ ناهێنێت و بە عەزیز دەڵێت:
خوێڕی، دەی وەک سەگ بووەڕە.
دواتریش لە بەشێکی تری شانۆنامەکەدا توندوتیژییەکە زۆرترییش دەبیت:
کاکەسوور پەلاماری عەزیز دەدات، دەیداتە بەر بۆکس و دەیدات بە زەویدا و بە پێلەقە تێی بەر دەبێت.
گرینگی ئەم پرۆسەیە تەنها زیادبوونی چڕی توندوتیژی نییە، بەڵکوو ئەوەیە کە توندوتیژی تێکەڵ بە پەیوەندییە ڕۆژانەکانی زیندانییەکاندا دەبێت.
لە شانۆنامەکەدا دووبارەبوونەوە بە مانای خۆبەدەستەوەدانی تەواوی کارەکتەرەکان نییه. “یادگار” بەردەوام پرسیار دەکات کە بۆچی گیراوە، بەردەوام باسی خنکان دەکات و لە هەوڵدانی بۆ تێگەیشتن له دۆخەکە، بەردەوامە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە خۆڕاگرییەکەی لەناو ئەو پێکهاتەیەدا ڕوودەدات کە دەیەوێت لێی دەربچێت. پرسیارەکە دووبارە دەکرێتەوە، بەڵام وەڵامەکی نییە. ناڕەزایی دووبارە دەبێتەوە، بەڵام پێکهاتەکە ناگۆڕێت. توندوتیژی دووبارە دەبێتەوە، بەڵام دواتر هەمان دۆخی سەرەتایی دەگەڕێتەوە. لە ئەنجامدا، دووبارەبوونەوە وردە وردە هێزی بەرگری دادەخوڕێنێت، نەک لەبەر ئەوەی کارەکتەر لەناکاو بیروباوەڕی دەگۆڕێت، بەڵکوو لەبەر ئەوەی هیچ کردارێک نابێتە هۆی گۆڕانکاری لە بارودۆخەکەدا.
ڕستەیەک، دەکرێ یەکەم جار ناڕەزایی دەربڕین بێت، جاری دووەم وەبیرهێنانەوەی ناڕەزایی و جاری سێیەم تەنیا وەک بەشێکە لە ڕیتمی ژیان دەرکەوێت. بەهەمان شێوە، شانۆنامەکە بەبێ ئەوەی پێویست بێت ئەم پەرەسەندنە ڕوون بکاتەوە، ئەگەری داخوڕانی وردە وردەی مانای بەرگری، دەخولقێنێت.
لە دووبارەکردنەوە بەرەو ئاساییکردن
مەرج نییە هەموو دووبارەکردنەوەیەک ببێتە هۆی خووگرتن، و مەرج نییە هەموو خوویەک ببێتە هۆی قبوڵکردن، بەڵام لە پێکهاتەی “مرۆڤە خۆڵەمێشییەکان”دا، دووبارەبوونەوەی بەردەوام، دەبێتە هۆی ئەوەی دۆخی ئێستا لە ڕووداوێکی نائاساییەوە بۆ چوارچێوەیەکی جێگیری ژیان بگۆڕێت.
لە سەرەتای شانۆنامەکەدا، زیندان بۆ کارەکتەرەکان کێشەیە. کارەکتەرەکان دەربارەی پرسیار دەکەن، گلەیی لێدەکەن، و دەیانەوێت بزانن بۆچی لەوێن، بەڵام لەگەڵ بەردەوامبوونی بازنەی دووبارەکردنەوە، زیندان خۆی کەمتر و کەمتر پێویستی بە ڕوونکردنەوە دەبێت. پرسیارەکە لە “بۆچی ئێمە لێرەین؟” بۆ “ئێمە لێرە چی بکەین؟” دەگۆڕێت. ئەم گۆڕانە بچووک دەردەکەوێت، بەڵام لە ڕوانگەیەکی دراماتۆرگییەوە یەکلاکەرەوەیە. چونکە ئەو ساتەی کە مرۆڤ، لەجیاتی پرسیارکردن دەربارەی شەرعییەتی بارودۆخەکە، دەست بە گونجاندنی ژیانی خۆی لەگەڵ یاساکانی دۆخەکە دەکات، ڕێکخراوەیەکی سەپێنراوە دەچێتە قۆناغی ئاساییبوونەوە.
کەواتە، ئەگەر لە بەشی یەکەمدا گووتمان کە شوێن، ئەگەری کردار سنووردار دەکات، و لە بەشی دووەمدا نیشانمان دا کە لەناوبردنی جیهانی دەرەوە ئەگەری بەراوردکردن کەم دەکاتەوە، لەم بەشەدا دەتوانین هەنگاوی سێیەم بەم شێوەیە داڕێژین:
شوێن، فەزای ژیان سنووردار دەکات، نەبوونی دەرەوە، ئاسۆی بەراوردکردن سنووردار دەکات، و دووبارەبوونەوە کاتی ژیان سنووردار دەکات.
٤. جەستە و ئاساییکردنەوەی توندوتیژی
قۆناغی دواتری پرۆسەی ئاساییکردنەوە، لە جەستەی کارەکتەرەکاندا دەردەکەوێت. لە “مرۆڤە خۆڵەمێشییەکان”، دەسەڵات تەنها لە ڕێگەی فەرمان، دەرگا داخراوەکان، یان ئامادەبوونی پاسەوانەکانەوە بەکار ناهێنرێت. دەسەڵات وردە وردە لە جەستە، جووڵە، ترس، سووکایەتیکردن، و پەیوەندی کارەکتەرەکان بە یەکترەوە دەردەکەوێت.
لەم ڕوانگەیەوە، نابێت توندوتیژی لە شانۆنامەکەدا تەنها وەک کۆکراوەیەک لەدیمەنی توندوتیژی سەیر بکرێت. گرینگی سەرەکی لە چۆنیەتی دووبارەبوونەوە و تێکەڵکردنی توندوتیژی، لە ژیانی ڕۆژانەدایە. توندوتیژی سەرەتا ڕووداوێکە، پاشان دەبێتە هەڵسوکەوتێکی دووبارە، و لە کۆتاییدا دەتوانێت ببێتە بەشێک لە ڕێکخستنی ئاسایی پەیوەندییەکان. لەم قۆناغەدا، دەسەڵات پێویست ناکات لە هەر ساتێکی دیاریکراودا لەدەرەوەڕا خۆی بسەپێنیت. کەسەکان خۆیان، لە پەیوەندی لەگەڵ یەکتردا بەشێک لە لۆژیکەکەی بەرهەم دەهێننەوە. شانۆنامەکە وردە وردە پەیوەندییەکی ئاڵۆزتر لەنێوان دەسەڵات و زیندانیاندا گەشە پێدەدات: بەشێک لەو توندوتیژییەی کە یەکەم جار لە دەرەوەڕا بەسەریاندا دەسەپێنرا، لە پەیوەندییە ناوخۆییەکانییاندا دووبارە دەبێتەوە.
پەیوەندی نێوان “کاکە سوور” و “عەزیز” نموونەیەکی سەرەکی ئەم گواستنەوەیە. “کاکەسوور” هەڵوێستێکی سووکایەتی و توندوتیژی بەرامبەر بە “عەزیز” هەیە، هەر لە ڕووبەڕووبونەوەکانی سەرەتاوە و گرتنی یەخە تا دواتر لێدان و سوکایەتیکردن، و دواجار توندوتیژیی توندتر بەرامبەری. ئەم ڕەفتارانە تەنها کەسایەتی توندوتیژی “کاکە سوور” ناناسێنێت. گرنگی دراماتورگیکی ئەوان، لەوەدایە کە پێکهاتەی دەسەڵاتی زیندانی، لە پەیوەندی نێوان خودی زیندانییەکاندا، دووبارە بەرهەم دەهێنرێتەوە.
لەم حاڵەتەدا چیتر پێویست بە ئامادەبوونی ڕاستەوخۆی پاسەوان بۆ جێبەجێکردنی دەسەڵات نییە. زیندانی دەتوانێت ڕۆڵی زاڵ، بەسەر زیندانییەکەی تردا بگرێتە ئەستۆ. بەم شێوەیە دەسەڵات لە پێکهاتەیەکی ستوونی سادە، واتە پاسەوان بەرامبەر زیندانی، بۆ تۆڕێک لە پەیوەندییەکان دەگۆڕێت کە تێیدا، تاکەکان دەتوانن هاوکات، ببنە قوربانی و بەرهەمهێنەری توندوتیژی. ئەم گۆڕانە بۆ چەمکی ئاساییکردنەوە یەکلاکەرەوەیە. چونکە ئەگەر توندوتیژی تەنها بەرهەمێک لەلایەن پاسەوانەکانەوەبێت، هێشتا دەتوانرێت بخرێتە پاڵ فاکتەرێکی دەرەکی. بەڵام کاتێک توندوتیژی لەنێو خودی زیندانییەکاندا دووبارە دەبێتەوە، سنووری نێوان دەسەڵاتی دەرەکی و دەسەڵاتی ناوخۆیی دەست بە لێڵ بوونەوە دەکات.
جەستە وەکوو شوێنێک بۆ سەقامگیری و چڕبوونی دەسەڵات
لەم شانۆنامەیەدا، جەستە بۆ خۆی قسە دەکات. سەرما، برسێتی و لێدان، ماندووبوون، هەستکردن بە خنکان و سنووردارکردنی جووڵە، هێز و دەسەڵات بۆ ئەزموونێکی جەستەیی دەگۆڕێت. بۆ نموونە دووبارەکردنەوەی ڕستەی کارەکتەری “یادگار” دەربارەی هەستکردن بە خنکان، تەنها دەربڕینی هەستێکی دەروونی نییە.
دەستەواژەی “خەریکە دەخنکێم، هەناسەم بۆ نادرێت” لە بارودۆخی جۆراوجۆردا دووبارە دەبێتەوە و وردە وردە هێڵی نێوان خنکانی جەستەیی و خنکان بەهۆی باری کۆمەڵایەتی و دەروونییەوە لێڵ دەکات. جەستەی “یادگار” شتێک دەردەبڕێت کە زمان ناتوانێت بەتەواوی ڕوونی بکاتەوە: ئەو نەک تەنها لە ژوورێکی داخراودا بەند کراوە، بەڵکوو لە دۆخێکدایە کە بۆ هەناسەدان و بەردەوام بوون لە ژیان، لە ژێر گوشاردایە.
لەم ڕوانگەیەوە، جەستەی کارەکتەرەکان یەکێکە لەو شوێنە سەرەکیانەیە کە تێیدا، پێکهاتەی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ ئەزموونێکی تاکەکەسی دەگۆڕێت. دەسەڵات چیتر چەمکێکی ئەبستراکت نییە. کاریگەری لەسەر جەستە هەیە، جەستە دەترسێنێت، برینداری دەکات، ماندووی دەکات، و هەندێک شێوازی ڕەفتار و هەڵسوکەوتی دیاریکراوی بەسەردا دەسەپێنیت.
تایبەتمەندییەکی تری توندوتیژی لە شانۆنامەکەدا ئەوەیە کە توندوتیژی، هەمیشە تەنها بە ئازاری جەستەیی سنووردار نابێت. سووکایەتیکردنیش بە هەمان شێوە لە پێکهاتەی دەسەڵاتدا گرینگە. هەڵسووکەوتی “کاکە سوور” لەگەڵ “عەزیز”دا بەتایبەتی لەو بارودۆخانەی کە ناچاری دەکات لاسایی دەنگی ئاژەڵان بکاتەوە، نموونەیەکی ڕوونی گۆڕینی جەستەی مرۆڤە بۆ بابەتی شەرمەزاربوون و ئەزموونکردنی سووکایەتی. لێرەدا ئامانج تەنها ئازاردان نییە. ئامانج کەمکردنەوەی کەڕامەتی و شوناسی مرۆڤی کەسایەتییە.
ئەم جیاوازییە، گرینگە. ئازاری جەستەیی دەشێت کاتی بێت، بەڵام شەرمەزاری و سووکایەتی دەتوانێت ئەو وێنەیە بگۆڕێت کە مرۆڤ بۆ خۆی هەیەتی. کاتێک کەسێک ناچار دەکرێت خۆی لە بارودۆخێکدا ببینێت کە تێیدا بە ئەنقەست نکۆڵی لە کەڕامەتی دەکرێت، دەسەڵات ڕووی جەستەی تێپەڕاندووە و گەیشتووەتە پەیوەندی تاک لەگەڵ شوناسەکەی. لەم دیمەنانەدا، کاردانەوەی زیندانییەکانی تریش گرینگ دەبێت. پێکەنین یان هاوڕاییکردنیان بۆ بارودۆخە شەرمەزارکەرەکە، نیشانی دەدات کە چۆن توندوتیژی دەتوانێت لە پەیوەندی دووکەسی تێبپەڕێت و ببێتە ڕەفتارێکی کۆمەڵی قبوڵکراو. ئەگەر توندوتیژی هەمیشە بە بەرهەڵستکاری بەکۆمەڵ ڕووبەڕوو ببێتەوە، ئەوا ڕێکخستنەکەی ناجێگیر دەمێنێتەوە، بەڵام کاتێک کەسانی تر بەشداری دەکەن یان پێدەکەنن، توندوتیژی دەبێتە بەشێک لە پەیوەندییە ئاساییەکانی کۆمەڵ.
قوربانیبوون و بەرهەمهێنانەوەی توندوتیژی
گرینگی کارەکتەری “کاکەسوور” تەنها لەو توندوتیژییەدا نییە کە بەرامبەر بە “عەزیز” دەیکات. ئەو خۆی باکگراوندێکی توندوتیژی هەیە و دان بە کوشتنی ژنەکەیدا دەنێت. بەم شێوەیە، دەقەکە، کارەکتەرێک دەخاتە ناوەڕاستی فەزای زیندانەوە کە پێش چوونی بۆ زیندان، پەیوەندیی لەگەڵ توندوتیژی هەبووە.
کاکەسوور:
(لەبەر خۆیەوە قسە دەکات، وەک نەیەوێت کەس گوێی لێ بێت.)
باوکم زۆرجار لێی داوم… مناڵ بووم. جارێکیان ئەوەندەی لێ دام، میزم کرد بەخۆمدا.
هەر بەم هۆیەیەوە، شانۆنامەکە توندوتیژی تەنها وەک بەرهەمی زیندان نیشان نادات. زیندان، توندوتیژی لە هیچەوە دروست ناکات، بەڵام شێوازەکانی ئەو توندوتیژییەی کە پێشتریش هەبووە، بەرهەم دەهێنیت و چڕتر و لەپاشان ئاسایی دەکاتەوە.
لەم ڕوانگەیەوە، زیندانییەکان کۆمەڵێکی تەواو بێ ئەزموون، لە توندوتیژی نین کە لەناکاو لە زینداندا ڕووبەڕووی ببنەوە. هەریەکەیان ترس و شکست و شێوازی جیاوازی ڕووبەڕووبوونەوەی دەسەڵاتیان لەگەڵ خۆیدا هێناوە بۆ ژوورەکە. زیندان، ئەم جیاوازیانە ناهێڵێت، بەڵکوو لە شوێنێکی داخراودا کۆیان دەکاتەوە. ئەنجامەکەش ئەمەیە: کەسێک کە لە ساتێکدا قوربانییە لەوانەیە لە ساتێکی تردا بەسەر یەکێکی تردا زاڵ بێت؛ کەسێک کە سووکایەتی پێدەکرێت لەوانەیە شەرمەزاری کەسێکی تر دووبارە بکاتەوە؛ و کەسێک کە ملکەچ بووە لەوانەیە لە کاتێکی تردا ببێتە فەرماندە.
بەم شێوەیە شانۆنامەکە لە مۆدێلێکی سادەی “دەسەڵات بەرامبەر بە قوربانی” دوور دەکەوێتەوە و نیشانی دەدات کە چۆن دەسەڵات دەتوانێت لە پەیوەندییەکانی نێوان تاکەکاندا بسوڕێتەوە. لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم پرۆسەیەدا، “یادگار” ڕۆڵێکی گرینگ دەگێڕێت. ئەو زیاتر لە ئەوانی تر جەخت لەسەر نەزانین و خنکان و نادادپەروەری بارودۆخەکە دەکاتەوە. تەنانەت پاش توندوتیژیی پاسەوانەکانیش هەوڵ دەدات کێشەی سەرەکی بپارێزێت: نازانێت بۆچی گیراوە، و دەیەوێت وەڵامی ئەم پرسیارە بدۆزێتەوە.
یادگار:
زیندان… زیندان. (خەریکە دەگری.) دەترسم لێرە بمرم. (وچانێکی کورت.) نازانم لەسەر چی گیراوم.
بەڵام گرینگی ئەم بەرهەڵستکارییە لەوەدایە کە دەقەکە نایکاتە سەرکەوتن. “یادگار” دەتوانێت پرسیارەکە دووبارە بکاتەوە، بەڵام وەڵامێکی پێکهاتەیی وەرناگرێت. دەتوانێت ناڕەزایی دەرببڕێت، بەڵام پێکهاتەی زیندانەکە هەر دەمێنێتەوە. تەنانەت کاتێک لە ئەنجامی توندوتیژیدا، جەستەی دەگاتە لێواری داڕمان، دۆخەکە بە گشتی ناگۆڕێت.
لە ئەنجامدا، ئەگەر بەشی دووەم نیشانیدا کە جیهانی دەرەوە وردە وردە لە ئەلتەرناتیڤێکەوە بەرەو هەڕەشە دەڕوات، ئەم بەشە نیشانیدا کە چۆن دەسەڵات دیوارەکانی زیندان تێدەپەڕێنێت و دەچێتە ناو پەیوەندییەکانی نێوان جەستەکان. توندوتیژی لە “مرۆڤە خۆڵەمێشییەکان”ی دانا ڕەئووف-دا، تەنها ئامرازێک بۆ نیشاندانی چەوساندنەوە نییە، بەڵکوو ئامرازێکە کە بەهۆی ئەوەوە زیندان، لەناو جەستە و هەڵسوکەوتی کارەکتەرەکاندا جێگیر دەبێت.
لێرەدا، شانۆنامەکە ئامادەیە بۆ ئەوەی بچێتە ناو قۆناغێکی تر. ئەگەر توندوتیژی، هێز لە جەستە و پەیوەندییەکانی کارەکتەرەکاندا جێگیر بکات، دەنگ و ڕووناکی شتێکی جیاواز دەکەن: بواری تێگەیشتن ڕێکدەخەن. ئەوەی دەبینرێت و دەبیسترێت، و ئەوەی هەرگیز نابینرێت، ئەوە دیاری دەکات کە کارەکتەرەکان و تەنانەت خوێنەران و بینەران چۆن ئەزموونی ئەم جیهانە داخراوە دەکەن. لێرەدا دەتوانین سەیری ڕۆڵی دەنگ و ڕووناکی لە پێکهێنانی جیهانی زینداندا بکەین.
٥. دەنگ و ڕووناکی: ئەوهێزانەی هەستەکان و تێگەیشتنەکان ڕێکدەخەن
لە “مرۆڤە خۆڵەمێشیەکان”، بەشێک لە دەسەڵات لە ڕێگەی ڕێکخستنی بوارەکانی تێگەیشتن و هەستی کارەکتەرەکانەوە بەکار دەهێنرێت. لەم بەشەدا، دەنگ و ڕووناکی ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن. دەنگ ئەو شتانە دەهێنێتە ناو زیندان کە لە دەرەوەی هێڵی بینین ڕوو دەدەن، و ڕووناکی ئەگەری بینینی دۆخێکی هەمیشەیی دروست دەکات. بەم شێوەیە، هەردوو توخمەکە بەشداری لە بنیاتنانی ئەزموونی زینداندا دەکەن، بەڵام بە دوو شێوازی جیاواز: دەنگ، بابەتە نەبینراوەکان لە زینداندا ئامادە دەکات و ڕووناکی، بابەتە بینراوەکان، لە ئەگەری هەڵاتن بێبەش دەکات.
هەر لە سەرەتای شانۆنامەکەوە، دەنگی با و لوورەی هەواکێشی ساپیتەکە، سنووری نێوان ناوەوە و دەرەوە پێکدەهێنێت. خاڵی گرینگ ئەوەیە کە جیهانی دەرەوە هەرگیز لەشێوەی بینین و ڕاستەوخۆ ناچێتە ناو دیمەنەکەوە. ئەوەی لە دەرەوە دەچێتە ناو زیندانەوە، تەنیا دەنگە: ئەو دەنگانەی کە دەتوانن ئاماژە بە بوونی هێزەکان لە دەرەوەی ژوورەکە، ڕوودانی توندوتیژی، یان هەبوونی جیهانێکی نەناسراو لە پشت دیوارەکانەوە بکەن. کەواتە، دەرەوە لە ڕێگەی وێنەوە ئامادە نییە، بەڵکوو لە ڕێگەی کاریگەری بیستراوییەوە لە دیمەنەکاندا ئامادە دەبێت.
ئەم دۆخە لە دەنگەکانی پەیوەست بە توندوتیژیدا دووبارە دەبێتەوە. ئەو هاوار و دەنگانەی لە دەرەوەی فەزای سەرەکی شانۆکەوە دەبیسترێن، بەبێ ئەوەی پێویست بێت سەرچاوەکەیان ببینن، بیرهێنانەوەی هەبوونی دەسەڵاتێکە کە بە درێژایی شانۆنامەکە خەریکە هێز بەکاردەهێنێت. لێرەدا دەنگ پەیوەندی کارەکتەرەکان لەگەڵ فەزای دەرەوە پێکدەهێنێت. دەرەوە شتێکە کە کارەکتەرەکان ناتوانن بیبینن، بەڵام ناتوانن لە ئامادەبوونیشی ڕزگاریان بێت.
بۆیە دەنگ لەم دەقەدا جۆرێکە لە ئامادەبوونێکی نەبینراو. هێز، بۆ ئەوەی هەستی پێبکرێت، هەمیشە پێویست ناکات ببینرێت. هەر ئەوەی نیشانەکانی لە پشتی دیوارەکەوە، لە دەروازەکەوە یان لە دەرەوە بێت، ئەوە دەستبەجێ هەستی پێدەکرێت. ئەم میکانیزمە بارودۆخی زیندانییەکان بەرەو جۆرێک لە نائارامی هەمیشەیی دەبات: ئەوان بەتەواوی نازانن لە دەرەوە چی ڕوودەدات، بەڵام دەزانن شتێک لەوێ خەریکی ڕوودانە. تەنانەت بێدەنگییش لەم پێکهاتەیەدا چیتر مانای نەبوونی دەنگ ناگەیەنێت. دوای دەنگی توندوتیژی، بێدەنگی دەتوانێت ببێتە چاوەڕوانی دەنگ یان توندوتیژی داهاتوو. بەم شێوەیە، دەنگ و بێدەنگی پێکەوە بۆ دروستکردنی ڕیتمێک کە تێیدا کارەکتەرەکان بە بەردەوامی لە حاڵەتی چاوەڕوانی و ئاگاداریکردن دەهێڵێتەوە، کار دەکەن.
لەگەڵ دەنگدا، ڕووناکی یەکێک لە گرینگترین توخمەکانی هەستی و تێگەیشتن لە شانۆنامەکەدا ڕێک دەخات. لە سەرەتای شانۆکە، ئاماژە دەکرێت کە ڕووناکی شانۆ بە بەردەوامی ئامادەیە و زیندانییەکان ناتوانن کۆنتڕۆڵی بکەن.
(ڕووناکی بە درێژایی نمایشەکە زۆر بەهێزە و ناکوژێتەوە. کوژانەوە و داگیرسانی گڵۆپی ژوورەکە بە دەست بەندییەکان نییە و هیچ سویچێکی کوژانەوە و داگیرساندن لەناو زیندانەکەدا نییە.)
نەبوونی گۆڕانێکی هەستپێکراو لەنێوان ڕووناکی و تاریکی نیشانەیەکی تر لە پچڕانی ئەزموونی کاتە. لە جیهانێکدا کە شەو و ڕۆژ لە یەکتر جیاناکرێنەوە، ڕووناکی چیتر تەنها ئامرازێک بۆ بینینی دیمەنەکان نییە و خۆی دەبێتە بەشێک لە بارودۆخی سەپێنراو.
کارەکتەرەکان لە فەزایەکدان کە بەگشتی هەموو شتێک تێیدا دەبینرێت، بەڵام ئەم بینینە بەردەوامە، نابێتە هۆی زانینی ڕاستی. ئەوان زانیاری ڕوونیان لەسەر جیهانی دەرەوە نییە و وردە وردە پەیوەندییان بە ڕابردوو و شوناسی خۆیانەوە لەدەست دەدەن. بەم شێوەیە، شانۆنامەکە مەودایەکی بنەڕەتی لەنێوان «بینین» و «زانین» دروست دەکات:
هەموو شتێک دەبینرێت، بەڵام هییچ شتێک ڕوون ناکرێتەوە. ئەم تایبەتمەندییە، ڕووناکی لە توخمێکی جوانیناسانەی تەواوەوە بۆ توخمێکی دراماتورگی دەگۆڕێت. ڕووناکی، لە لایەکەوە، ڕێگە بە جەستە و کردارەکان دەدات ببینرێن، و لە لایەکی ترەوە، بە نەهێشتنی ئەگەری تاریکی و تەنهایی، جۆرێک لە حاڵەتی هەمیشەیی بەربینینکەوتن دروست دەکات. زیندانییەکان تەنانەت هیچ بۆشاییەکیان بۆ ڕاکردن لەو دۆخەی کە تێیدا بە بەردەوامی دەبینرێن نییە. لەم حاڵەتەدا، چاوەدێری چیتر مەرج نییە پشت بە ئامادەبوونی بەردەوامی پاسەوانێک ببەستێت. زانینی ئەوەی کە ئەوان هەمیشە ئاشکران، خۆی دەتوانێت ببێتە فاکتەرێک بۆ ڕێکخستنی ڕەفتارەکان و هەڵسووکەوتەکانیان.
لێرەدا، دەتوانرێت پەیوەندییەکی سنووردار لەگەڵ چەمکی دوورخستنەوەی برێشت دابمەزرێنین. ڕووناکی بەردەوام و دەرکەوتنی بارودۆخی شانۆ دەتوانێت ڕێگری لە دروستبوونی تەواوی خەیاڵە ڕاستەقینەکە بکات و بینەران ئاگادار بکاتەوە لە دەستکردیبوونی بارودۆخی شانۆیی.
گرینگی دراماتورگیکی دەنگ و ڕووناکی لە “مرۆڤە خۆڵەمێشیەکان”دا، بەتەواوی لەم دوولەتکارییەدا دەردەکەوێ؛ دەنگ فەزای بینراوی دیمەنەکە فراوان دەکات، بەڵام لەجیاتی ئەوەی ڕەنگێک لە هیوا بدات بە جیهانی دەرەوە، بۆ جیهانێکی پڕ لە هەڕەشەی، دەگۆڕێت. ڕووناکی فەزای دیمەنەکە ڕووناک دەکاتەوە، بەڵام ڕووناکییەکەی نابێتە هۆی زانین، تێگەیشتن و ئازادی. لە ئەنجامدا، هەردوو توخمەکە بەشێوەیەکی هاوکات، ئەگەری تێگەیشتن و سنووردارکردنی تێگەیشتن بەرهەم دەهێنن.
ئەگەر لە بەشەکانی پێشتردا، شوێن، جووڵەی کارەکتەرەکانی سنوردار کردبێت، سڕینەوەی جیهانی دەرەوە، ئەگەری بەراوردکردنی نەهێشتبێت، دووبارەبوونەوە، کاتی بازنەیی دروستبکات و توندوتیژیی لە جەستەکاندا جێگیر کردبێت، ئەوە دەنگ و ڕووناکی ئەم سنووردارییانە لە ئاستی تێگەیشتندا تەواو دەکەن. کارەکتەرەکان نەک تەنها لە زینداندا دەژین، بەڵکوو وردە وردە جیهان لە هەمان سنوورەوە ئەزموون دەکەن کە زیندان بۆ ئەوانی دیاری کردووە.
لێرەدا بابەتی یادەوەری دێتە جێگەی باسکردن. چونکە کاتێک شوێن، کات، جەستە و تێگەیشتن، هەموویان لە مەودایەکی جێگیردا ڕێکخراون، ئەوەی دەکەوێتە ژێر کاریگەری داخوڕان، توانای مرۆڤ بۆ پاراستن و بنیاتنانەوەی جیهانێکی جیاواز لە دۆخی ئێستایەتی. کەواتە، یادەوەری لە “مرۆڤە خۆڵەمێشیەکان”دا، خاڵی دەستپێکی ئاساییکردنەوە نییە، بەڵکوو یەکێک لە گرینگترین دەرئەنجامەکانی ئاساییکردنەوەیە
٦. یادەوەری وەک کۆتابەرهەمی ئاساییکردنەوە
لە “مرۆڤە خۆڵەمێشییەکان”دا، لەدەستدانی یادەوەری تەنها دەرئەنجامێکی سایکۆلۆجیای زیندانیکردن نییە، بەڵکوو نیشانەی قوڵبوونەوەی پرۆسەی ئاسایی بوونە. کارەکتەرەکان وردە وردە پەیوەندییان بە ڕابردوو، جیهانی دەرەوە و تەنانەت ئەو وێنەیەی کە لە خۆیاندا هەیانە لێڵ دەبێت. بەم شێوەیە، یادەوەری ڕۆڵێکی جیاوازتری لە توخمەکانی پێشوو لە پێکهاتەی شانۆنامەکەدا هەیە: ئەگەر شوێن، کات، دووبارەکردنەوە، توندوتیژی، دەنگ و ڕووناکی پرۆسەی ئاسایی بوونەوە بەڕێوە ببەن، داخوڕانی یادەوەری نیشانی دەدات کە ئەم پرۆسەیە چەندە کارەکتەرەکانی خستووەتە ژێر کاریگەری.
لە سەرەتای دەقەکەدا، زیندانییەکان هێشتا تا ڕادەیەک ڕابردوو و شوناسێکی دیاریکراوی کۆمەڵایەتییان هەیە. هەریەکەیان بە باکگراوندێکی جیاوازەوە هاتوونەتە ناو زیندان: خوێندکار، ڕەخنەگر، بازرگان، دز و بکوژ. هەمان ئەو جیاوازییانە لە سەرەتادا ڕێگە بە خوێنەران و بینەران دەدات کە کارەکتەرەکان جیاواز ببینن، بەڵام لەگەڵ بەرەوپێشچوونی شانۆنامەکە، ئەم جیاوازیانە گرینگی خۆیان لەدەست دەدەن. ڕابردوو چیتر سەرچاوەیەک بۆ دووبارە پێناسەکردنەوەی ئێستا نییە و کارەکتەرەکان ناتوانن بۆ ڕوونکردنەوەی بارودۆخی ئێستایان پشتی پێ ببەستن.
ئەم داخوڕانە لە کارەکتەری “یادگار”دا زۆر بەرچاوترە. دەستەواژەی “من نازانم بۆچی گیراوم” بەدرێژایی شانۆنامەکەدا و لە ساتی جۆراوجۆردا دووبارە دەبێتەوە. لە یەکەم نیگادا، ئەم ڕستەیە پرسیارێکە دەربارەی هۆکاری گرتنی، بەڵام دووبارەبوونەوەی وردە وردە مانایەکی جیاواز وەردەگرێت. پرسیارەکە وەڵام نادرێتەوە، و لە ئەنجامدا دەبێتە بەشێک لە دۆخی جێگیری کارەکتەر. یادگار نەک هەر ناتوانێ تێبگات بۆچی گرتوویانە، بەڵکوو ناتوانێت بە بەدەستهێنانی زانیاری نوێ بارودۆخی خۆی بگۆڕێت. پرسیاری “یادگار”، هەر دەمێنێتەوە، بەڵام پرۆسەی زانین، بەردەوام نابێت. لەبەر ئەم هۆیە، داخوڕانی یادەوەری نابێت تەنها بە “لەبیرکردنی زانیاری” یەکسان بکرێت. مەسەلەکە قووڵترە: کەسایەتی وردە وردە توانای بنیاتنانی پەیوەندییەکی مانادار لەنێوان ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو لەدەست دەدات.
هەمان بارودۆخ دەتوانرێت لە پەیوەندی نێوان کارەکتەرەکان و کات ببینرێت. کاتێک شەو و ڕۆژ لە یەکتر جیاناکرێنەوە و هەمان ڕووداو دووبارە و دووبارە دەبنەوە، ڕابردوو چیتر وەکوو ڕێگایەک کە ئەگەری بنیاتنانەوەی هەبێت، بۆ کارەکتەرەکان بەردەست نییە. کاتییش، بازنەیی دەبێت. لەم حاڵەتەدایە کە یادەوەرییش ئەرکی ئاسایی خۆی لەدەست دەدات، چونکە یادەوەری بۆ ئەوەی چیرۆکێکی شەخسی پێکبهێنێت پێویستی بە جیاوازی هەیە. جیاوازی لە نێوان “ئەوەی بوو” و “ئەوەی کە لەوانەیە بێت”. کاتێک ئەم جیاوازیانە نەمێنن، شوناسییش تووشی خەسار دەبێت.
لەم ڕوانگەیەوە، یادەوەری ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ئەگەری خەیاڵکردنی جیهانێکی ترەوە هەیە. کەسێک کە ڕابردووی خۆی بە دروستی بیر نایەتەوە و ناتوانێت داهاتوویەکی جیاواز وێنا بکات، زیاتر و زیاتر لە ئێستادا بەند دەبێت. لە “مرۆڤە خۆڵەمێشییەکان”دا، ئێستا، هەمان زیندانە.
لەگەڵ ئەوەشدا، شانۆنامەکە بەتەواوی یادەوەری ناسڕێتەوە. یادەوەرییەکان لە هەندێک خاڵدا دەگەڕێنەوە، بەڵام مەرج نییە ئەم گەڕانەوەیانە ئازادکەر بن. بیرەوەرییەکانی کارەکتەری “خڕە” لە منداڵی و توندوتیژی دەرەوەی زیندان، ئاماژە بەوە دەکات کە مەرج نییە جیهانی پێشووی کارەکتەرەکان پێچەوانەی زیندان بووبێت. لەبەر ئەم هۆیە، هێڵی نێوان ڕابردووی ئازاد و ئێستای بەندکراویش ئاڵۆزە. ئەگەر توندوتیژی، ترس و شەرمەزاری و سووکایەتیبینین، پێش چوونە ناو زیندانییش هەبووبێت، ئەوە ئیتر زیندان جیهانێکی تەواو نامۆ لە ژیانی پێشوو نییە و دەکرێت فۆرمێکی چڕ و ڕێکخراوی هەمان ئەو پەیوەندییانە بێت کە کارەکتەرەکان پێشتر ئەزموونیان کردووە.
لەم ڕوانگەیەوە، قسەکانی “یادگار” لە بەشەکانی کۆتایی شانۆنامەکەدا سەبارەت بە دەرەوە، گرینگتر دەبن. ئەو پێشنیازی ئەوە دەکات کە ئەوانەی لە دەرەوەی زیندانن، خۆیان تاوانباری سەرەکین و زیندانییەکان قوربانین. ئەم تێگەیشتنە خەریکە سنووری نێوان زیندان و جیهانی دەرەوە لادەبات. ئەگەر دەرەوە شوێنی توندوتیژی و تاوان بێت، ئەوا بەجێهێشتنی زیندان مانای چوونە ناو جیهانێکی ئازاد نییە.
کەواتە، داخوڕانی یادەوەری لە شانۆنامەکەدا تەنها مانای “لەبیرکردنی ڕابردوو” نییە، بەڵکوو مانای داخوڕانی توانای بەراوردکردنیش دەگەیەنێت. کارەکتەر، کاتێک پشت بە بارودۆخی زیندان دەبەستێت کە چیتر ناتوانێت بە دڵنیاییەوە بڵێت بارودۆخێکی تر هەبووە، هەیە، یان دەشێت هەبێت.
ئەمە دەتوانرێت لە پەیوەندی نێوان یادەوەری و شوناسییش ببینرێت. کارەکتەرەکان سەرەتا بە ناو، تەمەن، پیشە و ڕابردوو جیا دەکرێنەوە، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، ئەم جیاوازییانە دەکەونە ژێر گوشاری بارودۆخە هاوبەشەکانەوە. زیندان، ئەوان لە یەک ئەزموونی هاوبەشدا دادەنێت، ئەزموونێک کە وردە وردە جیاوازییە تاکەکەسییەکان کاڵ دەکاتەوە. لە ئەنجامدا، “مرۆڤە خۆڵەمێشییەکان” تەنها ناونیشانێک بۆ وەسفکردنی ئەو کارەکتەرەکانەی خاوەن پێگەی نادیارن نییە. دەتوانرێت پەیوەندی بەو پرۆسەیە هەبێت کە تێیدا تاکبوون، بەهۆی بەردەوامی بارودۆخێکی زاڵەوە، دادەخوڕێت.
بەگشتی، لەم ڕوانگەیەوە، یادەوەری دوایین ئەڵقەی ئەو زنجیرەیەیە کە لە بەشەکانی پێشوودا بەدوایدا ڕۆیشتین:
شوێنی داخراو، مەودای کردار سنووردار دەکات؛ سڕینەوەی جیهانی دەرەوە، ئەگەری بەراوردکردن کەم دەکاتەوە. دووبارەبوونەوە، دۆخەکە ئاشنا و پێشبینیکراو دەکات. توندوتیژی، لە جەستە و پەیوەندییە ڕۆژانەکاندا جێگیر دەبێت. دەنگ و ڕووناکی بواری تێگەیشتن کۆنتڕۆڵ دەکەن و لە کۆتاییدا، یادەوەری و شوناس دادەخوڕێن.
لێرەدا، دەتوانین بگەینە گرینگترین دەرئەنجامە دراماتورگییەکەی شانۆنامەکە: دەسەڵات، کاتێک دەگاتە ئەوپەڕی بەهێزی خۆی، کە چیتر بۆ ڕاهێنان و کۆنتڕۆڵکردن، پێویستی بە ئامادەبوونی بەردەوامی هێزێکی دەرەکی نەمابێت. کاتێک یاساکانی دۆخەکە لە یادەوەری، خوو، تێگەیشتن و هەڵسوکەوتی کارەکتەرەکاندا جێگیر دەبن، مرۆڤ دەبێتە بەشێک لە میکانیزمی هێشتنەوەی هەمان ئەو دۆخەی کە جارێک بە زۆر بۆ خۆی دایناوە. کەواتە، زیندان لە “مرۆڤە خۆڵەمێشییەکان”دا، کاتێک دەبێتە جیهان کە چیتر تەنها شوێنێک نەبێت کە کارەکتەرەکان تێیدا دەژین، بەڵکوو دەبێت ببێتە شێوەی ژیان، یادەوەری و تێگەیشتن.
دەرئەنجام:
شیکردنەوەی دراماتورگییانەی “مرۆڤە خۆڵەمێشییەکان” نیشانی دەدات کە کێشەی سەرەکی شانۆنامەکە تەنها دانانی پێنج مرۆڤ لە زیندان یان وێناکردنی توندوتیژیی سیستەمێکی ستەمکار نییە، بەڵکوو لە ئاستێکی بنەڕەتیتردا، ئەو پرۆسەیەیە کە بەهۆی ئەو، دۆخێکی سەپێنراو وردە وردە دەبێتە تاکە حاڵەتی تێگەیشتن و ژیان بۆ کارەکتەرەکان. لەم ڕوانگەیەوە، زیندان لە دەقەکەدا دۆخێکی جێگیر نییە، بەڵکوو پرۆسەیەکە کە لە ئاستی شوێن و کات و جەستە و تێگەیشتن و یادەوەری و پەیوەندییە مرۆییەکاندا فراوان دەبێت.
ئاساییبوونەوەی زیندان، ئەنجامی کەڵەکەبوونی وردە وردەی ئەو میکانیزمانەیە کە یەکتر بەهێز دەکەن. شوێنی داخراو، مەودای جووڵە و هەڵبژاردن لە سەرەتاوە سنووردار دەکات؛ سڕینەوەی جیهانی دەرەوە، ئەگەری بەراوردکردنی دۆخی ئێستا لەگەڵ یەکێکی تر کەم دەکاتەوە؛ کاتی بازنەیی و دووبارەبوونەوە جیاوازی نێوان ڕووداوەکان دادەخوڕێنێت و دۆخی ئێستا ئاشنا دەکات؛ توندوتیژی لە ڕووداوێکی نائاساییەوە بۆ بەشێک لە ڕێکخستنی ڕۆژانە دەگۆڕێت؛ دەنگ و ڕووناکی بواری تێگەیشتنی کارەکتەرەکان لەنێو زینداندا ڕێکدەخەن؛ و لە کۆتاییدا، داخوڕانی یادەوەری و شوناس، توانای کارەکتەرەکان بۆ بنیاتنانەوەی ڕابردوو و خەیاڵکردنی داهاتوویەکی جیاواز، لاواز دەکات.
لەم ڕوانگەیەوە، چەمکی “ئاساییکردنەوە” لەم دەقەدا، مانای ئەوە ناگەیەنێت کە کارەکتەرەکان لە زیندان ڕازین. مەرج نییە هیچ کامیان زیندان بە خوازراو بزانن. ئەوەی دەگۆڕێت پێوەری بەراوردکردنە و ئاسۆی ئەگەرەکانە. کاتێک جیهانی دەرەوە نادیار و ناڕوون و تەنانەت مەترسیدارە و بارودۆخی زیندان بە دووبارەبوونەوە و خووگرتندا درێژەی دەبێت، ئیتر دەرچوون تەنها ئەگەریی قورس نییە و ئەوە خەیاڵکردنی دۆخێکی تر، لە ئەوییش قورستر دەردەکەوێت. لەبەر ئەم هۆیە، یەکێک لە گرینگترین دەستکەوتەکانی دراماتورگیای شانۆنامەکە ئەوەیە کە جیاوازی لەنێوان “قبوڵکردن” و “ئاساییکردنەوە” دەکات: مرۆڤ دەتوانێت لەگەڵ بارودۆخێک هاوڕا نەبێت، بەڵام ئەگەر ئەو بارودۆخە ببێتە تاکە چوارچێوەی جێگیری ژیان، هەمان بارودۆخ دەتوانێت ئاسایی بێت.
دوایین پرسیاری شانۆنامەکەش ئەوە نییە کە زیندانییەکان چۆن لە زیندان دەردەچن، بەڵکوو پرسیارێکی بنەڕەتیترە: ئەگەر مرۆڤ وردە وردە بارودۆخی زیندان وەک شێوازێکی سروشتی ژیان ئەزموون بکات، ئازادی لە کوێیە؟
وەڵامی دەقەکەیش، لە ئازادییەکی دەرەکی و یەکلاکەرەوەدا نییە، بەڵکوو لە ئاشکراکردنی هەمان پرۆسەدایە. دەقەکە بە نیشاندانی شوێن و دووبارەبوونەوە و توندوتیژی و دەنگ و ڕووناکی و داخوڕانی یادەوەری، خوێنەران و بینەران دەخاتە بەردەم ڕێگایەک کە تێیدا دەسەڵات لە هێزێکی دەرەکیەوە بۆ ڕێکخستنێکی ناوەکی دەگۆڕێت. لەم ڕوانگەیەوە، بەهای دراماتورگیکی کارەکە لەوەدایە کە لەجیاتی ئەوەی ڕاستەوخۆ میکانیزمی ستەمکاری ڕوون بکاتەوە، لە پێکهاتەی ئەزموونی کارەکتەرەکاندا دەریدەخات.
کۆتایی شانۆنامەکەیش، تەنها کۆتایی چیرۆکی پێنج زیندانی نییە، بەڵکوو دەرئەنجامی لۆژیکی ئەو پێکهاتەیە کە تێیدا دەقەکە هەر لە سەرەتاوە دروستی کردووە. زیندان لە کۆتاییدا، چیتر تەنها ئەو فەزایە نییە کە کارەکتەرەکانی تێدان. زیندان بۆتە سیستەمێک بۆ تێگەیشتنیان لە واقیع. لەزینداندا، هێڵی نێوان ناوەوە و دەرەوە و ڕابردوو و ئێستا و قوربانی و تاوانبار و زیندانی و پاسەوان و تەنانەت ئازادی و کۆیلایەتی وردە وردە لێڵ دەبێت و ئەوەی لە سەرەتادا وەک دۆخێکی نائاسایی دەردەکەوت لە کۆتاییدا بووە بە جۆرێک لە ژیانی ئاسایی. کاتێکیش زیندان دەبێت بە جیهان، ئەوە ئیتر هیچ پێویستییەکی بە پاسەوان نییە.
سەرچاوەکان:
ڕەئووف، دانا. مرۆڤە خۆڵەمێشییەکان. ناوەندی ڕەهەند و ناوەندی کەپر. چاپی دووەم. ٢٠٢٥

