نهژاد عزیز سورمێ
…………………..
ئەم دەقانە ، لەو خەونـانە دەچـن ، لە بـێدار بوونەوەدا ،
بە پچرپچری بەبیـر دێـنەوە..
هەوڵێكە لە وردبوونەوە لە ( شوێـن ) و ( ناشوێـن ) دا
· بانیژەی جودایی
شمشێری ئاوریشمینی لێ
هەڵكـێشراوە..
ئاسمانی تیا ونە..
خۆزگە بۆ پەیمانەیەك دەخوازێ.
· لە ناو توولی تەمدا
ناخایـێنێ ،
هێندەی نەماوە دەبارێ.
· پـاردە
خۆی ،
بە چیلەمێوەكەی تەنیشتیەوە
ڕاگرتووە..
لەوەتەی بڵێسە سەردانی دەكا ،
كەلارێـكی بێ سامی باركەوتووە.
· دورگەی زاراوە
بۆ كەسی باس مەكە !
گەوهەری بێدەنگی ،
گۆرانییەكی خەمباری
نیوەشەوانە…
داری ئومێدی پێ شین دەبێ.
· سێـبەری دارەبەن
باخچەی باران..
هاوڕازی ئەستێران ..
خەو ،
لەو باوەشاندا
ئیكسیری ئارامییە
قووڵ …
نەرم .
· بەهاربەند
منداڵیی تەوتەمە بێ موریدەكان
جەژنا و جەژن..
وەرزا و وەرز…
دەگەڕێتەوە…
نوخشەت لێ دیار نییە ، بزانی
چ دەبێ ، چ دەگوزەرێ .
· ڕێـژگەی ئـاوهەڵدێـر
بەفراوی..
بە خوڕ..
ژنان ،
دامەنی كراسی لێ پیرۆز دەكەن..
پیاوان ،
گوناهی پێ دەسڕنەوە ..
ڕێژگەی ئاوهەڵدێر،
تەنیا لە چیاو كەپكان نییە
لە وتارانیش دەردەكەوێ .
• كاول
تۆدەڕۆی بەجێم دێڵی
پێكگەیـشتن خەون نییە ، مۆتەكەیە..
چۆلەكەیش بێرەدا نایەن.
· هێللانەی ژێـر گوێسەبانە
باڵداران هەڵەیان نەكردووە
مرۆڤ لەوێ هەڵدەدێردرێـن.
· گیرفانی جەنگاوەر
نەینۆكێكی بچكۆلە.
وێنەی منداڵەكەی ،
گەواڵەیەك گریانی ئامادە..
پێنج هەزاریەكی شین و
دوانامەی ژنەكەی .
· شۆستەی عاشقان
هەست لە بێ سنوریدا دەخنكێ
شازادە ماچیان لێ دەدزرێ..
خۆشەویستم بنووسە!
كامیراكان ناهێڵن لێت نزیك ببمەوە.
· كەناری دادخوازی
ئەو دەڤەرە ،
ڕووپێوێـكی كوشندەیە..
شیناوەردی بێزار كردووە ..
زۆرجار پەرۆشیی
سێدارەی لە دارستانەكاندا بۆ هەڵدەخرێ .
· بەردەمراز
لەوەتەی نیشتمانیان لێ ون كردووین ،
ڕێـی بێچارەییمان گرتووە :
داماو،
لەبەر سێبەری خۆماندا
بەردەمراز هاوارە !
· قەڵای تـارمایی
هەرزە ..
بێ چاند..
بێ خەیاڵ..
بۆ جاری هەزارەم
عاجباتییان هەڵدەنێ..
چەشەخواز ، بێباك
بۆ جاری هەزارەم
زارۆمان ،
بە جاری هەزارەم دەسپێرێ .
· بنمیچی دووری
لە بیابان فڕێدراوم..
دەمم درواوەتەوە..
فرمێسكم دڵۆپ دڵۆپ بەزەوی دەكەون..
زمانم گۆ ناكا ..
دەیانبینم ،
شاباشم بەسەردا لێ دەدەن ..
· گۆڕستانی پەپوولان
بەدوای شوێنەواری گۆرانییەكەوەم
بێ ئاگاداری ،
بێ ڕەزامەندی خۆم ،
پێشمەرگ
كفنیان بۆ ئامادە كردووم .
· بەرئاستانەی ڕوانیین
لات .. كز
سەیری ئاسمانەی(تاسان) دەكا .
· تەلانی برۆكانی
چرا لە دوورڕا دەبینرێـن ..
ڕووناكی ،
بەلای لووتكەدا دەشكێنێـتەوە..
متمانەت پێ دەكەم
دڵە لانەوازەكەمت لە دەست دەنێم.
· باوەشی نیگەرانی
بەهەورازێـك سەردەكەوێت،
ژیانی لێ نزیك بووەتەوە..
لێرە فێر بوو
دڵنیایی بە كوێ دادێ.
· بیلبیلەی ڕێكەوت
چركە ئەبەدییەكانی لێ كۆ دەبنەوە..
خاكەڕایی تەنكەبەفرێكە تازە باریوە..
ناتوانم بڵێم دونیا سپی دەكا .
· باڵی شەپۆل
تۆقەڵانی بەخۆوێران..
ئەزموونی هاوسەنگی
هەستێك ، لەنەوای خۆماربوون دەچێت.
· ئـاگردان
لە چاخە بەردینەكانەوە
لەو كسپەیە نەگەیشتم ،
بە پڕووشەیێ دەنگ دەداتەوە.
· ناوەڕاستی ڕستە
چ شەوبەكێوییەكی سەختە
ڕێگاكانت ،
بە (سەقەتایەتی) لێ بگیرێ .
· پشتی بوراق
ڕاسپاردەكانم لە بیر كردووە
بمبە كەشەكەڵانی فەلەك !
لە ڕێگادا ، بیرم بێـنەوە ..
ئێستاو دواڕۆژیان
لێ بە تاڵان بردووم
بمبە كەشەكەڵانی فەلەك
شایەد بیانهێنمەوە .
· كووچەی بنبەست
لە چۆلایی ، چۆلتر..
لە خەم ، غەمگینتر..
لە دەستبەتاڵی ، بێ ئیشتر..
قەڵەمڕەوێكی بێ حاكم .
· ناخی تەنیایی
ئۆقیانوسێك گریانی تێدا قەتیس ماوە..
چیایەك لە هەنسك..
قەسیدەیەكی سەربڕاو..
ڕۆمانێكی زیندانی .
· ڕۆژهەڵاتی نیگا
تۆم بینی ،
یاقوتێكم لە خۆمدا
دۆزیەوە.
· دڕاڵەی چـۆل
وەختێك خەونەكانمان ،
هاتووچوویان پێدا دەكرد..
سەردەمێك ،
(ئازیزە)ی ژوانی پێ دەكرد.
· بۆشایی با
جوانی
لێرە زەفەری پێ دەبرێ..
قەڵای دڵ ،
لە وێدا ، لە بۆشایی ماندوویدا
داگیر دەكرێ ..
لە داد مەپرسە !
· ئەو سەری پەرەگراف
ئەتمۆسفێری گیرسانەوە
لە ڕستەی ،
(بڵێی تا سەر بێ) دایە.
· مۆڵگەی بوونەوەران
بوونەوەر ،
چاوی شەیدایان
لەگەنجینەی سەروبنی دونیادایە
ماڵ و مۆڵـگە
بە (میم) دەست پێ دەكەن .
· بناری چاوەڕوانی
بەبیرت دێـتەوە
چ تافتەیەكی باڵانوێـنت
لەوێ بەجێ هێشتبوو ؟
لەوێ لەناو گەرداوی گومان ،
لە داڵانە بێ كڵاوڕۆژنەكەدا:
(لاوك)ێـك بوو لە فرمێسك..
(هۆرە)ی ماڵئاوایی..
(ئەڵلاوەیسی)ێـك لە داخ..
بەبیریت دێتەوە وتم:
ئەگەر بـڕۆی
برینەكانت دەدەمەوە؟!
شوباتی 2017

