فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ژیانی ڤیکتۆر هوگۆ و وتە گرنگەکانی

د. نازەنین عوسمان حەسەن

نووسەر، فەڕەنسا

…………………………

لە ژیانی ڤیکتۆر هوگۆدا، چوار رژێمی سیاسی گۆڕدران. لە پێنج منداڵ، چواریان مردن. دوو جار دوورخراوەتەوە و چواریەکی ژیانی لە مەنفادا بردووەتەسەر، بەڵام قەت دەستی لە قەڵەم بەرنەدا و بوو بە سیمبولی میللەتێک و دوای دوو سەدە نووسینەکانی هەر زیندوون. هیچ فەرەنسییەک نییە، شیعرێکی ڤیکتۆر هوگۆی لەبەر نەبێت. لە زۆربەی قۆناغەکانی خوێندندا بەرهەمەکانی دەخوێنرێن. دە هەزار و پێنج سەد شەقام بەناویەوە کراوە. کتێبی (بێنەوایان)ی، کە لە ساڵی 1862 بڵاو کراوەتەوە، زۆرترین خوێنەری هەبووە لە هەموو جیهاندا.

ڤیکتۆر هوگۆ منداڵییەکی ئاسایی نەبردەوەتە سەر، لە ساڵی 1812 تەمەنی دە ساڵ بوو کە سەری لێکراوەی مرۆڤی بینی بە داردا چەقێنرابوون لە قەراخ رێگەکانی هاتووچۆ لە ئیسپانیا، ئەو کاتەی ئیسپانیا لەلایەن فەرەنساوە داگیر کرابوو. لەو تەمەنەدا ناشیرینییەکانی شەڕی بە هەموو لایەنەکانییەوە بینیبوو.

ئەو ناشیرینییانە کەسێکی دڵرەقیان لێ دروست نەکرد، بەڵکوو بوو بە کەسێکی هەستناسک و تێگەیشتوو لە ئازاری هەژاری و خەڵکی پەراوێزخراوی کۆمەڵگە.

باوکی ئەفسەر بوو لای ناپلیۆن پۆناپارت، هەردەم لە خزمەتیدا بووە و لە هەموو شەڕەکان بە دوایەوە بووە، ئەمە وای کردووە بۆ زۆر وڵات لەگەڵ سوپاکەی ناپلیۆن رۆیشتبێت و ئاگای لە منداڵەکانی نەبووبێت.

دایکی لە خێزانێکی بۆرژوازی و شاپەرست و خوێندەوار بووە. شەڕ و بەرژەوەندی، دایک و باوکی ڤیکتۆریان بە یەک گەیاندبوو، دەنا هیچ خاڵێکی هاوبەشیان پێکەوە نەبووە. باوکی چووبێتە هەر وڵاتێک، هاوسەرەکەی بە منداڵەکانییەوە دوای کەوتووە، لەگەڵ ئەوەيش، هاوسەرەکەی رۆڵی باوکایەتی نەبینیوە و هەموو ئەرکی منداڵەکان لە ئەستۆی دایکیاندا بووە. ئەم هەموو هاتن و چوونەی ئەو خێزانە بەهۆی شەڕەکانی ناپلیۆنەوە بۆ ئیتاڵیا و ئیسپانیا و لە نێو فەرەنسايشدا، وای لە هوگۆ کرد لە تەمەنێکی زۆر بچووکدا شارەزایی لە جیاوازییەکانی ژیانی مرۆڤەکان، لەسەر هەژاری، توندوتیژی، دەردەسەری، نادادی و کوشتن و مردن پەیدا بکات، بەجۆریک هوگۆ لە تەمەنی چواردە ساڵیدا بە رادەی پیاوێکی شەست ساڵە دنیادیدە بوو.

دایکی خوێندەوار و شارەزایی باشی لە زماندا هەبوو، هانی منداڵەکانی دەدا زۆر بخوێننەوە، تەنانەت ئەو نووسینانەی بۆ تەمەنیشیان گونجاو نەبووە و گوتویەتی: “گەر تێی گەیشتن، کەواتە بۆ تەمەنیان باشە و گەر بۆ تەمەنیشیان باش نەبێت، ئەوا لێی تێناگەن”.

بەهۆی دووری باوکی، دایکی عەشیقێکی تری دەبێت، کە ئەو کەسە ئازدیخوازێکی ئۆپۆزسیۆنی ناپلیۆنە و بە فیراری لە ماڵی هوگۆدا خۆی دەشارێتەوە. ئەو کەسە، رۆڵی باوكی بۆ هوگۆ بینیوە و لە باوکی زیاتر کاریگەری هەبووە لەسەر بۆچوونەکانی، بەڵام دەگیرێت و لەسێدارە دەدرێت. ئەو رووداوە کاریگەریی زۆری لەسەر هوگۆ دەبێت، وا دەکات کاتێک گەورە دەبێت و دەبێتە سیاسەتڤان، دژی لەسێدارەدان دەوەستێتەوە و خەبات دەکات بۆ لادانی یاسای لەسێدارەدان، بەڵام یاسای لەسێدارەدان تا ساڵی 1981 لە فەرەنسا دەمێنێت، تا ئەوەی لە سەردەمی فرانسوا میتیراندا، کە یەکەم سەرۆککۆماری سۆشیالیست بوو، لادرا.

هوگۆ، لە ساڵی 1816 و لە تەمەنی چواردە ساڵیدا بەشداریی کێبڕکێیەکی هۆنراوە دەکات، هێندە بەهێز دەبێت، بڕوای پێ ناکەن کە منداڵێک لەو تەمەنەدا بتوانێت هۆنراوەیەکی وا درێژ و بەپێز بنووسێت، بۆیە دەرناچێت و پێی دەڵێن بۆی نووسراوەتەوە. لە شازدە ساڵیشدا بەشداریی کێبڕکێیەکی ئەکادیمی لە سەرانسەری فەرەنسادا دەکات و یەکەم دەبێت.

لە 1820 یەکەم کتێبی هۆنراوە بڵاو دەکاتەوە. کتێبەکەی هێندە ناوبانگ دەر دەکات؛ لویسی هەژدەیەم، پاشای فەرەنسا، زۆری بە دڵ دەبێت و بانگی دەکات و مووچەی مانگانەی بۆ دەبڕێتەوە. ئەم هەنگاوە زۆر گرنگ بووە، بەوە توانیویەتی ژیانی مسۆگەر بکات و یارمەتی دایکی بدات، کە لەو کاتەدا لە باوکی جیابووەتەوە. هەر لەو تەمەنە زووەوە، بە هەژدە ساڵی، کوڕێک لە خێزانێکی نیمچەئاسایی، تێکەڵ بە هونەرمەند و نووسەر و فەیلەسوفانی یانە گەورە کولتوورییەکانی پاریس دەبێت.

لە هەرزەکاریدا لەگەڵ کچێکی گەڕەکەکەیان هاوڕێ دەبن و پاشان خۆشەویستی دروست دەبێت و دەبنە هاوسەر. لە ماوەی هەشت ساڵی سەرەتای هاوسەرگیرییان، دەبنە خاوەنی دوو کچ و سێ کوڕ. بەهۆی کاریگەریی هەڵسوکەوتی باوکییەوە، هوگۆ بڕیار دەدات منداڵەکانی پشتگوێ نەخات، هەرچەندە وردە وردە پەیوەندیی لەگەڵ هاوسەرەکەی خراپ دەبێت و دەکەوێتە پەیوەندی لەگەڵ دەیان ژن و هەندێک جار لە هەمان کاتدا پەیوەندیی لەگەڵ چەند ژنێک هەبووە. سەرەڕای ناڕێکی و خراپیی پەیوەندییان، لە یەکتر جیا نەبووە تا مردنی هاوسەرەکەی.

 لە ساڵی 1845 لەگەڵ ژنێکی هاوسەردار دەبێت و پۆلیس بەسەریاندا دەدات، هوگۆ هیچ هەڵوێستێکی نابێت و ژنەکە بەجێ دەهێڵێت، پۆلیسیش هیچ ناکات بەرانبەری؛ هەم لەبەر ئەوەی هوگۆ بووە، هەمیش، یاساکانی ئەو کاتە تەنیا سزای ژنیان داوە. ژنەکە شەش مانگ دەگیرێت و لە هاوسەرەکەی جیا دەبێتەوە، هوگۆش ناچێتەوە بەلایدا. ئەو پیاوەی بە نووسینەکانی بوو بە قەڵغانی هەژار و خەڵکی پشتگوێخراو، لە پەرلەمان و رۆژنامە و نووسینەکانیدا بە دەنگی بەرز بەرگری لە بێدەرامەتەکان دەکرد و دژی یاسا ناڕەواکان دەوەستایەوە، نەک هیچ یارمەتییەکی ئەو ژنەی نەدا، بەڵکوو دوای هاتنە دەرەوەشی لە زیندان، هوگۆ هەوڵ دەدات بە پارە بێدەنگی بکات. لە بەرانبەردا ژنەکە هەندێک لە نامەکانی نێوانیان بڵاو دەکاتە، بەڵام زۆر خوێنەری نابێت و لەبیر دەکرێت.

یەکێک لەو ژنانەی پەیوەندیی لەگەڵدا دەبێت، (جانێت)ی ئەکتەری شانۆیە و هەرچەندە جیاوازیی تەمەنیان دەبێت، بەڵام پەیوەندییەکەیان پەنجا ساڵ دەخایەنێت. خێزانەکەی و هەموو خەڵک بەو پەیوەندیەیان زانیوە؛ هوگۆ چووبێتە هەر شوێنێک، جانێتی لەگەڵ بووە و ماڵی جیای بۆ دابین کردووە. جانێت هەر عەشیقەی نەبووە، بەڵکوو وەک سکرتێریشی بووە، بە هەزاران لاپەڕەی بۆ نووسیوەتەوە و پاکنووسی کردووە. هەر رۆژێک یەکتریان نەبینیبێت، چەندین نامەیان گۆڕیوەتەوە و بیست هەزار نامە لەنێوانیاندا هەیە. هوگۆ هاوسەرەکەشی بێبەش نەکردووە لە نامە، بۆ هەر کوێ رۆیشتبێت، نامەی بۆ ناردووە و ئاگاداری شوێن و ژیانی خۆی کردووە.

لەگەڵ کچە گەورەکەی پەیوەندیی زۆر بەهێز بووە، لە هەموو منداڵەکانی زیاتر پەیوەست بووە پێوەی. ئەو کچەی، لە چواردە ساڵیدا حەز لە کوڕێک دەکات، هوگۆ رازی نابێت شووی پێ بکات تا تەمەنی نەبێتە نۆزدە ساڵ. کچەکەی زوو زوو نامە بۆ باوکی دەنێرێت و داوای دیتنی دەکات. دوای شەش مانگ لە هاوسەرگیرییان، کچەکەی و هاوسەرەکەی لە رووباری سێندا دەخنکێن. هوگۆ لەو کاتەدا لە پاریس نابێت، بەڵکوو لەگەڵ عەشیقەکەی لە شارێکی تر دەبێت و بە رێکەوت دوای چەند رۆژێک لە رۆژنامەیەکدا هەواڵەکە دەخوێنێتەوە. ئەمە یەکێکە لە گەورەترین کارەساتەکانی ژیانی، تا مردنی، گەر لە مەنفا نەبووبێت، هەموو پێنجشەممەیەک گوڵی خستووەتە سەر گۆڕەکەی. تا چەندین ساڵ نەیتوانیوە باسی کارەساتەکە بکات، پاشان شیعرێکی بۆ دەنووسێت، بە یەکێک لە بەهێزترین شیعری فەرەنسی دادەنرێت؛ چوارینەیەکی سێ کۆپلەییە، بەڵام بە دەیان توێژینەوەی لەسەر کراوە و لە پرۆگرامی خوێندندا دەخوێنرێت.

لە ساڵی 1831دا رێککەوتنێکی لەگەڵ دەزگایەکی بڵاوکردنەوە دەبێت، کە رۆمانێکی بۆ بنووسێت، کاتەکەی نزیک دەبێتەوە و هیچی نەنووسیوە؛ پێنج مانگ خۆی لە ژوور دەکات، رۆژانە تەنیا بۆ نانخواردن و کاتژمێرێک پیاسەی باخەکەی دێتە دەرەوە، تا کتێبی قەمبوورەکەی نۆتردام دەنووسێت. گرنگیی ئەم رۆمانە، تەنیا لە رۆمانەکەدا نەبوو کە بە ماوەیەکی زۆر کورت وەرگێڕدرایە سەر چەندین زمان، بەڵکوو دوای ئەو رۆمانە، نۆتردام بوو بە شوێنێکی گەشتیاری و ساڵانە یازدە بۆ سیازدە ملیۆن کەس سەردانی ئەو کەنیسەیە دەکەن.

لە 1840دا دەچێتە نێو بواری سیاسییەوە و لە ساڵی 1845 بە یارمەتی پاشا دەچێتە نێو پەرلەمان. بەهۆی کاریگەری دایکی لەسەری وەک لایەنگرێکی پاشا، پشتگیری لە سیستمی پاشایەتی دەکات، بەڵام رەخنەی دەبێت لە نایەکسانی و هەژاری، پاشان وردە وردە ئاراستەی دەگۆڕێت بەرەو لیبراڵ و کۆماری.

لە شۆڕشی 1848 و دامەزراندنی کۆماری دووەمدا، لە لیژنەی یاسایی دەبێت، داوای ئازادیی میدیایی و رادەربڕین، دیموکراسیەت، دژایەتی یاسای لەسێدارەدان، خوێندن بە خۆڕایی و بیمەی سۆشیال دەکات. چەندین وتاری بەناوبانگی هەیە و خوێندویەتییەوە، یەکێک لە دووربینییەکانی؛ باسی دروستکردنی یەکێتیی ئەوروپایە، کە تاکە رێگەیە بۆ ئەوەی شەڕ لەنێوانیان روو نەدات.

دوای کودەتای ناپلیۆنی سێیەم (برازای ناپلیۆن پۆناپارت) و خۆدانانی بە ئیمپراتۆر لە ساڵی 1851، هوگۆ زۆر دژ دەبێت، بۆیە فەرمانی گرتنی لەلایەن دەسەڵاتەوە دەردەچێت و فەرەنسا جێ دەهێڵێت و دەبێتە پەنابەر لە برۆکسڵ (بەلجیکا)، بەڵام مەرجی ئەوەی لەسەر دادەنێن هیچ شتێک دژ بە ئیمپراتۆر  نەنووسێت، بۆیە برۆکسڵیش بەجێ دەهێڵێت و دەچێتە جێرسی (ئینگلتەرا). پاشان ئینگلتەراش داوای لێ دەکات جێرسی جێ بهێڵێت، دوای ئەوەی لە رۆژنامەیەکی ئینگلیزیدا رەخنە لە شاژن دەگرێت و دەچێتە جنێرسی (دوورگەیەکی ئینگلتەرایە، بەڵام فەرەنسی زمانن و بەرانبەر بە فەرەنسایە). هەژدە ساڵ لەو دوورگەیەدا دەمینێتەوە تا رووخانی ئیمپراتۆریەتی ناپلیۆنی سێیەم لە ساڵی 1870. دوای ئەوەش لە ساڵی 1876 دەبێتە ئەندامی ژووری پیران.

کاتێک لە دەرەوەی وڵاتە، دەبێتە سیمبولی بەرگری لە کۆمار، نووسینەکانی زۆر توند دەبن بەرانبەر بە دەسەڵات، وەک: “سزاکان”، “ناپلیۆنی بچووک”.

لە ساڵی 1885 کۆچی دوایی کرد و دوو ملیۆن کەس لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵ لە ناشتنەکەیدا ئامادە بوون.

لەم وتانەیدا، تێڕوانین و بیروڕاکانی ڤیکتۆر هوگۆ دەردەکەون:

لەسەر پەروەردە و فێربوون:

– ئازادی لەو شوێنە دەست پێ دەکات کە نەفامی تەواو دەبێت.

– هەر منداڵێک پەروەردە بکەین، پیاوێک دەبەینەوە.

– مێشک؛ منداڵدانی بیرکردنەوەیە.

– بیرکردنەوە کارکردنە و خەون خۆشیەکەیەتی.

– خوێندن، بۆ سەرەتاییەکان زۆرەملێ بێت و لە هەموو قۆناغەکانی تریشدا بەخۆڕایی بێت.

– گەر جوان دنیا بخوێنیتەوە، ئەوە ژیان دەخوێنیتەوە.

– مرۆڤ فێر دەبێت و مامۆستاکەشی ئازارە.

– خوێندنەوە، گەشتە. گەشتیش، خوێندنەوەیە.

دەبارەی خۆشەویستی دەڵێت:

– خۆشەویستیی ئازادانە پیرۆزە و هیچی کەمتر نییە لە پیرۆزیی ئازادیی دەربڕین.

– خۆشەویستی دەریایە و ژن تێیدا رووبارە.

– خۆشەویستی نیوەی بڕوایە.

– بیرەوەری، ئێستایەکی شاراوەیە.

– ژیان گوڵە، خۆشەویستی هەنگوینە.

– هیچ شتێک لە ژیاندا لەوە خۆشتر نییە کە خۆشەویست بیت لای خەڵک.

– هاوسەرگیری، وەک کشتوکاڵە، بەرهەمەکەی یان باشە یان خراپ.

لەسەر هیوا دەڵێت:

– ئەگەر کەسێک بمێنێت لە خەباتدا، ئەوە منم.

– ئەو رۆژە هەر دێت، کە هیواکان بەدیار بکەون.

– ئەوانە دەژین کە خەبات دەکەن.

– چاوم داخست و ئەستێرەم بینی.

– داهاتووم پێ خۆشترە وەک لە رابردوو، چونکە حەز دەکەم لەو شوێنە ئەو ژیانەی ماومە تێیدا بژیم.

– دژی هاتنی دوژمن بەرگری دەکەین، بەڵام لە هاتنی بیرۆکە نا.

– قبووڵکردنی خەڵک، ئایینمە.

– داهاتوو دەرگایەکە، کلیلەکەی رابردووە.

– من لە شەو دروست کراوم، بەڵام رووناکیم دەوێت.

– لە دەوروبەرم هەمووی تاریکییە، بەڵام لە ناوەوەم رووناکییە.

– تۆ دەتەوێت لە هەژاری رزگاری بکەیت، من دەمەوێت هەژاریی نەهێڵم.

– ئازار ژیانە، بەڵام ئازار لەپێناو هیچ؛ مردنە.

– دڵی مرۆڤ تا رادەیەک دەتوانێت بێهیوایی هەڵبگرێت، ئیسفنج گەر بەتەواوی تەڕ بوو، بیخەیتە نێو دەریاش ناتوانێت دڵۆپێکی تر هەڵمژێت.

لەسەر مرۆڤایەتی و یەکسانی دەڵێت:

– برایەتی، بیرۆکەیەکی مرۆڤانەیە، بەڵام هاوکاری، بیرۆکەیەکی جیهانییە.

– نیوەی کۆمەڵگە لە دەرەوەی یەکسانییە، پێویستە نیوەکەی تریش بهێنینە ناوی و مافی ژن یەکسان بێت بە مافی پیاو.

لەسەر ژیان و مردن دەڵێت:

– مردن هیچ نییە، ئەوە ترسناکە کە نەژیت.

– مردن هیچ نییە، ژیان هەموو شتێکە.

– بۆ ئەوەی لە نووسیندا بڕوات پێ بکەن، باشترین رێگە؛ مردنە.

– هەموو کەسێک مەحکومە بە مردن، بەڵام سزاکان جیاوازن.

– ژیانی درێژ، لەدەستدانی ئەو کەسانەیە کە خۆشمان دەوێن.

– رابردوو گۆڕی رۆژگارەکانە.

– مردن لایەنە تاریکەکەی ژیانە، بەڵام ژیان لایەنە رووناکەکەی مردنە.

– مردووەکان، ئەوانە بوون کاتی خۆی خۆشیان دەویستی.

– ئای لەو بەدبەختییە، نیوەی تەمەنمان بە چاوەڕوانی بە رێ دەکەین؛ لە چاوەڕوانیی ئەوانەی خۆشمان دەوێن و نیوەکەی تریش لە دوورکەوتنەوە لەوانەی خۆشمان دەوێن.

لەسەر شەڕ و برسێتی:

– برسێتی، تاوانێکی گشتییە.

– شەڕ، تاوانی پاشاکانە.

– ئەوە دۆزەخی هەژارەکانە بەهەشتی دەوڵەمەندەکان دروست دەکات.

– شەڕ، شەڕی نێوان مرۆڤەکانە. ئاشتی، شەڕی بیروباوەڕەکانە.

– دوو دەست کە دەگەنە یەک، بەرهەمیان لە هەموو ئامرازێکی شەڕ زیاترە.

لەسەر دادوەر دەڵێت:

– دادوەر هەم پیاوە و هەم ناپیاو. ناپیاوە، چونکە بێبەزەییە. پیاوە، چونکە شیر بەدەستە.

لەسەر سەگ دەڵێت:

– سەگ زەردەخەنەی لە کلکیدایە.

لەسەر میوزیک دەڵێت:

– میوزیک، ئەو دەنگەیە کە بیر دەکاتەوە.

لە بارەی دەربەدەریش:

– دەربەدەری… ئارامگرتنێکی درێژخایەنە.