ڕووناک ئاڵتوون
شاعیر، سلێمانی
……………………………..
حەزم لەکاولکارییە …
دەمویست لەقووڵایی مندا تۆفانێک ھەڵبکات
کەشتی نوح بکێشم لە کەناردا،
دەوروبەرم پڕبێت لەو پەڕاوە
زەرد باوانەی
کە تژیم کردبوو لە شیعری نابیناو
حەرفی دەست لێنەدراو
فاریزەی پێش خاڵ،
لاسایی باڵندەم دەکردەوە
بۆ فڕین لەبەینی دوو چۆلەکەدا
دەستم بە نامەکانی” با ” ەوە دەگرت
تا پاییز گەڵا گەڵا ناوم نەخوێنێتەوە!
ھەنار تا شەق بێت زیاتر دەتکێ
ھەندێک جار
برینی وامان ھەیە خەنجەریشی لێدەن خوێنی لێ ناتکێ !
وەک ئەو خەبەرە لە ناکاوەی دڵی دایکمی تەنگ دەکرد!
من برینێکم دی بۆ چاک بوونەوە،
داوای لە مەکۆی دڵێک دەکرد
ھیچی پێوە نەمابوو !
من گۆڕێکم دی خودا شاھیدە
دڵی نەدەھات خاکی لەسەر ڕۆکات
خاکە ناز …
دەڵێن: خاک مەیل بڕە،
بەڵام من بە چەندەھا ساڵ
ھێشتا (دڵم ھەر ئەو دڵەی جارانە و ئێستاکەش دەناڵێنێ )
ھەتا ئێوارە خۆر بین کە شەو ھات، کەس باسی سوتان ناکات،
مانگ ھەر یەک دانە بێت جوانە مادام ئاسمانێک کۆمان دەکاتەوە،
تۆ ڕووناکی بەقووڵایی دەبەخشیت
چۆن دەڵێی مۆم و چرا باویان نەماوە،
بیرمە بەڕەوڕەیەکەوە چەند جار بەدەوری خولگەی پێکەنیندا خولاومەتەوە بە دوو گفتی شیرینی دایکم،
بۆ موورویەکی شیلانە چەن سەعات لای وردەواڵە فرۆش گەڕاوم،
بیرمە نەنکم گۆبەرۆکی ھەبوو
لە حەوت پریاسکەی نابوو
لەناو باوەڵێکی شین.
قەدری زێڕ لای بوو،
لەزێڕێنگەر زیاتریش!
تۆ دەبێ بۆ بینی ئازیزان
بەسەر پردێکدا ڕەت بیت
ناوی مردنە
باوکم بیست ساڵە لە جێی خۆی ھەنگاوێک نەجوڵاوە
کە دەچمە زیارەتی هەر سۆفییەکەی جارانە،
لەمردووەکانەوە فێر دەبین لە جێگەی خۆماندا
سەوزبوون، وەفادارییە .

