ئا، ن: حەمەکەریم عارف
(١)
هەر کۆمەڵگەیەکی زندوو بمانەوێ و نەمانەوێ، لە باندۆری گۆڕانکاریە بەردەوامەکانی دەوروبەری بەدەر نابێت و بە حوکی زندوویەتی خۆی کاریگەری لەسەر دیاردە گۆڕانەوانیەکان دەبێت. دیارە هیچ گۆڕان و گۆڕانکارییەک زادەی ڕۆژ و دووان نییە. بەڵکو بەرەبەرە و لە ئەنجامی کەڵەکەبوونی ئەزموون و پێداویستییە حەیاتی و کارلێکی فاکتەرە بابەتی و ئورگانیەکانی پڕۆسەی گۆڕانەوە هاتووەتە دی. پەلوپۆی بۆ دەرێی خۆی هاویشتووە و هەوڵی داوە لە بازنەی لۆکاڵی دەربچێت بەرەو جیهانیەت هەنگاو بنێت. کە ئەمە لە پڕۆسەی مێژووی بەشەریەتدا؛ لەم سەردەمی گلوبالیزم و فاست کەلتورەدا، لەم سەردەمەدا کە دەگوترێ دنیا بووە بە گوندێکی بچووک زۆر بە زەقی دیارە و وەکو دەڵێن مانگی چواردە ئەنگوستی ناوێت… ئەمە خۆی لە خۆیدا جۆرە ماکێکی پەنهانی ئیستیعمارگەرایی تێدایە و ئیستیعمارگەرایی ڕەگێکی لە تەبیعەتی بەشەردایە و هەرکاتێ دەگەڵ فاکتەرە ئابووری و سیاسی و ژیاری و کەلتوریەکاندا یەکبگرێتەوە، ئیدی شەرمی دەشکێ و لە هەموو بوارە جیاوازەکاندا خۆی دەنوێنێت و پەلوپۆ بۆ دەرێی خۆی دەهاوێت و شەقڵە ئیستیعماریەکی زیاتر و زەقتر دەردەکەوێت و بە جۆرەها ڕووی تەکنەلۆژی، ئابووری، سیاسی و میدیایی و ڕۆشنبیرییەوە خۆی دەنوێنێت.
گلۆباڵیزم، دەگوترێ سیستەمێکە لە سەرووی دەوڵەت، نەتەوە و نیشتیمانەوەیە، بۆیە ئەو نەتەوە و گەل و دەوڵەتانەی کە خودانی پاشخانی پتەوی ژیاری و شارستانی و تەکنەلۆژی پتەو نین، دەبێت بە پارێزەوە مامەڵەی لەتەکدا بکەن، تا لە لایەنە نەرێنی و داوە پەنهانەکانی بەدوور بن… ڕۆشنبیری بریتیە لە کۆی بەها و بیروباوەڕو، هونەر، داب و نەریتێن کۆمەڵایەتی میللەتێک کە پشتاو پشت لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دی دێت و بەگوێرەی ڕۆژگار سووکە گۆڕانی بەسەردا دێت و بە ناسنامەی میللەت دێتە ژماردن و دەکاتە ئاوێنە و چۆنیەتی ڕوانینی میللەت بۆ دەوروبەر و دنیا دەنوێنێ و چۆنیەتی کارلێکی میللەت دەگەڵ دیاردە لۆکاڵی و جیهانیەکاندا نیشان دەدات… دیارە کەلتوور و ڕۆشنبیریی دیاردەیەکی زندووە، وەکو هەر بوونەوەرێکی زندوو هەم لە کاریگەریی گۆڕانە لۆکاڵی و جیهانییەکان بەدەر نابێت و هەم کاریان تێدەکات، جا ئەم کەلتوورە تا پتەوتربێت و لە ڕوح و مێژووی میللەتدا ڕیشاژۆ بووبێت و توانای خۆتازەکردنەوەی هەبێت و لە بەرهەمهێنانی مێژووی تیرەی بەشەردا بەشدار بێت، ئەگەری توانەوەی لە بۆتەی کەلتورێن لەخۆی بەهێزتر، کەمتر دەبێت و بە ئاسانی کەوی نابێت.. دیاردەی گلوباڵیزم، وەکو هەر دیاردەیەکی دی زادەی ڕۆژ و دووان نییە و بە ئاسانی سەرەتای سەرهەڵدان و پەیدابوونی دیاری ناکرێت، بەڵام لە ئاخر و ئۆخری سەدەی ڕابردوو و سەرەتاکانی ئەم سەدەیەوە، زەقتر لە هەموو کاتێ دەرکەوتووە و پەلوپۆی بۆ هەموو دنیا هاویشتووە و کاریگەری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی بەسەر کایە جۆراوجۆرەکانی ژیان و چالاکیە هزری و کردەییەکانی تیرەی بەشەرەوە دیارە، بە تایبەتی دوای ئەوەی کە ڕەگ و ڕیشە ئابووریەکانی لە هەموو جیهاندا ئاشکرا بوو، سەرمایە بە جۆرێ نەشە و گەشەی کرد کە لەیەک شوێندا یان لە چەند شوێنێکدا جێگەی نەبێتەوە و بۆ خۆ تازەکردنەوە، تەماح بیگرێ و هەوڵی ئەوە بدات لە ڕێگەی ئازادی سەرمایە و دابین کردنی ڕێگەوبانی ئاسان و کۆمپانیا زەبەلاحە فرە ڕەگەزەکانەوە..هتد جیهان کۆنترۆڵ بکات، هەڵبەتە مەعلوومی هەمووانە کە ئابووری شادەماری ژیانە و باندۆری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی بەسەر هەموو کایەکانی ژیانەوە هەیە، بەتایبەتی ئەم باندۆر و کاریگەرییە لە بواری سیاسی و جڤاکی و ڕۆشنبیرییەوە پتر و ئاسانتر زەق دەبێتەوە، پێشکەوتنی تەکنەلۆژی و زۆربوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییە هەمەجۆرەکانیش نەک هەر زەمینەیان بۆ ئەو خولیا و تەماحە عەولەمییە خۆش کردووە و ڕێگای دووریان بۆ نزیک کردووەتەوە، بەڵکو هەندێ سنووریان، بەتایبەتی سنووری سیاسیان سڕیوەتەوە؛ عەولەمەی ڕۆشنبیری، کار دەکات بۆ سڕینەوە و بە پاشکۆکردنی ڕۆشنبیریی نەتەوەیی و نیشتیمانی…
(٢)
دیارە گلۆباڵیزم، وەکو چەمک و زاراوە، بە ئاسانی و لە یەک پێناسەی بنجبڕ و بێ چەند و چون و پەسەندیدەی هەمووان نایەتە پێناسەکردن، چونکە مانا و چەمکی جیاواز هەڵدەگرێت و زۆر بواری ئابووری، تەکنۆلۆژی و مەعلوماتی و ڕۆشنبیریی و سیاسی لە خۆی دەگرێت، گلۆباڵیزم کردوویەتیە کارێک، کە وڵاتان بیانەوێ و نەیانەوێ پەیوەندیان هەبێ و ئەوەی ئەمڕۆ لەهەر گۆشەیەکی ئەم دنیایەدا ڕوودەدات، زوو بە زوو لە هەموو دنیادا ڕەنگدانەوە و دەنگدانەوەی خۆی دەبێت. بە کورتی و کوردی، پڕۆسەیەکە بۆ سڕینەوەی لەمپەرە سیاسی و فیکری و کاڵایی و خزمەتگوزاری و سەرمایەدارییەکانی نێوان وڵاتان و گۆڕینی دنیا بۆ گوندێکی جیهانی… بەم پێیە گلۆباڵیزم مەدلوول و پێناسەی جیاواز هەڵدەگرێت و پسپۆڕان و لێکۆڵینڤانان، بە گوێرەی ڕوانگە و باوەڕی ئایدۆلۆژی خۆیان پێناسەی جیاوازی بۆ دەکەن… ئیدی گلۆباڵیزم دیاردەیەکی فرەلایەنی ئابووری، سیاسی، کەلتووری و فەرهەنگیە و ئەوزارەکەی ئەو پەرەسەندنە زانستییە تەکنەلۆژیە گەورەیەیە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و پەیوەندییە جیهانیەکاندا ڕووی داوە و ، هەموو لەمپەر و سنوورە سیاسی و کۆمەڵەیەتیەکانی بەزاندووە. هەندێک بە دیاردەیەکی هەژموون خوازی و قۆناغێکی تازەی پەرەسەندنی سەرمایەداری دەزانن و کار بۆ کورتکردنەوەی ڕێگاکان و هەڵگرتن و سڕینەوەی لەمپەرێن نێوان وڵاتان و کیشوەرەکان دەکات و دنیا لە ڕێگای تەکنۆلۆژیای تازە و تۆڕە کۆمەڵایەتی و کەناڵە میدیاییە جەماوەریەکان و شۆڕشی مەعلوماتیەوە بگۆڕێت بۆ یەک بازاڕی جیهانی. ئیدی عەولەمە و گلۆباڵیزم زۆربەی چالاکیە حەیاتیەکان دەگرێتەوە و لە پێش هەموویانەوە کایە ئابووریەکە کە خۆی لە ئازادی بازرگانیدا دەبینێتەوە، کە دەکاتە هەڵگرتنی لەمپەرە گومرگیەکان و کردنەوەی سنووران لە هەنبەر هاتوچۆی کەلوپەل و کاڵایان. لە هەنبەر کۆمپانیا فرەڕەگەز و کیشەوەربڕەکان، زەمینە خۆشکرن بۆ بازاڕێن داریی یەکگرتوو و ئەگەری وەبەرهێنان و کڕینی پشکان لە بۆرسەێن جیهانی دا، لە دوورترین شوێنی دنیاوە، بە کەفلەکونێک.
گلۆباڵیزمی کایەی تەکنۆلۆژی و لێشاوی مەعلوماتی، لەوانە تۆڕی ئینتەرنێت کە لە چاوتروکانێکا هەزاران و ملیاران خەڵکی پێک دەگەیەنێت و لە هەر زانیارییەک ئاگاداریان دەکاتەوە… و موبایل و تەلەفونی زیرەک کە هەموو مەودا زەمەنی و مەکانیەکانی سڕیوەتەوە. گلۆباڵیزمی کایەی کەلتووری و ڕۆشنبیری، کە خواردەمەنی و جلوبەرگ و داب و نەریت و خووخدە و موزیک و گۆرانی وفیلمێن جیهانی دەگرێتەوە و هەوڵی ئەوە دەدات بکرێن بە کەلتوورێن کیشوەربڕ. زاڵبوون و زاڵکردنی زمانێکی نزیک لە تێگەییشتنی هەمووانەوە، وەک زمانی ئینگلیزی. دیارە ئەم کەلتوورەی گلۆباڵیزم کاری بۆ دەکات، هەوڵێکە بۆ کەمکردنەوە و بگرە سڕینەوەی هەر دەورێکی کەلتووری و لۆکاڵی لە داڕشتنەوەی کەلتوورە جیهانیەکەدا دەوری گێڕاوە. جا با بێینە سەر کایە سیاسییەکەی عەولەمە، کە لە بنەڕەتدا دەکاتە پاشەکشەی سەروەری دەوڵەت، لە هەنبەر ڕێکخراوێن نێو نەتەوەیی وەکو نەتەوە یەکگرتووەکان، بانکی نێودەڵەتی، ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی، تا سیاسەتی لۆکاڵی وڵاتان ئاڕاستە بکات، یان ڕێکەوتننامەێن کیشوەربڕی تایبەت بە کەش و هەوا و سەقاناسی مافی مرۆڤ و بەرەنگاربوونەوەی پەتا و نەخۆشییە گشتگیرەکان.. بەڵام نابێ ئەوەش فەرامۆش بکرێ، کە گلۆباڵیزم، بە شێوەیەکی پەنهانی، جۆرە مەیلێکی داگیرکاری کەلتووری هەیە و زیاتر کار بۆ کۆمەڵگەیەکی بەکاربەر دەکات، بۆیە سەپاندن و زاڵکردنی یەک کەلتوور بەسەر کەلتووری گەلانی دیدا، دەکاتە تواندنەوە و سڕینەوەی ناسنامەی ئەو گەلانە و بۆیە، دەشێت لەنێو هەموو کایە عەولەمیەکاندا، عەولەمە کەلتووریەکە لە هەموویان بە مەترسیدارتر بزانرێت، چونکە لە بنەڕەتدا کارکردنە بۆ زاڵاندن و هەژمووناندنی یەک کەلتوور بەسەر کەلتووری هەموو گەلان و نەتەوەکانی دیکە و تواندنەوەیان لە بۆتەی یەک کەلتووردا؛ کە کەلتووری گلۆباڵە و دەیەوێت جۆری ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی یەکبخات. کە ئەمە پێچەوانە تەبع و تەبیعەتی بەشەرییە، کەلتوور بۆخۆی دیاردە و پڕۆژەیەکی ئەپستمۆلۆژییە کە کۆی بەرهەمە زەینی و دەستیەکانی هزرڤان و ئەدیبان و داهێنەرانی بوارە ئەدەبی و هزری و هونەری و فەلسەفی و ئاینی و حەیاتی وجڤاکیەکان دەگرێتەوە، دەکاتە خوێندنەوەی مرۆڤ بۆ ژیان و بۆخۆی، بۆ سەلماندنی خودی خۆی و خەون و خولیاکانی و گوزارشت کردن لەوە ، لەمیانی جۆرەها چالاکی مرۆڤانیەوە. واتە کەلتوور، ئاوێنەی باڵانمای ژیانی هەر میللەت و نەتەوەیەکە، کارلێکی ئەرێنی و نەرێنی؛ ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، ئاشکرا و پەنهانی دەگەڵ میللەتانی دیدا نیشان دەدات. بەم پێودانگە ژیار، ڕەنگدانەوە و دەنگدانەوەی کەلتوورە، کەلتوور دیاردەیەکی مرۆڤانیە؛ مرۆڤ لە بوونەوەرەکانی دی جیا دەکاتەوە و لەو ڕێگەیەوە گوزارشت لە خۆی و لە ئینسانیەتی خۆی دەکات و کەلتوور ئەوزاری ئایدیاڵی پەیوەندی و کارلێکەکانییەتی لەگەڵ خەڵک و دنیای دەرەوەی خۆی.
(٣)
دیاردەی عەولەمەوانی، دیاردەیەکی زۆر کۆنە و لە بەرەبەیانی مێژووی تیرەی بەشەرەوە، هەبووە و لە هەر سەردەم و قۆناغێکدا بە شێوازێکی جیاواز خۆی نواندووە و ئەم دیاردەیە ئەگەر هەندێک لێی ورد بیتەوە، دەگەڵ تەبع و تەبیعەتی بەشەرا تێکدەکاتەوە؛ مرۆڤ بوونەوەرێکی فزوڵ، لاپرەسەنە، عەوداڵی زانینە، هەر بۆیەش دەکرێ، بگوترێ پرساترین بوونەوەرە.. بۆ نموونە، هەوڵە داگیرکاری و هەژموونەوانیەکانی میسری کۆن یان یۆنان و ڕۆمان، یان بێزەنتیەکان و ئیسلامیەکان، جۆرە بەرجەستەکردنێکی دیاردەی عەولەمەوانی سەدەکانی ناڤینە، هەوڵ بوون، بۆ سەپاندنی یەک بەها و یەک چەمک. بەم پێودانگە هەوڵی عالەمەوانی زۆر کۆنە و بە درێژایی مێژووی بەشەر هەبووە، بەڵام لە هیچ سەردەم و قۆناغێکدا، بەم زەقی و کاراییەی ئەم ڕۆژگارە نەبووە کە لە سەدەی بیستەم و سەرەتاکانی سەدەی بیست و یەکدا پەیدا بووە و سەری هەڵداوە… چونکە ئەوزار و کەرەستەی پڕاکتیزەکردنی وەکو پێشکەوتنی تەکنەلۆژی و دارایی و مەعریفی، سەرهەڵدانی کۆمپانیا کیشوەربڕ و فرە ڕەگەزەکان و…هتد، فەراهەم بووە. هەڵبەتە نابێت ئەوەش فەرامۆش بکرێت کە هەرەس و داڕووخانی یەکێتی سوڤیات و جەنگی دووەمی کەنداو و ئەو بۆشاییە سیاسیەی لە سۆنگەیانەوە چێبووە، زەمینەیەکی لەباری بۆ سەرهەڵدان و زەقبوونەوەی عالەمەوانی سیاسی خۆشکرد… گڵۆبالیزم دیاردە و بزاڤێکی زندووە ، هیچ کایەیەکی حەیاتی فەرامۆش ناکات و لە هەموو ئاستەکاندا کار دەکات و بە پلەی یەکەم تەکەز لەسەر کایە ئابورییەکە دەکات؛ چونکە ئابووری شادەماری ژیانە و باندۆری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی بەسەر هەموو کایەکانی ژیانەوە هەیە.. بە تایبەتی بواری سیاسی و جڤاکی.. هەڵبەتە هەر دیاردە و بزاڤێک ئیدارەدانی خۆی دەوێت ، هەر ئیدارەدانێک ئەوزار و کەرەستەی خۆی دەوێت ، کەرەستە و ئەوزاری ئیدارەدانی عالەمەوانی ئەو پێشکەوتنە تەکنەلۆژییە فرە لایەنەیە کە هەموو دنیای گرتووەتەوە و بەردەرکەی بە تیرەی بەشەر گرتووە ، خەریکە لە تایبەتمەندیە هەرە تایبەتمەندیەکانی دادەماڵێت؛ هەر دیاردە و بزوتنەوەیەک بە خێر و خزمەتی تیرەی بەشەردا ئاڕاستە بکرێت، باشە، بەڵام ئەوەی لەم دیاردە عالەمەوانیەی ئەمڕۆدا بە دی دەکرێت ، زیاتر شەقڵێكی داگیرکاری تازە و هەژموونخوازی فرەلایەنی ستراتیژیە لە لایەن زلهێزەکانی دنیاوە ، لە سەروو هەموویانەوە لە لایەن ئەمریکاوە ، هەڵبەتە پەرەسەندن و پێشکەوتنی تەکنەلۆژی ئەوزاری هەرە سەرەکی دەستی عالەمەوانییە بۆ ئەوەی بە هەموو کون و کەلەبەرێکی دنیادا بڵاو ببێتەوە و بێتە گشتاندن.. ئیدی ئەمە حوکمی مێژووە و بمانەوێ و نەمانەوێت دەبێ مامەڵەی لەگەڵدا بکەین و بە هیچ جۆرێ پێشی لێناگیرێت و ئیدی وەستاوەتە سەر چۆنیەتی بەکارهێنان و ئیدارەدانی و ئاڕاستەکردنی ، بۆیە گومان لەوەدا نییە کە عالەمەوانی و گلۆباڵیزم قەرزارباری شۆڕشی تەکنەلۆژی و مەعلوماتی و تۆڕە پەیوەندەوانیەکانە ، هەڵبەتە پێدڤیە ئەوەش بگوترێ کە سەرمایە و ئابووری دەکاتە ڕەگی ژیانی گلۆباڵیزم. عالەمەوانی هەوڵە بۆ سڕینەوەی هەموو لەمپەر و سنوورە سیاسی و نیشتیمانی و نەتەوەیی و کەلتوورییەکان لەبەردەم هەژموون و کۆنترۆڵ و باڵادەستی سەرمایەی جیهانی ، بەسەر هەموو دنیادا… یەکێك لە دەرهاویشتەکانی گلۆباڵیزم، خەسخەسە و تایبەتاندنە کە دەکاتە سپاردنی هەندێ کاری وەبەرهێنانی گەورەی دەوڵەتی، بە کۆمپانیا تایبەتیەکان، کە ئەمە جۆرە بانگەوازێکە بۆ لیبرالیزمی نێودەوڵەتی.. بەڵام لە دوا ئەنجاما ، سازی و دەزگا کیشوەربڕ و کۆمپانیا فرە ڕەگەزەکان ، کۆنترۆڵی زۆربەی هەرە زۆری چالاکییە ئابووریەکانی جیهان دەکات و دەبێ زۆربەی خەڵکی بە کولەمەرگی و بژی و مەمر ژیان بەرنەسەر و ژیانی ئایندە لە سایەی عالەمەوانیدا زۆر سەخت دەبێت.
لێرەدا، پێدڤیە هەڵوەستەیەک لەمەڕ کاروبارە سیاسیەکان بکەین ، کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە کایە ئابووری و جڤاکی و کەلتوورییەکانەوە هەیە و گلۆباڵیزم زۆر بە جدی کاریان لەسەر دەکات ، عالەمەوانی سیاسی کار بۆ سڕینەوەی مەرز و سنووری نێوان وڵاتان دەکات و دەیەوێت سیاسەتی تاک جەمسەری بەسەر هەموو دنیادا بسەپێنێ و هەموو دنیا بکات بە بازاڕی خۆی. هەڵبەتە داڕوخان و هەوەس هێنانی یەکێتیی سۆڤیاتی کردیە کارێک هەڤڕکی سیاسی و ئابووری و زانستی لەگەڵ ویلایەتە ئەمریکیەکاندا تەواو کز بێت و نەمێنێت و زەمینە بۆ سەرهەڵدان و پەیدابوونی کانتونات و وڵاتانی بە ڕواڵەت سەربەخۆ و بوون بە بازاڕی کراوە ، بۆ بەرهەم و کاڵای ئەمریکی و پاشکۆی سیاسی ئەو.. گلۆباڵیزمی سیاسی ، بایەخێکی زۆر بە بڵاوکردنەوەی چەمکێن دیموکراسی و لیبرالیزم دەدات کە لە بنەڕەتدا دژی حوکمڕانی و دەسەڵاتێن دکتاتۆریە و پشتیوانیە لە فرەیی سیاسی و پابەندی بە مافی مرۆڤ و پاراستنی کەمینە ئەتنی وئایینییەکان.. ئیدی دوای هەرەس و داڕووخانی یەکێتی سۆڤیات و کۆتایی جەنگی سارد ، زەمینە بۆ تەراتێنە ئابووری ، کەلتووری ، و تەکنەلۆژی و سیاسیەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خۆشبوو و لە ڕێگای توانا کیشوەربڕەکانیەوە، بوو بە ئیمپراتۆریەتێکی بێ سنوور و سەرکردایەتی دیاردە و بزووتنەوەی عالەمەوانی دەکات..
(٤)
لە سایەی گلۆباڵیزم و عالەمەوانیدا، دەوڵەتێن نەتەوەیی و نیشتمانی ، بەرەبەرە دەپووکێنەوە و خۆ هەڵدەوەشێننەوە و دەستبەرداری ئەرک و وەزیفەکانیان دەبن و بە کۆمپانیا زەبەلاحە نێودەوڵەتیەکان و کۆمپانیا فرە ڕەگەزەکانی دەسپێرن، ئیدی دەوڵەت ، بەڕواڵەت هەموو مەرجەکانی خۆیبوونی سیاسی و ئابووری و.. هتد هەیە بەڵام لە ڕاستیا ئەوەندەی پاشکۆی بێگانەیە و پاسەوانی بەرژەوەندییەکانی سەرمایەداری جیهانی دەکات ، پاسەوانی بەرژەوەندییە نیشتیمانی و نەتەوەییەکان ناکات… ئەم دیاردەیەش ڕەگی دەچێتەوە سەر خەسخەسە، کە دەکاتە کردنەوەی دەرگا لەبەردەم کاڵاێن هاوردەکراو تا جێگەی بەرهەمێن خۆماڵی و نیشتمانی بگرێتەوە، لەو حاڵەدا دەوڵەتە ڕواڵەتیەکە، دەبێت بە بازاڕی ساغکردنەوەی کاڵای بیانی و ئیدی بەرەبەرە بیری نەتەوەیی و هەستی نیشتمانی کاڵ دەبنەوە و زەمینە بۆ زاڵ بوون و ڕیشاژۆبوونی بیری سەرمایەداری خۆش دەبێت و دەوڵەتی نەتەوەیی بە مانا سەروەریە کلاسیکیەکەی دەپووکێتەوە و دەبێت با قاوغێکی بۆش و بەتاڵ. هەڵبەتە کەناڵ و تۆڕە میدیاوانی و ڕاگەیاندنەوانیە جۆراوجۆرەکانی وەکو ڕۆژنامە و گۆڤار و سینەما و توڕێن ڕادیۆیی و تەلەفیزیۆنی و ئینتەرنێت، کە دنیای کردووە بە گوندێکی بچووک و لە چاوتروکانێکا خۆی بە هەر گۆشە و کەنارێکی تەریکی ئەم دنیایەدا دەکات ، خزمەتێکی یەجگار گەورەی دیاردە و بزوتنەوەی عالەمەوانی کردووە . زۆربەی دنیا ئەمڕۆ بە ڕادەیەک عەولەماوی بوون، کە لە هەموو ڕوویەکەوە بوون بە خەڵکی بەکاربەر؛ یەکێک لە ئامانجەکانی عالەمەوانی، بریتیە لە گۆڕینی سیستەمی بەها کۆمەڵایەتی و کەلتووریەکانی گەلان؛ چونکە کەلتوور و فەرهەنگ بە درێژایی مێژووی تیرەی بەشەر زادە و بەرەنجامی کارلێکی بەشەر بووە لەگەڵ واقیعی سروشتی و کۆمەڵایەتی خۆیدا، وێنا و خوێندنەوەی خۆی هەبووە ، بۆ دنیای ماددی و مەعنەوی خۆی و بە ئاسانی نایەتە تەرک کردن و دەبێتە کۆسپ و لەمپەر لە بەردەم بزوتنەوەی گلۆباڵیزم.. ئەمەش دەمانباتەوە سەر ماکە هەژموونە ئیمپرالیەکەی عالەمەوانی، بە سەرکردایەتی بێ هەڤڕکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا… وەکو پێشتریش ئاماژەمان کردووەتێ، دیاردە و بزوتنەوەی گلۆباڵیزم ، زۆر کۆنە و لەهەر سەردەم و قۆناغێکدا بە جۆرێ دەرکەوتووە. ئەگەر سەیری مێژووی تیرەی بەشەر بکەین. بە ڕوونی بۆمان دەردەکەوێت هەر شارستانیەتێک کە کەوتبێتە سەر پێی خۆی بە گوێرەی وەخت و سەردەم بیری لە عالەمەوانیەک کردووەتەوە تا لە ڕێگەیەوە پەلوپۆ بهاوێت و کۆنترۆڵی دەوروبەری خۆی بکات و تایبەتمەندییەکانی شارستانیەتەکانی دی بسڕێتەوە، کە ئەمە لە ڕیشەدا پڕۆسەیەکی داگیرکاری و فراوانخوازیە، ئیدی بەهەر ناوێکی دنیایی یان ئاینییەوە بووبێت. عالەمەوانی ئاڕاستە و هەوڵێكە بۆ یەکخستنەوەی هەموو دنیا لە یەک بازنەی کۆمەڵایەتی ، سیاسی، ئابووری و کەلتووری و فەرهەنگی و… سڕینەوەی سنووری نێوان وڵاتان ، گەورەترین پشتیوانیش بۆ ئەم دیاردە و ئاڕاستەیە ئەو پەرەسەندن و پێشکەوتنە تەکنەلۆژییە ئەفسوناوییەیە، کە لە هیچ سەردەمێکا لەم ئاستە باڵا و کیشوەربڕەدا نەبووە. لە سایەی گلۆباڵیزم دا، بە حوکمی ئەوەی هەوڵ و کارکردنە بۆ نەهێشتن و سڕینەوەی سنوور و لەمپەرەکان. هەستی نیشتمانی و نەتەوەیی وتەنانەت جڤاکیش سست دەبێت و تاک زیاتر دەکەوێتە خەمی دابینکردنی پێداویستییەکانی خۆی و گوێی لە چۆنیەتی یان حەرامی و حەلاڵی دابینکردنی ئەو پێداویستییانە نییە… هەڵبەتە مەترسی عەولەمەی کەلتووری تەنیا لە هەژموونە کەلتوریەکەدا نییە، بەڵکو لەو میکانیزم و ئەوزار و ئامێرانەشدایە کە بۆ سەپاندنی بەکاردێت.
عالەمەوانی دیاردەیەکە، هیچ حیسابێک بۆ سەنگ و پێگە و سنوور و سەروەری دەوڵەت و نیشتمان و نەتەوە ناکات و خۆی لە سەرووی ئەوانەوە دەبینێتەوە و کار بۆ لاوازکردنی بوون و دەور و ڕۆڵ و کەمکردنەوەی حوزووری دەوڵەت و لاوازکردنی وابەستەگی لۆکاڵی تاک دەکات، لەم حاڵەدا ، کە مرۆڤ لەژێر گوشاری دیاردەی گلۆباڵیزمدا ناچار دەبێت دەستبەرداری وابەستەگی نەتەوەیی و نیشتمانی ببێت، پەنا بۆ وابەستەگی خێڵەکی و تایفی و دەمارگیری مەزەبی و ئاینی ببات؛ لاموایە بەشەر بە بێ وابەستەگی بە ئاسانی هەڵناکات و لەم کەین و بەینەدا ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانی لە دەست دەچێت و ئەگەر نەشسڕێتەوە ، تەواو کاڵ دەبێتەوە… هەڵبەتە سەردەمی داگیرکاری ڕاستەوخۆ و عەسکەرتاری بەسەر چووە، ئەمە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا و لەم سەردەمەدا لە ڕێگەی عالەمەوانیەوە ، بە گشت لایەنە ئابووری ، سیاسی و کەلتووری و تەکنەلۆژیەکانیەوە دەکرێت، جا وای بە حاڵی ئەو کۆمەڵگە نەریتی و تەقلیدیانەی کە پاشخانی ژیاری و شارستانی و فەرهەنگی پتەو و بەهێزیان نییە! بۆیە زۆرێک لە هزرڤانان و پسپۆڕان و خودان نەزەران لایانوایە گلۆباڵیزمی کەلتووری کە دەکاتە بە پاشکۆکردنی کەلتووری نەتەوەیی و نیشتمانی ، زەمینە خۆشکردنە بۆ مەترسی گەورە لەسەر دەوڵەتی نیشتمانی و خۆییبوونی نیشتمانی و سەروەری کەلتووری نیشتمانی، عالەمەوانی کار بۆ ئەوە دەکات کەلتورێن دەوروبەر بخاتە خزمەتی کەلتووری ناوەند و ڕیشاژۆکردن و یەکخستنی کەلتووری ناوەند لەسەر حیسابی کەلتوری دەوروبەر… ئەمەش غەزووی کەلتووری لێدەکەوێتەوە و وڵاتانی جیهانی سێیەم زیاتر دەبن بە بەکاربەری کەلتوری نەک بەرهەمهێنەری کەلتووری . ڕاستە تەبع و تەبیعەت و خەون و خولیا و ترس و دڵەڕاوکێ و کەلکەڵە مرۆڤانیەکان زۆر لە یەکدییەوە نزیکن و ئەمە وای کردووە ، خەون و خولیاکانی بشوبهێنە سەریەک ، بەڵام هەر پڕ بە مانای یەک، یەک نین. هەر کۆمەڵگەیەکی بەشەری بە حوکمی مێژووی جڤاکی و ئیتنی خۆی حوکمی ژینگەی جوگرافی خۆی ناسنامە و تایبەتمەندی خۆی هەیە و بەئاسانی ڕادەست نابێت و بە گوێرەی توانای خۆی مقاوەمە دەکات و جۆرە کاردانەوەیەکی لەمەڕ بڵاوبوونەوەی گلۆباڵیزمی کەلتووری دەبێت، ئیدی لایەنگرانی ئایدۆلۆژیای گلۆباڵیزم ، بەم کەلتوورە نیشتمانیە دەڵێن کەلتووری گۆشەگیری و داخران و بە کەلتووری گلۆباڵیزم دەڵێن کەلتووری کرانەوە و تازەبوونەوە.
(٥)
عالەمەوانی بە هەموو ئاڕاستە ئابووری ، سیاسی ، کەلتووری و تەکنەلۆژی و ئەلیکترۆنیەکانیەوە ، دیاردە و بزوتنەوەیەکی گوماناویە. لە لایەکەوە لە ژێر پەردەوە و بە ناوی دیموکراتیەت و مافی مرۆڤەوە کار بۆ دابەشبوونی نەتەوەیی و ئاینی و نەژادی و کەلتووری دەکات و تەکەز لە سەر کێشماکێش و ململانیە کەلتوریەکان دەکات، تا قەوارە گەورەکان ، کە لەسەر بنەمای فرە ڕەنگی کەلتوری و نەتەوەیی و ئاینی و نەژادی دامەزراون هەڵوەشێنێتەوە بۆ قەوارەێن بچووک و بە ئاسانی بێنە کۆنترۆڵ کردن و هەموو دنیا لە سایەی کەلتووری ئەمریکیدا کۆ بکاتەوە… لە ڕێگەی میدیاوە کەلتورێکی سەرڤەسەرڤەی بینراو و بیستراوی بازاڕی بگشتێنێ. گلۆباڵیزم کار بۆ هاتنە دی دنیایەکی بێ دەوڵەت ، بێ نیشتیمان ، بێ سنوور دەکات؛ دنیای عەولەمە ، دنیای سازی و کۆمپانیا فرە ڕەگەز و کیشوەربڕەکانە و دەسکەلای دەستی عالەمەوانی(گلۆباڵیزم) کەناڵێن گەیاندن و ڕاگەیاندن و شۆڕشی ئەلیکترۆنیاتە. کۆمپانیا و دام و دەزگا فرەڕەگەز و کیشوەربڕەکان ، بگەنە هەر جێیەک بەرەبەرە جێگای دەوڵەت دەگرنەوە. بە ناوی دیموکراتیەت ، سیاسەتی فرەحیزبی ، مافی مرۆڤ و سیستەمی پەرلەمانی و هەڵبژاردنەوە کار بۆ سڕینەوەی ناسنامەی سیاسەتی نەتەوەیی دەوڵەت دەکەن.. نها لە سایەی گلۆباڵیزمدا، دنیا بووە بە گوندێکی بچووک و باندۆری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی عەولەمە ، لە ڕێگەی کۆمپانیا فرەڕەگەزەکانەوە، کە ئامانجی سەرەکییان تەنیا چنینەوەی قازانجە ، لە دوورترین گۆشە و کەناری دنیادا بە دی دەکرێت. ئیدی گلۆباڵ، بووە بە بەشێک لە کەلتوور و ژیانی خەڵکی و لە سەر حیسابی کەلەپوور و کەلتوور فەرهەنگی لۆکاڵی ، خۆماڵی و نیشتیمانی و نەتەوەییە. هەر گەل و نەتەوەیەک بگری، چەند پاشکەوتوو و نەخوێنەواریش بێت، تایبەتیەکی کەلتووری- فەرهەنگی خۆی هەیە کە گوزارشت لە ناسنامەی ئەو نەتەوەیە دەکات و هەر ناسنامەیەک لە ناسنامەکانی دی جیاوازە ، هەرچەندە ئەم جیاوازییە زەمینە خۆشدەکات بۆ دیالۆگی کەلتووری- فەرهەنگی… بەڵام عەولەمەی کەلتووری ، کە ڕەنگە لە هەموو کایە ئابووری و سیاسییە عەولەمیەکانی دی.. هتد پڕ مەترسیتر بێت، کار بۆ سڕینەوە و بە پاشکۆکردنی کەلتووری نیشتیمانی و نەتەوەیی دەکات… نابێ ئەوەش فەرامۆش بکرێت کە ناسنامەی ڕۆشنبیریی بە زمان و لە ناو زمان و لە ڕێگەی زمانەوە ڕیشاژۆ دەبێت ودەکرێت ، یەکێک لە دیاردە زەقەکانی گلۆباڵی کەلتووری ، ئەوەیە کە زمانی فەرمی بە ئینگلیزییە… هەر میللەت و نەتەوەیەک ، بەڕەڤانی لە زمانی خۆی نەکات، ناسنامەی خۆی لە دەست دەدات؛ هەڵبەتە مەبەستم لەوە نییە دژایەتی فێربوونی هیچ زمانێکی دی بکرێت، هەرگیز!… یەکێک لە دیاردەکانی دیکەی بزووتنەوەی گلۆباڵیزم بڵاوبوونەوەی ئەو قوتابخانە ئەهلی و نیمچە قەومیانەیە کە خوێندن و فێربوون تیایاندا بە زمانی ئینگلیزی و بە گوێرەی میتۆدی عەولەمییە نەک نیشتیمانی و نەتەوەیی.. بۆیە گلۆباڵیزمی کەلتووری لە هەموو کایە عەولەمیەکانی دی مەترسیدارترە ، چونکە ڕاستەوخۆ سەروکاری دەگەڵ ناسنامە و بەها و هۆشمەندییە مرۆڤانیەکاندایە ، کار بۆ سڕینەوەی ناسنامە لۆکاڵی و تایبەتمەندییە کەلتوورییەکان دەکات. عەولەمەی کەلتووری ، جۆرە داگیرکارییەکی پەنهان و نادیارە ، بە هێزی عەسکەری پیادە ناکرێت و لە ڕێگای هێزی ئیعلامی خێرا و کیشوەربڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتیە جۆراوجۆرەکانەوە خۆی بە هەموو کون و کەلەبەرێکا دەکات و بەبێ بەکارهێنانی زەبر و زەنگ بەر دەرکەمان پێدەگرێت… عەولەمەی کەلتووری ، کار بۆ سڕینەوە و بە پاشکۆکردنی کەلتووری نەتەوەیی و نیشتیمانی دەکات؛ ئاشکراشە شارستانیەت دەنگدانەوە و ڕەنگدانەوەی کەلتوورە ، بۆیە دەشێت میللەت موڵک و ماڵ و سەرچاوە ئابووری و تەنانەت سەروەری خۆیشی لە دەست بدات و ڕۆژێ لە ڕۆژان بە دەستی بێنێتەوە ، بەڵام لە دەستدانی کەلتوور ، خەسارەتێکە قەرەبوو ناکرێتەوە.
کەواتە گلۆباڵیزم وەکو دیاردە و بزووتنەوە ، بوونێکی واقیعی هەیە و دەبێ میللەتان مامەڵەی لەتەکدا بکەن و هەرگیز بەها و تایبەتمەندیی نەتەوەیی و کەلتووری و فەرهەنگی خۆیان فەرامۆش نەکەن و بەجۆرێ دایبڕێژنەوە کە دەگەڵ ئەم سەردەمەدا تێکبکاتەوە و سوود لە سەرچاوە کەلتووریەکانی دی وەربگرێت و کارلێکێکی ئەوتۆی لەگەڵدا پەیدا بکات کە خۆی پێ دەوڵەمەند و تازە بکاتەوە.
دەبێ نەفەسێکی نیشتمانپەروەری قووڵ ، بە ڕوحیەتێکی تازە و وابەستەگیەکی نەتەوەیی و مرۆڤانی ، لە کەش و هەوایەکی ئازاددا بە بەر جەماوەری خەڵکدا بکرێت و لە هەرا و هەنگامەی عالەمەوانیدا وابەستەگی نەتەوەیی خۆمان لەبیر نەچێتەوە و خۆمان لێ ون نەبێت!..
سەرچاوەکان:
١-آثر العولمة في الثقافة العربیة . الدکتور حسن عبدللە العاید ، دار النهضة العربیة ، بیروت- لبنان، الطبعة الاولی. ٢٠٠٤.
٢-د. محمد عابد الجابری، قضایا في الفکر المعاصر ، العولمة ، صراع الحضارات ، العودة الی الاخلاق ، التسامح ، مرکز دراسات الوحدة العربیة ، بیروت ، ١٩٩٨.

