چەند سەرنجێکی کورت
ئارام سدیق
…………………..
نازانم لە کوێدا خوێندمەوە، بەڵام ڕستەیەکی گەلێک شۆکهێنەرم سەبارەت بە گرنگی ئەدەبیات بینی کە نووسرابوو “ئەگەر ئەدەبیان نەبوایە، بۆ ئەوەی ئەزموونی ژیانی تر بکەم، خۆم دەکوشت.” ئەم ڕستەیە ڕەنگە لە ڕووکەشدا سادە دەربکەوێت، بەڵام ڕستەیەکە زۆر شت دەڵێت و جگە لەوەی گرنگی ئەدەبیات دەردەخات بۆ ئەوەی ژیانی مرۆڤێکی ڕزگارکردووە، (کە من دڵنیام ژیانی هەزارانی ڕزگار کردووە)، بەڵام دەیەوێت پێمانبڵێت ئەدەبیات تەنها ئاشنابوون نییە بە هەست و سۆز، ئەدەبیات تەنها لاوانەی برین نییە، ئەدەبیات تەنها ئازار پیشان نادات، بەڵکو ئەدەبیات هەمیشە زیادەیەکی بۆ ئەوانە هەیە. ئەزموونکردنی ژیانی ترە، گەشتە بەنێو کات و مێژوو و ژیانی ئەوانی تردا لەهەر زەمەن و کاتێکدا ژیا بن. ئەدەبیات ڕۆحە مردووەکان زیندوو دەکاتەوە، هەناسە بەبەر هەموو بێگیانەکاندا دەکات.
ئەگەرچی تا ئێستا لای ئێمە ئەو هەڵەتێگەیشتنە بەردەوامە سەبارەت بە خوێندنەوە و نووسینی ئەدەبیات، کە ئەدەبیات تەنها نووسینەوە هەستە، تەنها گێڕانەوەی چیرۆکە، تەنها دەربڕینە. بەڵام ئەمە دیوێکی زۆر کەمی ئەدەبیاتی ڕاستەقینەیە. ئەدەبیات تەنها بە نووسینەوەی هەست بەرهەم نایەت، بەڵکو بیرکردنەوە ئاوێتەی هەست نەبێت نابێتە ئەدەبیات. لەلایەکی دیکەوە ئەدەبیات تەنها گێڕانەوە نییە، بەڵکو بیرکردنەوەیە لە ڕووداوە و ئاوێتەکردنییەتی بە تەکنیک ئەوسا دەبێتە شتێک شایستەی گێڕانەوە.
زۆرجاریش گوێمان لە هەندێک نووسەر و شاعیر دەبێت، کە لە دەقەکانیدا هەموو هەست و ئازارەکانی دەربڕیوە. ئەدەبیات تەنها لە دەربڕیندا کورت دەکەنەوە، بەڵام ئەدەبیات ئەگەر دەربڕینیش بێت ئەوا پرسیارە لەو جیهانەی مرۆڤ تێیدا دەژی، یان دروستترە بڵێم پرسیارە سەبارەت بە بوون و ئەوەی لە دەوروبەرمان دەگوزەرێت. ئەدەبیات هەمیشە زیادەیەکی هەیە بۆ سەر هەموو ئەوەی ڕوویداوە، ڕەنگە لە هەندێک ئازاردا کورت بهێنێت بۆ گێڕانەوە و پیشاندانی ئازارەکە، بەڵام پرسیار سەبارەت بە هۆکاری ئەو ئازارە دەخاتەڕوو، کە زیادەکەش پرسیارەکەیە، کە لێیەوە تۆوی گومان بۆ دۆزینەوەی حەقیقەت دەچێنێت.
ئەگەر کارەساتی ئەنفال و هەڵەبجە وەکو دوو نموونەی تراژیدی وەربگرین و تەوزیفی نێو دونیای ئەدەبیاتیان بکەین. گێڕانەوەی کارەساتەکان هیچ زیادەیەک پێشکەشی خوێنەر ناکەن، بەڵکو بیرکردنەوە لە هۆکاری کارەساتەکە و بێدەنگبوونی جیهان لە ئاستی قڕکردنی مرۆڤی کورددا، دەکرێت سەنتەری کارکردن بێت، یان یەکێک بێت لەپرسیارە جەوهەرییەکان.
ئەوەی تا ئێستا لەنێو بەشێکی زۆری نووسەر و خوێنەری کورددا تێگەیشتنی باوە ئەوەیە کە ئەدەبیات تەنها نووسینەوەی هەستە. بۆیە زۆرجار وەکو جۆرێک لە لاقرتێ سەیری خوێنەرانی ئەدەبیات دەکرێت و نووسەرگەلێکیش هەن کە شانازی بەوەوە دەکەن کە ئەدەبیات ناخوێننەوە، یان لقێک لە ئەدەبیاتیان تەرک کردووە، بۆ نموونە بەشێکیان کە ئارەزوومەندی چیرۆکن، بوونەتە دژە شیعر و بەشێکی دیکەش بە پێچەوانەوە، یان زۆربەی دەقی شانۆیی، یان نمایشی شانۆیی لا ڕەفزە، کە ئەمەش هەڵە تێگەیشتنە لە خوێندنەوەی ئەدەبیات، چونکە جیهانی ئەدەب، جیهانێکی فراوانی پێکەوە گرێدراوە و هەموو ژانرەکان ئاوێتەی یەکتریین هەر بۆیە زۆر نووسەر، یان شاعیر، نووسەری چەند ژانرێکی جیاوازن، یان ئەو ژانرانە ئاوێتە دەکەن وەکو مامۆستا “شیرکۆ بێکەس” کە زۆربەی ژانرە ئەدەبییەکانی ئاوێتەی یەکتریی دەکرد و بە “تێکستی واڵا” ناوی دەبردن، کە ئەمەش هێزێکی گەورەی بە ئەدەبیاتەکەی بەخشیوە، یان ئارام کاکەی فەلاح کە لە یەک دەقدا چیرۆک و شانۆ ئاوێتەی یەکتریی دەکات، یان چیرۆک بە تەکنیکی ئاوێتە لە شانۆ دەنووسێت.
ئەدەبیات ئاوێنەنمای کۆمەڵگەکان و خەمەکانی و جوانییەکانییەتی، ئەدەبیات پەنهانەکان پیشاندەدات، واقیع نانووسێتەوە، بەڵکو واقیعی نەبینراو دەخاتەڕوو. هەر نووسەرێک تەنها پەیوەستی واقیعی ڕووت بوو، نووسەرێکی سەرکەوتوو نییە. بۆ ڕوونکردنەوەی ئەمە پێویستە نموونەیەک بهێنمەوە سەبارەت بە نووسەرێک کە سەرکەوتوانە واقیعی نادیاری نووسیوەتەوە. کە ئەویش میران ئەبراهام-ـە لە هەردوو رۆمانی “نیشتمانی سارا” و “بانگی ئازادی”دا واقیعێکی نادیاری کوردستان لە دوو سەردەمی جیاوازدا دەخاتەڕوو، یەکەمیان کۆچپێکردنی جووەکانی کوردستانە. دووەمیشیان کارکردنە لەسەر دامەزراندنی یەکەم چاپخانەی کوردی و بڵاوکردنەوەی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی، بەڵام میران لەم دوو بەرهەمەدا واقیعی بینراو نانووسێتەوە، ئەگەرچی کەڵک لە واقیعی تۆمارکراو وەردەگرێت، بەڵام ئەو پەنهانەکان دەنووسێتەوە و بە خوێنەری ئاشنا دەکات.
جیهانی ئەدەبیات؛ ئەو جیهانەیە، کە هەموان ناتوانن پەی پێبەرن، بۆیە نووسەران و شاعیران، کە خاوەنی چاوێکی دیکەن، کە درککردنێکی زیاتریان هەیە سەبارەت بە دیاردە و ڕووداو و کارەساتەکان، ئەوانە دەنووسنەوە تا ئێمە هەست بە مەترسییەکانی واقیعێک بکەین کە لەناویداین و درکمان نەکردووە.
لێرەوەیە دەتوانین بڵێین کە هێزی ئەدەب؛ هێزێکە زیاتر پەیوەستمان دەکات بە ژیانەوە و دوورمان دەخاتە لە خۆکوشتن،(وەک لە ڕستەکەی سەرەتاشدا خرایەڕوو) چونکە چاوێکی ترمان پێ دەدات بۆ بینینی واقیع و دیدگایەکی فراوانترمان پێ دەدات بۆ تێگەیشتن لە ژیان و دەوروبەرمان. کەواتە بۆ ئەوەی هەڵە لە ئەدەب تێنەگەین، دەبێت بیخوێنینەوە و تامی وشە و ڕستەکان و حیکایەتەکان بکەین، نەک لە دوورەوە تانەی لێ بدەین، چونکە تانەدانی دووراودوور بەرەو هەڵەتێگەیشتنمان دەبات لە جەوهەری ئەدەبیات.

