ئامادەکردنی: م، پەیام ڕەفیق مەحموود
نووسەری بواری ئەدەبی مناڵان
……………………………………..
تێڕوانینی مەعریفی (زانین)ی قوتابخانەی بیر کە تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە خەڵک چۆن بیردەکەنەوە و، چۆن ئێمە زانیاری وەردەگرین لە پرۆسەی زانیاری و فێربووندا.
ڕوونکراوەتەوە بەوەی کە مرۆڤ چۆن لێکدانەوە بۆ ڕەفتار دەکات.
سەرنج دەخاتە سەر پرۆسەی بیرکردنەوە و بیرۆکە.
دەتوانم بڵێم تێڕوانینی مەعریفی دەکرێ بە چەند لایەنێکەوە، کە هەر یەکەیان باس لە شێوازەکانی فێربوون دەکات لە کات و سەردەمی خۆیدا و، لێرەدا سەرنج دەخەمە سەر شێوازی هزریی فێربوون کە باس لە ڕەفتاری فێرخواز و فێرکار دەکات، و ئایا ژینگە دەتوانێت ڕەفتاری فێرکار بگۆڕێت و ئایا فێرخواز بە گۆڕینی شێوازی گەیاندنی بابەتەکە دەتوانێت زیاتر لە بابەتەکە تێبگات؟
شێوازەکانی فێربوون لای فێرخواز لە ڕووی دەروونی و لە ڕووی پەروەردەیییەوە جیاوازن؛ فێرخوازان بە ڕێگەی جیاواز فێر دەبن، کە فێربوون لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازی هەیە و هەر شێوازە لایەنی ئەرێنی و نەرێنی هەیە، و فێربوون دەکرێ بە سێ شێواز وەک:
١- فێربوون لە ڕێگەی بینینەوە (Visual):
واتە ئەم کەسانە بینینەکین، فێربوون لە ڕێگەی بینینەوە واتا فێرخواز بە بینینی بابەتەکە، بۆ نموونە لە ڕێگەی بینینی بابەتێک بە [داتاشۆ، فلاش کارت، ڤیدیۆ، وێنەی جوڵاو… هتد] فێر دەبن.
لایەنە ئەرێنییەکان:
ئە- فێرخواز کاتێک بابەتەکەی بینی وەک وێنەیەک لە مێشکیدا تۆماری دەکات.
ب- فێرخواز لە کاتی کۆششکردن لە وانەکاندا تەنها بە چاو دەخوێنێتەوە.
ج- بە بینینی بابەتەکە لەسەر تەختەسپی، بابەتەکە بە جوانی ڕەوان دەکات.
د- لە کاتی تاقیکردنەوەدا وێنەی بابەتەکە دێنێتە پێش چاوی.
هـ- فێرخواز یان کەسی بینینەکی هەمیشە گرنگی بە ڕواڵەت و شێوازی دەرکەوتنیان دەدەن.
لایەنە نەرێنییەکان:
ئە- فێرخواز لە کاتی کۆششکردندا پێویستی بە شوێنێکی بێدەنگە.
ب- فێرخواز لە ناو پۆلدا هەمیشە حەزدەکات لە ڕیزی پێشەوە دانیشێت.
ج- فێرخواز لە کاتێکدا مامۆستا بابەتەکە دەخاتە ڕوو حەزی بە بێدەنگیی تەواوی ناو پۆلە.
د- فێرخواز زیاتر حەزیان بە بینینی وێنە یاخود گرتەی بێدەنگ یان دەنگێکی نزمی هەبێت.
هـ- فێرخواز پێویستیان بە کاتێکی زیاترە بۆ ڕێکخستن و گرنگی دان بە ڕواڵەتیان.
٢- فێربوون لە ڕێگەی بیستنەوە (Auditory):
واتا ئەم کەسانە بیستەکین، فێربوون لە ڕێگەی بیستنەوە واتا فێرخواز بە بیستنی (گوێبیستبوونی) بابەتەکە فێردەبێت وەک بەکارهێنانی [بڵندگۆ، قسەکەر (speaker)، CD، کاسێت، فلاش میمۆری، دەنگی فێرکار… هتد] فێر دەبن.
لایەنە ئەرێنییەکان:
ئە- فێرخواز تەنها بە گوێبیستبوونی بابەتەکە تێدەگات.
ب- فێرخواز کێشەی نییە لە هەر شوێنێکی پۆلدا دانیشێت.
ج- کاتێکی کەمی پێویستە بۆ تێگەیشتن لە بابەتەکە.
د- لە کاتی کۆششکردندا بە گوێبیستبوونەوەی دەنگی خۆیان زیاتر لە بابەتەکە تێدەگەن.
لایەنە نەرێنییەکان:
ئە- فێرخواز لە کاتی کۆششکردندا هەمیشە بە دەنگەوە دەخوێنێتەوە.
ب- فێرخواز لەبەر ئەوەی بە دەنگەوە دەخوێنێتەوە پێویستی بە شوێنێکی چۆڵە تا نەبێتە هۆی بێزاری بۆ دەوروبەر.
ج- زۆر گرنگی بە ڕواڵەت نادەن.
٣- فێربوون لە ڕێگەی دەستلێدان و جوڵەوە (Kinesthetic/Tactile):
واتا ئەم کەسانە کردارەکین و حەزیان بە لایەنی بەرکەوتنە، فێربوون لە ڕێگەی دەستلێدان و جوڵەوە واتا فێرخواز دەبێت خۆی تاوتوێی بابەتەکە بکات بۆ فێربوون، واتا نە بە بینین و نە بە بیستن فێرنابێت تا خۆی بابەتەکە بەرجەستە نەکات، بۆ نموونە شیکارکردنێکی بیرکاریانە، تا فێرخواز خۆی نموونەکە شیکار نەکات لێی تێناگات… هتد.
لایەنە ئەرێنییەکان:
ئە- فێرخواز بە تاوتوێکردنی بابەتەکە زۆر ڕوونتر و باشتر لە بابەتەکە تێدەگات.
ب- هەمیشە بێدەنگن بەتایبەتی لە ناو پۆلدا.
ج- کەسانێکن لەسەرخۆن.
لایەنە نەرێنییەکان:
ئە- کاتێکی زیاتری پێویستە بۆ تاوتوێکردنی بابەتەکە.
ب- هەمیشە پێویستیان بە پاڵپشتی و هاندانی بەردەوام هەیە.
کەواتە پێویستە فێرکار لە ڕووی دەروونییەوە ڕەچاوی شێوازە جیاوازەکانی فێربوون لای فێرخواز بکات، و لە کاتی پراکتیزەکردن و خستنەڕووی بابەتەکە لە ناو پۆلدا هەر سێ شێوازەکەی فێربوون بەکاربهێنێت. بۆ نموونە کاتێک مامۆستا بابەتێک بۆ فێرخوازەکانی دەخاتە ڕوو، واباشترە بابەتەکە لەسەر تەختە سپییەکە بنووسێت و بە بڵندگۆ (speaker) ئەگەر بەردەست بوو، ئەگەر نا بە دەنگێکی نەرم باسی بابەتەکە بکات و ڕوونی کاتەوە، کە ئەم دوو شێوازە بۆ بینینەکی و بیستەکی ڕێگایەکی ئاسانە بۆ تێگەیشتن. و ئەوانەی کە جووڵەیین، ئەوە واباشە مامۆستا (فێرکار) دوای خستنەڕووی بابەتەکە بەشداری بە فێرخوازە کردارەکییەکان زیاتر بکات تا بزانێت چەنێک لە بابەتەکە گەیشتوون.
و چۆن فێرکار بتوانێت ئەم شێوازانەی فێرخواز لەیەک جیا بکاتەوە؟ بۆ نموونە گەر فێرخواز بیستەکی بوو، ئەوا کاتێک فێرکار ئەرکێکی بۆ دیاری دەکات، تەنها بە گوێبیستبوونی تێدەگات کە مامۆستا چ ئەرکێکی پێ سپاردووە. و ئەگەر بینینەکی بوو، ئەوا فێرکار تا لەسەر تەختەسپی بۆی نەنووسێت، فێرخواز تێناگات مامۆستا چ ئەرکێک یاخود پەڕەیەکی پێ بەخشیوە بۆ ئەرکی ماڵەوە. و ئەگەر جووڵەیی یاخود کردارەکی بوو، ئەوا فێرخواز تا نەچێتە بەردەم فێرکار و چەند جار بابەتەکەی پێ دووبارە نەکاتەوە، تێناگات کە چ ئەرکێکی پێ سپاردووە…
بیرۆکە: Robert Half
3 Different Learning Styles and How to Use Them in Your Career
By Robert Half on August 5, 2016 at 12:00pm

