فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

گوڵنگەی نەپچڕاو

دێرین جەمال
نووسەر، سلێمانی

……………………..

گەرمای ڕۆژێکی تاقەتپڕووکێن بوو. تیشکی کواوی خۆر بەسەر گومبەزی خانەقاکەدا دەباری و تینی شۆستەکان هێندە بەرز ببووەوە کە هەوا لەبەرچاوەدا وەک ئاوی کوڵاو دەلەرزییەوە. لە ناوەوەی خانەقاکەدا، سێبەری فێنکی دیوارە بەردینە ئەستوورەکان تۆزێک هێمنی بە فەزا کەشخەکە دەبەخشی؛ کاتێک لە گوێچکەیەکەوە دەنگی نزم و هێمنی ئاوی حەوزەکە دەهات و تێکەڵی بۆنی گوڵاو و دارە سوتێنراوەکانی ژوورەوە دەبوو.

لە گۆشەیەکی تاریک و فێنکی خانەقاکەدا، پیرەپیاوێک بە تەنیا دانیشتبوو. دەشتاو و فۆتەیەکی زەردی زەیتونیی کەمێک کزی پۆشین بوو کە ڕەنگی لە کۆنیدا دەچووەوە. سەر و ڕیشی بەفراوی، و درز و ڕووشاوی سەر پەنجەکانی حەکایەتی تەمەنێکی قورسیان دەگێڕایەوە. چاوە کزەکانی لە دەستێکی کۆن و ماندوودا کەوتبوونە سەر فیگەرێکی تر کە تازە لە دەرگاوە هاتە ژوورەوە.

لاوێکی بەژن زراو، هیلاک و ئەوەندەی کەوتبووە ژێر کزی تینی خۆرەکە و تۆزی ڕێگاوە، سەرپێیی دەڕۆیشت. دوو گونییەی قورسی پێبوو کە دەنگی زەنگۆڵە و یاریی بچووکی منداڵان لە ناوەوەیاندا زەنگیدەدا. گەنجەکە بە ماندوویییەوە گونییەکانی لەتەنیشت خۆییەوە خستە سەر زەوییەکە و بە درێژایی حەسیرەکەی خانەقاکە پاڵکەوت تا کەمێک کەف و کوڵی ماندوێتی لە لاشەی دەربچێت.

هێشتا چاوی دانەخستبوو کە دەنگی زەنگێکی درێژی نامەی موبایل لە گیرفانی ڕاستییەوە بەرز بووەوە. گەنجەکە بە پەلە دەستی برد، موبایلەکەی دەرهێنا، بە ساردوسڕییەوە تەماشایەکی شاشەکەی کرد و لە تەنیشت خۆییەوە داینا. چەند چڕکەیەک تێنەپەڕی کە زەنگێکی تری نامە هاتەوە. ئەمجارەیان گەنجەکە بە تووڕەیییەوە موبایلەکەی هەڵگرت، ناوچاوانی تێکنا و بە بێزارییەکەوە ئامێرەکەی فڕێدایە سەر فەرشەکە.

پیرەپیاوەکە بەهێمنی سەری بەرزکردەوە، دیقەتی چاوە بێزارەکانی گەنجەکەی دا و بە دەنگێک کە نەرمی بەخششی تێدا بوو وتی: — گەنجە گیان، ئەوە چییە بەو جۆرە بێزاری کردوویت؟

گەنجەکە گوێی پێنەدا و سەری وەرگێڕا. پیرەپیاوەکە دیسانەوە بە هێمنی پرسینی دووبارە کردەوە: — ئەوە چییە ڕۆڵە، بۆچی هێندە تووڕەیت؟

گەنجەکە بەڕوویەکی گرژ و چاوێکی پر لە هیلاکی تەماشایەکی پیرەپیاوەکەی کرد و بە دەنگێکی پڕ لە وەڕەسییەوە پێی وت: — چیت دەوێت مامە گیان؟ تاقەتی وەڵامم نییە.

پیرەپیاوەکە تەکەی لە لێوەکانی دا، هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشا و بە حسرەتەوە وتی: — ئەی دنیای سەیر… خۆزگەم منیش کەسێک هەبوایە لەم دنیایەدا هەواڵێک، قسەیەک، یان نامەیەکی بۆ بناردمایە.

گەنجەکە لە جێی خۆی دانیشتەوە، بە سەرسامییەوە سەیری کرد و وتی: — چی؟ مامە من خۆزگە بە تۆ دەخوازم کە تەنیا و بێخەم بۆ خۆت دانیشتوویت؛ کەس بێزارت ناکات، کەس ناپرسێت بۆ کوێ دەڕۆیت و چی دەکەیت!

مامە حاجی زەردەخەنەیەکی تاڵ خستە سەر لێوەکانی. تەنها سێ ددان لە دەمیدا مابوون؛ دەستی ڕاستی خستە سەر دەمی وەک ئەوەی بیەوێت ئەو کەمییە بشارێتەوە. پاشان بە دەستەکەی تری ئاماژەی بۆ گەنجەکە کرد و وتی: — وەرە لای من، شتەکانت دانێ و لێرە پاڵ بدەرەوە.

گەنجەکە بە گالگۆڵکێ و کاوەکاو خۆی نزیک کردەوە، تەنیشت پیرەپیاوەکە دانیشت و بە بێئومێدییەوە وتی: — بەخوا وابزانم تۆ لەو کەسەی ناو موبایلەکە قسەت زیاتر پێیە پیرەپیاو!

پیرەپیاوەکە بە نەرمی پرسی: — ئەوە کێیە لەو موبایلەدا کە وەڵامی نادەیتەوە و وا لێی تووڕەیت؟

گەنجەکە هەناسەیەکی گەرمی دایەوە: — ئەوە دەستگیرانەکەمە… بێزاری کردووم. تا لە کار دەڕۆمەوە، بەردەوام نامە دەنێرێت: “گەرمات نەبێت”، “شەت خوارد؟”، “شتت فرۆشت؟”، “لەسەرخۆ بە”، “شەڕ مەکە”… دەڵێی لەگەڵ منداڵدا قسە دەکات، وەک ئەوەی خۆم هیچ نەمزانیبێت!

پیرەپیاوەکە دەستە زبرەکانی خستە سەر ڕانی خۆی. تەزبیحێکی سەد و یەک دەنکی بە بەردی دارینی کۆنەوە لە دەستدا بوو. تەزبیحەکەی لە بەردەم چاوی گەنجەکەدا ڕاگرت و بە دەنگێکی ئارام و پڕ لە ئەزموون وتی: — ڕۆڵە گیان، گوێ بگرە با تێت بگەیەنم. دەزانم زۆر تاقەتی گوێگرتنت نییە، بەڵام سەیرێکی ئەم تەزبیحەی دەستم بکە. سەد و یەک دەنکە؛ دەنک دەنک لای دەدەم تا ئەوی تر بەدوایدا دێت، کاتێک تەواوی دەنکەکان لە دەستمدا نامێنن، دووبارە دەچێتەوە سەر یەکەم دەنک و سەرلەنوێ دەیسوڕێنمەوە. مرۆڤ لە ژیانیدا ڕۆژەکانی وەک دەنکی ئەم تەزبیحە وایە؛ ژیان پاڵت پێوە دەنێت، دەگەیت بە ڕۆژێک کە وەک دەنکەکان بەیەکدا دەکێشێت، هەندێ کات بەگەشت دەهێنێت و هەندێ کات ئازارت دەدات. دەڕۆیت، دەچێتە بەرزی و دووبارە دێیتەوە نزمی…

پیرەپیاوەکە دەستی برد بۆ دەزووە کورتەکەی گوڵنگەی تەزبیحەکە کە هەموو دەنکەکانی پێکەوە بەستبووەوە، ڕوانینی خستە ناو چاوەکانی گەنجەکە و بە سۆزەوە کاتی تەواو کرد: — بەڵام ئەوەی هەواڵت دەپرسێت… ڕێک وەک گوڵنگەی ئەم تەزبیحە وایە. نایەوێت بپچڕێیت؛ چونکە ئەگەر تەزبیحەکە پچڕا، هەر دەنکەی بە لایەکدا دەڕوات و دیکە هیچ بەهایەکی نامێنێت. ئەگەر کەسێک هەواڵت دەپرسێت، ئەوە نایەوێت تۆ بپچڕێیت. تۆ بە بەختترین مرۆڤی سەر ئەم زەوییەی، چونکە کەسێک هەیە لە قووڵایی خەم و بیرکردنەوەی تۆدایە.

خانەقاکە بێدەنگ بوو. تەنها دەنگی دڵۆپە ئاوەکانی حەوزەکە دەهات. گەنجەکە سەری داخست، تێڕامانێکی قووڵ ڕووخساری گرتەوە؛ دەستی درێژ کرد، موبایلەکەی لەسەر فەرشەکە هەڵگرتەوە و بە پەنجە لەرزۆکەکانی دەستی کرد بە وەڵامدانەوەی نامەکە.