ھیبە فایسەڵ
نووسەر، دانیمارک
………………………
بە هەلەکە داوان هاتە لام و هەردوو چاوەکانی بە چەشنی دوو ئەستێرە، وتی گوێ ڕاگرە، نامەیەکم نووسیوە:
هەموو دەڵێن مرۆڤی ئازاد تەنیایە. بەڵام نازانم بڵێم خۆشبەختانە یان لە بەدبەختی کە ئەم فریودانە من و تۆی نەگرتەوە. لەوانەیە بڕێك لە ئازادی من بە شەتەكدان و لکان بە تۆوە دەستی پێکردبێت. یان لەو ڕۆژەوەی کە خستمیتە ژێر باڵی خۆم و دڵپاکانە هەنارێکم لەگەڵ بەشکردی. نازی من دەردی کوڕە سێو باخەڵ نەبوو. باری تاکە کۆڵبەرێکیش نەبوو کە سێ هێندەی نیگەرانییەکانی سەرت بن. نازانم بە فیتی کێ؟ بەڵام من و تۆ کوێرانە و بە دەسندەخۆری سروشتمان کێڵا. یان وەك دوو سەربازی برسی خەیاڵمان لە لەزەتی گۆشتی یەکتری دەکردەوە. کەسمان بوێری و جەربەزەیی ئەوەمان نەبوو کە نووکی تاپڕە ژەنگاوییەکەی دەستمان بچەقێنینە ڕانی ئەوی دی. هەردووکمان لە قۆرتە گچکە شێدار و نیمچە ڕماوەکەدا، چاومان دەبڕییە چاوی یەکتر و بە ئەلف و بێی کوردیەوە ژیان و مردنمان بۆیەکتری دەهۆنییەوە. هەر بەڕاستی نازانم ئێمە بۆ ئەوها بووین! وەسێت و بەڵێنی بۆشی پابەندبوونمان لەیەك دەسەند، بێئەوەی بزانین کێهانمان دەیگەیەنێتە چ ناونیشانێك. تۆ بەدەم ئەم قسانەتەوە، خەو و ماندوویەتی بردیتییەوە و منیش بڕیارێکی یەکجارەیی درەنگ بەڵام پڕ لە ڕێز و شایەن بە ئەو چاوەڕوانییەی لەخۆم و دەورووبەر بۆ منیان هەبوو. گەردن ئازادیان تا دۆزەخی دڵڕەق لە من بوو، بەڵام هەرگیز لێبوردەییەك نا تەسەر ئێسکەکان.
ئیدی من بە چەشنی بەڕوو ئێوەم کردە کڵاوێك و کەوتمە کێڵان و دروێنەی ژیان. پێم شەرمێك بوو کە چیدی نەزانی بکەمە پاساو و بیرم نەبێت کە هەلی بژاردە، گشت کات وەك هەناسەم، هاوەڵمە. ئیدی من تامی دەمم لەگەڵ ئەو تفتی و سڕیەی ژیان ڕاهات و بۆم دەرکەوت کە من وەك زەویم. لە هەموو جێیەك وەك یەك ناخم گەرم نییە و هەڵبقوڵێت. وزەی من لە جێیەك هەڵمە و لەجێیەکی دی ماچ. لەجێیەك شەپۆلی وێرانکەر و لە جێیەکی دی ژەك. منێك پێویستم نەبێت بتنێمە ژێرخۆم تا بە زەبر و میهرەبانیم ئاشنابیت. چاوەڕێ نەکەم تۆ بەدەنگمەوە بێیت، بەڵکوو من فریات بکەوم. بۆم دەرکەوت کە هەڵنوتکان و کەوتن، شکانەوە، شین، زووخاو و حەسرەت، چەقین و هەڵوەرین هەمووی کات و تێچووی تەواوی خۆی گەرەکە بۆ پێگەیشتن و گەیشتن بە پێچەوانەکەی. هەنووکە وەك وابێت ژیانێکی نوێ هاتۆتە ڕێ کە دەستەوسانی، کڕوزە و نووکە نووك قەبووڵ ناکات. ڕۆژانەیەك لەوانەیە دووهێندەی پێشتر قوربانی، وتنی (نا) و پێداگری بوێت. من چەندەها ساڵە تێکڕای بزێوی و گلاراوی مناڵیم لە بنی سندوقی جیازیما ون کردبوو. ئەوان شەوانە دەکەوتنە خڕەخڕ و ئەملاو ئەولای سندوقەکەیان دەکڕاند. من سەرم هێندە قورس نوقوم بوو لە سەرینە شێدارەکەمدا، نەك توانای بەرزکردنەوە، بەڵکو هێزی لارکردنەوەیشیم نەبوو. ئای من چەند قەرزاری ئەو ڕۆحە هەقە بێتاوانە ناچارەم. وەك بڵێی لە دیدی ئەودا من تاکە پەنا و لە تەنگانەدا فریادڕەسی ئەو بووم. کەچینیش من ئەوها بە گەمژەیەتی، ڕکەبەرایەتی و مەشق و تاقیکردنەوەی دەستەڵاتی نەخۆشی خۆمم لەسەر دەکرد. من دەبوایە بمزانیبا کە ڕێکردن بە برسێتی ئاسانترە. مرۆڤی تێر نەفەسی کورتە. دەبایە جیاوازی نێوان ئاشتی و خۆبەدەستەوەدانم بزانیبا. هەر لە مناڵییەوە لە نێوان نەریت و ژنێتی خۆم، نێرێتیم هەڵنەبژاردایە. دەبوایە زووتر بمزانیبا کە ژنەکان تەنها پێویستیان بەوەیە کە بە مێژوو ئاوبدرێن تاوەکوو بزانن خۆشەویستی، ڕێز ، بەها و مەبدەئی خۆیان چییە. چیدی ناچارنەبن خۆیان لە شانگیری، شاتەشات و شۆڕشدا بدۆزنەوە.
ئێستا دەزانم کە مرۆڤی بەختەوەر ئەو زاتەیە کە زۆر بە دەگمەن خۆی بە سەلار و تەلاری بەرانبەر بەراورد دەکات. تەنها لەو شوێنە چاو بۆ بەرزتر هەڵدەبڕن کە سنووری خەمەکانی بەرانبەر دیاری دەکات. ئەمەیش دەیانگەیەنێتە ئەو پەڕی سوپاسگوزاری و ڕازی بوون بە دەست کەوت و ئارامی خۆیان. ئیدی ئاشکرایە کە مرۆڤیش هەتا زیاتر ئەرکهەڵگربێت، ئەگەری هەڵە و ناڕێکی و گرژومۆنی زیاتر دەبێت. لە راستیدا ئەمەیش ژیانە. ژیانیش وەك ڕیشە، دەبێت هەتا هەیت شانەی بۆ هەڵگریت.

