فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

بۆ ڕەشێ…. لە زمانی ژنێکەوە

شنیا عەبدولمەجید
شاعیر، ھەولێر

……………………………….

ڕەشێ گیان،
ناوت وەک شەو نیە تاریک بکات!
ناوت وەک شەوە، ئەستێرە دەخاتە دڵمەوە..
ڕەشێ گیان،
ناوت کە دەڵێم، ناوی شەقامەکان نەرم دەبێ
پێڵاوەکانی غوربەت لەپێم دەکەن و…
دەبم بە منداڵێک، کە باوەشی دایکی دۆزیوەتەوە
چاوت دوو کێوی بچووکن،
هەر کەس تێیدا ون بێت، ئیدی نایەوێ بدۆزرێتەوە
لێوت وەک سەرەتایی بەهارە،
دوایی زستانێکی دوورو.. درێژ

تۆ نەبیت، شادی چی بکات لەو بەرزاییە؟
من لە نزمایی خەمەوە هاتم
تۆ میدالیایی ئومێدی منیت لە بەرۆک
بێ تۆ خۆر بۆ من درەوشاوە نیە
دەزانی من جوان نیم وەک گوڵ؟
من خۆم ئەو باخچەیەم، کە گوڵەکانی بۆ تۆ دەڕوێنێ
من شایەستە نیم وەک پاشا
من ئەو خزمەتکارەم کە تاجی سەرت ڕاست دەکاتەوەو
دەستی خەم لە چاوت دەسڕێتەوە
تۆ نازانی شەوان چلۆن ناوت دەکەم بە نزا
چۆن لە نزمایی خەمدا، تەنها وێنەی تۆ دەبێتە باڵ و
فڕێنم پێدەدا…

جوانی من لەوەیە کەتۆم کرد بە شادی و..
شایەستەییم لەوەیە کە لە مەحاڵدا بۆ تۆ چیام ڕکەبڕی
با هەزار کەس جوانتربن،
کەسێک نیە زامەکانی بداتە پشت کۆترو..
بۆ تۆ لەو پەڕی دنیاشەوە، ئومێد بهێنێ
ڕەشێ گیان،
ناوت کە لەسەر زمانم دێت
وشەکان واز لەخەم دێنن و….
دەبن بە گۆرانی باڵندە لەسەر لقی دڵم
تۆ نە شەویت و…. نە ڕۆژ
تۆ ئەو بەرە بەیانەی….
دوایی شەوێکی دوورو درێژ
کە خۆر لە خەندەی تۆدا هەڵدێ

ڕەشێ گیان…
من ئەو کاسەیەم کە جاران خەم تێی ڕشت
ئێستا تۆ بوویتە ئاوی نێوی
هەر جرعەیەکم بخۆمەوە، دەبم بە ژیان
من ئەو کێوەم کە ساڵان سەرمای لەسەر بوو
تۆ بوویت بە خۆر و بەفری دڵمت تواندەوە
ئێستا لەسەر لوتکەم گوڵی سەوز دەڕوێت
ناوی هەموویان: ” تۆ ”

دەزانیت ژن چۆن عەشق دەکات؟
ژن عەشق ناکات… ژن دەبێت بە ماڵ
دەبێت بە باوەش، دەبێت بەو شوێنەیی..
کە پیاوەکەی لێی حەسانەوە دەدۆزێتەوە
تۆ شەوت وەک دەریایەکی تاریک بوو
من بووم بە کەشتی،
ساڵان لەسەر شەپۆلی تەنهاییم شکاندم
تا گەیشتمە کەنارەکەت و…
لەوێ ناوم لێنرا: ” ئارام”

ناهێڵم جادووی نەیار دەستت لێبدات
من بە قژم دیوارت بۆ دروست دەکەم
بە هەناسەم ئاگر بۆ دوژمنانت هەڵدەگێڕم
چونکە ژن کاتێک خۆشدەوێت…
دەبێت بە چیایەکی بەرگری!
ڕەشێ…
گەر ڕۆژێک ون بووم لەناو خەم
لە پەنجەکانمدا بەدوامدا بگەڕێ
لەوێ ناوم نووسیوە
لە لێوەکاندا بەدوامدا بگەڕێ
لەوێ دوعاکەتم
لە دڵتدا بەدوامدا بگەڕێ
لەوێ… ماڵی تۆم
تۆ نەک خۆشەویستی منی
تۆ ئەو هۆکارەیت کە من بوومەتەوە بە ژن
هەر قومێک لە تۆ بخۆمەوە، دەبم بە ژیان
دەبم بە تۆ…..

ڕەشێ گیان،
ناوت کە لەسەر زمانم دێت
وشەکان واز لەخەم دێنن و…
دەبن بە گۆرانی باڵندە لەسەر لقی دڵم
تۆ نە شەویت و… نە ڕۆژ
تۆ ئەو بەرە بەیانەی….
دوایی شەوێکی دوورو درێژ
کە خۆر لە خەندەی تۆدا هەڵدێ
ڕەشێ…
گەر لەوپەڕی دنیاش بیت،
من زامەکانم دەدەمە پشت با
تا بۆ تۆ بیانگەیەنێت و…
بڵێت: کەسێک هەیە هێشتا بۆ تۆ دەژی

تۆ شایەستەی هەموو شیعرێکی دنیایی و..
من شایەستەترینم، چونکە تۆم هەیە!