ئەرسەلان حەسەن
نووسەر و وەرگێڕی بواری منداڵان، سلێمانی
………………………………………….
دوای ئەوەی ئارا دەرگای ماڵەوەیانی بەڕووی پۆستەچییەکەدا کردەوە، پۆستەچییەکە پاکەتێکی بچووکی پێچراوە بەکاغەزی ڕەنگاوڕەنگی جوانی دایە دەستی. دەفتەری وەرگرتنی دیارییەکەی پێ واژۆ کرد و ڕۆیشت.
ئارا بیری کردەوە (کێ ئەو دیارییەی ناردووە؟) بەڵام لە سەر پاکەتەکە نووسرابوو: (لەدەرەوەی هەرێمەوە – لە لایەن جوانڕۆی ئامۆزاتەوە نێردراوە).
ئارا گەڕایەوە ژوورەکەی ، کە پاکەتەکەی کردەوە بینی دوو قەڵەمی دارن و هەر یەکەیشیان سەریان بە نایلۆنی ڕ ەش داپۆشرابوو. دوو قەڵەم داری ئاسایی و ڕەنگ نەکراو.
ئارا بە سەرسامی و تامەزرۆییەوە سەری قەڵەمێکیانی لابرد. لەو کاتەدا دوو شتی بچووکی ڕەش لە قەڵەم دارەکەوە کەوتنە سەر زەوی. سەرەتا وایزانی نووکی قەڵەمەکەیە شکاوە، بەڵام کە هەڵیگرتنەوە، بینی نووکی قەڵەمەکە نەبوو، بەڵکوو دوو دەنکە تۆون.
ئارا نوقمی خەیاڵێکی قووڵ بوو، چونکە بیری لەوەدەکردەوە کە ئەو دەنکە تۆوانە و قەڵەم دارەکە پەیوەندییان بەیەکەوە چییە؟! دوای بیرکردنەوەیەکی زۆر و بەخەیاڵداهاتنی دەیان بیرۆکەی جیا جیا، چاوی کەوتە سەر پارچە کاغەزەکەی ناو پاکەتە بچکۆلەکە، لەسەری نووسرابوو: (لەگەڵ قرتاندنی هەر گوڵێک دەنکە تۆوێک دەچێنین و لەگەڵ بڕینی هەر دارێک، نەمامێک دەڕوێنین..!!!)
ئارا لەنێوان سەرنج و سەرسامبوونی، لەو ساتەدا ژیانێکی نوێی تێدابینین، بزە کەوتە سەر لێوانی و دەنکە تۆوەکانی لەسەر زەوی هەڵگرتنەوە و بە دڵخۆشییەکی زۆرەوە لە باخچەی ماڵەوەیاندا کەمێک زەوی بۆ هەڵکەندن و هەردووکیانی چاند. دەنکە تۆوەکان لای ئەو ئاماژەیەک بوون بۆ بەردەوامیی ژیان و پاراستنی ژینگە.

