پەری ڕەحمانپووڕ
نووسەر، سەقز
………………..
هاوينێکی گەرم تاقەت پروکێن، تەمێکی گڕاوی ئاسمان و دەوروبەری شاری تەنی بوو، هەردەم هەستت بە بێزاری و تەنگەنەفەسی دەکرد، فێنککەرەوەيەکم لە بەردەرگای چوونە ژوورەوە دانابوو، هێدی هێدی باوەشێنێکی دەکردم و بەرەو فێنکبوونەوە دەکشا، زەردەواڵەيەک خۆی بە خانەبچووکەکانی فێنککەرەوەکە هەڵواسی بوو، دەيويست لە ئاوی لێواری خانەکان بخواتەوە، جا چۆن ئەوێی دۆزيبۆوە و دەيزانی کانگای ئاوی سروشت خوڵقاوی دەگمەنی خۆی بوو. لە پڕ ڕاچڵەکێم ترسێکی زۆر دايگرتم، لە خەياڵی خۆمدا وتم هەر ئێستا دێت و پێوەم دەدا، ئەو کاری بە من نەبووهەرگيزيش نەيدەويست پێوەم بدات، تەنيا دەيويست ئاوبخواتەوە، لە پڕ تاکە کەوشێکم تێگرت، کەوتە سەر زەوی و پشتی شکا و دوا هەناسەی دا و بێدەنگ کەوت و ئيدی نەبزوا، دەست بەجێ دانەيەکی ديکە بۆ ئاوخواردنەوە هات، زانيم تەنيا دەيەوێت ئاوبخواتەوە و کاری بە من نييە، خەمێکی قورس دايگرتم تا هەنووکەيش بەرۆکی بەرنەداوم، نازانم من چيمکرد چۆن توانيم ئەو هەموو زيرەکی و هۆشيارييە لە دەست بدەم و خوڵقەت و بوونی ئەو بوونەوەرە زيندووە لە يەک کاتدا لە خوردوخۆرایی بکەمە نيشانەی دەستە پڕ نەهامەتی و تاوانکارييەی خود، منی مرۆڤ خۆم پێ چييە…؟ چۆن من بوونم دەوێ ئەويش هەروا، چۆن توانيم ئەو هەموو زيرەکييە لە چاوترووکانێکدا کۆتایی پێبهێنم، بريا ئەو پێوەی بدام و چيدی هەناسەم نەکێشايەتەوە و بەو جۆرە تەرمی بێگوناهی لەبەرچاومدا نەچەمابايەتەوە، بۆيە تا مردن من بووم زەردەواڵەيەکی بێگوناهم کوشت نەمهێشت هەناسە بدا و ئاوبخواتەوە، ئيتر من تاوانبارترين و ناپاکترين مرۆڤم، بشێ ماڵی خۆشەويستەکەيم وێران کردبێت و لە گەڕانەوەی بێهيوام کردبێت، چەندە کارێکی دڕندانەم ئەنجامدا، گەرەکە بمناسن من مرۆڤێکی خۆ بەزلزانم زەويم تەنها بۆ خۆ دەوێت، هەرچی لە بەرژەوەنديم نەبێ وەک باڵە ناسکەکانی ئەو باڵندە بچووکە بێنازە دەيشکێنم، من تاوانبارم تا سەر ئێسک، دانێ پێدا دەنێم.

