گۆران مەریوانی
شاعیر، ستۆکهۆڵم
…………………….
عاشقی درەختێ بووم
شەوانە پێکەوە دەنووستین
من گەڵام دەگرت
ئەو شین دەبوو
چاوی لە شادیدا لەوانی من گەشتر دەبوو
بەهاران پێکەوە شکۆفەمان دەکرد
لە ژێر باراندا سەمامان دەکرد
من گەر ماچێکم دەکرد
ئەو سەد ماچی لە سینگ و بەرۆکم بەردەدا
عاشقی درەختێ بووم
وەک خۆم شێت، پەلکی بە سەد لادا هەڵدەدا
لەتەک سەد باڵندەی ڕەنگاوڕەنگدا
چاوبڕکێی دەکرد
بەڵام شەوان تەنیا دەستی منی دەگرت
بەرزی دەکردمەوە بۆ لای خۆی، بۆ ئاسمان؛
بۆ سەر جێگا،
بۆ نزیکترین ئەستێرە
بە گەڵاکانی دای دەپۆشیم
نەکا سەرمام بێ
چی لاسکە-لقی هەبایە بۆی ڕادەخستم
نەبا شەو لە تیرمەی عەشقدا
بکەومە خوارێ و …..
بەڵایەکمی بەسەر بێ!
ئاشقی درەختێ بووم ئەویشیان لە من کرد
ئەویشیان بە بەرچاومەوە هەڵقەند و برد
ئێستا وەک فەرهاد،
وەک مەجنون،
وەک هاملێت و واڵتەر بنجامین
هەرچەند دەکەم؛
من،
بێ درەخت ناژیم!
…………………
من ئیدی خەزانێکی ئەبەدیم.
21-07-2026

