فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ڕادیۆی کوێخا لە گەلای ئەندرۆمێدا

ڕەزا یار ئەحمەدی
نووسەر، مەھاباد

…………………………

ژووری کوێخا پڕ بوو لە کاتژمێری کۆن. کاتژمێرەکان لەسەر دیوار، لەسەر مێز و لەسەر تەختە دارینە کۆنەکان داندرابوون. هەر یەکێکیان لە کاتێکی جیاوازدا وەستابوو. وەک ئەوەی هەر یەکەیان ساتێکی لەبیرنەکراوی ژیانی، لە خۆیدا ڕاگرتبێت.
کاتێک شەڕ ڕاگیرا.
کاتێک دەنگێک هەرگیز نەگەڕایەوە.
کاتێک کەسێک بڕیاری بێدەنگی دا.
کوێخا، ساڵانێک، کاتژمێرە وەستاوەکانی کۆدەکردەوە. دەیگوت هەر کاتژمێرێک چیرۆکێکی خۆی هەیە. تەنیا پێویستە کەسێک بە ئەسپایی، گوێیان لێ بگرێت.
بەڵام لە نێوان ئەو هەمووە کاتژمێرە، یەکێکیان سەرنجی زۆرتر ڕادەکێشا. کاتژمێرێکی ساڵی ٢٠٢٠، لەسەر ١١:٥٥ی شەو وەستابوو.
کوێخا هەموو شتێکی تاقی کردبووەوە. جامەکەی کردبووەوە. باترییەکەی گۆڕیبوو. پەندولەکەی ڕێکخستبوو و تەنانەت خستبوویە بەردەستی وەستایەکی شارەزا. بەڵام کاتژمێرەکە نەدەگەڕایەوە.
گشت شەوێک، لە هەمان کات، شتێکی نامۆ ڕوویدەدا.
لە ناخی کاتژمێرەکە، دەنگێک بەرزدەبوەوە.
هەڵبەت دەنگەکە نە زۆر دوور بوو؛ نە زۆریش نزیک، وەک ئەوەی لە شوێنێکی نادیارەوە بێت.
دەیگوت: «پێویست ناکات خۆت بشاریتەوە. کەس ئەم دەنگە ناناسێتەوە.»
کوێخا یەکەم شەو ترسا. شەوی دووهەم گوێی گرت. شەوی سێهەم دەستی کرد بە نووسینی کات و ساتی دەنگەکە.
هەموو شەوێک، لە کاتژمێر ١١:٥٥
تا ئەوەی شەوێک، بە فایلێکی دەنگیی بێ‌ناو، پەیامێکی بڵاوکردەوە: «ئەو ساتانەی خەڵک پێی دەڵێن مێژوو، لە ڕاستیدا وەستانێکی هەڵەییە. من دەنگم لەو بۆشاییە وەستاوەدا دۆزیوەتەوە. لەو شوێنەی خەڵک پێی دەڵێن ڕادیۆ»
پەیامەکە بڵاو بووەوە. خەڵک بیستیان. بەڵام کەس نەیدەزانی دەنگەکە هی کێیە؟
ئەو شەوە، هەموو کاتژمێرەکانی ژوورەکە، ڕێک لە سەر ١١:٥٥، دەستیان بە کار کرد.
تیک…..
تیک…..
تیک…..
دەنگی کاتژمێرەکان، ناو ژوورەکەی گەمارۆدابوو.
کوێخا تێیان ڕوانی. گشتیان هەمان کاتیان نیشان دەدا: ١١:٥٥
لێدانی دڵی کوێخا، خێراتربوو. هەستی کرد شتێک لە دەرەوەی کاتدا ڕوودەدات! شتێک کە خەڵک هەمووکات بە وشەیەک ناویان لێدەبرد. “پاشگەزبوونەوە.”
بۆ یەکەم جار، لە دەروونی کوێخا، گومانێک دروست بوو: “لەوانەیە پاشگەزبوونەوە؛ کۆتایی نەبێت. لەوانەیە دەستپێک بێت.”
ڕۆژی دواتر، کوێخا لەبەردەم ئاوێنە هەڵواسراوەکەی نێو هۆدەکەی دانیشت. لەناکاو ڕوخسارێک لە ئاوێنەکە دەرکەوت!
ڕوخسارێکی نامۆ!
پێستی کوێخا ڕەش هەڵگیرسا. چاوەکانی بە قوڵاچوون. لە ناو گلێنەی چاوەکانی، کاتژمێرێک دەسوڕایەوە: ١١:٥٥، پاشان، بە هێمنی، پەندولەکە خۆی گەیاندە ١١:٥٦
کوێخا ڕێک لە جێی خۆی ویشک بوو!
ئەو ڕوخسارە لە ئاوێنەکەدا هیچی نەدەگوت. کەچی کوێخا نەبیستراو، هەستی بە بیستنی دەنگ دەکرد. دەنگ، دەنگی خۆی بوو. هەڵبەت نەک ئەو دەنگەی ئێستا قسەی پێ دەکات. دەنگێکی کۆنتر. ئەو دەنگەی پێشتر قسەی پێکردبوو و پاشان لە قسەکەی پاشگەزببووەوە.
کوێخا دەستی برد بۆ ڕوخساری. هاوکات، ڕوخساری ناو ئاوێنەکەش، هەر ئەو کارەی کرد.
لەو چرکە ساتە تێگەیشت: ئەوە خۆ ڕوخساری خۆی نییە؛ بەڵکو دەنگێکە شێوەی ئەوی گرتووە.
لەو لاشەوە، لە ناو گەڕەکەکانی شار، وشەی “ڕادیۆ” بە مانایەکی نوێ بەکار دەبردرا.
ئەو خەڵکانەی پاشگەزی قسەیەک کە پێشتر کردبوویان؛ دەبوونەوە؛ دەیانگوت “وام زانی ڕادیۆیە.”
هەر جار ئەو دەستە وشە دەهاتە سەر زمان، کاتژمێرەکان خێراتر دەخولانەوە.
لە هەندێک شەو، کات بۆ ساتێک دەوەستا. لە هەندێ شەوی دیکەش، گەڕەکەکان وەک خەونێکی ناخۆش دەکەوتنە جوڵە. خانووەکان لە شوێنی خۆیان ڕۆدەچوون. کۆڵانەکان درێژتر دەبوونەوە و دەنگی هەنگاو هەڵێنانی خەڵک لە شوێنێکی دیارینەکراوەوە بەر گوێ دەکەوت.
ڕۆژێک کەسێک بە کوێخای وت: «تۆ وا دەزانی ڕادیۆیە نەک ڕوخسار؟»
کوێخا هیچی نەگوت.
بەڵام ئەو ڕستەیە وەک کلیلێک، دەرگایەکی داخراوی مێشکی کردەوە.
گەڕایەوە بەردەم ئاوێنەکە. ئەمجار ڕوخسارێک بەدی نەکرا. تەنیا چاوەکانی خۆی بینی.
لە ناو چاوەکانیدا، بۆ چرکەیەک، ١١:٥٥ دەرکەوت. پاشان ون بوو.
کوێخا ئەو شەوە تێگەیشت؛ پاشگەزبوونەوە تەنیا گۆڕینی قسە نییە؛ بەڵکو دەنگێکە کە دەتوانێت لە مرۆڤ جیاببێتەوە.
بۆیە بڕیاری دا دەنگی خۆی بشارێتەوە. بەڵام ڕادیۆکە دەستی کرد بە بڵاوکردنەوەی دەنگی ئەو کەسانەی پێشتر پاشگەز ببوونەوە.
دەنگی یەکەم…..
دەنگی دووهەم…..
دەنگی سێهەم…..
دەنگی…..
پاشان دەنگی خەڵکێکی زۆر، هەموویان لە بۆشاییەکی تەسکدا پنگیان خواردبوو. دەنگ بوونی هەبوو؛ بەڵام کات نەبوو.
هەموو دەنگەکان لە دوورەوە وەک دەنگی کوێخا دەچوون.
کوێخا گوێی گرت. کوتوپڕ یەک دەنگی ناسیاو لەناو ئەو هەمووە دەنگە، جیابووەوە. ڕێک دەنگی خۆی بوو.
ساڵانێک تێپەڕی. ڕادیۆکە ون بوو. کوێخا ماوەیەکی زۆر بەدوایدا گەڕا. بەڵام هیچ شوێنەوارێکی لێ نەدۆزییەوە.
کوێخا زۆرجار لە کاتژمێر ۱۱:۵۵ چای دەخواردەوە. شەوێک لەناکاو تێبینی کرد کەوچکی چایخۆریش، وەک پەندولەکانی کاتژمێر، تەنیا لەو چرکەساتەدا دەلەرزێت.
تا ئەوەی شەوێک لە پەنجەرەی هۆدەکەیەوە شتێک کەوتە بەرچاوی.
لە نێوان ١١:٥٥ و ١١:٥٦دا، لە ناو بۆشایی ئاسمان، درزێکی ڕەش پەیدا بوو. نە پەنجەرە بوو؛ نە دەرگا. وەک ئەوەی کات تێکشکابێت.
ڕادیۆکە بە بێدەنگی لە ناو درزەکەدا دەرکەوت. پاشان بە هێواشی بەرەو ئاسمان بەرز بووەوە. کوێخا سەیری کرد تا لە دوورەوە، لە گەلای ئەندرۆمێدا، ڕووناکییەکی نوێ دەرکەوت. ڕادیۆکە بوو بە ئەستێرە، ئەستێرەیەک کە لە ناخی خۆیدا دەنگی هەموو ئەوانەی هەڵگرتبوو؛ پاشگەز ببوونەوە.
کوێخا لە ژوورەکەی، لە نێوان کاتژمێرە وەستاوەکاندا، بە تەنیا دانیشت.
تەنیایییەکەی پڕ بوو لە دەنگ. دەنگی ئەوانەی هەرگیز نەگەڕابوونەوە.
لە پاش سەری، دەنگی هاوسەرەکەی هات. گوتی: «ئەو ڕادیۆیەی بەجێی هێشتووی؛ ئێستا لە ئاسمان دەدرەوشێتەوە.»
کوێخا سەیری ئاسمانی کرد. ڕادیۆکەی ناسییەوە. بەڵام ئەمجارە نە وەک شتێک کە هی ئەو بووبێت. وەک شتێک کە قەت هی ئەو نەبووبێت.
لەو شەوەدا دەنگێک لە دوورەوە هات: «پاشگەزبوونەوە ڕێگایەکە بۆ گەڕانەوە.»
کوێخا چاوەکانی نوقاند.
دەنگەکە بەردەوام ما: «گەڕانەوە بۆ ئەو کاتەی دەنگ دروست بوو؛ پێش ئەوەی کەسێک ناوی لێبێنێت؛ ڕادیۆ.»
دەنگەکە ون بوو. بەڵام کوێخا لەو شەوەوە دەستی بە چاککردنەوەی کاتژمێرەکان کرد. نە بۆ ئەوەی کات بدۆزێتەوە؛ بۆ ئەوەی بزانێت کات لە کوێ ون بووە؟
لە درزە ڕەشەکەدا، نێوان ١١:٥٥ و ١١:٥٦، کەسێک دەرکەوت. دەنگی لە دەنگی کوێخا دەچوو. بەڵام ڕوخساری کوێخا نەبوو. کەسەکە لە ناو ڕادیۆکە هاتە دەر. لەو کاتەی ڕادیۆکە لەسەر ١١:٥٥ وەستابوو.
گوتی: «من تۆم.»
کوێخا هیچی نەگوت.
+ «ئەو تۆیەی کە واتزانی ڕادیۆیە.»
کەسەکە دەستی بەرەو کوێخا درێژ کرد.
+ «تۆ لەسەر زەوی مایتەوە. بەڵام من لەوێم.»
کوێخا پرسی: «لە کوێ؟»
کەسەکە سەیری درزەکەی کرد.
+ «ڕادیۆ شوێن نییە.»
چرکەیەک بێدەنگ بوو.
+ «ڕادیۆ ئەو بۆشاییە تەسکەیە؛ نێوان قسەکردن و پاشگەزبوونەوە.»
ئەو کەسە دەستی لەسەر سینگی خۆی دانا.
+ «لەوێ دەنگ هەرگیز ون نابێت.»
کوێخا بۆ یەکەم جار نەترسا. تێگەیشت پاشگەزبوونەوە کۆتاییی چیرۆک نییە. بەڵکو هەر پاشگەزبوونەوەیەک دەرگای چیرۆکێکی ترە.
بەڵام ئەمجارە پێویست نەبوو قسە بکات. بێدەنگ گەڕایەوە بۆ ژوورەکەی.
یەک بە یەک کاتژمێرەکانی چاک کردەوە.
یەکێکیان لە کاتی شەڕدا وەستابوو. یەکێکیان لە کاتی مردنی کەسێک، بەڵام لە دواوەی ژوورەکە، کاتژمێرێکی دیکە هەبوو. کاتژمێرێک کە هەرگیز دەستی بە کار نەکردبوو. نە لە کاتی شەڕ وەستابوو؛ نە لە کاتی مردن. تەنیا خاوەنەکەی پێش ئەوەی قسە بکات؛ بڕیاری بێدەنگی دابوو.
کوێخا کاتژمێرەکەی هەڵگرت. لە پشتەوەی، تەنیا یەک ژمارە نووسرابوو. — ٢٠٢٤ —
دەستی بە پەندولەکەی گەیاند. جوڵاندی. کاتژمێرەکە دەستی بە کار کرد.
تیک…..
تیک…..
کوێخا گوێی لێگرت.
تیک…..
تیک…..
لە پەنجەرەکەوە سەیری ئاسمانی کرد. لە گەلای ئەندرۆمێدا، ئەستێرەڕادیۆکە دەدرەوشایەوە.
کاتژمێرەکە لە سەر ١١:٥٥ بوو.
کوێخا هیچی نەگوت. تەنیا چاوەڕێی کرد.
تیک…..
تیک…..
١١:٥٦
لەو ساتەدا، هەموو کاتژمێرە کۆنەکانی ژوورەکە بێدەنگ بوون.
هەڵبەت نە ئەوەی کات وەستابێت؛ بۆ ئەوەی هیچ کاتژمێرێک پێویستی بە قسەکردن نەبوو.
لە دەرەوە، ئەستێرەکە هەروا دەدرەوشایەوە و لە ناو درزی نێوان ١١:٥٥ و ١١:٥٦، دەنگێک بۆ یەکەم جار گوتی: «من ڕادیۆم. من لێرەم.»
_-_-_-_-_-_

ڕەزا یارئەحمەدی “کارزان”
١٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ی کوردی
مەهاباد
* ئەندرۆمێدا (Andromeda) ناوی کۆمەڵە ئەستێرەیەکە. هەروەها ناوی بەناوبانگی گەلای ئەندرۆمێدایە.
لە ناونیشانی چیرۆکەکەدا، مەبەست گەلای ئەندرۆمێدا (M31) ـە.
گەلای ئەندرۆمێدا گەلایەکی گەورەی مارپێچییە و نزیکترین گەلای گەورەیە بە گەلای ڕێگای شیری.
مەوداکەی لە زەوی نزیکەی ٢.٥ ملیۆن ساڵی ڕووناکییە.