سیما محەمەدئەمین
چیرۆکنووسی منداڵان، سلێمانی
…………………………………….
لەنزیک ماڵی لەنێ کتێبخانەیەکی کۆن هەبوو ، کتێبخانەکە هی باپیری پێشەوا بوو. لەنێ لەگەڵ شادی هاوڕێی زۆرجار بەیەکەوە دەچوونە ئەوێ و کتێبە کۆنەکانیان دەخوێندەوە.
ڕۆژێک شاد کتێبێکی کۆنی بینی.تەماشایکرد لە ناو کتێبەکەدا نەخشەیەکی دارستان و وێنەی بەردێکی شینی بچووکی تیا بوو. تێیدا نووسرابوو ئەم بەردە دەتوانێت شتێکی لەبیرکراو بگەڕێنێتەوە.
ڕۆژی دواتر شاد نەهاتە قوتابخانە. دایک و باوکی وتیان بەیانی چووەتە دەرەوە و نەگەڕاوەتەوە.
من زانیم ئەوچۆتە دارستانەکە و بەدوای بەردەشینەکەدا دەگەڕێت.
ئەگەرچی ترسام، بەڵام ڕۆیشتم بۆ دۆزینەوەی شاد.
لە ناو دارستانەکەدا، زۆر گەڕام دوای ماوەیەک دەنگی شادم بیست. چووم بۆ لای و بینیم پێی لە نێوان دوو بەرد دا گیر بووە. یارمەتیم دا .
شاد بەردە شینەکەی لەناو دەستدا بوو.
هەردووکمان چاوەڕوان بووین شتێکی سەیر ڕووبدات، بەڵام هیچ نەبوو.
شاد وتی:
— واتە هەموو ئەو چیرۆکە درۆ بوو؟
من پێکەنیم و وتم:
— بەردەکە جادوو نەبوو، بەڵام ئەمڕۆ زۆر شتی گرنگمان دۆزییەوە.
شاد پرسی:
— وەکوچی؟
وتم:
بوێریی و سەرکێشی و هاوڕێیەتیی
شادیش پێکەنی و وتی:
من فێربووم کە هەمیشە نابێت بەبێ بیرکردنەوە بەدوای هەر شتێکی نهێنیدا بچم!
هەردووکمان پێکەنین و بەرەو ماڵەوە گەڕاینەوە.
لەو ڕۆژەوە تێگەیشتین کە هەندێک جار، ئەو شتەی بەدوایدا دەگەڕێین، زۆرلێمانەوەدوور نییە بەڵکوو لەناخی خۆماندایە.

