فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

وزەی نەرێنی چییە و چۆن خۆمانی لێ ڕزگار بکەین

ئامادەکردنی: فەهمی کاکەیی

 

هەر یەک لە ئێمە لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیدا جاری وا هەیە تووشی جۆرە نائومێدییەک دەبێت و بەلاچوونی هۆکارەکەی دێتەوە سەر خۆی، بەڵام ئەگەر ئەمە بەردەوام بوو و هۆکاری تریشی هاتە پاڵ، ڕەنگە ببێتە هۆی بارگاویبوون بە وزەی نەرێنی و هەنگین کاردانەوەی خراپی لێ دەکەوێتەوە، بۆ خودی کەسەکە و دەوروبەریشی. ئەوانەی وزەی نەرێنییان هەیە یەکێک یان چەند دانەیەک لەم نیشانانەیان لێ دیار دەبێت:

 

دڵەڕاوکێ: ئەمانە هەمیشە لە دڵەڕاوکێدا دەژین، دڵەڕاوکێ لەوەی ڕەنگە شتێک یان ڕووداوێکی ناخۆش ڕوو بدات، ئەمە دەکەنە کێشەیەک بۆ خۆیان، بەڵام ئەگە ئەو ڕووداوە ڕوو بدات یان نا هیچ پەیوەندییەکی بەو دڵەڕاوکێیەی ئەوانەوە نییە، یانی دڵەڕاوکێیان هەبێت یان نا، ڕەنگە ئەو ڕووداوە هەر ڕوو بدات، یان ڕوو نەدات.

 

ڕەشبینی: بە هۆی نائومێدییەوە دونیا لەبەر چاویان ڕەشە، بە هیچ شتێک دڵیان خۆش نابێت، جا پێی بزانن یان نەزانن ئەم ڕەشبینییە بۆ دەوروبەری خۆیان دەگوێزنەوە.

 

دە ستتێوەردان: دەست لە کاروباری خەڵکی تر وەردەدەن، بێ ئەوەی پرسیان پێ کرابێت بۆچوونی خۆیان دەڵێن، وەڵامی ئەو پرسیارانەیش دەدەنەوە کە لە کەسێکی تر کراوە، لە هەموو بابەتێکدا بۆچوونیان هەیە،زۆربەی جاریش بۆچوونەکانیان نەرێنیین.

 

بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناخۆش: ئەمە یەکێکە لە دڵخۆشییەکانیان. کەسانی وا هەن وەک قەلەڕەش وان، تەلەفۆنت بۆ دەکەن، پەیامی دەنگیت بۆ دەنێرن، یان کە دەتبینن یەکسەر بە گێڕاوەنەی هەواڵی ناخۆش دەستیپێ دەکەن، پاشانیش بە دەردەسەرییەکانی خۆیان کۆتایی پێ دەهێنن، تۆیش دەبێت گوێیان لێ بگریت چونکە هیچ ناوبڕێکت نادەنێ بۆ ئەوەی قسە بکەیت.

 

ڕخنەقبووڵنەکردن: جیقلدانیان زۆر بچووکە و ڕخنە قبووڵ ناکەن، بەڵام خۆیان ڕخنە لە داروبەرد دەگرن.

 

هەستیاری: هەر لە خۆیانەوە بەگومانن لە کەسانی تر، هەستیارن و ڕووداوە بچووکەکان بەپێی تێگەیشتنی نەرێنیی خۆیان لێک دەدەنەوە. وا ڕێک دەکەوێت تۆ فکرت مەشغووڵە و بەردەمیاندا تێدەپەریت بێ ئەوەی بیانبینیت، سڵاو نادەیت و دەڕۆیت، ئەوان وای لێک دەدەنەوە تۆ فەرامۆشت کردوون، یان پشتگوێت خستوون، پاشانیش بەهیچ شێوەیەک پاساوەکانت لێ وەناگرن.

 

گومان: هێندە بەگومانن کاری باشیشیان بۆ بکەیت ئەوان لێکدانەوەی تریان بۆی دەبێت و وا دەزانن مەبەستێکت لە پشتی ئەو کارەوە هەیە، هەندێک جار مەبەستی خراپ.

 

بتوبۆڵ: هەمیشە بتوبۆڵ و باسی چارەنووس و ڕۆژی ڕەشی خۆیان دەکەن، هزریان لای نیوەبەتاڵەکەی پەرداخەکەدایە و ئەرزش بۆ نیوەپڕەکەی دانانێن. خوا نەکات باسی کێشەیەکی خۆتیان بۆ بکەیت، یەکسەر قسەکەت دەقۆزنەوە و باسی دە کێشەی خۆیانت بۆ دەکەن، هیچ کەسێک یان شتێک نییە لێی ڕازی بن.

 

بێزاری: هەمیشە بێزارن لە ژیانی خۆیان و بێزاری بە دەوری خۆیاندا بڵاو دەکەنەوە.

 

بەڵام: ئەگەر وا ڕوو بدات شتێکیان بە دڵ بێت و ستایشی بکەن، لە کۆتاییدا بە (بەڵام)ێک ئەرزشی ئەو شتە باشە ناهێڵن: باشە، بەڵام دەبوو وا بێت …

 

ناڕازی: هەمیشە لە خۆیان ناڕازین، لە دڵەوە پێیان وایە کەسانێکی بێتوانا و هیچ لەدەستنەهاتوون، جاری وا هەیە ئەمە دەردەخەن و زۆر جاریش دەری ناخەن و لەژێر ئەو بارەدا ناهەموارەدا دەتلێنەوە.

 

هەواڵە خۆشەکانت: ئەگەر هەواڵێکی خۆشی خۆت بۆیان بگێڕێتەوە بۆتی پووچ دەکەنەوە. بۆ نموونە لە شوێنێک کارێکت دەست کەوتووە، دڵت پێی خۆشە، دەبینیت قسەیەکی وا دەکەن لەبەر چاوتی دەخەن.

 

ڕق وکینە و بوغز: بوغزنن، ڕقیان لە هەندێ خەڵک دەبێتەوە، بەو ڕێگایەدا ناڕۆن ئەوانی پێدا دەڕۆن، ئەگەر کەسەکە بەرەو ڕوویان بێت ئەمان ڕێگای خۆیان دەگۆڕن.خۆیان دوورەپەرێز دەگرن، ئەمە خۆی لەخۆیدا بۆ کەسی بەرانبەر باشە، بەڵام خودی ئەو کەسەی ڕقلەدڵە پیی دەتڵێتەوە.

 

خۆبەڕاستزانین: هەمیشە خۆیان بەڕاست دەزانن و هەرگیز دان بە هەڵەکانی خۆیاندا نانێن و بەم شێوەیە داوای لێبوردنیش ناکەن. بۆیە بەدوای قۆچێکی قوربانیدا دەگەڕێن تاکوو خەتاکانی خۆیانی بخەنە پاڵ.

 

ئەگەر پێت وایە دانەیەک یان زیاتر لەو نیشانانە لە تۆیشدا هەیە، دەتوانی خۆتی لێ ڕزگار بکەیت، لە ڕێی:

گوڕێنەوەی ڕق بە خۆشەویستی و لێبوردەیی.
فەرامۆشکردنی ڕابوردووی ناخۆش و گۆڕینی چۆنیەتیی بیرکردنەوە.
وەرزشی یۆگا یان هەر وەرزشێکی تر.
ڕێڕۆیشتنی ناو دارستان و گوێگرتن لە دەنگەکانی سروشت.
دانیشتن بەبێدەنگی لە دارستانێکدا و وەرگرتنی هەناسەی قووڵ.
ئەگەر دەریا لێتەوە نزیکە، بچۆ بۆ ئەوێ و گوێ لە شەپۆلەکانی دەریا بگرە و بە کەناریدا پیاسە بکە.
یارمەتیدانی کەسانێک کە پێویستیان بە یارمەتیی تۆیە بارت سووک دەکات و ئاسوودەییت پێ دەبەخشێت.
پاکوخاوێنیی شوێنی نیشتەجێ و لەش و جلوبەرگ ئارامێت پێ دەبەخشێت.
لەگەڵ کەسانی گەشبین و خاوەن وزەی ئەرێنیدا هەڵسوکەوت بکە.
گرنگیدان بە لەشساخیی خۆت.
گوێ لە هەواڵی ناخۆش مەگرە و ڤیدیۆ و فیلمی خەماوی مەبینە، ڕێک پێچەوانەی ئەوە بکە.
ئەو کێشانەی پێت چارەسەر ناکرێت، یان هیی خۆت نین، سەری خۆتی پێیانەوە مەئێشێنە.
خۆت مەخەرە ژێر بارێکەوە توانای هەڵگرتنیت نەبێت.
لە ئێستادا بژی، نەک لە ڕابوردوودا، با بیرەوەریی جوانیشت لەو ڕابوردوودا هەبێت.
پلانی سبەینێ و ڕۆژانی پاشترت هەبێت، هێندە بە داهاتووی دوورەوە بیروهۆشی خۆت ماندوو مەکە.

 

ئەم خاڵانە باسم کردن تەنێ پێشنیازن، خۆیشت دەتوانیت پلانێک دابنێیت تایبەت بە خۆت بێت. کەس لە خۆت باشتر ناتناسێت.