گرفتار کاکەیی
نووسەر و ھونەرمەند، ئەڵمانیا
تێکست : دڵسووت حەوێزی ١٩٦٤ گەڵاڵە.
………………………………………….
ئەم چیرۆکە شیعرییە کە شاعیری ڕەوانشاد دڵسووت حەوێزی لە ساڵی 1964 بە شێوەی دووبەیتی هۆنیویەتیەوە بریتییە لە نزیکەی سەد و چل دێڕە شیعری خۆش و تەنز ئامێز. پێدەچێت بیرۆکەی چیرۆکەکە فولکلۆر بێت چونکە پێشتر بە شێوەی تێکست بە زوانی فارسیش خوێندوومەتەوە. لە ساڵی 1971 شاعیر ئەم چیرۆکە شیعرییە لەگەل کۆمەڵێ شیعری تریدا لە نامیلکەیەکدا لە ژێر ناونیشانی (چوار چرای مەهاباد) بەشی دووەم لە هەڵبەستەکانی دڵسووت حەوێزی لە چاپخانەی (جامعه) لە شاری بەغدا چاپ کردووە.
لەبەر ئەوە شیعرەکە بە تایپی دەستی چاپکراوە و پڕە لە هەڵەی تایپ و ڕێنووسیی بۆیە بە پێویستم زانی دووبارە تایپ و هەڵەچنی بکەمەوە و بیخەمە سەر شێوەی ڕێنووسی کوردی بۆئەوە لە فەوتان ڕزگاری بکەم.
خوا هێنان
وا ئەگێڕنەوە لە زەمانی زوو
سوار ناوێک هەبوو بە پێل و بازوو
قەرافەت گەورە هەر وەکو ڕۆستەم
سینگ پان، چوارشانە، زۆر بەبێ ستەم
بۆ کۆچی باوکی کەوتبووە پەلە
میرات بۆی جێما، بارگیرە شەلە
کەچە شمشێرێ کۆن و ژەنگاوی
لەگەل شەش لیرەی زێڕی ڕەنگاوی
سوارە کەوتبوو زۆر بەبێ کاری
لەبەر تەمبەڵی و گەمۆڵی و یاری
کەزی و سەر و پرچ لە ڕیش تێکەڵاو
لەبەر خەوتنا نەیان ئەدی ئاو
لەسەر ئەم حاڵەش زۆر ترسنۆک بوو
زۆر بێ دەسەڵات و زۆر خۆ هەڵکێش بوو
لەبەر ئەم خووە ڕایان نە ئەگرت
وەکو دێوانە کەشکۆڵی لە پشت
هەر خوێڕی خوێری ئەسوڕایەوە
چرکن و ڕێ وێل ئەپاڕایەوە
ڕۆژێ لە ڕۆژان، سوارەی قەڵەندەر
کەچە شمشێری لەماڵ هێنا دەر
ڕووی کردە بازاڕ بۆ لای ئاسنگەر
شمشێر پاکۆکات لە چڵک و ژەنگەر
شمشێری زاخدا جۆشی دایەوە
وەکو ئاوێنە ئەدرەوشایەوە
دوو لیرەی ڕۆیی بۆ جۆشی شمشێر
دوو لیرەشی دا بە زێتی بارگیر
لیرەیەکشی دا بە ئەسباب و نان
یەک لیرەی میرات ماوە لە گیرفان
لە دڵی خۆیدا نییەتی هێنا
سەری هەڵگرێ تەرکی کا دونیا
بڕوا بۆ شوئنێ هیچ کەس نەزانێ
ناو و ناوبانگ و شوێن و جێ و بانێ
بەیانی هەڵسا لە خەوی شیرین
بارگیری ناڵ کرد جوان لێی پێچا زین
شمشێری دانا ناوقەد و کاڵان
وەکو بێچووە شێر بێتە دەر لە لان
ڕووی کردە چۆڵی لەدەشت و لە دەر
سوارەی ترسنۆک بێ کەس قەڵەندەر
بە لۆقە ئەڕوا بە سەرشێواوی
بەس خوا ئەزانێ لە داو و ڕاوی
خۆشی نازانێ ڕوو لە کوێ ئەکا
مل پێوە ئەنێ هەروا ڕێ ئەکا
حەوت قۆناغ ڕۆیی ئاوڕی نەداوە
لە دەم کانیاوێک پاڵی لێ داوە
زۆریش ماندووە بێ هێز کەوتووە
لە شپرزەیی پەکی کەوتووە
لەسەر ڕووی شمشێر نووسی زۆر نازدار:
سوار کوڕی سوارە کوشتی پێنج سەد سوار.
شمشێری چەقاند بەرە و مانگەشەو
قاچی ڕاکێشا مانوو بوو بۆ خەو
هەر لە خەودایە نە بوورژایتەوە
کاروان سەرا هات لە دەم دەشتەوە
سەرکردەی کاروان پاشایە مەشوور
چوارسەد سووار لەگەل بەساز و سەنتوور
هەموو لاوچاکن چاپۆک و ئازا
زۆر ڕێک و پووختەن بەبەرگی ڕازا
تینوێتی پاشای شەپڕیو کردووە:
ئاوێ نەدۆزن پەکم کەوتووە.
یەکێ ڕاستبووەوە وەکو قارەمان
گوتی: ئەم دارەی وا دوورە لێمان
ژێری کانیاو بوو چەن ساڵ لەمەو پێش
نازانم ئێستا، ئەچین بەرە و پێش
جا پاشای مەشوور گوتی: قارەمان
ڕکێفێ لێدە بڕۆ لەپێشمان
بزانە وشکە یاخو بە ئاوە
خەبەرێ بێنە و بگەڕێ دوواوە
سوار بە غار ڕۆیی ئاوڕی نەداوە
دیتی لە ژێر دار شمشێر چەقاوە
چریسکەی دتێن وەکو چرایە
لەسەر هەردوو ڕووی تەواو نووسرایە:
سوار کوڕی سوارە کەوا دیارە
کوشتی پێنچ سەد سوار هەر بەیەلغارەس
سوارە بانگی کرد: هۆی سوارە سوارە
سوارەش لەترسان زمانی لارە
سوارە خۆی مراند لە ترسی کاروان
قارەمان وەک سوار ترسی لا ڕووان
گوتی :- با هەڵێم تا هەڵنەستاوە
پاڵەوانی وا هەر نەدیتراوە
ڕکیفی لێدا گەییە ناو کاروان
بەترس و لەرز زەردی سەر ڕووان
پاشا بانگی کرد: چیت لێ قەوماوە؟!
سەرت شێواوە و ڕەنگت گۆڕاوە
قارەمان گوتی: پاشا بەقوربان
هی بەچاو دیتم ناچتە سەر زبان
دارێکی جوانە ژێری کانیاوە
بەڵام لەژێری شمشێر ڕواوە
لەسەر هەردوو ڕووی هەلکەندراوە کار:
سوار کوڕی سوار کوشتی پێبج سەد سوار.
لە خوارەوەشدا سوارێ خەوتووە
ناوقەد و پشتی بەقەد کەندووە
کەلەی وەک تاقە ڕیشدار و پرچن
دەم و ددان و پەلی وەک ورچن
کەلەش زلێکە بەقەد سەد سوارە
وەکو گەمۆڵێ لە دوور ڕا دیارە
چەند هاوارم کرد هۆشیار نەبۆەوە
هەرچیم ئەزانی لەبیرم چۆوە
سەری لێ سوڕما پاشا کە زانی
کێ باوەڕ ئەکا بەڕاست ئەزانی؟
دوو سوار بەغار چوون لەدوور لێی ڕامان
دیتیان تەواوە قسەی قارەمان
ئەوانیش هەردووک سەرسامی ترسان
سوارە سەد هێندە ترسان هەر ترسان
لەیوکتر ترسان هەردوولا یەکجار
ڕێوی بوو بە شێر، گاسن بێ هەوجاڕ
کاروان و پاشا سەریان سوڕماوە
پاڵەوانی وا هەر نەدیتراوە
هەموو بەجارێ کەوتنە تەکبیر
سواری وڵاغ بوون بە دەست و شمشیر
گوتیان بە خۆشی نەدا،ڕێگەمان
ئەکەوینە جەنگ ئێمە هەموومان
یا سووارە ئەکوژین یان ئەمانکوژێ
خوێنی هەموومان گەر ئێستا بڕژێ
ئەگەر بەخۆشی ڕێیداین وەژو پیاو
بە نۆبە ئەچین لەبۆ سەر کانیاو
ئەگینا هەموو ئامادەین بۆ شەڕ
لە کیلان شمشێر هەموو بێتە دەر
هەموو بەجارێ چوون بۆ لای سوارە
سوارە لە ترسان لەرزۆک و لارە
لە چواردەوری سوار سوارە ئەبەزێ
سوارەش لە تاوان لەشی ئەلەرزێ
بانگیان کرد: سوارە لاوی پاڵەوان
ڕێگامان بدە تینووتی کاروان
سوارە کە زانی ڕێویە بوویتە شێر
گورج ڕاپەڕی دەستی دا شمشێر
خۆی شلۆ نەکرد هەڵسا سەر پێیان
گوتی بەخێر بێن سەر هەدوو چاوان
منیش ڕێبوارم هەر وەکو ئێوە
ئێوەش ما ندوونە کەوتوونە ڕێوە
هەموو دابەزین لەسەر کانیاوێ
سوارە بە خەندە هەنگاوان داوێ
سوارە بە گورجی ئەسپی پاشای گرت
پاشا زۆر بەڕێز لە سپ ڕاگرت
ڕاوەستا لەلای وەکو خزمەتکار
گوتی من بەبدەم ئەی پاشای سەرکار
کاتێ کە کاروان دیتییان سوارە
ئەویش وەکو وان هەر ڕێگا و بارە
بە زمانی شیرین زۆر ڕێزی لێنان
کۆچ و کۆچباری بۆیان دامەزران
زۆر دڵیان خۆشبوو لە. گفتوگۆیە
کە سوارەی ئازا وا لەسەرخۆیە
سوارە بە فێڵە کەوتە گفتوگۆ
زۆر هێدی و هێمن زۆریش لەسەرخۆ
بۆ پاشایمەشوور جێگایان چا کرد
نان و خواردنیان زوو بۆ حازر کرد
لە تەنیشت پاشا ڕایەخێکی جوان
دانیشت لەسەری سوارەی پاڵەوان
تێری خوارد سوارە گۆشت و بریانی
ڕێویە پۆشاتی کەوری شێرانی
جا پاشا گوتی: ئەی سوارەی دلێر
ئەی پاڵەوانی وەکو بێچووە شێر
خەڵکی کێندەری، لە کێ بۆ کێوە؟
لەم چۆڵ و دەشتە ئەڕۆی بەڕێوە!
پاڵەوان گوتی خومەڵکی کەیانم
حەوت ساڵم شەڕ کرد لەسەر باوانم
ئێستا وا ئەچم بۆ سەر خاکی ڕۆم
داگیری ئەکەم،ئەیکەم ئەیکەم بە هی خۆم
کە پاشا بیستی ئەم گفتوگۆیە
گوتی: سامان و سوپام بۆ تۆیە
وەرە لەگەل من ببە هاوژینم
پێت کەرەم ئەکەم گوڵی شیرینم
ئەتکەمە گەورەی لەشکرێکی چاک
هە.ووی قارەمان زۆر ئازا و چالالک
کە سوارە بیستی قسەی شای مەشهوور
دەستی شای ماچ کرد کەوتە سەما و سوور
گوتی: ئەی پاشای سەنگین و دانا
سوێندم بەم خوایەی کە دونیای دانا
هەتاکو مردن هەر خزمەتکارم
بۆ گش فەرمانێ هەر فیداکارم
پاشا لە دڵیا وتی خوا ناردی
لە ێاسمان ئەمویست هاتە سەر عاردی
ئەودەم پێی بەخشی دەستێ جلی جوان
زین و مەتاڵ و ئەسپێکی ڕەوان
کردییە هاودەمی وەکو شالیاران
کردییە سەرکردەی گش قارەمانان
کاروانی پاشا کەوتە ڕێگاوە
پاشا لە خۆشیان هەر ئەگەشاوە
پاشا گە گەییە تەخت و خاکی خۆی
کچی خۆی پێدا لەسەر وەفای خۆی
لە هەموو وڵات دەنگی وای داوە
پاشا سەرکردەی تازەی داناوە
پاڵەوانێکە هەر وەکو دێوی
بووە بە شێر سوارەی وەک ڕێوی
دەستە بەدەستە خەڵک ئەهاتن
لەبۆ لای سوارە بۆ بەخێرهاتن
لەو وڵاتەشدا شێرێکی وەحشی
هەر ڕۆژە و لاشەی یەکێی ئەنۆشی
پاشا کوڕێکی دە ساڵی هەبوو
بە چەپۆکی شێر مێشکی پژابوو
پاشا لەداخان مێشکی هاتە جۆش
هەر خولی ئەخوارد بەوێنەی سەرخۆش
دەنگی دا لە شار پیر و لاو و جوان
لەدرشت و ورد ئازا و پاڵەوان
سبەینێ بچن بۆ ڕاوی شێری
لاشەی شێرە بێنن هەر وەکو نێری
ێەک لە شارلیاران وتی: پاشا گیان
با سوارە بڕوا سبەی لەگەلیان
گەر سوارە بجێ لەشکری ناوێ
شێرە ئەهێنێ وەک ئاسکی ڕاوێ
لە ترسی شێرە خەڵکی ئەناڵێ
هەرکەس ڕائەکا خۆی و مناڵی
دونیا هەڵساوە بۆ ڕاوی شێری
بە تیر و ڕم و دار و شمشێری
شەو پاشا ناردی لە دوای سوارە
سبەی بڕواتن بۆ ڕاو بە کارە
پاڵەوان شەوێ لە ناو جێگایە
بەتای کراسێ ڕووت و تەنیایە
لەترسان هەموو لەشی ئەلەرزی
وەک سێبەر و دار بەتاو ئەلەرزی
لە دڵی خۆیدا لێک ئەداتەوە
بەدڵە کوتکە ترس و ئاخەوە
چیم لەگەل خۆم کرد تووشی چ کار بووم
لەگەل زەمانە چۆن وا ناچار بووم!
کەی سوارە چووە بۆ ڕاوی ڕێوی
تا شێر ڕاو بکا لە شاخ و کێوی!
بۆ ۆەم ڕۆژە بوو ئەجەل ئەگێڕام
بە چەپۆکی شێر ئەمن وا گیرام
واچاکە هەڵێم هیچ کەس نەمبینێ
خۆ بشێرمەوە لەژێر زەمینێ
بە پێی پێخاوس بەسەری ڕووت
بەتای کراسێ چیت و ڕووت و قووت
دەرپەڕی هەڵات بەرەو دەشتەوە
تا خۆی لە شوێنێ چاک بشێرتەوە
غارە غاریەتی زۆر بە زوێری
لە ترسی پاشا هەم چنگی شێری
چەند کاتێک ڕۆیی بەشەوی تاریک
لە چۆڵ و دەشت و لە ڕێگای باریک
تاکو ماندوو بوو کەوتە هەڵکەوت
لە ترسا چۆکی پێکدی ئەکەوت
لەژێر دارێکی پاڵێ لێداوە
سەیری کرد دونیا لەدوای شێواوە
لە دوور شێری دیت بە نرکە و هاوار
سوارە لەترسان هەڵگەڕا بەدار
لەناو گەڵای دار لە بەرزی ئاسمان
خۆی شاردبووەوە لە سام و ترسان
نەک شێرە بیگرێ و بە چەپێ بیخوا
هەر ئەپاڕاوە لە دەرگانەی خوا
کاتێ شێرە هات گەیشتە ژێر دار
لەبەر نەعرەتەی ئەهەژاوە دار
سوارە لەترسان کەوتە خوارەوە
بەشین و گریان بە هاوارەوە
هەڵکەت بەربۆوە سەر پشتی شێری
توند شێری گرتبوو بە گێژ و هێڕی
توند قژی شێری ئاڵان لە دەستی
لەترسان، نەکو بچتە ژێر دەستی
شێرە ڕاپەڕی سوار لەسەر پشتی
سوارە نازانێ ڕووی لە کام دەشتی
لەدوور کە دیتیان شێرە دیارە
سوارەی لە پشتە وەکو کۆلارە
چواردەوریان گرت سوار و خەلکی شار
شێرەیان دایە بەر شمشێر و دار
بە ڕم و تیری و نوکی شمشێری
لەچەپ و لە ڕاست ئەدرا لە شێری
بە هەزاران خەڵک شێریان کوشت بەزۆر
کە شێرە کوژرا سوارە کەوتە گۆڕ
سەری هەڵبڕی شێر مرد یەکجاری!
لەبەر شمشێر و لێدانی داری
ئەمجا سوارە خۆی چوان تەکان
تۆز و خۆری ڕاو پڕی سەر ڕووان
سنگی هەڵکێشا زۆر بە دلێری
گوتی: بێ شمشێر من دێنم شێری
کە خەڵک شێریان نە کوشتبایە زوو
ئەچوو بۆ ژێر گڵ سوارە زوو بە زوو
ئەم خەڵکەی کەوا هەمووی وەستا بوو
واقیان لەسوارە گەلێک وڕمابوو
چۆن سواری شێر بوو هێنای وا جەسوور
گوتیان: هەر بژی پاشای وا مەشوور
ئەمجا ڕاوەستا سوارە وەک سالار
گوتی: هەر منم سواری کوڕی سوار
کوشتوومە پێنج سەد پاڵەوانی سوار
بە هێڕشێکی وەک شێری بەکار
ئێستاش دیتمتان لە ڕاوی شێری
چۆن شێرم هێنا بەبێ شمشێری
خەڵکی نازانێ خوا بۆی هێناوە
ئەوان شێریان کوشت، سوارە بەناوە
ئەمە چەرخی دونیایە
وا ناڕێک دامەزرایە
دونیا هەوارگەی گش کارەساتە
سەرکردەکەشی هەڵکەوتی کاتە.

